رووداو دیجیتاڵ
لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا، پێکدادانی تووند لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەرانی دژە حکومەتدا روویدا؛ دوای ئەوەی خۆپێشاندەرە دەمامکدارەکان هێرشیان کردە سەر باڵەخانە حکومییەکان و ئاگریان لە یەکێکیان بەردا، پۆلیسیش بە گازی فرمێسکڕێژ، ئاو و گوللـەی لاستیکی وەڵامی دانەوە.
ئەم خۆپێشاندانە فراوانە کە لەسەر بانگەوازی جیاوازی قوتابیان و پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوەچوو، هاوکات بوو لەگەڵ پشووی رۆژی سەربەخۆیی ئەلبانیا کە بە شێوەیەکی ئاسایی رۆژی ئاهەنگگێڕانە لەو وڵاتە.
رۆژی شەممە 28-11-2026 بۆ ماوەی چەند کاژێرێک شەقامی سەرەکیی تیرانا بووە مەیدانی رووبەڕووبوونەوە و بە دووکەڵێکی چڕ داپۆشرا. خۆپێشاندەران بە بەرد، بۆمبی دووکەڵی، یاریی ئاگرین و مۆلۆتۆڤ هێرشیان کردە سەر دامەزراوە حکومییەکان، لە بەرامبەریشدا پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ، سپرای بیبەر و ئۆتۆمبێلی ئاوڕشێن رووبەڕوویان بووەوە.
خۆپێشاندەران ئاگریان لە نێوەوەی باڵەخانەی وەزارەتی پەروەردە بەردا و شووشەی پەنجەرەکانی وەزارەتی گواستنەوە و بانکی ناوەندییان شکاند و هەوڵیان دا دەرگای وەزارەتی ناوخۆ بشکێنن. پۆلیس لە چەند حاڵەتێکدا تەقەی بە گوللـەی لاستیکی لە خۆپێشاندەران کرد.
وەزارەتی تەندروستیی ئەلبانیا رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا 17 کەس بریندار بوون، کە ژمارەیەکیان پۆلیس و رۆژنامەڤانن.
ماوەی چەند مانگێکە خۆپیشاندان لە ئەلبانیا بەردەوامە. سەرەتای ناڕەزایەتییەکان لە مانگی ئایاری رابردوودا بە گردبوونەوەی ئاشتییانە دەستیپێکرد، وەک دژایەتییەک بۆ دروستکردنی پرۆژەیەکی هۆتێلی گەشتیاریی گرانبەها لە ناوچەیەکی پارێزراوی سرووشتیی کەنار دەریا کە پەیوەندی بە خێزانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە هەیە.
ئەو پرۆژەیە بووە هۆی سەرهەڵدانی تووڕەیی لەسەر گەندەڵی و دواتر لە مانگی تشرینی یەکەمدا بازنەی ناڕەزایەتییەکان فراوانتر بوو بۆ دژایەتیکردنی خراپیی کەرتی تەندروستی و نەبوونی دەرفەتی کار و داهاتوو بۆ گەنجان. ئێستا خۆپێشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی سۆسیالیستی وڵاتەکە دەکەن.
لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا، حکومەتی ئەلبانیا یاسایەکی نوێی پەسند کرد کە سزای پێبژاردن تاوەکو 500,000 لێک (نزیکەی 6,170 دۆلار) دەسەپێنێت بەسەر هەر کەسێکدا کە لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا تووندوتیژی بنوێنێت، تاڵانی بکات یان دەموچاوی خۆی بشارێتەوە. هەروەها یاساکە دەسەڵاتی بە پۆلیس داوە کۆبوونەوەکان لە نزیک دامەزراوە گشتییەکان قەدەخە بکات و سزای هاندانی ئۆنلاین بۆ تووندوتیژی بدات، کە بەهۆیەوە ماوەیەک بوو ژمارەی بەشداربووانی خۆپێشاندانەکان کەمی کردبوو.
لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی ئەورووپا داوای لە هەموو لایەک کرد گرژییەکان هێور بکەنەوە.



