رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوە نوێیەکانی بەلجیکا، نەوجەوانانی وڵاتەکە کێشەی خەویان هەیە و زۆرینەکان کەمتر لە 8 کاژێر خەویان هەیە، هۆکارەکەش ئاشکرا دەکرێت.
توێژینەوەیەکی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی دەریدەخات، 62٪ـی نەوجەوانانی بەلجیکا پێش ئەوەی بخەون، مۆبایل بەکاردەهێنن، دەروونناسێکیش ئەمە بە هۆکارێکی کەمخەوی و تێرنەبوون لە خەو دادەنێت.
د. کاپوسین لیلۆپ، دەروونناس لە بەلجیکا دەڵێت: هەڵەیە لە کۆتایی هەفتەدا خەو کەم ببێتەوە، بۆ ئەوەی بە کارەکانی دیکە رابگەیت، کەواتە پێویستە هەمیشە خەوتن پێشینەی هەموو شتێک بێت.
ئەوەش باس دەکات کە سکڕۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر جێگە نووستن و پێشخەوتن، دەروون تێکدەدات و ئامادەیی مێشک بۆ خەوتن کەم دەکاتەوە.
ئەلبێرت لاچما، پسپۆڕی خەو لە بەلجیکا دەڵێت: کاتێک نەوجەوانان خەویان ناڕێک دەبێت، کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستەیان لەگەڵ کاتی خۆیاندا رێک نابێتەوە، بەجۆرێک کاتێک شەوان پێیان دەڵێیت، کاتی خەوە، ئەوا کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستەیان دەڵێت، نا ئێستا پاشنیوەڕۆیە، کاتێک بەیانیان پێیان دەڵێیت، کاتی هەستانە، کاتژمێری بایۆلۆژییان پێیان دەڵێت: نا تۆ هێشتا لە نیوەی شەودایت.
بەگوێرەی مایۆکلینیک شەش رێگە دەبنەهۆی باشترکردنی خەو:
1. پێویستە نیکۆتین و کافایین، ژەمی قورس پێش خەوتن نەخورێن.
2. ژوورێکی سارد، تاریک و بەکارنەهێنانی شاشە پێش خەوتن، کوالێتیی خەو باش دەکەن.
3. خەوتن لەماوەی رۆژدا کەمتر لە یەک کاژێر بێت.
4. رۆژانە وەرزش و جووڵەی بەردەوام هەبێت.
5. گوشار و دڵەڕاوکێ کەمبکرێنەوە.
6. کاتەکانی خەوتن و لەخەوهەستان دیاربێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ