فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی ئامەد بە ناونیشانی "دیالۆگ بۆ ئاشتی" بەڕێوەدەچێت

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەشی هونەر و شانۆی گەورەشارەوانیی ئامەد، 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی ئامەد رێکدەخات. فێستیڤاڵەکە بە دروشمی "دیالۆگ بۆ ئاشتی" لە 22ی نیسان دەستپێدەکات و تاوەکو 2ی ئایار بەردەوام دەبێت. لە فێستیڤاڵەکەدا گرووپی شانۆیی لە 19 وڵاتەوە بەشداری دەکەن و 21 نمایشی شانۆیی پێشکەش دەکرێن.
 
پەروین ئەمەکتار، رێکخەری فێستیڤاڵەکە، زانیاریی لەبارەی ناوەڕۆکی پرۆگرامەکەوە خستەڕوو. رایگەیاند یەکەم فێستیڤاڵی شانۆ لە شارەکەدا لەلایەن گەورەشارەوانیی ئامەدەوە رێکخرا، بەڵام دوای دانانی قەییوم لەسەر شارەوانی، نۆیەمین فێستیڤاڵیان لەژێر ناوی "شانۆی تایبەت" بەڕێوەبردووە. 
 
ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداری 2024دا سەرکەوت، 11یەمین فێستیڤاڵ لەلایەن شارەوانییەوە بەڕێوەدەچێت و بە تایبەتی گرووپە شانۆییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بانگهێشت کردووە کە شەڕیان تێدایە. 
 
ئەمەکتار گوتیشی: "دروشمی 'دیالۆگ بۆ ئاشتی'ـمان هەڵبژارد بۆ ئەوەی لەم بارودۆخە سەختەدا ئەزموونەکانمان لەگەڵ یەکدی هاوبەش بکەین و سوود لە رۆڵی هونەر وەربگرین بۆ ئاشتی و دیالۆگ." 
 
رێکخەری فێستیڤاڵەکە باسی لەوە کرد، دەستپێکی فێستیڤاڵەکە بە شانۆگەریی "مۆراشین"ی شانۆی شارەوانیی گەورەی ئامەد دەبێت و گوتی: "ئەم شانۆگەرییە لەلایەن دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، قوتبەدین سادقی نووسراوەو 50 ئەکتەر بەشداری تێدا دەکەن. شانۆگەرییەکە باس لە میتۆلۆژیای کوردی دەکات و یەکەمجارە میتۆلۆژیای کوردی بەم شێوەیە بەرفراوانە نمایش بکرێت."
 
پەروین ئەمەکتار ئاشکرای کرد، لە فێستیڤاڵەکەدا 21 نمایش، 24 شانۆگەری، 4 پانێڵ، 4 سیمینار و 2 وۆرکشۆپ بەڕێوەدەچن و کەسایەتی لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە بەشداری لە پانێڵ و سیمینارەکاندا دەکەن. 
 
وەک ئاکتار ئاماژەی پێکرد، پانێڵێکی تایبەت بە ژنان و پانێڵێکیش لەبارەی مێژوو و رەوتی شانۆی کوردی بەڕێوەدەچێت. هەروەها دوو وۆرکشۆپی جیاواز بۆ هونەری 'میم' (پانتۆمایم) و بووکەڵە دەکرێنەوە. سێ نمایشی جیاواز لە وڵاتانی ئەفریقا، نەیجیریا، زیمبابوێ و ئۆگەنداوە هەن. بەشدارییەکی بەرچاو لە میسر، سعودیە، توونس، لیبیا، سووریا، ئێران، عێراق و فەلەستینەوە هەیە. فێستیڤاڵەکە فرەزمان دەبێت و نمایشەکان بە زمانەکانی کوردی، تورکی و ئینگلیزی پێشکەش دەکرێن. 
 
هەروەها رایگەیاند، ئەم کارە بەرفراوانەیان بە هاوکاریی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی شانۆ (ITI/UNESCO) ئەنجام داوە و سەرۆکی پەیمانگەکەش گوتارێکی لە رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا دەبێت. 
 
ئاکتار گوتیشی: "لە هەموو جیهانەوە پرۆفیسۆر و خوێندکاران دێن. پێموایە لە رێگەی هونەرەوە لەگەڵ هەموو گەلان کۆدەبینەوە و دەرفەتێک بۆ دیالۆگ دروست دەکەین. هاتنی هەندێک لە گرووپەکان بەهۆی شەڕی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی هەموو ئامادەکارییەکانمان تەواو بوون."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، لە 33 وڵاتەوە داواکاری بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا پێشکێش کراوە و گوتی: "بانگهێشتی هەمووان دەکەین بۆ بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵەدا کە ماوەی 11 رۆژ بە چالاکیی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە