رووداو دیجیتاڵ
زریانێکی بەهێز نێوەڕاستی رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکای گرتووەتەوە و بارانێکی بەلێزمە، بای بەهێز و لافاوی کەناراوەکانی دروستکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی گەشتەکان و بڕانی کارەبای نزیکەی یەک ملیۆن ماڵ.
زریانەکە بای بەهێزی بە خێرایی زیاتر لە 110 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا لەگەڵ خۆی هێناوە و بووەتە هۆی شکاندنەوەی دار و پچڕانی هێڵەکانی کارەبا لە ویلایەتەکانی نیوهامشایەر تاوەکو کارۆلاینای باکوور. سەرەتا کارەبای زیاتر لە 980 هەزار ماڵ و هاوبەش بڕا، بەڵام دوای هەوڵەکانی تیمەکان ژمارەکە کەم بووەوە بۆ نزیکەی نیو ملیۆن ماڵ و هاوبەش کە زۆرترینیان لە ویلایەتی پێنسلڤانیان بە 122 هەزار هاوبەش، هەروەها لە میزوری بەهۆی بەفربارین بە نزیکەی 38 سانتیمەتر کارەبای 72 هەزار کەس بڕاوە و لە نیویۆرکیش 45 هەزار ماڵ بێ کارەبان.
بەگوێرەی خزمەتگوزاریی چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان (فلایت ئەوێیەر)، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە زیاتر لە 500 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراونەتەوە و نزیکەی هەزار و 600 گەشتی دیکەش دواکەوتوون. هاوکات دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا هۆشداری داوە لەوەی بە درێژایی هەفتە ئەگەری دواکەوتنی گەشتەکان هەیە.
لە نیوجێرزی و نیویۆرک باری لەناکاو راگەیێندراوە و رێکخەرانی کەرنەڤاڵی ساڵانەی (مەیسی) بۆ جەژنی سوپاسگوزاری، بۆ یەکەمجار لە مێژووی 100 ساڵەی خۆیدا بۆنەکەیان بۆ ئەمڕۆ شەممە دواخست. لە ویلایەتی مێریلاندیش پردەکان داخران و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو داوای لە نزیکەی دوو ملیۆن هاوبەش کرد ئاو تەنیا بۆ پێداویستییە زۆر گرنگەکان بەکاربێنن، هاوکات لە واشنتنی پایتەخت ئاو رێڕۆکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی رۆناڵد رەیگنی داپۆشی.
دۆناڵد ترەمپ، رۆژى هەینی 27ـی تشرینی دووەم رایگەیاند، تاوتوێی تەرخانکردنی بودجەی فریاگوزاری دەکات بۆ ویلایەتەکانی کەناراوەکانی رۆژهەڵات کە رووبەڕووی زریانەکە بوونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، کەناراوەکانی رۆژئاوای ئەمریکاش رووبەڕووی زریان و شەپۆلی بەرزی دەریا بوونەتەوە. دەزگای کەشناسیی نیشتمانی هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە کەناراوەکانی کالیفۆرنیا بۆ زیاتر لە دوو مەتر و 40 سانتیمەتر، کە ئەم دۆخەش بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چەندین گەشتی شەمەندەفەر و دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچەی سان دیگۆ و لۆس ئەنجلس.
جەژنی سوپاسگوزاری قەرەباڵخترین وەرزی گەشتکردنە لە ئەمریکا کە بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی یەکێتیی ئۆتۆمبێلی ئەمریکا، لە ماوەی حەوت رۆژی پشووی ئەم جەژنەدا زیاتر لە 81 ملیۆن ئەمریکی بە لایەنی کەمەوە 80 کیلۆمەتر لە ماڵەکانیان دووردەکەونەوە و گەشت دەکەن.



