وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان: چاوەڕوانیی گەورەمان لە وەزیری نوێی تەندروستیی عێراق هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، گەشبینە بە پەیوەندی و هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ د. عەبدولحوسەین ئەلموسەوی، وەزیری نوێی تەندروستیی عێراق.

رۆژی هەینی، 15ی ئایار، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ ئەلموسەوی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونیم لێ کردووە و بە فەرمی بانگهێشتی هەرێمی کوردستانیشم کردووە."
 
دکتۆر سامان بەرزنجی کەسایەتیی دکتۆر موسەوی بە "مرۆڤدۆست و دڵسۆز" وەسف دەکات و پەیوەندیی هاوڕێیەتیی نزیکیان، لە بواری پسپۆڕییەکەى کە پسپۆڕی تەندروستیی گشتییە و ئەزموونی سەرکەوتووی پێشووتری لە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق بە خاڵی بەهێزی وەزیرە نوێیەکە دانا و گەشبینە بە بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی لە سەرتاسەری عێراق دا.
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کورستان چاوەڕوانیی لە وەزیری تەندروستیی عێراق ئەوەیە "بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو بەشەکانی عێراق بکات، بەتایبەتیش لە دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و پەرەپێدانی تەندروستیی گشتی" لە وڵاتدا.
 
عەبدولحوسێن موسەوی کێیە؟
 
عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری نوێی تەندروستیی عێراق، لەدایکبووی ساڵی 1977ـە و وەک یەکێک لە توانا زانستییەکان لە بواری "پزیشکیی کۆمەڵ و پەتاکان" (Community Medicine and Epidemiology) دادەنرێت. هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە (بۆردی عەرەبی) لەو پسپۆڕییەدا، جگە لەوەی پلەی "هاوەڵ"ـی لە ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ زانستە تەندروستییەکان (Fellowship of Arabic Board of Health Sciences) هەیە.
 
ئەزموونی پیشەیی و سیاسیی موسەوی بۆ چەندین ساڵ دەگەڕێتەوە؛ پێش ئەوەی بچێتە نێو کاری یاسادانان، چەندین ئەرکی کارگێڕی لە نێو میلاکاتی وەزارەتی تەندروستیی عێراق و فەرمانگە جیاوازەکانی دا بینیوە. هەروەها بۆ دوو خولی یەک لەدوای یەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە: خولی سێیەم (2014-2018) و خولی چوارەم (2018-2021).
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە