شەهرام نازری لە نەخۆشخانە خەوێندراوە

13-12-2022
پەسار فایەق
هونەرمەند شەهرام نازری
هونەرمەند شەهرام نازری
نیشانەکردن شەهرام نازری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەهرام نازری، هونەرمەندی ناسراوی کورد، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی، لە نەخۆشخانە لە تارانی ئێران خەوێندراوە.
 
دەزگای میوزیکیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، شەهرام نازری بەهۆی سستبوونی دڵەوە لە یەکەی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانە خەوێندراوە.
 
پێشتریش ئەو هونەرمەندە لە 2017 بەهۆی هەوکردنی سییەکانییەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرا و دوای چەند رۆژێک وەرگرتنی چارەسەری، لە نەخۆشخانە دەرچوو.
 
نازری، لە 16ـی ئایاری 2022 لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەڵاتکرا و میدالیای زێڕینی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانیشی پێبەخشرا. 
 
نازری، لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، خۆشحاڵی خۆی بۆ خەڵاتکردنیی دەربڕی و رایگەیاند "یەکێک لە شانازییەکانم لە ژیانی هونەریمدا وەک هونەرمەندێکی کورد، ئەوەیە لە هەر شوێنێکی دنیا و لە هەر وڵاتێک توانام هەبووبێت کارم بۆ ناساندنی فەرهەنگ و میوزیکی کوردی کردووە".
 
روونیشیکردەوە "هەمووتان دەزانن لە چەندین وڵاتانی دنیا خەڵاتی گەورەم وەرگرتووە، بەڵام هیچیان وەک ئەو خەڵاتە نییە کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکێشم کراوە".
 
شەهرام نازری، لە 1949 لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە نێو ماڵباتێکی هونەریدا لە دایکبووە، پێشەنگی ماڵباتەکەیان لەو بوارەدا حاجی خانی نازری بووە کە زۆربەی هونەرمەندانی کرماشانی فێری نۆتە و میوزیک کردووە.
 
نازری، لە منداڵییەوە هۆگری هونەر بووە و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا یەکەم بەرنامەی هونەریی لە رادیۆ کرماشان بەئامێری تار نەمر پێشکەشکردوو، لە 11 ساڵیدا لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران چەند بەرنامەیەکی هونەری بەڕێوەبردووە و لەلایەن ژمارەیەک لە هونەرمەندانی ناسراو وانەی وەرگرتووە، زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانی بەرهەمهێناوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کۆنسێرتی سازکردووە.
 
نازری، چەندین خەڵاتی پێشکێشکراوە، لەوانە شوالیەی فەرەنسی لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە، خەڵاتی میراتی كولتووری رۆژئاوا لەلایەن رێكخراوی ئاسیا سۆسایتی كە بان كی مۆن، سكرتێری پێشووی یو ئێن خەڵاتەكەی پێبەخشی و میدالیای زێڕینی مەولانا لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی توركیا و چەندین خەڵاتی دیکەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە