ئایا بەکتریا هەیە سوود بە جەستە بگەیێنێت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی مایکرۆبایۆلۆژی باسی بەکتریا یان (میکرۆب)ـە سوودبەخشەکانی جەستە دەکات و دەڵێ، هەموو بەکتریایەکان زیانبەخش نین و لە راستیدا زۆربەیان پێویستن بۆ پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ. ئەم وردەزیندەوەرە بەسوودانە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەرگری، هەرسکردن، میتابۆلیزم و هاوسەنگی فیزیۆلۆژیی گشتیدا.
 
هەڵۆ سیراجەدین، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژیی پزیشكی بە رووداوی راگەیاند، زۆرترینی بەکتریا سوودبەخشەکان لەم شوێنانەی جەستەدا دەژین؛
 
- کۆئەندامی هەرس (ریخۆڵە)
- پێست
‎- نێو دەم
- کۆئەندامی هەناسەدان
- کۆئەندامی زاوزێ و میزەڕۆ
 
هەڵۆ سیراجەدین باسی سوودەکانی ئەو بەکتریایانەش دەکات، بەم شێوەیە؛
 
‎1- باشترکردنی هەرسکردن و هەڵمژینی مادە خۆراکییەکان؛ ‎هەندێک بەکتریا یارمەتیدەرن لە تێکدانی کاربۆهیدرات، ریشاڵ و پڕۆتینی ئاڵۆز کە ئەنزیمەکانی مرۆڤ ناتوانن هەرسیان بکەن.
 
‎2- دروستکردنی ڤیتامین؛ بەتایبەت ڤیتامینەکانی K و B تەنانەت فۆڵیک ئەسیدیش.
 
3- پەرەپێدان و رێکخستنی سیستمی بەرگری؛ بە رێگریکردن لە هەوکردن و پشتگیریکردنی بەرگرییەخانەکان، هەروەها بەهێزکردنی ریخۆڵە و بەرزکردنەوەی ترشێتیی شوێنەکانی جەستە لەپێناو رێگریکردن لە میکرۆبەکان.
 
4- رێکخستنی کێشی جەستە، شەکری خوێن و هاوسەنگکردنی هۆڕمۆنەکان؛ هەر بۆیە تێکچوونی بەکتریا سودبەخشەکان پەیوەندیی بە قەڵەوی، شەکرە و نیشانەکانی گۆڕانکاریی خۆراکەوە هەیە.
 
هاوکات ئەگەر بەکتریا سوودبەخشەکان تێکبچن چی روودەدات؟
 
- دووبارەبوونەوەی هەوکردن
- سکچوون
‎- هەوکردنەکانی ریخۆڵە
‎- نیشانەکانی گرژەکۆڵۆن
- هەستیاری و هەناسەتەنگی
‎- قەڵەوی و تێکچوونی زیندەچالاکیی جەستە
‎- لاوازیی بەرگریی جەستە 
 
چۆنیەتیی پاراستنی بەکتریا سوودبەخشەکانی جەستە؛
 
* خواردنی پرۆبایۆتیکەکان (ماست، کەفیر و تەواوکەری خۆراکیی پڕۆبایۆتیک).
‎* خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پڕۆبایۆتیک (ریشاڵ، دانەوێڵەی تەواو، گوێز و مۆز).
* دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریا بۆ پەتاکان یاخود بەبێ راوێژی پزیشک. 
* پاراستنی خۆراکی هاوسەنگ و دەوڵەمەند بە سەوزە و میوەکان.
‎* کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی.
* خەوی رێک و تەواو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کتێبەکە کە بۆ راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم نووسراوە.

لە هەولێر دایکێک رێگەیەکی نوێ بۆ فێرکردنی منداڵە ئۆتیزمەکەی دەدۆزێتەوە

دایکێک رێگەیەکی نوێ بۆ فێرکردنی منداڵە ئۆتیزمەکەی دەدۆزێتەوە و دەڵێ، ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە دەتوانن سوود لەو کتێبە وەربگرن، بەگوتەی چارەسەرکارێکیش، دوای سێ بۆ شەش مانگ لە راهێنان منداڵانی ئۆتیزم سوود لە راهێنانەکان دەبینن.