رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، رووسیا هێرشی کردووەتە سەر وێستگەیەکی وزە، ئەوەش راستەوخۆ دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هەردوو وڵات لەسەر "ئاگربەستی وزە" رێککەوتوون.
زیلینسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "رووسەکان بە درۆنێکی جۆری شاهید وێستگەیەکی کارەبایان لە کیێڤ پێکا." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ئەوەش هێرش کراوەتە سەر چەندین دامەزراوەی دیکەی وزە لە ناوچەی خارکیڤ.
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بە کاتی هێرشەکان کرد و گوتی: "هەموو ئەمانە لە دوای ئەوە روویاندا کە سەرۆکی ئەمریکا لێدوانەکەی لەبارەی ئاگربەستی وزەوە دا."
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە رووسیا و ئۆکراینا رێککەوتوون لەسەر راگرتن و وەستاندنی هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی وزەی یەکدی، بەڵام زیلینسکی گوتی، قسەکەی ترەمپ "بۆ من هەواڵێکی نوێیە"؛ هاوکات تاوەکو ئێستاش مۆسکۆ هیچ وەڵامێکی لەبارەی هەبوونی رێککەوتنێکی لەو شێوەیە نەداوەتەوە.



.jpeg&w=3840&q=75)