''دۆسیەی رەش''ـی نێو هۆڵەکانی وەرزشی لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس ئاشکرا دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
نێو بەرنامەکە.
نێو بەرنامەکە.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس لەبارەی بەکارهێنانی هۆڕمۆن بوو لە هۆڵەکانی وەرزشی و راهێنەرێک دەڵێت: لە هەندێک هۆڵی لەشجوانی خانمان و پیاوان دەخەنە تەڵەوە و پێیان دەڵێن، هۆڕمۆن بەکاربهێنن!
 
نیان رەشاد، راهێنەری لەشجوانی باسی هۆڕمۆنەکانی نێو هۆڵەکانی وەرزشی دەکات و دەڵێت: هۆڕمۆنەکانی (تێستۆستیڕۆن، هۆڕمۆنی گەشە و ئەنسۆلین) هەن و خۆی ئەوانە دەرمانن و پزیشک بۆ چارەسەری نەخۆشی دەیاننووسێت، بەڵام لە هەندێک هۆڵی وەرزشی وەرزشڤان دەخەنە تەڵەوە و پێی دەڵێن کە پێویستە بەکاریان بهێنیت.
 
تارین سەرباز، ئەندامی لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەولێر رایگەیاند، هیچ کاتێک لەگەڵ بەکارهێنانی هۆڕمۆن نین و بەپێی یاسای 24ـی ساڵی 2021ـی عێراق، هەر یاریزانێک و هەر راهێنەرێک بازرگانی بە هۆڕمۆنەکانەوە بکات، هیچ پۆستێکی وەرزشی وەرناگرێت یاخود دوور دەخرێتەوە.
 
د. پارێز حەوێزی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان گوتی، دوور نییە هۆڕمۆنەکان ببنە هۆی مردن، چونکە پەستانی خوێن، بەرگریی ئەنسۆلین، گوشاری دەروونی و پەستانی سەر جگەر و پەککەوتنی گورچیلەکان زیاد دەکەن.
 
د. پارێز حەوێزی روونی دەکاتەوە، تێستۆستیڕۆن بە شێوەیەکی ئاسایی لە جەستەی خانماندا هەیە، چونکە بۆ وزە و بۆ هێزی ماسوولکەکان پێویستە، بەڵام رێژەکە کەمە و ئەگەریش وەربگیرێت ئەوا رێژەکەی زیاد دەکات کە دەکرێت خانمان تووشی بەرزەچەوریی خوێن، سستبوونی گورچیلەکان، بەرزەپەستانی خوێن و ناڕێکیی سووڕی مانگانە و نەزۆکی.

د. بەسۆز لەتیف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە ئاماژە بەوە دەکات؛ خانمی وا هەبووە، بەهۆی بەکارهێنانی هۆڕمۆنەکانەوە گورچیلەکانی پەکیان کەوتووە. بەگوتەی ئەو پسپۆڕە: بەردەوام قەبارەی ماسوولکە زیاد ببێت بە هۆڕمۆنەکان، پەستان دەخاتە سەر گورچیلە و سستیان دەکات، پاشانیش دەکرێت راستەوخۆ گورچیلە تووشی بەڕیشاڵبوون بکە کە چاکبوونەوەی نییە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە