رووداو - تەندروستی
لێکۆڵینەوەیەکی شیکاریی فراوان کە ماوەی 32 ساڵ کراوە دەریدەخات، ناڕێکیی شێوازی ژیانی تەندروست وایکردووە ژمارەی تووشبوووانی شێرپەنجەی مەمک زیاد ببێت.
لێکۆڵینەوەیەکی شیکاریی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی لە ئەمریکا کە لە رۆژنامەی The Lancet Oncology بڵاو بووەتەوە، ئاشكرای دەکات؛ جگەرەکێشان و خواردنی خۆراکە خێراکان زۆرترین ئەگەرن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەنێو خانماندا.
تاوەکو ئێستا لە جیهاندا شێرپەنجەی مەمک باوترین شێرپەنجەیە و لە وڵاتێکی وەکو بەریتانیا ساڵانە 55 هەزار خانم و 400 پیاو تووشی دەبن.
پسپۆڕان لەماوەی ساڵانی نێوان 1991 تاوەکو 2023 زانیاریی هاووڵاتیی 200 وڵاتیان بەکارهێناوە و بە ئاشکرا بۆیان دەرکەوتووە کە (خواردنەوەی کحول، قەڵەوی، بۆماوەیی، خواردن خۆراکە خێراکان و زیادەڕۆیی لە خواردنی گۆشتی سوور) بە رێژەیەکی زۆر رێخۆشکەرن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.
ئامارەکانی لێکۆڵینەوەکە دەریدەخەن، ژمارەی تووشبووانی نوێی شێرپەنجەی مەمک کە ساڵانە تۆمار دەکرێن، لە نزیکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار تووشبووەوە بەرز بووەتەوە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار تووشبووی نوێی ساڵانە.
کایلی بانگدیا، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: وڵاتانی داهاتبەرز سوودمەندن لە پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی مەمک، ستراتیژییەکانی چارەسەر و پێشگیریکردن لە شێرپەنجەکە، بەڵام ئەمە لە وڵاتانی هەژار کارەساتە و زیاتر ئەوانیش رووبەڕووی دۆخی سەخت و ژمارەی زۆری تووشبووان دەبنەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ