رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، قوتابییەکی قۆناخی ئامادەیی کوژراوە و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندار بوون، دوای ئەوەی لە کاتی گەشتێکی قوتابخانەکەیاندا بۆ ناوچە شاخاوییەکانی نزیک سنووری لوبنان، بۆمبێکی بەجێماو کە گومان دەکرێت هی حیزبوڵڵای لوبنان بێت، پێیاندا تەقیوەتەوە.
سوپای ئیسرائیل کە دەستبەجێ هێلیکۆپتەری رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە، ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن تەقینەوەکە بەهۆی پاشماوەیەکی نەتەقیوی بزووتنەوەی حیزبوڵڵاوە بووە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسیش، تەقەمەنییەکە کە پێدەچێت بۆمبێکی هێشوویی بەجێماوی شەڕی سێ ساڵ پێش ئێستا بێت، لەناو دەستی یەکێک لە قوتابییەکاندا تەقیوەتەوە کاتێک هەڵیگرتووەتەوە.
پۆلیسی ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە کە پێشتر رەزامەندیی ئەمنی درابوو بە بەرپرسانی ئەو قوتابخانە ئایینییە تاوەکو گەشتەکەیان بۆ ئەو ناوچەیە بکەن، کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو ناوە ناوە رووبەڕووی مووشەکبارانی حیزبوڵڵا دەبووەوە.
مەئیر ئەلیاهۆ، فەرماندەی پۆلیسی باکوور رایگەیاند، جگە لە کوژرانی قوتابییەک، زیاتر لە 20 کەسی دیکە بریندار بوون کە پێکهاتوون لە قوتابییان و ستافی مامۆستایان. هاوکات دەیڤد راتنەر، گوتەبێژی نەخۆشخانەی رامبام لە شاری حەیفا ئاشکرای کرد کە پێشوازییان لە سێ مێرمنداڵی بریندار و پیاوێکی 61 ساڵان کردووە، کە برینەکەی سەختە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هاوخەمیی خۆی بۆ خێزانی قوربانییەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت. جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەش ئاماژەی بەوە کرد، قوربانییەکە تەمەنی تەنیا 15 ساڵ بووە.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرۆکوەزیران سەرجەم پلانەکانی هەڵوەشاندووەتەوە و راستەوخۆ سەرپەرشتیی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و پرۆسەی گواستنەوەی خێرای بریندارەکانی کردووە.



