شێوەکارێکی کورد دەبێتە هونەرمەندێکی دڵخوازی ئەڵمانییەکان

دوێنێ کاژێر 02:48
شێوەکارێکی کورد سەرنجی ئەڵمانییەکانی راکێشاوە
شێوەکارێکی کورد سەرنجی ئەڵمانییەکانی راکێشاوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەنج حەیدەر، تەمەن 32 ساڵ، لە سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی 1996ـەوە لەگەڵ خێزانەکەی چوونەتە ئەڵمانیا و لەوێ گەورە بووە. لە ئەڵمانیا دیزاینی پەیوەندییەکانی خوێندووە و پسپۆڕی لە بواری ڤیدیۆگرافی و فۆتۆگرافیدا وەرگرتووە. دوای تەواوکردنی زانکۆ، هەستی کردووە کە زیاتر حەزی لە کاری دەستی و کێشانی تابلۆیە لە ستۆدیۆی خۆیدا، نەک کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر.
 
رەنج لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هێمن عەبدوڵڵا بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا باسی لەوە کرد کە دەستپێکردنی بە کێشانی یەکەم تابلۆی وای لێکردووە مێشکی ئارام بێتەوە، چونکە پێشتر لەژێر فشاری خێزانەکەیدا بووە بۆ ئەوەی پیشەیەکی وەک ئەندازیاری یان پزیشکی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو ویستوویەتی ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە.
 
ئەو شێوەکارە، پێی وایە زۆر کورد هونەرمەندی بەهرەمەندن بەڵام وەک پێویست ڕێز لە کارەکانیان ناگیرێت. دوو ساڵ لەمەوبەر، سەردانی سلێمانی کردووە و ستۆدیۆیەکی لە کارگەی کولتوور (کارگەی جگەرەکەی جاران) گرتووە بە نیازی دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی هونەری، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە ناچار بووە بگەڕێتەوە ئەڵمانیا. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا پلانی هەیە بگەڕێتەوە سلێمانی و بۆ ماوەیەک لەوێ کار بکات، بەو هیوایەی نزیکبوونەوە لە وڵات و سروشتەکەی کاریگەری لەسەر ستایلی هونەرییەکەی دابنێت.
 
هونەرمەند رەنج حەیدەر، باس لە ژیانی تایبەتی و هونەریی خۆی دەکات و ئاشکرای دەکات کە خێزانەکەیان خێزانێکی هونەرین. ئەو و هاوژینەکەی، مێلیسا، ماوەی 6 ساڵە پێکەوەن و خاوەنی دوو منداڵی کوڕن بە ناوەکانی نۆیار و دالی کە تەمەنیان 1 و 4 ساڵە. رەنج، ئاماژەی بەوەدا کە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی حەزیان لە وێنەکێشانە و زۆرجار منداڵەکانیشی دەباتە ستۆدیۆکەی بۆ ئەوەی پێکەوە وێنە بکێشن.
 
ئەو هونەرمەندە چیرۆکی یەکێک لە تابلۆکانی دەگێڕێتەوە کە وێنەی هاوژینەکەیەتی و دوای ئەوەی ناکۆکییەک لەنێوانیاندا دروست بووە، کێشاویەتی. هاوژینەکەی گلەیی ئەوەی لێکردووە کە وێنەی ژنانی دیکە دەکێشێت و هی ئەو ناکێشێت، بۆیە بۆ ماوەی هەفتەیەک و ڕۆژانە 10 بۆ 12 کاتژمێر کاری لەسەر تابلۆکە کردووە. دوای نیشاندانی تابلۆکە، ئاشت بوونەتەوە و هاوژینەکەی زۆر دڵخۆش بووە بە تابلۆکە.
 
رەنجی شێوەکار باسی ستایلە هونەرییەکەی خۆی دەکات کە تێکەڵەیەکە لە ڕەنگکردنی ناڕێک و پاشان دەرخستنی سیماکان لەناو ڕەنگەکاندا.
 
سەبارەت بە ناوی ستۆدیۆکەی لە شاری بۆخومی ئەڵمانیا "رەنگ"، ڕوونی کردەوە کە کاتێک هاتوونەتە ئەڵمانیا، دایک و باوکی بە هەڵە ناوی ئەویان بە رەنگ تۆمار کردووە، بەڵام ئێستا ئەو ناوە بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیان و کارە هونەرییەکەی. ئاماژەی بەوەشدا کە ستۆدیۆکەی لە شوێنێکی کۆندایە کە پێشتر وەک کۆگا بۆ شەمەندەفەر بەکارهاتووە.
 
رەنج لە ستۆدیۆ تایبەتەکەیدا باسی کارەکانی بۆ هێمن عەبدوڵڵا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ستۆدیۆکەی تەنیا شوێنێک نییە بۆ نمایشکردن و فرۆشتنی تابلۆ، بەڵکو شوێنێکە بۆ فێرکردنی خەڵک. هەموو ڕۆژانی هەینی و شەممەیەک وۆرکشۆپ ساز دەکات کە تێیدا بەشداربووان لە ماوەی 3 کاتژمێردا دەتوانن تابلۆیەک دروست بکەن و لەگەڵ خۆیاندا بیبەنەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ شارەزاییەکی پێشوویان لە وێنەکێشاندا نەبێت.
 
رەنج، تابلۆیەکی بە قەبارەی 1 مەتر بە 80 سانتیمەتر ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ هێمن عەبدوڵڵا  کارێکی هونەریی هاوبەش ئەنجام بدەن و ڕوونی کردەوە کە هەموو ڕەنگەکان لە تێکەڵکردنی ڕەنگە سەرەکییەکان (زەرد، سوور، شین، ڕەش و سپی) دروست دەبن.
 
رەنج حەیدەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆسەی دروستکردنی تابلۆکەی پێویستی بە پلانی پێشوەختە نییە، بەڵکوو خۆشییەکەی لەوەدایە کە بە شێوەیەکی عەفەوی دەست بە کار بکات تەنها بە هەڵبژاردنی ڕەنگ و ئامرازی گونجاو.
 
ئەو شێوەکارە باسی بنەماکانی تێکەڵکردنی ڕەنگ دەکات، بۆ نموونە چۆن ڕەنگی شین و زەرد پێکەوە ڕەنگی سەوز دروست دەکەن، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویست نییە هەموو ڕەنگەکان بە تەواوی تێکەڵ بکرێن، بەڵکوو دەکرێت تەنها لە تەنیشت یەکدی دابنرێن بۆ دروستکردنی کاریگەریی جیاواز. هێمن عەبدوڵڵا  بەشداری پرۆژەکە دەبێت و بە ڕێنمایی رەنج ڕەنگەکان تێکەڵ دەکات و ئاماژە بە هەستێکی "زۆر خۆش و تایبەت" دەکات لە کاتی کارکردنەکەدا و دەڵێت کە ئاسوودە بووە بە کارەکە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە