رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا بۆ کردنەوەی مەڵبەندی کوردستان لە فەرەنسا، کە لە پایتەختی فەرەنسا ساز کرابوو، فرانسوا هۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا، لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر رۆڵی کورد لە شەڕی دژ بە تیرۆردا و جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی جیهان بەسەر داعشدا بێ بەشداری و خوێنڕژانی کوردانی رۆژئاوای کوردستان مەحاڵ بوو. ئاماژەی بە ژمارەی کورد لە وڵاتەکەیدا کرد و گوتی 420 هەزار کورد لە فەرەنسا دەژین و دڵی هەموویان بۆ فەرەنسا لێدەدات.
ئێوارەی دووشەممە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی دەیان کەسایەتی کورد و فەرەنسی، مەڵبەندی کوردستان لە فەرەنسا لە پاریسی پایتەختی ئەو وڵاتە کرایەوە، فرانسۆ هۆلاند، سەرۆکی پیشووی فەرەنسا یەکێک بوو لە بەشداربووان و گوتارێکی پێشکێش کرد، لە بەشێکی سەرەکی گوتارەکەیدا باسی لەو سەردەمە کرد کە سەرۆکایەتیی فەرەنسای بەدەست بوو و رایگەیاند: "بێ کوردانی سووریا، سەرکەوتن بەسەر داعشدا بەدی نەهات" هۆلاند بەبیری هێنایەوە کە لەو کاتەدا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لەو ژنە سەرکردە و فەرماندە کوردانە کردووە، کە لە مەیدانەوە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوە بردووە. هۆلاند جەختیکردەوە کە سەرەڕای هەر رێککەوتنێک، فەرەنسا دەبێت هەمیشە لەسەر هێڵی هاوهەڵوێستی و پشتیوانیکردنی کوردان بمێنێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەیدا، هۆلاند ئاماژەی بە قەبارەی کۆمەڵگەی کوردی لە فەرەنسا کرد و رایگەیاند کە ئێستا ٤٢٠ هەزار کورد لە فەرەنسا دەژین؛ دەڵێت "دڵی هەموویان فەرەنسییە و بۆ فەرەنسا لێ دەدات".
هۆلاند ستایشی بەشداریی بەرفراوانی کوردانی کرد لە بوارە جیاوازەکانی زانست، کولتوور، بازرگانی و بەتایبەت خزمەتگوزارییە مەزنەکانیان لە کەرتەکانی پزیشکی و تەندروستیدا.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، فرانسوا هۆلاند پەیامێکی بەهێزی ئاراستەی کۆمەڵگەی کوردی کرد و رایگەیاند کە ئەم ریشە و بوونە لە فەرەنسا دەبێتە هەوێنێک بۆ متمانە بە داهاتوو و پێشکێشکردنی باشترین توانا بۆ فەرەنسا و گوتارەکەی بە دروشمی «بژی...» کۆتایی پێ هێنا.




