پزیشکێکی ڤێتێرنەری: خاوەن ئاژەڵەکان بایەخ بە کوتانی ئاژەڵەکانیان بدەن

28-04-2024
شکار رێبوار
دکتۆر سانا تاهیر، پزیشکی ڤێتێرنەری لەکاتی پانێڵەکەی. وێنە: رووداو
دکتۆر سانا تاهیر، پزیشکی ڤێتێرنەری لەکاتی پانێڵەکەی. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پزیشکێکی ڤێتێرنەری رایدەگەیێنێت، پێویستە خاوەن ئاژەڵەکان بایەخ بە کوتانی ئاژەڵەکانیان بدەن و هەمیشە چاودێریی ئاژەڵەکانیان بکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئایاری 2024 لە سلێمانی پانێڵێک بە ناونیشانی ''مرۆڤ لەنێوان خۆشەویستی و مەترسییەکانی ئاژەڵی ماڵیدا'' بەڕێوەچوو، دکتۆر سانا تاهیر، پزیشکی ڤێتێرنەری و پانێڵست رایگەیاند، هەر ئاژەڵێکی ماڵی پێویستە لەژێر رێنوێنیی پزیشکی ڤێتێرنەریدا بێت.
 
دکتۆر سانا تاهیر، پزیشکی ڤێتێرنەری دەڵێت: ''بۆ پێشگیری لە نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئاژەڵەوە، راوێژ بە پزیشکی ڤێتێرنەری بکرێت''، هەروەها ئەوەش باسدەکات کە پێویستە خاوەن ئاژەڵەکان بایەخ بە کوتانی ئاژەڵەکانیان بدەن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو تەندروستیی ئاژەڵ پارێزراو نەبێت، تەندروستیی مرۆڤ پارێزراو نییە، چونکە بەروبوومەکانی ئاژەڵان و بەرکەوتن لەگەڵی هۆکارن بۆ ئەوەی کە ئەگەر ئاژەڵ ناتەندروست بێت، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە نەخۆشییەکەی بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.
 
دکتۆر پاڤێڵ عومەر، پزیشکی ڤێتێرنەری و پانێڵست گوتی، ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی لە ئاژەڵ و باڵندە ماڵییەکان زۆرە و پێویستە رێگە و رێوشوێنی تایبەت بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی بەخێوکەرەکان وەکو 'بەکارهێنانی دەنکۆڵە، ڤاکسین و مادەی تایبەت بە پاکژکردنەوەیان'.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە