رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ لە ئەمریکا هۆشدارییەکی مەترسیدار دەدات و رایدەگەیێنێت، تەنیا یەک تەقینەوەی ئەتۆمی لە بەرزاییەکی زۆر لە نێو خولگەی زەویدا، دەتوانێت لە ماوەی چەند رۆژێکدا نزیکەی تەواوی مانگە دەستکردەکان پەکبخات و جیهان لە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی، ئینتەرنێت و کەشوهەوا بێبەش بکات و مرۆڤایەتی 100 ساڵ بگەڕێنێتەوە دواوە و تاوەکو 100 ساڵی دیکەش نەتوانرێت هیچ مانگێکی دیکەی دەستکرد رەوانەی بۆشایی بکرێت.
ئێستا زیاتر لە 13 هەزار مانگی دەستکرد بە دەوری زەویدا دەسووڕێنەوە کە بوونەتە بڕبڕەی پشتی ژیانی رۆژانەی مرۆڤایەتی لە بوارەکانی ئینتەرنێت، پەیوەندیی تەلەفۆنی، کەشناسی و سیستمی دیاریکردنی شوێن (GPS). بەڵام بەپێی توێژینەوەی هاوبەشی زانایانی زانکۆی ویسکۆنسن-مادیسن و زانکۆی پرینستن، ئەم مانگە دەستکردانە بە تەواوی بێبەرگرین بەرامبەر هەر چەکێکی ئەتۆمی کە لە بۆشایی ئاسماندا بتەقێنرێتەوە.
لە کاتی تەقینەوەیەکی ئەتۆمیدا چی روودەدات؟
زانایان لە رێگەی تاقیکردنەوەی کۆمپیوتەرییەوە تاقیکردنەوەیان بۆ تەقینەوەی کڵاوەیەکی ئەتۆمی بە کێشی یەک مێگاتۆن لە بەرزیی 500 کیلۆمەتر لەسەر ئاستی رووی زەوی کردووە، ئەنجامەکانیش بەم شێوەیە خێرا و وێرانکەر بوون:
تەنانەت ئەگەر مانگە دەستکردەکان قەڵخانی بەرگریی تیشکیان بۆ دانرابێت، لە ماوەی 30 رۆژدا 99.3٪ـیان بە تەواوی لەکاردەکەون.
بۆچی تیشکدانەوەکە هێندە بەهێزە؟
بە گوتەی توێژەران، کاتێک بۆمبێکی ئەتۆمی لە بۆشایی ئاسماندا دەتەقێتەوە، تەنۆلکە تیشکدەرەکان لە نێو بواری موگناتیسیی زەویدا گیردەخۆن و پشتێنەیەکی دەستکردی تیشکدانەوەی کوشندە دروستدەکەن، بەمەش هەموو ئەو مانگە دەستکردانەی بە دەوری زەویدا دەسووڕێنەوە، رۆژانە چەندین جار بە نێو ئەو تیشکەدا تێپەڕدەبن تاوەکو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیان بە تەواوی لەکاردەکەون.
جیا لەوەش، لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی مانگە دەستکردەکان دەبێتە هۆی پێکدادانیان لەگەڵ یەکدیدا لە بۆشایی ئاسماندا. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵی یەکەمدا 20 پێکدادانی گەورە رووبدات، لە ماوەی 10 ساڵیشدا نزیکەی چوار هەزار پارچەی شکاو و مەترسیدار لە بۆشایی ئاسماندا بڵاودەبنەوە، کە ئەمەش ناردنی هەر مانگێکی نوێی دەستکرد بۆ ماوەی 100 ساڵ ئەستەم دەکات.
ئەم مەترسییە ئەندێشەیی نییە، لە ساڵی 1962ـدا ئەمریکا لە تاقیکردنەوەیەکی سەردەمی جەنگی سارددا بۆمبێکی ئەتۆمیی بە ناوی ستارفیش پرایم لە بەرزیی 400 کیلۆمەتر تەقاندەوە و لەو کاتەشدا چەندین مانگی دەستکرد پەککەوتن، ئەمەش وای لە زلهێزەکان کرد رێککەوتنی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی لە بۆشایی ئاسماندا واژۆ بکەن. زانایانیش هۆشداری دەدەن کە دەبێت بە هەموو شێوەیەک رێگری لە بردنە سەرەوەی چەکی ئەتۆمی بۆ بۆشایی ئاسمان بکرێت، ئەگەرنا ژیانی تەکنەلۆجی لەسەر زەوی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەیەک لەمەوبەر.



