رووداو دیجیتاڵ
ئیسپانیا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی سبەی یەکشەممە بڕیار لەسەر چارەنووسی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی سۆسیالیست بدات؛ لە کاتێکدا راپرسییەکان پێشبینی دەکەن پارتە پارێزگار و راستڕۆ تووندڕۆکان سەرکەون.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی سبەی یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەم، بە وردی لەلایەن ئەورووپاوە چاودێری دەکرێت، چونکە دەستپێکی زنجیرەیەک هەڵبژاردنە لە 12 مانگی داهاتوودا کە رەنگە هاوسەنگیی هێز لە نێو یەکێتیی ئەورووپادا بگۆڕێت.
سانچێز لە ساڵانی رابردوودا وەک یەکێک لە دیارترین سەرکردە چەپەکانی جیهان پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی بەهێز کردووە، بەڵام دابەشبوون و ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان، مانەوەی هەشت ساڵەی لە دەسەڵاتدا خستووەتە مەترسییەوە.
راپرسییەکان بەردەوام سانچێز لە دوای پارتی گەلـی راستڕۆ دادەنێن، کە پێشبینی دەکرێت زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانە 350 کورسییەکە بباتەوە، بەڵام بەبێ بەدەستهێنانی زۆرینەی رەها.
بۆیە پارتی گەل ناچار دەبێت پشت بە پارتی راستڕۆی تووندڕۆ و دژە کۆچبەری ڤۆکس ببەستێت کە سێیەم گەورەترین هێزی سیاسیی ئیسپانیایە و پێشبینی دەکرێت کورسییەکانی دوو هێندە ببن.
هاوپەیمانییەکی لەم شێوەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی، دەبێتە یەکەمین جار لە دوای گواستنەوەی ئیسپانیا بۆ دیموکراسی لە دوای رژێمە دیکتاتۆرییەکەی فرانسیسکۆ فرانکۆ (1939-1975) کە راستڕۆی تووندڕۆ بچێتە نێو حکومەتەوە.
سانچێز هۆشداریی داوە کە هاوپەیمانیی نێوان (پارتی گەل) و (ڤۆکس) دەبێتە هۆی "پاشەکشە" لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت مافی ژنان و هەڕەشە لە دەستکەوتە ئابوورییەکانی وڵات دەکات.
ئەلبێرتۆ نونێز فێیخۆ، سەرۆکی پارتی گەل (PP) کە لە هەڵبژاردنی 2023 زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا بەڵام نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، هەڵمەتەکەی سانچێزی بە "بڵاوکردنەوەی ترس" باسکرد و رەتیکردەوە.
فێیخۆ کە خۆی وەک کەسایەتییەکی خاوەن ئەزموون نیشان دەدات، چەندین ساڵە هێرش دەکاتە سەر سانچێز بەهۆی چەندین دۆسیەی گەندەڵی، سازشکردن بۆ جوداخوازانی کەتەلۆنیا و شکستهێنان لە تێپەڕاندنی بودجە. هەروەها دوو رووداوی پێکدادانی شەمەندەفەری خێرا لە ئەم ساڵدا کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 115 کەس، لەگەڵ شەپۆلی کۆچبەران لە مانگی تەممووزدا لە مەغریبەوە بەرەو ناوچەی سێوتای ئیسپانی لە باکووری ئەفریقا، بوونەتە چەکی بەهێز بە دەست (PP) و (ڤۆکس)ـەوە.
سانتیاگۆ ئاباسکال، سەرۆکی پارتی ڤۆکس کە هەڵمەتەکەی لەسەر پرسی کۆچبەران چڕکردووەتەوە، لە دوایین گردبوونەوەی هەڵبژاردندا رۆژی هەینی داوای لە دەنگدەران کرد "ئەو مافیا تاوانکارییە دەربکەن کە لەلایەن سەرۆکێکی بێبەزەیی و درۆزنەوە سەرۆکایەتی دەکرێت."



