رووداو دیجیتاڵ
خدر بێگەڵاسی، هونەرمەندی میللیی کورد دەڵێت تائێستا بڕیار نییە ئاهەنگی سەری ساڵی لە هیچ شوێنێک هەبێت، بەڵام دەڵێت: "رەنگە هەشبێت ئیتر ئەوە قسمەتە". دەشڵێت بڕیاریداوە بۆ ساڵی 2022ش هەر بە سینگڵی بمێنێتەوە.
خدر بێگەڵاسی، هونەرمەندی میللیی کورد، دانیشووی شارۆچکەی قەڵادزێیە و گۆرانی و قسەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینەرێکی زۆریان هەیە، سەبارەت بە ساڵی نوێ و بەرنامەی بۆ سەری ساڵی نوێ، هەندێک لایەنی ژیانی تایبەتی خۆی، وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە.
خدر بێگەڵاسی سەبارەت بە پلانەکانی بۆ ساڵی نوێ دەڵێت: "ساڵی نوێ بەخێربێت و هیوادارم ببێتە هۆی دڵخۆشکردنی خەڵک، من بۆ خۆم کلیپێکم لە ساڵی نوێ دەبێت بەناوی 'عەشق و دابڕان' تێیدا دەڵێم سەرهەڵبێنە بابتبینم، پێمخۆشە مەرگت نەبینم، ئەم کلیپە بەشێوازێکی نوێ دروستکراوە و پێشکەشی هەوادارەکانمی دەکەم و هیوادارم بەدڵیان بێت".
بێگەڵاسی بە پێچەوانەی زۆربەی هونەرمەندانی دیکە بە تەنیا لە کلیپەکانیدا دەردەکەوێت. لەو بارەیەوە دەڵێت: "من نامەوێت لەهیچ کلیپێکدا ئافرەتم لەگەڵ دەربکەوێت، ئەو کلیپانەشی ئافرەتیان تێدا دەردەکەوێت لە لای ئێمە و خەڵک پەسند نییە، چونکە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی".
خدر بێگەڵاسی کە بەردەوام بە"مامۆستا" لەلایەن هەوادارانییەوە ناوی دەبرێت و پێیخۆشە بە مامۆستا بانگی بکەن، سەبارەت بە بەرنامەکانی بۆ شەوی سەری ساڵی نوێ دەڵێت: "هێشتا هیچ بەرنامەیەکم نییە، چونکە لەهیچ شوێنێک ئاهەنگم نییە، رەنگە دواتر هەبێت، ئیتر ئەوە قسمەتە، بەڵام هێشتا دیارنییە".
لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەرنامەی نەبوو ئایا ئەو شەوە لە ماڵ دەمێنێتەوە یان دەچێتە دەرەوە، بێگەڵاسی دەڵێت: "رەنگە هەر لەماڵ بم، بەڵام هەوادارەکانم و جەماوەرەکەم بڕیاردەدەن. ئەوان پێیان خۆش بێت لەماڵ دەبم، پێشیانخۆش بێت لە دەرەوە لەگەڵیان دەبم و ئاهەنگیان بۆ دەکەم، بۆ ئەو شتانە جەماوەرەکەم گرنگە".
خدر بێگەڵاسی ساڵی 2021 بە ساڵێکی ناخۆش ناوبرد و گوتی: "ساڵی قەیرانەکان و ناخۆشی و نەهامەتییەکان بوو، داواکارم ئەو قەیران و ناخۆشییانە کۆتایی پێبێت و ئەو کێشە و مەشاکیلانەی هەبوون نەمێنن، هیوادارم ساڵی 2022 خێر و خۆشی بدات بەخەڵک".
بەهۆی ئەوەی خدر بێگەڵاسی هیچ ژمارە مۆبایلێکی نەبوو، رووداو لە رێگەی مەسنجەرەوە پەیوەندی بە کەسێکی نزیکی خدر بێگەڵاسی کرد بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات. سەبارەت بەوەی بۆچی سیمکارتی نییە، خدر بێگەڵاسی، گوتی: "تاقەتی مۆبایلم نییە، پەیوەندییەکی زۆرم پێوەدەکرێت، هەرچەندە لەسەر هەردووک چاومە پێمخۆشە هەوادارانم پەیوەندیی بکەن و لێمبپرسم و حەزم بە تێکەڵبوون هەیە، بەڵام هەندێکجار خۆم حەزم لەمۆبایل و سیمکارت نییە و نامەوێت سەرقاڵم بکات، ئەگەر نا هەموو هەوادارن لەسەر چاومن". گوتیشی: "رەنگە هەزار سیمکارتم پێدرابێت، هەمووی دیاریی خۆشەویستان و هەوادارانمە، بەڵام بەخوا زۆر کەیفم پێنایەت، نامەوێت مەشغوڵ بم گوڵم".
خدر بێگەڵاسی، کە تەمەنی 28 ساڵە، ساڵی 2021ی بە سینگڵی بەڕێکرد، بڕیارە لە 2022ش هەر سینگڵ بێت و لەو بارەیەوە دەڵێت: "من ئێستا تەمەنم 28 ساڵە و لە ساڵی 2003وە خۆشیم بەخۆمەوە نەبینیوە، هەمیشە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی بووە، شەڕی داعش و قەیرانەکان و شەڕی عێراق و مەشاکیل و کێشە و شتی تر، ئەو شەڕەی داعش کە پێشمەرگە زیرەکانە کردی، بۆیە من بڕیارم نەداوە لە ساڵی 2022 هاوسەرگیری بکەم و خێزان پێکبهێنم، هەر بە سینگڵی دەمێنمەوە و پێمخۆشە سینگڵ بم. گۆرانییەکیشم بۆ سینگڵان گوتووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ