رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (دێڵتا ئێرلاینز)ـی ئەمریکی رۆژی دووشەممە رایگەیاند دەستپێکردنی گەشتە راستەوخۆکانی لە ئەمریکاوە بۆ سعودیە دواخستووە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتدارانی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی ئەمریکا هۆشدارییان دا لە بەردەوامیی مەترسییە ئەمنییەکان لەسەر ئاسمانی ئەو وڵاتە.
بڕیار بوو کۆمپانیای دێڵتا لە 23ـی تشرینی یەکەمەوە دەست بە گەشتی راستەوخۆ لە نێوان شاری ئەتلەنتا لە ئەمریکا بۆ ریازی پایتەختی سعودیە بکات، بەڵام دوای هێرشەکانی کۆتایی هەفتەی رابردووی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ریاز، کۆمپانیاکە بڕیاری هەڵپەساردنی گەشتەکانی دا.
هێڵی ئاسمانیی دێڵتا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لەژێر رۆشنایی پێشهاتە خێراکانی ناوچەکەدا، بڕیارمان دا دەستپێکردنی گەشتە راستەوخۆکانمان لە نێوان ئەتلەنتا و ریاز دوابخەین."
دەستەی فیدراڵیی فڕۆکەوانیی ئەمریکا ئاگادارنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی هێڵە ئاسمانییەکان کرد و هۆشداریی دا لە بوونی "دۆخێکی مەترسیدار و شاراوە" لە ئاسمانی دەوروبەری شاری جەددە لە رۆژئاوای سعودیە.
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە، "ئەو هەڕەشانەی لە ناوچەکەدا هەن، دەتوانن مەترسی لەسەر فڕۆکە مەدەنییەکان لە تەواوی بەرزاییەکاندا دروست بکەن، چ لە کاتی تێپەڕبوون بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا، یان لە کاتی نیشتنەوە و هەڵفڕینیاندا بێت."
رۆژی شەممە لە ئەنجامی هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز 13 کەس کوژران و 309 کەسیش بریندار بوون. ئەمە بە خوێناویترین هێرش بۆ سەر شانشینەکە دادەنرێت لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا.
رۆژی دووشەممەش، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە بڕیاری راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکەی درێژکردەوە، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دیاری بکات.



