رووداو - تەندروستی
سەرۆکی لیژنەی چارەسەریی تووشبووانی تالاسیمیا بۆ دەرەوەی وڵات رایدەگەیێنێت، تووشبوویەکی زۆر چارەسەری چاندنی مۆخیان لە تورکیا بۆ کراوە و ئێستاش پڕۆسەی ناردنەدەرەوەی تووشبووان لەگەڵ هاوەڵ و بەخشەرەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-1-2026 د. هۆشیار یاسین، سەرۆکی لیژنەی ناردنەدەرەوەی تووشبووانی تالاسیمیا بۆ چاندنی مۆخ لە دەرەوەی وڵات بە رووداوی راگەیاند، لەم قۆناخانەدا تووشبووان دەنێرینە تورکیا بۆ ئەوەی مۆخیان بۆ بچێندرێت و بەپێی ئەو گرێبەستەی کراوە، تووشبووانی 3 بۆ 17 ساڵ دەگرێتەوە.
د. هۆشیار یاسین روونی دەکاتەوە، تائێستا نزیکەی 50 تووشبوو لەگەڵ بەخشەر و هاوەڵەکانیان نێردراون بۆ تورکیا و رێژەی سەرکەوتنی چارەسەرییەکانیشیان زۆر باش بووە.
د. محەممەد دەروێش، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و ئەندامی لیژنەی زانستی و بەدواداچوونی تووشبووانی تالاسیمیا بە رووداوی گوتووە، هەر نەخۆشێک چاندنی مۆخی بۆ دەکرێت، پێویستە چەند جارێک پشکنینی هاوتابوونی لەگەڵ مۆخی بەخشەرەکە بۆ بکرێت، تاوەکو دڵنیایی لەوە هەبێت کە مۆخی بەخشەر لەنێو جەستەی کەسی وەرگر کار دەکات.
ئەو گوتوویەتی، ئەوانەی چاندنی مۆخیان بۆ دەکرێت، لەژێر چاودێریدا دەبن و لانیکەم سێ ساڵ هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، تاوەکو دڵنیایی هەبێت لە کارکردنی دروستی مۆخی چێندراو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ