رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە وێنەی نوێترین تاقیکردنەوەی مووشەکیی وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە، کە رۆژی دووشەممە ئەنجامدراوە.
بەسەرکردنەوەی مۆزەخانەی سەربازی لەلایەن کیم جۆنگ ئوونەوە
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور (KCNA) لە پاڵ راگەیاندنی تاقیکردنەوەکەدا، راپۆرتێکی درێژی لەبارەی بەشداریکردنی کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەیەکی نوێی سەربازیدا بڵاوکردەوە، کە تێیدا وێنەی خۆی و خێزانەکەی دەردەکەوێت لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی مۆزەخانەکە و مووشەک و کەرەستە سەربازییەکان.
مووشەکی هایپەرسۆنیک و پەیامەکان بۆ سیئۆل و تۆکیۆ
کۆریای باکوور، هاوکات لەگەڵ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تووند بەرامبەر سیئۆل، تاقیکردنەوە سەربازییەکانی چڕتر کردووەتەوە بە ئامانجی فراوانکردنی جبەخانەی سیستەمە ئەتۆمییەکانی. لەو چوارچێوەیەشدا لە 3ـی تشرینی یەکەم، مووشەکێکی هایپەرسۆنیکی مەوداناوەندی تاقیکردەوە، کە بە جۆرێک دیزاین کراوە سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکیی کۆریای باشوور و ژاپۆن ببڕێت.
رەتکردنەوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان
پیۆنگ یانگ جگە لەم تاقیکردنەوانە، زنجیرەیەک مەشقی سەربازی بە تەقەی راستەوخۆ ئەنجامداوە و کەشتییەکی جەنگیی نوێشی خستووەتە کار. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کیم جۆنگ ئوون بەردەوامە لە پێشاندانی هێزی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پێشنیازەکانی ئەمریکا و کۆریای باشووریش بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییە پەککەوتووەکان رەتدەکاتەوە.

