رووداو - تەندروستی
لە دامەزراوەی کوینسلاند لە ئوسترالیا بەساڵاچووانی تووشبوو بە لەبیرچوونەوە فێری وێنەکێشان و سەماکردن دەکرێن، پسپۆڕێکیش دەڵێت: ''سەماکردن دەروونی تووشبووانی لەبیرچوونەوە باشتردەکات''.
دامەزراوەی کوینسلاندی تایبەت بە خزمەتگوزاریی بەساڵاچووان، چالاکییەک بۆ ئەوانە رێکدەخات کە تووشی لەبیرچوونەوە بوون.
چالاکییەکان بریتین لە نیگارکێشان و سەماکردن، ئامانجی پسپۆڕانیش ئەوەیە کە کوالێتیی ژیانی تووشبووانی ئەو نەخۆشانە باشتربکەن.
شامنێل رۆبنسن، بەڕێوەبەری دامەزراوەکە دەڵێت: زۆرینەی بەشداربووان ئاستی نەخۆشییەکەیان سەروو 70٪ـە و وێنەکێشان یارمەتییان دەدات باشتر بژین و هەست بە تەنیایی نەکەن.
جولی مایەر، بەڕێوەبەری خانەیەکی بەساڵاچووانە و دەڵێت: تێکەڵاوبوون و چالاکییە هزرییەکان، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی تووشبووانی لەبیرچوونەوە باشتردەکات و بەمەش لایەنی دەروونییان زیاتر ئاسوودەدەکات.
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، پێنج ملیۆن و 800 هەزار کەس لە ئەمریکا تووشبووی ئەلزەهایمەرن کەباوترین جۆری لەبیرچوونەوەیە.
بە گوێرەی CDC، هەریەک لە هۆکارەکانی 'خواردنەوەی کحول، کێشانی جگەرە و نێرگەلە، کەمیی ڤیتامین D، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، خەمۆکی، قەڵەوی و تەمەن' دەکرێت رۆڵیان هەبێت لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی لەبیرچوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ