رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو بانگەشانەی رەتکردەوە کە لە 24 کاژێری رابردوودا لەلایەن فەرماندەیەکی سەربازیی ئێرانەوە لەبارەى هێزەکانی ئەمریکا و تەنگەى هورمز بڵاوکراونەتەوە و بە "درۆی هەڵبەستراو" ناوی بردن.
رۆژی شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی سێ بانگەشەی سەرەکیی فەرماندە ئێرانییەکەی دایەوە:
وەرگرتنەوەی دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت: سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە گوایە ئەمریکا دوو کەشتیی گواستنەوەی ئێرانیی بردووە و دواتر هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە کاتی خەوتنی سەربازە ئەمریکییەکاندا کەشتییەکانی وەرگرتووەتەوە ، سێنتکۆم رایگەیاند: "ئێران چیدیکە هێزی دەریایی نەماوە و تەواوی ئەو چیرۆکەی فەرماندە سەربازییەکەی ئێران باسی کردووە، درۆیەکی دیکەی هەڵبەستراوە."
پێکانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە گوایە هێزە دەریاییەکانی ئێران لە یەکەم رۆژی (ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا)ـدا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکن)ـیان پێکاوە. سێنتکۆم باس لەوە دەکات، گرووپی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە بە باشی پارێزرابوو و هەرگیز لەلایەن ئێرانەوە نەپێکراوە، بەڵکو مانگی رابردوو ئەرکە جەنگییەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و بە سەلامەتی گەڕایەوە.
وەرگرتنی باج لە تەنگەى هورمز: لەبارەی ئەو بانگەشەیەی کە سێنتکۆم بڕی 2.5 ملیۆن دۆلار لە هەر کەشتییەک وەردەگرێ کە بە تەنگەى هورمزدا تێدەپەڕێ، سێنتکۆم روونی کردەوە کە ئەگەرچی هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە کۆنترۆڵی تەنگەى هورمزیان لەدەستدایە، بەڵام هیچ پارەیەک لە کەشتییەکان وەرناگیرێ.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەوڵەکانیان ئازادیی دەریاوانییان بۆ ئەو رێڕۆ ئاوییە نێودەوڵەتییە گەڕاندووەتەوە و سەرەڕای دەستدرێژییە بێ پاساوەکانی ئێران، هەزاران کەشتی و ملیاران بەرمیل نەوتی خاو بە ئازادی و بە سەلامەتی لە ژێر پاراستنی ئەمریکادا بە تەنگەکەدا تێپەڕیون.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە ستراتیژیترین رێڕۆ ئاوییەکانی جیهان و بەشێکی زۆری نەوتی خاوی جیهان پێیدا تێدەپەڕێ.



