رووداو - تەندروستی
پۆدکاستی ئەم هەفتەیەی کلینیکاست لەبارەی کێشەکانی ئێسک و شکان بوو و میوانەکە رایگەیاند، بەداخەوە زۆرجار نەخۆش لەبەر ئەوەی هۆشیاری لەبارەی نەخۆشییەکەیەوە نییە، بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و وادەزانێت بە خۆراک چارەسەر دەبێت.
باسی سەروپێ و بامیە دەکرێت کە گوایە ''کاریگەرییان هەیە لەسەر چاککردنەوەی هەوکردن و داخورانی ئەژنۆ یان لینجیی ئەژنۆکان باشترە دەکات''، بەڵام د. ئامانج گەردی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان دەڵێت: ئەوانە هەڵەن و خۆراک هەرگیز جێگرەوەی چارەسەر نییە، بەڵام دەکرێت وەکو خۆپارێزی بەکاربێن.
ئەو روونی دەکاتەوە، ئەگەر کەسێک پێویستیی بە نەشتەرگەری بوو، ئەو جۆرە خۆراکانە چارەسەری ناکات و نابێت پشتیان پێ ببەستێت.
د. هونەر رێبوار، پێشکێشكاری پۆدکاستی کلینیکاست دووپاتی کردەوە، هەرگیز خۆراک جێگرەوەی نەشتەرگەری و چارەسەر نییە. میوانەکەشی گوتی، ''نەخۆش پێویستە لە نەخۆشییەکەی تێبگات، بۆ ئەوەی چارەسەرەکەشی ئاسان بێت و هاوکار بێت لەگەڵ پزیشکەکەی''.
لەبارەی ماوەی دیاریکراو بۆ دانانی گەچ بۆ شکاوی، د. ئامانج گەردی گوتی ''دیار نییە بەڵام بە گشتی بۆ دەست و قۆڵ 6 بۆ 8 هەفتە و بۆ پەلەکانی خوارەوە 2 بۆ 3 مانگ لە گەچ دەگیرێن، بەڵام بەپێی تەمەن، مێژووی نەخۆشەکە و جۆری شکانەکە جیاوازە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ