رووداو دیجیتاڵ
بەهائەدین شەرم، وەزیری گواستنەوەی سووریا لە حکومەتی راگوزەر، دەڵێت رژێمی ئەسەد هەندێک گرێبەستی لەگەڵ هەندێک وڵات کردووە لە بواری گواستنەوەدا کە لەبەرژەوەندیی سووریا نین "وەکو رووسیا یان ئێران."
بەهائەدین شەرم، وەزیری گواستنەوەی سووریا لەم هەڤپەیڤینەدا رۆژی 28-1-2025 لە دیمەشقەوە وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و رایگەیاند ئێستا تەنیا هەردوو فڕۆکەخانەی دیمەشق و حەلەب کار دەکەن، هەروەها لە هەوڵدان بۆ بەکارهێنانەوەی فڕۆکەخانەی حمێمیم کە ئێستا هێزەکانی رووسیای تێدایە.
لە هەڤپەیڤینەکەدا کە شەوی (شەممە، 1-2-2025) لە رووداو بڵاوکرایەوە، بەهائەدین شەرم رەخنە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەگرێت کە دوای سێ رۆژ لە رووخانی رژێمی ئەسەد، دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی قامشلۆدا گرتووە و دەڵێ، "لە رۆژانی داهاتوودا دوای رزگارکردنی ناوچەکە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، پشت بە خودا (فڕۆکەخانەکە) چالاک دەکرێتەوە."
وەزیری گواستنەوەی سووریا هەروەها دەڵێ، بڕیاردراوە بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی بوکەمال لەگەڵ عێراق، گوتیشی "لە قۆناخەکانی داهاتوودا دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکانی حەسەکە، بە پشتیوانیی خوا دەروازەکانی دیکە لەگەڵ عێراق دەکرێنەوە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، بەهائەدین شەرم رەخنە لە هەسەدە دەگرێت "خاوەخاو لەگەڵ دیمەشق دەکەن" و دەڵێ "هیواخوازین کەسە ژیرەکانی نێو هێزەکانی سووریای دیموکرات، رێگەی راست بگرنەبەر کە یەکێتیی سووریایە."
بەهائەدین شەرم، وەزیری گواستنەوەی سووریا باسی کێشەیەکی دیکەی سووریا دەکات لە بواری گواستنەوەدا، ئەویش کێشەی کۆنیی ئۆتۆمبێلەکانە لە سووریا سەرەڕای گرانیی نرخیان، چونکە لەساڵی 2010ـەوە هاوردەکردنی لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە وەستێندرابوو و پێشتریش، بڕی گومرگی سەر ئۆتۆمبێل 300٪ـی نرخی ئۆتۆمبێلەکە بوو.
بەهائەدین شەرم بە رووداوی راگەیاند "رێگەمان داوە بە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاتر نییە"، هەروەها دەڵێ " دەستمان کردووە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و باجی کەممان داناوە، کە لەنێوان لەسەتا 10٪ بۆ 15٪ـی نرخی ئۆتۆمبێلەکەیە."
دەقی هەڤەیڤینی دلبخوین دارا لەگەڵ بەهائەدین شەرم، وەزیری گواستنەوەی سووریا:
رووداو: چەند گرێبەست کە گەندەڵییان تێدا کراوە، هەڵوەشێندراوەتەوە؟
بەهادین شەرم: سڵاوت لێبێت. لە بنەڕەتدا کەرتی گواستنەوە کەرتێکی خزمەتگوزارییە. ئەم کەرتە لەلایەن رژێمی پێشووەوە پشتگوێخرابوو. لەوانەیە پشتگوێخستنەکە چەند هۆکارێکی هەبێت، یەکێک لەو هۆکارانە گرنگیدان بە رێککەوتنە تایبەتەکان بوو. هۆکارێکی دیکەش بێباکی رژێم بوو لە دابینکردنی پێداویستییەکانی گەلی سووریا. سەبارەت بە گرێبەستەکان، گرێبەستی بچووک بن یان گەورە، جۆرێک لە خزمخزمێنەی تێدابووە. گرێبەستەکان بۆ لایەنێکی دیاریکراو یان کۆشکی کۆماری کراون. گرێبەستەکان بەجۆرێک کراون کە بەرژەوەندیی دەوڵەت و گەلیان تێدا نییە. یان نرخی کەلوپەلەکان بەرزکراونەتەوە بۆ بەرژەوەندیی کەسانێک، یان خزمەتگوزارییە گرنگەکان کەمکراونەتەوە بەرامبەر نرخی زۆر کەم.
رووداو: باشە، ئەو گرێبەستانەی گومانی گەندەڵیتان لێیان هەیە، لەگەڵ کام کۆمپانیای بیانی بوون؟
بەهادین شەرم: نا، مەرج نییە گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بووبن. لەوانەیە گرێبەستەکان بەناوی کەسانی نێوخۆوە بووبن وەکو ناونیشان، بەڵام لە راستی دا بۆ بەرژەوەندیی بەشار ئەسەد و دەستوپێوەندەکانی یان دەزگا هەواڵگرییەکان کراون. لەوانەیە گرێبەست لەگەڵ وڵاتانیش هەبووبێت، بەڵام ئەم گرێبەستانە جۆرێک لە نادادپەروەرییان تێدایە. من وەکو دەوڵەت دەبێت گرێبەست بۆ بەرژەوەندیی گشتی دەوڵەت و گەل بکەم. گرێبەست لەگەڵ هەندێک وڵات هەیە وەکو رووسیا یان ئێران، بەرژەوەندییە گشتییەکەی بۆ سووریا نییە، بەڵکو بۆ ئەو وڵاتانەیە کە گرێبەستەکەیان لەگەڵ کراوە.
رووداو: گرێبەستێک هەبوو لەنێوان کۆمپانیا سووری و عێراقییەکان بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار، ئایا ئەم گرێبەستەش هەڵدەوەشێننەوە؟
بەهادین شەرم: لەوانەیە ئەم گرێبەستە تاوەکو رادەیەک جیاوازبێت. ئەمە گرێبەستێکی وەبەرهێنانە، واتە دەوڵەتی عێراق بڕی 10 ملیۆن یۆرۆی بۆ کڕینی هەندێک ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ کارکردن لەنێوان سووریا و عێراق داوە. دەوڵەتی سووریا دۆلارێکی نەداوە، بەڵام لە رێگەی قازانجەوە بڕە پارەی دیاریکراو دەدرێتەوە کە 5 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەوڵەتی سووریا ئەم بڕە پارەیەی نەداوە. بەراورد لەگەڵ گرێبەستەکانی دیکەی وەزارەتی گواستنەوە، ئەمە گرێبەستێکی بچووکە. سەبارەت بەم گرێبەستە، پەیوەندی لەگەڵ لایەنی عێراقییەوە دەکەین بۆ گەیشتنە چارەسەرێک، هەڵوەشاندنەوەی یان بەردەوامبوونی، بەڵام بەشێوەیەکی دروست. پشتیوان بە خوا.
رووداو: ئایا هاتووچۆ لەنێوان شام و شارەکانی دیکە دا ئاساییە، خەڵک دەتوانن بەبێ کێشە گەشت بکەن؟
بەهادین شەرم: بێگومان لە یەکەم رۆژی رزگارکردنەوە دەستمان بە دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک کرد، بەتایبەتی پێداویستییە سەرەکییەکان وەکو نان و سووتەمەنی، لەگەڵ دابینکردنی کەرتی گواستنەوە تاوەکو خەڵک بتوانن لەنێوان پارێزگەکان دا هاتووچۆ بکەن. دەستمانکرد بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ئامێرەکان تاوەکو بتوانن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کاربکەن. دەستمان کرد بە رێکخستنی گەشتەکان لەنێوان دیمەشق و هەموو پارێزگەکان، لەنێوان ئیدلیب و هەموو پارێزگاکان، لەنێوان حەلەب و هەموو پارێزگاکان. هەروەها گواستنەوەی نێوخۆ لەنێو هەر پارێزگایەک. دەستمانکرد بە دانانی پلانێک بۆ دیاریکردنی نرخێکی گونجاو بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلەکان و، لە هەمان کاتدا گونجاو بێت بۆ خەڵکی خاوەن داهاتی زۆر کەم. ئێستا دەتوانین بڵێین 70٪ تاوەکو 80٪ـی نرخەکانی کرێی گواستنەوە چەسپاون و جێبەجێدەکرێن. سەبارەت بە خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان، دەکرێ بڵێین 50٪ بۆ 60٪ـی هێڵەکان، نێوخۆیی یان دەرەکی دابینکراون بە یارمەتی خوا.
رووداو: بەڕێز وەزیر، شتێکی زۆر گرنگی دیکە هەیە بۆ خەڵک، بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە، نرخی ئۆتۆمبێل لە سووریا زۆر بەرز بوو، ئایا پلانێک هەیە بۆ دانانی نرخێکی ستاندارد بۆ جۆرەکانی ئۆتۆمبێل؟
بەهادین شەرم: بێگومان ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە سووریا هەن هەمووی مۆدێلی ساڵانی 80 بۆ 90 بۆ 2000ـن، زۆرترینیان 2010ـن. دوای 2010 رژێم هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی راگرت. پلانێک هەیە بۆ گۆڕینی ئۆتۆمبێلەکان. رێگەمان داوە بە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاتر نییە، واتە ئۆتۆمبێلەکە تایبەتمەندیی تەکنیکیی باش و تەکنەلۆژیای نوێی هەبێت، هەروەها ئۆتۆمبێلی نوێ و بەکارنەهێنراو. دەستمان کردووە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و باجی کەممان داناوە کە لەنێوان لەسەتا 10٪ بۆ 15٪ـی نرخی ئۆتۆمبێلەکەیە. لەکاتێکدا پێشتر باجەکە لە 300٪ـی نرخی ئۆتۆمبێلەکە زیاتر بوو. خەڵک بە دڵخۆشییەوە پێشوازییان لەم هەنگاوە کرد. خەڵک دەستیان بە کڕینی ئۆتۆمبێل کردووە، ئەو هاووڵاتییانەی لە وڵاتانی کەنداو یان عێراق یان تورکیان دەستیانکردووە بە هێنانی ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ نێو سووریا، گومرگ دەدەن و راستەوخۆ دێنە ناوەوە. خەڵک پێشوازیی لێکردووە. دەبێت هەموو ئۆتۆمبێلەکانی سووریا نوێبکرێنەوە، چونکە ئۆتۆمبێلی کۆن هەن کە تەمەنیان 30 یان 40 ساڵە، کەمترین تەمەنی ئۆتۆمبێل لە سووریا 15 ساڵە. لە قۆناخەکانی داهاتوودا پلانێک دادەنێین بۆ گۆڕینەوە، ئەگەر کەسێک ئۆتۆمبێلە کۆنەکەی رادەست بکات و لەنێویببات، رێگەی پێدەدەین ئۆتۆمبێل هاوردە بکات، لەوانەیە لە گومرگ ببەخشرێت تاوەکو یارمەتیی خەڵک بدەین لە گۆڕینی ئۆتۆمبێلە کۆنەکانیان بۆ نوێتر.
رووداو: دەمەوێت، بزانم چەند دەروازەی سنووریتان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دا هەیە؟
بەهادین شەرم: تاوەکو ئێستا 11 دەروازەی چالاکمان هەن، کە سەر بە دەستەی گشتیی دەروازە وشکانی و دەریاییەکانن.
رووداو: کەی دەروازەی سنووری لەگەڵ عێراق دەکەنەوە؟
بەهادین شەرم: بێگومان دەروازەی بوکەمال. سەبارەت بە بوکەمال دەکرێت، بڵێین دەستمان بە چالاککردنەوەی دەروازەکە کردووە، هەنگاوەکانی چالاککردنەوە بەردەوامن و بڕیارەکە هەیە. لە قۆناخەکانی داهاتوودا دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکانی حەسەکە، بە پشتیوانیی خوا، دەروازەکانی دیکە لەگەڵ عێراق دەکرێنەوە.
رووداو: بەڕێز وەزیر، ئایا گواستنەوە و بازرگانی لەگەڵ ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ئێوەدا نین و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان ئاساییە؟ ئایا هیچ کێشەیەک هەیە؟
بەهادین شەرم: بێگومان کێشەی ئەمنی لە هاتووچۆی هاووڵاتیان دا هەیە و مەترسی هەیە. هیوادارین بەزووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، تاوەکو هاووڵاتیانی حەسەکە و دێرەزوور بتوانن سەردانی دیمەشق و خزمەکانیان لە پارێزگاکانی دیکە بکەن.
رووداو: رۆژانە چەند ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری بازرگانی لە نێوان سووریا و تورکیادا هاتووچۆ دەکەن؟
بەهادین شەرم: بێگومان تاوەکو ئێستا هیچ ئۆتۆمبێلێکی تورکی نایێتە نیو خاکی سووریا و بەپێچەوانەشەوە. لەوانەیە بەهۆی سزاکانەوە بێت، ئێستا یەکێتی ئەورووپا و چەندین وڵات دەستیانکردووە بە هەڵپەساردنی سزاکان. لەوانەیە لە قۆناخی داهاتوودا رێککەوتن لەگەڵ وڵاتان بکەین بۆ رێگەدان بە چوونە ناوەوەی ئۆتۆمبێلی سووری بۆ وڵاتانی دراوسێ و پێچەوانەکەشی. لەنێوان تورکیا و سووریا، بارهەڵگر هەیە، بەڵام دەگاتە سنوور و بارەکەی دادەگیرێت و دەگوازرێتەوە بۆ ئۆتۆمبێلی سووری، بەڵام ئۆتۆمبێلی تورکی نایێتە نێو سووریا.
رووداو: پڕۆژەیەکی گەورە هەیە بەناوی رێگەی گەشەپێدان لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات. ئایا سووریا داوای کردووە ببێتە بەشێک لەم پڕۆژە گەورەیە؟
بەهادین شەرم: بێگومان ئێمە لێکۆڵینەوە لە هەموو رێگە بەردەستەکان دەکەین کە بە سووریا دا تێدەپەڕن. دەتوانین لێکۆڵینەوە لە بابەتی رێگەی دەریای نێوەڕاست بۆ عێراق بکەین. دەکرێت سووریا لەگەڵ عێراق بە چەند رێگەیەک ببەسترێتەوە، چ لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەر یان رێگەی خێرا. لەگەڵ بەستنەوەی ئەورووپا و ئاسیا لە رێگەی تورکیا، ئوردن و سووریا. بابەتی عێراق لەگەڵ تورکیا بە تەواوی نەخراوەتەڕوو. لەوانەیە لەبەر چەند هۆکارێک بێت، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە. ئەگەر رێگەیەک دروستبکرێت بۆ پەیوەندیی عێراق لەگەڵ تورکیا لە رێگەی سووریاوە، دەبێت بە حەسەکەدا تێپەڕێت، ناوچەی حەسەکەش لەڕووی ئەمنییەوە لەبار نییە.
رووداو: ئایا دانوستاندن لەنێوان ئێوە و هێزەکانی سووریای دیموکرات دا هەیە؟
بەهادین شەرم: بێگومان گفتوگۆ لە نێوان سەرکردایەتیدا هەیە، تەنانەت کۆبوونەوە لە نێوان ئەحمەد شەرع و نوێنەری هێزەکانی سووریای دیموکرات مەزڵووم عەبدی کرا. بێگومان هەندێک خاوەخاوی هەیە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە، چاوەڕێی شتێک دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا سووریا دابەش نابێت و لەژێر یەک بەڕێوەبردندا دەبێت. هیواخوازین کەسە ژیرەکانی نێو هێزەکانی سووریای دیموکرات رێگەی راست بگرنەبەر کە یەکێتی سووریایە و، ناوچەکە نەکێشنە نێو خوێنڕشتنی زیاترەوە. 14 ساڵی شەڕ و وێرانکاری بۆ گەلی سووریا بەسە. بێگومان گەلی کورد پێکهاتەیەکی گەلی سووریان، برا و خوشکمانن. هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئێمە و ئەواندا نییە، مافەکانیان وەکو مافەکانی ئێمەیە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەوانەی دەسەڵاتیان بەسەر ئەم ناوچەیەدا هەیە، لەوانەیە پارتی کرێکارانی کوردستان بن کە بە ئەقڵی دەوڵەتی سووریا بیرناکەنەوە، بەڵکو بیرکردنەوەیان شتێکی تایبەتە بە خۆیان. لەوانەیە خەڵکی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە، کە کاریگەریی سیاسییان هەیە یان سەربازی، بتوانن چارەسەرێک دابنێن تاوەکو ناوچەکە نەکەوێتە نێو شەڕ، خوێنڕشتن، کوشتن، تۆپباران و شتی دیکە.
رووداو: بەڕێز وەزیر، ئایا وەزارەتەکەتان دەتوانێت لە پارێزگای حەسەکە کار بکات؟
بەهادین شەرم: بەداخەوە هەندێک لە پێکهاتەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، دوای رزگارکردنی سووریا، لەجیاتی پەیوەندیکردن لەگەڵ حکومەت لە دیمەشق بۆ دووبارە چالاککردنەوەی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان، هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکان و سووتاندنیان و ناوەوەیان دزی، چ لە دێرەزوور یان لە منبج یان ناوچەکانی رەققە یان تەبقە، ئەو ناوچانەی چوونە ناوی دوای کشانەوەی رژێم لێی، ناوەوەیان دزین و ئەرشیف و کاخەزەکانیان سووتاندن. هەروەها ئەو شوێنانەی دیکە لە حەسەکە. پێشتر رێگەیان بە رژێم یان فەرمانبەرانی رژێمی پێشوو دەدا بچنە ناوی. دوای رزگارکردنی سووریا، ئەم فەرمانبەرانەیان دەرکرد و چوونە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق پچڕا.
رووداو: بابەتی فڕۆکەخانەکان، ئایا فڕۆکەخانەی قامشلۆ لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتەکەتاندایە؟
بەهادین شەرم: نەخێر نەخێر، دوای سێ رۆژ لە رزگارکردن، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە تەواوی دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەکەدا گرت و پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق پچڕا.
رووداو: بەڕێز وەزیر چەند فڕۆکەخانە لە سووریا هەن؟
بەهادین شەرم: ژمارەی فڕۆکەخانە مەدەنییەکان لە سووریا پێنجن، تەنیا دیمەشق و حەلەب چالاکن. فڕۆکەخانەی حمێمیم لە لازقیە هەیە، ئەم فڕۆکەخانەیە لەوانەیە لە رۆژانی داهاتوودا چالاکبکرێتەوە، فڕۆکەخانەکە کار دەکات، بەڵام ئێستا بنکەی رووسی لەوێ هەیە، پلانێک دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. لەگەڵ فڕۆکەخانەی قامشلۆ کە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەسەڵاتیان بەسەریدا هەیە، لە رۆژانی داهاتوودا دوای رزگارکردنی ناوچەکە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، پشت بە خودا چالاک دەکرێتەوە. فڕۆکەخانەی دێرەزوور هەیە کە مەدەنییە، بەڵام بە تەواوی وێران کراوە و پێویستی بە چاککردنەوەیە، بەڵام فڕۆکەخانەی دیمەشق و حەلەب تەواو لەکاردان.
رووداو: چەند فڕۆکە لە سووریا هەن؟
بەهادین شەرم: ژمارەی فڕۆکەکانی سووریا زۆر کەمە. دەوڵەت تەنیا خاوەنی دوو فڕۆکەی چالاکە. هەندێک فڕۆکە لەنێوچوون، هەندێک فڕۆکە پێویستییان بە چاککردنەوەیە کە لەوانەیە تێچووەکەیان هێندەی نرخی فڕۆکەکە بێت. کۆمپانیایەکی سووری سەربەخۆ هەیە، لەوانەیە پێنج یان شەش فڕۆکەی لە کاردا هەبێت. گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای زۆر هەن، کێشەکە لە هەبوونی فڕۆکەی سووری نییە، کێشەکە ئەوەبوو رژێم هەر گرێبەستێک کە دەکرا وەبەرهێنانی فڕۆکەوانی تێدابکرێت، سنوورداری کردبوو. لە قۆناخی داهاتوودا هاتنی فڕۆکە بە ژمارەیەکی بەرچاو بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق و فڕۆکەخانەی حەلەب دەبینین.
رووداو: زۆر لە سووریاییەکانی دانیشتووی ئەورووپا دەپرسن؛ کەی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان دیمەشق یان حەلەب لەگەڵ ئەورووپا یان ئەڵمانیا بۆ نموونە دەستپێدەکەنەوە. گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لەنێوان ئەڵمانیا و سووریا کەی دەستپێدەکەنەوە؟
بەهادین شەرم: دەتوانین بڵێین گەشتی فڕۆکە لە چەندین وڵاتەوە دەستیپێکردووە، لەوانە هەولێر، ماوەیەکە گەشتی فڕۆکە لە هەولێرەوە دەستیپێکردووە. هەندێک بابەت هەیە پەیوەندی بە سزاکانەوە هەیە و هەندێک بابەت پەیوەندی بە خودی وڵاتەکەوە هەیە کە ئایا دەیەوێت فڕۆکە بنێرێت یان نایەوێت، بەڵام دەتوانین، بڵێین رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان کە دێنە دیمەشق زیاد دەکەن بە یارمەتی خودا.
رووداو: ئایا بەم زووانە گەشتی ئاسمانی لە نێوان دیمەشق و ئەڵمانیا دەبێت؟
بەهادین شەرم: سەبارەت بە ئەڵمانیا بابەتەکە پەیوەندی بە ئەڵمانیاوە هەیە، بەڵام فڕۆکەخانەی دیمەشق ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە فڕۆکەکانی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە.
رووداو: بەڕێز وەزیر هێڵی شەمەندەفەر هەیە کە زیانی پێگەیشتووە و کار ناکات، ئایا پلانتان هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتەش؟
بەهادین شەرم: بێگومان دەکرێت بڵێین 60٪ تاوەکو 70ی٪ـی هێڵی شەمەندەفەر لە کارکردن وەستاون. 30٪ـی بۆ 40٪ـی ئەوەی هەیە پێویستی بە چاککردنەوەی خێرایە. شەمەندەفەڕەکان پێویستییان بە چاککردنەوەیە، هێڵەکان پێویستییان بە چاککردنەوەیە، هەموو وێستگەکان پێویستییان بە چاککردنەوەیە. پێویستیمان بە پارچەی یەدەگە. ئێستا کاردەکەین، شەمەندەفەر چالاککراوەتەوە بۆ گواستنەوەی کەرەستە سەرەکییەکان لە سووتەمەنی و شتی دیکە لە کەنارەوە بۆ حەلەب و دیمەشق. هێڵەکە کار دەکات، بەڵام هەمووی لە بنەڕەتدا کۆنە. ئەم هێڵانە ئەگەر گواستنەوە زیاتر گەشە بکات پێویستییان بە چاککردنەوەی زۆرە بە تێچوویەکی زۆر. هەندێک هێڵ هەیە لە بنەڕەتدا ناکرێت چاکبکرێنەوە و پێویستییان بە گۆڕینی تەواوە لە خاڵی سفرەوە. هەندێک هێڵ هەیە کە عێراق و سووریا پێکەوە دەبەستێتەوە و بە حەسەکەدا تێدەپەڕێت ئەویش پەکیکەوتووە. بەشێکیان ژێرخانی هێڵەکەیشی نەماوە، بەشێکیان کار دەکەن، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە رێگەکان پچڕاون.
رووداو: دوا پرسیارم پەیوەندی بە سیستەمی میترۆوە هەیە، ئایا پلانتان هەیە بۆ گەشەپێدانی سیستەمی میترۆ لە حەلەب یان لە دیمەشق؟
بەهادین شەرم: بێگومان لێکۆڵینەوە لە میترۆی هەڵواسراو دەکەین، واتە شەمەندەفەری هەڵواسراو یان میترۆی ژێرزەوینی لەژێر دیمەشق. ئێستا پلانەکە تەنیا بۆ دیمەشقە بەهۆی جەنجاڵیی زۆر لە دیمەشق. ئەگەر پلانەکە سەرکەوتوو بوو پشتیوان بە خودا لە رێگەی کۆمپانیا جیهانییەکانەوە دەست بە جێبەجێکردن دەکەین.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ کام کۆمپانیا لە کام وڵات هەیە بۆ کارکردن؟
بەهادین شەرم: بەرژەوەندیی یەکەم بریتییە لە بەرژەوەندی گشتی کە بۆ گەلی سووریا و دەوڵەتی سووریا دابین دەکرێت. دەرگاکانمان کراوەن بۆ هەموو کۆمپانیا جیهانییەکانی خاوەن شارەزایی باش. هەندێک وڵات هەن لە یەکەم رۆژەوە هاتنە دیمەشق، لە بنەڕەتدا پشتیوانی شۆڕشی سووریا بوون دژی رژێمی پێشوو، پێشەنگ بوون لە پێشکێشکردنی پێشنیازەکان بۆ کارکردن لەسەر یارمەتیدانی حکومەت بەتەواوی بۆ بنیاتنانی دامەزراوەکانی. ئێستا هەر وەزارەتێک نووسینگەی لێکۆڵینەوەی هەیە کە لێکۆڵینەوە لە پڕۆژە و پێشنیازە پێشکێشکراوەکان دەکەن کە سوودی زیاتریان بۆ دەوڵەت تێدایە، لەسەر ئەو بنەمایە هەر گرێبەستێک ئامادە دەکرێت.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ وەزیری گواستنەوەی سووریا کە لەگەڵمان بوو لە دیمەشقەوە، هیواخوازین لە دیمەشق چاومان پێتبکەوێت.
بەهادین شەرم: سوپاس بۆ ئێوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ