دکتۆر ئاراس برادۆستی خەڵاتی گڵۆپی کریستاڵی تورکیای وەرگرت

15-01-2022
دکتۆر ئاراس برادۆستی لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە
دکتۆر ئاراس برادۆستی لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئیستەنبووڵی تورکیا دابەشکردنی خەڵاتەکانی گڵۆپی کریستاڵی تورکیا بەڕێوەچوو کە یەکێک لە گەورەترین رێوڕەسمی خەڵاتکردنی ساڵانەیە لە وڵاتەکە، لە رێوڕەسمەکەدا دکتۆر ئاراس برادۆستی، پێشکێشکاری رووداو وەک باشترین پزیشک/ پێشکێشکار لە خەڵاتی گڵۆپی کریستاڵی تورکیای وەرگرت. لە پەیامێکیشدا بە زمانی کوردی گوتی، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە خەڵک بە تەندروستییەکی باشترەوە بژین."
 
لە سەرەتای هەموو ساڵێک خەڵاتی ساڵەکە بە پشتبەستن بە بەرهەمەکانی ساڵی رابردوو دابەشدەکرێن. دکتۆر ئاراس برادۆستی لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا بە زمانی کوردی پەیامێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "من دەبێت بە کوردی قسە بکەم، هیوادارم کە بەباشی لە پەیامەکەم تێبگەن، ئەو رێوڕەسمەی کە رێکتانخستووە، هیوادارم ساڵی داهاتوو دوور لە کۆڤید و کۆرۆنا بە قەرەباڵخییەکی زیاتر و گەرموگوڕیی زیاترەوە رێکی بخەین."
 
دکتۆر ئاراس برادۆستی راشیگەیاند، "زۆر سوپاستان دەکەم بۆ هەڵبژاردنم بۆ خەڵاتەکە، ئەوەی ئێمە دەیکەین لە تۆڕی میدیایی رووداو بەتایبەتیش لە بەشی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو هەوڵێکی جیدییە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان لە هەموو کوردستان، بۆ ئەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک بچێتە ئاستێکی باشتر و خەڵکی بە تەندروستییەکی باشترەوە بژین."
 
لە هەموو بەشەکانی تۆڕی میدیایی رووداو وەکو دکتۆر ئاراس برادۆستی باسی کرد، "لە 29-5-2013ـەوە کە یەکەم رۆژی پەخشی رووداو بوو دەستمان پێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامین." گوتیشی کە "زۆر دڵخۆشم کە درێژکراوەی کاریگەریی پەیامی تەندروستیی لە رووداو دەگاتە خەڵکی خۆشەویستی ئێمە لێرە و ئەو کاریگەرییەی دروستکردووە و بووەتە هۆی ئەوەی ئێوە بە بڕواوە رووداو هەڵبژێرن و خەڵاتی بکەن."
 
ناوەکان بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە لەلایەن کۆمیتەیەکی تایبەتەوە هەڵدەبژێردرێن، ساڵانە دەیان ئاژانسی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداردەبن، رووماڵێکی فراوانی لەسەر ئاستی تورکیا بۆ دەکرێت و بایەخی زۆر بە رێوڕەسمەکە دەدرێت.
 
پێشتر لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکە، دکتۆر ئاراس برادۆستی رایگەیاند، "خەڵاتەکە شایەنی هاوکارانمە لە رووداو نەک من، ئەوەی رووداو لە تەندروستیدا کردوویەتی و دەیکات هیچ دەزگایەکی میدیایی کوردی لە هیچ بەشێکی کوردستان و جیهان نەیکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی دەیکەین ئەرکی خۆمانە و بەردەوام دەبین."
 
دکتۆر ئاراس برادۆستی ئێستا بەرنامەی دکتۆر ئاراس لە رووداو پێشکێش دەکات کە بەرنامەیەکی تەندروستی و پزیشکیی گشتییە و یەکەمین وەرزی تەواوکەری ئەو زنجیرە بەرنامە تەندروستی و پزیشکییانەیە کە لە یەکەم رۆژی دەستپێکی پەخشی رووداوەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامن، سەرنجی ئەو بەرنامەیە لەسەر ستایڵی ژیانە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نورەدین جەلال، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ

تەندروستیی چەمچەماڵ: کێشەی کەمیی پێداویستیی تاقیگەییمان هەیە

بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی قەزاکەوە، 5 هەزار هاونیشتمانیی سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە دەشڵێت، "کێشەی کەمی دەرمانمان نییە، بەڵام پێداویستی تاقیگەمان کەمە."