رووداو - تەندروستی
توێژەرانی ئەڵمانیا ئاشکرای دەکەن، ئەو پێکهاتەیەی لەنێو حەبی ڤیاگرا هەیە، بە شێوەیەکی کاریگەر نیشانەکانی (کۆنیشانەی لی) باشتر دەکات تا دەگاتە ئاستی چارەسەر.
توێژەرانی زانکۆی بەنێوبانگی شاریتە لە ئەڵمانیا رایدەگەیێنن، ڤیاگرا توانای ماسوولکە و دەمارەخانەکانی نەخۆشی تووشبووی (کۆنیشانەی لی) کە پێی دەگوترێت Leigh Syndrome باشتر کردووە و جووڵە و پێداڕۆیشتنی خوێنی ئەو نەخۆشانەی چارەسەر کردووە.
شەش نەخۆش رۆژانە بۆماوەی حەوت ساڵ مادەی سێڵدینافیڵیان بۆ بەکارهاتووە کە مادەی سەرەکیی نێو حەبی ڤیاگرایە و هێزی زیاتری بە ماسوولکەکان گەیاندووە و تێکچوونە دەمارییەکانیشی باشتر کردووەتەوە، توانای رۆیشتن و قسەکردنیشیان باشتر بووە.
بڕێکی کەم لە مادەکە بەکارهاتووە بۆ ئەو نەخۆشانە و کاریگەریی باشی هەبووە، بەجۆرێک بە بڕی 0.66 میلیگرام و 3 میلیگرام بەکارهاتووە، لەکاتێکدا لەنێو حەبی ڤیاگرا 25 تاوەکو 100 میلیگرام بەکاردێت.
د. مارکوس شولکە، توێژەری زانکۆی شاریتە دەڵێت: دڵخۆشین کە دەرمانێکی باو و بەردەست هەیە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی سکماکیی مەترسیدار.
کۆنیشانەی لی چییە؟
ئەمە سکماکییە و لەڕێگەی پشکنینی تیشکییەوە یاخود پشکنینی خوێن دەستنیشان دەکرێت، نیشانەکان لە قۆناخی ساواییدا دەستنشیان دەکرێن، کۆنیشانەکە دەشێت ببێتە هۆی (لەدەستدانی جووڵە، رشانەوە، گرژبوون، لاوازیی ماسوولکەکان، تێکچوونی دەماری و مێشک، هەناسەتەنگی، نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە).
دامەزراوەی پزیشکیی دەماریی منداڵان ئاماژە بەوە دەکات، "هەندێک کەس بە قۆناخێکی تاڕادەیەک جێگیری نەخۆشییەکەدا تێدەپەڕن کە نیشانەکانیان سووکترە، لەکاتێکدا هەندێکی دیکەیان تووشی تێکچوونی خێرای دەماری و کورتبوونەوەی تێکڕای تەمەن دەبن''.
هەزاران منداڵ رزگاریان دەبێت
بەگوێرەی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکا، لەکۆی 36 هەزار منداڵ، یەک منداڵ تووشی ئەم نەخۆشییە سکماکییە دەبێت و تائێستا (کۆنیشانەی لی) هیچ چارەسەرێکی نییە و نیوەی ئەو منداڵانەی بەو نەخۆشییەوە لەدایکدەبن، پێش تەمەنی سێ ساڵی گیان لەدەستدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ