توێژینەوەیەک: خانمان لەدوای لەدەستدانی هاوژینەکانیان بەهێزتر و خۆڕاگرترن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، پیاوان بەراورد بە خانمان زیاتر لێکەوتە دەروونی و جەستەییەکانی مردنی هاوژینەکەیان لەسەر دەردەکەوێت، بە واتایەکی دیکە زیاتر کاریگەر دەبن و هەست بە نەبوونی پاڵپشتیی دەروونی دەکەن، بەڵام لە خانماندا پێچەوانەیە.
 
توێژینەوەیەکی نوێی هاوبەش لەنێوان زانکۆی بۆستنی ئەمریکی و زانکۆی چیبای ژاپۆنی لەسەر 26 هەزار ژن و پیاوی بەساڵاچوو بۆماوەی شەش ساڵ کرا و لە گۆڤاری Journal of Affective Disorders ئەنجامەکانی بڵاو کراونەتەوە؛ دەردەکەوێت کە پیاوان دوای گیانلەدەستدانی هاوژینەکانیان ئەگەری (تووشبوونیان بە خەمۆکی، مردنی لەناکاو و بێهیوایی لە ژیان) زیاترە بەراورد بە خانمان.
 
بەڵام بەشێکی زۆری ئەو خانمانەی بەشداربوون لە توێژینەوەکە ئەوەیان ئاشکرا کردووە، دوای مردنی هاوژینەکانیان تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت خەمبار بوون و دواتر رەزامەندییان بۆ ژیان باشتر بووە و ئاسوودە بوون.
 
ئەمانەی خوارەوەش ئەو لێکەوتانە بوون کە لەسەر پیاوانی بەساڵاچوو دەرکەوتوون دوای گیانلەدەستدانی هاوژینەکانیان؛
 
- هەستکردن بە نەبوونی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی.
- پەنابردنە بەر خواردنەوەی کحول.
- کەمکردنەوەی تێکەڵاوییە کۆمەڵایەتییەکان.
- خەمۆکی.
- بێزاری و وەڕەسی.
- کەمبوونەوەی حەز بۆ ئەنجامدانی کارەکانی رۆژانە.
- هەستکردن بە دابڕان.
 
کۆیچیرۆ شیبا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی چیبا دەڵێت: بۆ هەردوو رەگەزەکە ساڵی یەکەمی دوای لەدەستدانی هاوژین قورسترینە، بەڵام لەلای خانمان قۆناخ بە قۆناخ رادێن و خەم و پەژارەیان کەمتر دەبێتەوە.
 
ئەوەش دەڵێت ''خانمان توانای خۆڕاگری و بەرگەگرتنیان لەگەڵ دۆخی دوای لەدەستدانی هاوژینەکانیان زیاترە بەراورد بە پیاوان''.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە