رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، لە بەغدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و کۆبوونەوەکەی بە "بەرهەمدار" ناوبرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، تۆم باراک لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارم هەبوو لەگەڵ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق؛ ئەو دەزگایەی کە کاروباری دادوەری بەڕێوەدەبات و پارێزگاری لە سەربەخۆییەکەی دەکات."
باراک جەختی لە گرنگیی دامەزراوەی دادوەری کردەوە و نووسیویەتی: "دەسەڵاتێکی دادوەریی بەهێز و سەربەخۆ، بەردی بناخەی سەروەری، سەروەریی یاسا و ئەو سەقامگیرییەیە کە رێگە بە عێراق دەدات توانا شاراوەکانی خۆی بگۆڕێت بۆ گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی."
هاوکات نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە بوارەکانی یاسا و دادوەریدا کراوە.
هەر لە بەغدا، تۆم باراک لەگەڵ ستیڤ فەیگن، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم قۆناخە خاڵی وەرچەرخانە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا، بەجۆرێک کە واشنتن دەیەوێت پەیوەندییەکانی لە چوارچێوەیەکی تەنیا سەربازییەوە فراوان بکات بۆ هاوبەشییەکی هەمەلایەنەی ئابووری، سیاسی و ئەمنی.
ئەم دیدارانەی بەغدا دوای کۆبوونەوەکەی هەفتەی رابردووی تۆم باراک دێت لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە تورکیا؛ هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.



