تەندروستی
وێنەیەکی نێو یارییەکە لەگەڵ ئەو تووشبووەی شێرپەنجە کە بۆ یەکەمجار GTA-6 یارییەکە تاقیدەکاتەوە.
رووداو - تەندروستی
کۆمپانیای رۆکستاری ئەمریکی وەشانێکی نوێی یاریی GTA بەرهەمهێناوە و بڕیارە مانگی 11 بیخاتە بازاڕەوە، بەڵام وەشانی 6ـی یارییەکەی بەشێوەی ئەزموونی لەسەر دەستی تووشبوویەکی شێرپەنجە کە لە قۆناخە تووندەکانیەتی و لە سەرەمەرگیدایە، تاقیکردەوە.
ئەو نەخۆشەی یارییەکەی تاقیکردووەتەوە هەوادارێکی سەرسەختی GTAـیە و ماڵەکەشی نزیکە لە ئۆفیسی سەرەکیی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری یارییەکە، دوای ئەوەی ناسیاوێکی پۆستێکی لەسەر دەکات و بڵاوی دەکاتەوە؛ ''ئەو کوڕە شێرپەنجەی هەیە و لە سەرەمەرگیدایە، هەوادارێکی سەرسەختی GTAـیە و رەنگە پێش دەرچوونی وەشانە نوێیەکەی کۆچی دوایی بکات''.
دواتر پۆستەکە دەنگدانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و نەخۆشەکەش پێی خۆش بووە کە بەشێک بێت لە تاقیکردنەوەی یارییەکە و پێش ئەوەی لەو کاتەی بۆی دانراوە کۆچی دوایی بکات، نوێترین وەشانی GTA تاقیبکاتەوە.
پزیشکان تەنیا 6 بۆ 12 مانگ ژیانیان پێداوە، چونکە شێرپەنجەکەی بەجۆرێک بڵاو بووەتەوە کە گەیشتووەتە قۆناخە کۆتاییەکان و چارەسەریش بۆی ئەستەمە.
تاوەکو ئێستا کۆمپانیای رۆکستار هیچ راگەیێنراوێکی فەرمی رانەگەیاندووە لەبارەی یارییەکە و ئەو رووداوە، بەڵام هەوادارانی ئەوە بە رێگەیەکی میهرەبانانە و مرۆڤایەتییانە ناودەبەن.
قۆناخی کۆتایی تووشبووی شێرپەنجە چییە؟
بەگوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی شێرپەنجە لە ئەمریکا، کاتێک شێرپەنجە دەگاتە ئاستێک کە چارەسەری ئەستەم بێت و گەیشتبێتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، ئەو قۆناخی بە مردنی کەسی تووشبوو کۆتایی دێت و ئەو دەرمانانەی بە نەخۆشەکە دەدرێن، تەنیا بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانیەتی لەو ماوە کەمەی کە بۆی دانراوە.
بەپێی جۆری شێرپەنجە، تەمەن و دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە ماوەی ژیانی دەگۆڕێت و ئیدی چارەسەر بۆ شێرپەنجەکە سوودی نابێت، بەڵکو دەرمانی باشترکردنی شێوازی ژیانی و نیشانەی شێرپەنجەکەی پێدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ