مەبەست لە ئەنەبۆڵیک سترۆیدەکان واتە ئەوانەن کە لە تاقیگە دروستکراون هاوشێوەی هۆڕمۆنی تێستێسترۆنی پیاوانە
رووداو- دیجیتاڵ
پزیشکانی دانیمارک هۆشداریدەدەنە پیاوان لە بەکارهێنانی ستیرۆیدەکان بۆ گەورەکردنی ماسولکەکان و دەڵێن زیان بە فرمانی گونەکانیان دەگەیێنێت.
پزیشکان لە زانکۆی کۆپنهاگن لە دانیمارک توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەنەبۆڵیک سترۆیدەکان بۆ گەورەکردنی ماسولکەکان و ئەنجامی توێژینەوەکەیان لە جۆرناڵی (Clinical Endocrinology & Metabolism) بڵاوکردووەتەوە.
د. جۆن راساموسێن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ئەوانەی ئەنەبۆڵیک ستیرۆیدەکان بەکاردەهێنن بۆ گەورەکردنی ماسولکەکان فرمانی گونەکانیان تێکدەچێت.
مەبەست لە ئەنەبۆڵیک سترۆیدەکان واتە ئەوانەن کە لە تاقیگە دروستکراون هاوشێوەی هۆڕمۆنی تێستێسترۆنی پیاوانە و لە وەرزشکردن بۆ مەبەستی گەورەکردنی ماسولکەکان بەکاردەهێندرێت.
پزیشکانی دانیمارکی بۆیان دەرکەوتووە بەکارهێنانی ئەو ستیرۆیدە دەستکردانە کاردەکاتە سەر گونەکان، ئاستی بەرهەمهێنانی تێستێسترۆن کەمدەکاتەوە و سەرەنجام دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی توانای سێکسی، رەپنەبوونی چووک و کەمبوونەوەی ژمارەی سپێرمەکان هەروەها گەورەبوونی مەمک و لەدەستدانی مووی جەستە.
د. شاڵێندەر بهاسین، پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی هەناو لە زانکۆی هارڤارد کە بەشداری لە توێژینەوەکە نەکردووە بەڵام لەبارەی سترۆیدە دەستکردەکان دەڵێت، بەشێکی ئەوانەی نایانەوێت وەرزشبکەن یان خۆیان ماندووبکەن، فێڵ لە خۆیان دەکەن و ئەو ستیرۆیدانە بەکاردەهێنن بۆ گەورەکردنی ماسولکەکان، کە ئەمەش لە داهاتوودا کاریگەری زۆر خراپی دەبێت بەسەر تەندروستییانەوە.
پزیشکان دەڵێن، زیانەکانی ستیرۆیدە دەستکردەکان هەر تەنیا بەسەر توانای سێکسییەوە نییە، بەڵکو دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی چەورییەکانی خوێن، بەرزەپەستانی خوێن و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لەوانەی تەمەنیان خوار 30 ساڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ