نهێنیی کارکردنی فڕۆکەوانان بۆماوەی درێژ و شەڕکردنیان بەبێ خەوتن ئاشکرا دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

فڕۆکەوانانی هێزە ئاسمانییەکان دەرمانێک بەکاردەهێنن کە وایان لێدەکات، لە ئەرکی درێژ و بۆماوەیەکی زۆر لە ئاسماندا بە وریاییەوە بمێننەوە.
 
لەمیانەی ئەم جەنگەی نێوان ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا، هێزیی ئاسمانیی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، تیمەکانیان دەرمانی Modafinil بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی هەمیشە سەرنجیان بەهێز بێت و لە گەشتە درێژەکاندا خەواڵوو نەبن.
 
تەنانەت ئەو دەرمانە توانای بڕیاردان و چالایی مێشک بەهێز دەکات بۆ بڕیاردانی دروست و خێرا کە ئەمە بۆ فڕۆکەوانانی جەنگ زۆر پێویستە تاوەکو ئامانجی خۆیان بە دروستی بپێکن.
 
د. ئۆسنات رازیێل، نەشتەرگەر و پزیشکی پێشووی قوتابخانەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەڵێت: ماندووبوون یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێسەرنجی و نەپێکانی ئامانجی مەبەست بۆ فڕۆکەوانان.
 
ئەو پزیشکە دەشڵێت، چەند چرکەیەک خەولێکەوتن رەنگە بۆ فڕۆکەوان مەرگ بێت، بێسەرنجیش دەشێت ئامانجەکەی نەپێکێت و خۆی و فڕۆکەکەی لە مەترسیدا بن.
 
راپۆرتە پزیشکییەکانی میدیای ئیسرائیل جەختیان لەوە کردووەتەوە، نەخەوتن بۆماوەی 18 تاوەکو 24 کاژێر سەرنج، یادگە و توانای بڕیاردان لاواز دەکات، کاریگەریی هاوشێوەی مەستبوونی هەیە بە کحول. هەر بۆیە دەرمانێک بە فڕۆکەوانان دەدەن کە توانای هەیە زیاتر لە 24 کاژێر بە وریاییەوە بیانهێڵێتەوە.
 
مێژووی بەکارهێنانی دەرمانەکە و میکانیزمی کارکردن
 
دەرمانی Modafinil لە سەرەتاکانی ساڵی 1970 لە فەرەنسا بۆ چارەسەری تێکچوونەکانی خەو و نەخۆشیی خەواڵوویی بەردەوام و تەنانەت وەستانی کاتی هەناسەدان لەکاتی خەودا بەکارهاتووە. لە ئیسرائیل ناوی بازرگانییەکەی Provigilـە.
 
ئەمە نەک تەنیا هێزی ئیسرائیلی بەڵکو سوپای وڵاتانی (بەریتانیا، ئەمریکا، هیندستان و فەرەنسا) بەکاریان هێناوە، تەنانەت لە جەنگی دووەمی جیهانی زۆر پشت بەم دەرمانە بەستراوە کە وەکو جێگرەوەی مادەی ئەمفیتامین بەکارهاتووە، چونکە ئەمفیتامین کاریگەریی لاوەکیی زۆری هەبووە.
 
ئەو دەرمانە کار لەسەر رژێنی ژێرلانک دەکات و دەمارەخانەکانی ئۆرێکسین و هیستامینی مێشک زیاد دەکات کە وریاکەرەوەیەکی چالاکن. ئەمە زۆر خێراترە لە کافاین و چالاککەرەوەکانی دیکەی مێشک، لە 2 بۆ 4 کاژێردا بە خێرایی دەگاتە بەرزترین ئاست و یەک ژەم بەکارهێنەر بۆ زیاتر لە 24 کاژێر بە وریاییەوە دەهێڵێتەوە.
 
کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانی Modafinil 
 
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن
- زیادبوونی لێدانی دڵ
- سەرئێشە
- هێڵنجدان و سەرسووڕان
- دڵەڕاوکێ و ئارەقەکردنەوە
 
هۆشداریی پزیشکان
 
کۆمەڵەی پزیشکانی مێشک و دەماری ئەمریکی هۆشداری دەدەن کە نابێت دەرمانەکە بە بێ راوێژی پزیشک بەکاربێت، چونکە راستە مێشک بە وریاییەوە دەهێڵێتەوە، بەڵام خانەکانی جەستە پێویستیان بە پشوودان و خەو هەیە و بەخەربەرهێشتنەوەیان جەستە ژەهراوی دەکات. هەروەها ئەوەش باس دەکەن، دەرمانی Modafinil جێگرەوەی خەو نییە، بەڵکو یارمەتیدەرێکە لەکاتی پێویست و ناچاریدا وەکو ئۆپەراسیۆنە جەنگییە دوورمەوداکانی فڕۆکەوانی، بەکاربێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە