توێژینەوەیەک: خۆراکی رووەکی تەندروستیی گورچیلەکان باشتر دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو کەسانەی پەیڕەوی سیستمی خۆراکیی رووەکی (ڤیگن) یان ئەو سیستمانە دەکەن کە ماسی لەخۆدەگرن (پێسکۆ-ڤێجیتاریان)، گورچیلەکانیان تەندروستترە بە بەراورد بەو کەسانەی گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەخۆن.
 
زانکۆی لۆما لیندا لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات ئەو سیستمانەی خۆراک کە بە تەواوی پشت بە رووەک دەبەستن، یان تەنیا ماسییان تێدایە، یارمەتی گورچیلەکان دەدەن خوێن باشتر بپاڵێون و پاشماوەکان بە شێوەیەکی کاریگەرتر لە جەستە فڕێبدەنە دەرەوە، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە کەمدەکاتەوە.
 
د. فەیس بەتلەر سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی لۆما لیندا رایگەیاند، "ئەم توێژینەوەیە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانە گرنگە کە زیاتر مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە هەیە، وەک کەسانی بەساڵاچوو."
 
نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە کاریگەری لەسەر زیاتر لە 800 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و بارگرانییەکی گەورەی تەندروستی و ئابووری دروستکردووە.
هاوکات توێژینەوەیەک نیشانەیەکی چاوەڕواننەکراو بۆ نەخۆشیی گورچیلە ئاشکرا دەکات؛ توێژینەوەیەکی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات  نیشانەیەکی بایۆلۆجیی نوێی لە خوێندا دۆزیوەتەوە کە دەکرێت زووتر لەوەی پێشبینی دەکرا، کێشەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە دەستنیشان بکات.
 
توێژینەوەکە لەزانکۆی تەکساس لە ئەمریکا  لەسەر ئەو نەخۆشانە کراوە کە قۆناخی مامناوەندی نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلەیان هەیە (قۆناخی 3)، چونکە لەم قۆناخەدا هێشتا دەرفەت هەیە بۆ رێگریکردن لەو کێشە دڵ و لوولە خوێنانەی کە لەگەڵ پێشکەوتنی نەخۆشییەکەدا دروست دەبن، دەرەنجامەکان دەریانخستووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی SDMA، نەک ADMA، پەیوەندی بە لاوازبوونی فرمانی لوولەکانی خوێنەوە هەیە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە SDMA دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی زووەختەی ئەو نەخۆشانەی لە مەترسیدان، رەنگە تەنانەت پێش ئەوەی پێویستییان بە شوشتنی گورچیلە (dialysis) ببێت.
 
د. پۆڵ جەی فادێل، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند، "بنەمای سەرەکیی توێژینەوەکە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلەیان هەیە، بەهۆی کێشەی گورچیلەکانیانەوە نامرن، بەڵکو بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوە گیان لەدەستدەدەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە