رووداو- هەولێر
حەدیس سادق ئەیوبی گۆرانیبێژ ، دیزاینەر و نمایشکاری جل و بەرگ و گرافیست ، خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە ، کە گۆرانی باران وەک یەکەم بەرهەمی ، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و تایبەتمەندییەکانی دەنگی ، زۆربەی شارەزایانی دەنگ و مۆسیقای سەرسام کردووە.
گۆرانی باران ، ئاوازی مامۆستا حەسەن یوسف زەمانییە کە لەسەر مەقامی ئەفشاری داندراوە ، تێکستەکەیشی هونەرمەند عوسمان عابدین ئەحمەدی نووسیویەتی.
باران یەکەم جار بە دەنگی عەلائەدین باباشەهابی گۆرانبێژ و مامۆستای ئاوازی خەڵکی شاری سنە پێشکەش کراوە ، کە خۆی نەوەی سترانبێژی ناوداری کورد سەید عەلی ئەسغەر کوردستانییە.
باباشەهابی کۆچکردوو ، لە ئۆرکێسترای نیشتمانی رادیۆ تاران گۆرانییەکەی تۆمار کردووە. بەڵام پاش ساڵانێکی دوور و درێژ لە تۆمارکردنی ، ئالان موفتی زادە میوزیکزانی رۆژهەڵاتی ، بە شێوازێکی نوێی ئۆرکێستراڵ دایدەڕێژێتەوە و گۆران موفتی زادە میکس و ماستەری بۆ دەکات.
بەو شێوەیە گۆرانی باران بە دەنگی سەرسامکەری حەدیس پێشکەش دەکرێتەوە و بەرهەمێکی هونەری زۆر سەرکەوتووی لێ دەردەچێت.
بە جۆرێک کە دەبێتە سەرەتایەکی گەش بۆ کچە گۆرانیبێژێک کە توانایەکی لە رادەبەدەری تێدا بەدی دەکرێ و داهاتوویەکی درەوشاوەی بۆ پێشبینی دەکرێت.
حەدیس کچی فەردین سادق ئەیوبی شێوەکاری ناوداری رۆژهەڵاتە و لە خێزانێکی هونەرپەروەردا گەورە بووە.
حەدیس ئێستا لە ئەوروپا لە بوارەکانی، گۆرانی ، دیزاین و نمایشی جل و بەرگ و گرافیک ، سەرقاڵی کار و خوێندنە و هەر بە هاوکاری ئالان و گۆران موفتی زادە ، ئامادەکاری بۆ تۆمار و بڵاوکردنەوەی چەند گۆرانییەکی نوێی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ