فیلمی 'ئەزموون' لە ئەمەریکا و ئەڵمانیا پێشاندرا

22-12-2022
نیشانەکردن 'ئەزموون' شەوکەت ئەمین کورکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فیلمی سینەمایی 'ئەزموون' لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی و نوێنەری عێراق لە ئەکادیمیای ئۆسکاری ساڵی 2023، لە شارەکانی لۆس ئانجلێس و نیۆیۆرک لە ئەمەریکا و شاری بەرلین لە ئەڵمانیا پێشاندرا.
 
"ئەزموون" چوارەمین فیلمی بڵندی ئەو سینەماکارە کوردەیە و لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاشە، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان، ئەڵمانیا و قەتەرە. 
 
ئەم بەرهەمە بە ئامادەبوونی ئاڤان جەمال، یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە، لە 3ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە لۆس ئەنجلس و لە 6ـی هەما مناگ لە نیۆیۆرک لە ئەمەریکا پێشاندرا و لە 8 هەمان مانگ لە بەرلینی ئەڵمانیا پێشاندرا.
 
'ئەزموون' لە یەکەمین پێشادانی جیهانی خۆیدا لە بەشی 'پێشبڕکێی سەرەکی' لە 55مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕلۆڤی ڤاری لە چیک پێشاندرا و توانی خەڵاتی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی رخنەگران بەدەست بێنێت. 
 
ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە 37مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سانتا باربارا لە ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی لە 19مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تیرانا لە ئەلبانیا، خەڵاتی سندووقی جەماوەری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان UNFPA لە بەشی پێشبڕکێی پانۆڕامای نێودەوڵەتی لە 43یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە لە میسر، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی لە بەشی سەرەکی 27مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤیکتۆریا لە کەنەدا و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی لە 37مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مۆنس" لە بەلجیکا بەدەستهێناوە.
 
ئەم فیلمە کوردییە هەروەها لە بەشی دەلاقەیەک لە سینەمای ئاسیا لە 26مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بوسان لە کۆریای باشوور، لە بەشی پانۆڕامای جیهان لە 52مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گوا لە هیندستان، لە بەشی ئاسۆکانی 22مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تێفلیس لە جۆرجیا، لە یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە، لە 34مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئێکسگڕۆند لە ئەڵمانیا، لە بەشی پانۆڕاما 58مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەسپی زێڕین لە تایوان، لە بەشی نمایشی فیلمە بڵندە سینەماییەکان لە 16مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لیدێن لە هۆڵەندا، لە 35مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لیدز لە بەریتانیا باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار، لە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک لە باشووری کوردستان و چەندین رووداوی سینەمایی دیکە پێشاندراوە.
 
'ئەزموون' بەرهەمی کۆمپانیای میتۆس فیلمی بەرلین و کۆمپانیای مەستی فیلمی سلێمانییە کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی ئاڕت هوود لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە. 
 
لە فیلمەکەدا ژمارەیەک ئەکتەری کورد رۆڵیان گێڕاوە، لەوانە: حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، عادل عەبدولڕەحمان، ئاڤان جەمال، ڤینا سالار، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عوسمان، کاوە قادر و حەمەرەشید هەرەس.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە