سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: نابێ تەنیا لە گۆشەی پەکەکەوە سەیری پرۆسەی چارەسەری بکەین

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هەڤپەیڤینیکیدا بۆ میدیای ئەورووپا نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و قۆناخی دوای ئامادەکردنی راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دایەوە. 
 
کورتوڵموش رایگەیاند، نابێ تەنیا لە گۆشەی پەکەکەوە سەیری پرۆسەی چارەسەری بکەن و دەتوانن وەک گۆڕانکارییەک سەیری ئەم قۆناخە بکەن؛ بەجۆرێک وابکەن کورد رووی لە تورکیا، ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ بێت.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی هەڵوێست و پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند: "ئێستا خەباتی چەکداری بێمانا و ناپێویستە، ئەمە بۆچوونی خودی ئەوە. هەروەها ئەو بە روونی دەڵێت سیناریۆکانی دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکەدا نین".
 
یەکیک لەو بابەتانەی ناوبەناو هەڵوەستەی لەسەر دەکرێ، ئەگەری هەرەسهێنانی پرۆسەی چارەسەرییە و کورتوڵموش لەمبارەیەوە دەڵێ: "ئەم پرۆسەیە لە پرۆسەکانی ساڵانی 2009 و 2013 یان هەوڵەکانی پێشوو ناچێت. ئەگەر ئەمجارە شکستی هێنا و دیوارەکە رووخا، سیاسەتی مەدەنی لە ژێر ئەو دیوارەدا دەمێنێتەوە".
 
سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ ئەرێنییانە لە پرۆسەکە دەڕوانێت و گوتی، ئەگەر شکست بهێنن، دەگەڕێنەوە بۆ رۆژانی شەڕی سوپا و پەکەکە.
 
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی باسی کردن، دانانی قەییوم بوو لەسەر شارەوانییەکان. سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ئەو بابەتە لە راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنەکەدا هەیە و ئەگەر پارتەکان لەسەری سازان بکەن، ئەوەی پێویستە جێبەجی دەکرێت.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان 
 
پرسیار: لە چوارچێوەی ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆردا راپۆرتی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی تەواو بوو. ئێوە گوتتان بۆ رێکخستنی یاسایی، دوای جەژن لەسەر خێر لە پەرلەمان دەست بە گفتوگۆ دەکەن. ئەمە کەی دەستپێدەکات و چی دەبێت؟
 
نوعمان کورتوڵموش: گرنگترین لایەنی راپۆرتی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی ئەوە بوو کە هەموو پارتەکان بە سازان لەسەر دەقێکی هاوبەش کۆک بوون. ئەم راپۆرتە بێگومان هەموو شتێک نییە، وەک نەخشەڕێگەیەکە، بەتایبەتی لە بەشەکانی 6 و 7ی راپۆرتەکەدا پێشنیازی کۆنکرێتی لەبارەی ئەوەی چی دەکرێت، خراوەتەڕوو. لەمەودوا قۆناخی خێرای یاسادانان پێویستە. بڕوای من وایە جارێکی دیکە بە سازانی هەموو پارتەکان، لەسەر دەقێکی هاوبەش رێککەوتن دەکرێ. بۆ ئەمەش پێویستە بێ ئەوەی کات بەفیڕۆبدەین، بابەتەکە دەستپێبکرێت. پێموایە دوای جەژن دێتە بەر باس.
 
لە بەشی شەشەمدا کە سازانی لەسەر کراوە، بابەتی "قۆناخی هەستیار"  هەیە. بۆ ئەوەی رێکخستنی یاسایی لەم بارەیەوە بکرێت، مەرجی پێشوەختە ئەوەیە کە دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت پشتڕاستی بکەنەوە کە رێکخراوەکە چەکی داناوە و خۆی هەڵوەشاندووەتەوە. ئەم کارانە دەکرێ هاوتەریب ئەنجام بدرێن، بەڵام دواجار دیاریکردنی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و چەکدانانی، ئەرکی پەرلەمان نییە؛ بێگومان دەزگا ئەمنییەکان کارەکانی خۆیان دەکەن. ئەگەر بڕیارێک دەرچوو کە تا ئاستێکی زۆر پێشکەوتن لەم ئاراستەیەدا هەیە، ئەوکات هەمواری پێویستی یاسایی دەکرێت.
 
پرسیار: ئەو مادانەی دوای جەژن لە پەرلەمان دەبنە رۆژەڤ، وەک کەمکردنەوەی ماوەی سزادان بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە دەستیان لە تاواندا نەبووە، مافی هیوا بۆ ئۆجەلان، رەخساندنی دەرفەتی پێداچوونەوە بە دۆخی ئەوانەی سزای زیندانیی تاهەتاییان هەیە، ئایا دوای جەژن ئەمانە لە کارنامەی پەرلەماندا دەبن؟
 
نوعمان کورتوڵموش: سەرەتا دەبێت پارتەکان ئامادەکاریی خۆیان بکەن. سازانێک لەنێوان پارتەکاندا هەیە کە ئەم ئامادەکارییانە بکرێن. هەندێک لە پارتەکان ئامادەکارییان هەیە، هەندێکی دیکەیان دەبێت تەواوی بکەن. لە کاتی ئامادەکردنی راپۆرتەکەشدا بەم شێوەیە بوو. سەرەتا راپۆرتی پارتەکان بۆ رای گشتی بڵاوکرایەوە، کە روون بوو هیچ دوو پارتێک تەنانەت دوو رستەی هاوبەشیان نەبوو، بەڵام دواجار بە گفتوگۆ و راوێژ، هەمووان گەیشتنە خاڵێکی هاوبەش. خاڵە گرنگەکە ئەوەیە، هەر پارتێک بەگوێرەی دیدگەی سیاسیی خۆی، چ جۆرە رێکخستنێکی یاسایی بۆ ئەم قۆناخە بە گونجاو دەبینێت، دەبێت کارەکانی ئامادەبکات و پاشان گفتوگۆی لەسەر بکەن.
 
پرسیار: ئێستا هیچ کارێک هەیە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: پارتەکان ئەم کارە دەکەن.
 
پرسیار: وا هەست دەکرێت 'بێ سزا مانەوە' دروست نابێت و یاساکە رێکخراوەکانی دیکە ناگرێتەوە. لێرەدا تەکنیکی نووسینەکە چۆن دەبێت؟
 
نوعمان کورتوڵموش: دەزانن، لە تورکیا سیستمێکی یاساییمان هەیە کە رێگە دەدات هەر ئەندامێکی رێکخراوێک بڵێت پەشیمانم، سوود لە "پەشیمانیی کارا" وەربگرێ. بەڵام ئەمە یەکەمجارە دۆخێکی وەها رووبەڕوومان دەبێتەوە و رێکخراوێک دەڵێت خۆی هەڵوەشاندووەتەوە. دوای دیاریکردن و تۆمارکردنی هەڵوەشاندنەوەکە ، پەکەکە دەبێتە رێکخراوێکی هەڵوەشاوە. بۆیە لێرەدا دەبێت یاسایەکی دیکە جێبەجێ بکرێت. کاتێک ئەمە دەڵێم، جیاکاری لە نێوان ئەوەی دەستی لە تاوان هەبووە یان نا، ناکەم؛ هەر ئەندامێکی رێکخراوەکە ئەگەر هیچ تۆمارێکی دادوەرییشی نەبێت، دوای ئەوەی دێت و داواکاری پێشکێش دەکات، دەبێت تۆمارێکی دادگەی هەبێت. ئەگەر بیەوێت سوود لە مەرجەکانی ئازادکردنی بە مەرج وەربگرێت، دەبێت بەو شێوەیە بێت. مەبەستمان لەوەی کە چەمکی "لێبووردن" دروست نەبێت، ئەوەیە. واتە هیچ سزایەک لانابرێ، بەڵام کاتێک کەسێک دێت و دەڵێت وازم لە ئەندامییەتی رێکخراوەکە هێناوە، بە تۆمارکردنی ئەوە و سوودوەرگرتن لە هەندێک دەرفەتی جێبەجێکردنی سزا، دەکرێت ئازاد بکرێت.
 
پرسیار: پێشهاتەکانی ناوچەکە چۆن کاریگەرییان لەسەر ئەم دۆخە دەبێت؟ بەتایبەتی پژاک لە ئێران...
 
نوعمان کورتوڵموش: زاڵبوون بەسەر هەموو پێشهاتەکان و ئاراستەکردنیان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام وەک تورکیا بە وردی و بە وردەکارییەوە لەسەر هەموو ئەمانە کاردەکەین و چاودێرییان دەکەین. یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان ئەوەیە کە قۆناخی تێکەڵبوون لە سووریا زۆر بە ئەرێنی بەڕێوەدەچێت. هیوادارم ئەو قۆناخە بەبێ تێکچوون بەردەوام بێت.
 
نابێت تەنیا لە رێگەی رێکخراوەکەوە سەیری ئەم بابەتە بکرێ. دەتوانین وەک گۆڕانکارییەک سەیری ئەم قۆناخە بکەین کە وای لێ بکات کورد رووی لە تورکیا، ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ بێت. بیرکردنەوەی سیاسی لە تورکیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هاووڵاتییانی کورد نییە. ئامانجمان تەنیا هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوێک نەبوو، بەڵکو نەهێشتنی قۆناخی خەباتی چەکداریی نادیموکراسی بوو. هەر لە سەرەتاوە لە کاتی دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکەدا گوتمان، گرنگ ئەوەیە گۆڕانکاری لە نێو بیرکردنەوەکاندا دروست ببێت. بۆ ئەمەش، کاتێک هەنگاو بۆ پاراستنی شکۆی کورد دەنێین، دەبێت کارێکیش بکەین کە هەستی تورکەکان بەهێزبکات، بەوەی "ئێمە پارچە پارچە نابین، بەڵکو بە پێچەوانەوە یەکدەگرینەوە" و شکۆیان بپارێزرێ.
 
پرسیار: قۆناخی پاکتاوکردن لەنێو رێکخراوەکەدا هەیە. لەبارەی کارکردنی پێکەوەیی دەوڵەت و پارتە سیاسییەکان چی دەڵێن؟
 
نوعمان کورتوڵموش: یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانمان ئەوە بووە کە هەموو پارتە سیاسییەکان لە سەر یەک مێز کۆبوونەتەوە و بە گفتوگۆی دیموکراسییانەی زۆر پێگەیشتوو گەیشتنە ئەنجام. لە کۆمیسیۆنەکەدا گوێ لە 137 کەس و دامەزراوە گیرا. لە نێوان گوێگیراوەکاندا نوێنەری لایەنە زۆر تووندڕەوەکانیش هەبوو. هەموو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هاتن، بەوپەڕی رێزەوە بۆچوونەکانیان خستەڕوو و بابەتەکان گفتوگۆیان لەسەر کرا. دەبێت بۆ پێش ئەم رۆژانەش بگەڕێینەوە. دەزانن لە قۆناخەکانی رابردوودا خوالێخۆشبووان دەمیرەل، ئۆزاڵ، مامۆستا ئەربەکان، ئەرداڵ ئینۆنو لە کاتی جیاوازدا و بەگوێرەی مەرجەکانی ئەو سەردەمە، هەوڵیان بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆری پەکەکە دا. تەنانەت هەندێکیان پەیوەندیی راستەوخۆیان دروستکرد. وا هەست دەکرا رێگەیەکی زۆر بڕدراوە، بەڵام لەپڕ هەموو شتێک سەرەوژێر دەبوو. ئەمە چەند هۆکارێکی هەبوو. یەکێکیان ئەوە بوو کە لە نێو دەوڵەتدا یەک عەقڵی سیاسی نەبوو. قۆناخەکانی 2009-2013شمان لەبیرە و نزیک بووین لەوەی ئەنجام بەدەست بهێنین، بەڵام بە هەندێک دنەدان وەک دنەدانەکەی خابوور، دنەدانی کوشتنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی، دنەدانی دزەپێکردنی گفتوگۆکانی ئۆسلۆ، ئەندامانی فەتۆ و لایەنەکانی دیکەی نێو دەوڵەت پڕۆسەکەیان ژەهراوی کرد. بە هەمان شێوە هەوڵەکانی ئۆزاڵ، ئەربەکان و دەمیرەل دەزانین. لەو قۆناخانەدا دەوڵەت بە یەک عەقڵی سیاسییەوە دەرنەکەوت. یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی ئەم قۆناخە ئەوەیە کە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت لەسەر یەک رێڕەو دەڕۆن و بە هاوئاهەنگییەکی گەورە قۆناخەکە بەردەوامە.
 
لەوەش سەرەکیتر ئەوەیە، بابەتەکە هیچ کاتێک نەهێنرابووە نێو پەرلەمان، واتە یەکەمجارە دەهێنرێتە نێو پەرلەمان. ئەم بابەتە دوور لەوەی تەنیا بۆچوونی پارتێک یان گرووپێکی دەسەڵات بێت، زەوینەیەکی دیموکراسی بۆ دروست بوو کە 11 پارتی دیکە تێیدا بەشدارن و نوێنەریان هەیە و ویستی نیشتمانی خاوەندارێتی لێ دەکات. بۆیە پێموایە ئەم کارە زۆر بەهادارە. بەهۆی ئەوەشەوە، ئەو نیگەرانییانەی کە لە سەرەتادا لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەدا هەبوون، لە ماوەیەکدا رەوینەوە. دوای دەرچوونی راپۆرتەکەش نزیکەی هەموو نیگەرانییەکان نەمان. کاتێک سەیری ئێران، سووریا و پێشهاتەکانی دیکەی ناوچەکە دەکەین، ئاشکرایە کە ناوچەکە لە نێو قۆناخێکی زۆر ناسەقامگیردایە. کاتێکی زۆرمان لەبەردەست نییە. دەبێت بە خێرایی ئەم قۆناخە لەسەر ئەو ئاراستە هاوبەشەی دروست بووە، کۆتایی پێ بهێنین.
 
پرسیار: لەم قۆناخەدا هیچ کاتێک دۆخێکی وەها هەبووە کە چاوی سێیەم بیەوێت بێتە نێو بابەتەکەوە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: نەخێر، رێک لەبەر ئەم هۆکارە چاوی سێیەم نەبووە... دەزانین لە رابردوودا چارەسەری ململانێکان لە وڵاتان چۆن جێبەجێ کراوە؛ لە زۆربەیاندا هەمیشە لایەنی سێیەم هاتووەتە نێو هاوکێشەکەوە. لە بەشێکیاندا دوای کۆتاییهاتنی ململانێ چەکدارییەکان، قۆناخی دیموکراسیبوون دەستیپێکردووە. جیاواز لە نموونەکانی دیکە، ئەوەی کە بابەتەکە هەمیشە لە نێو سیاسەتی ئێمەدا لە کارنامەدا بووە، سوودێک بووە و بەشداربوونی هەمووانیش لە پەرلەماندا هیچ پێویستییەکی بە چاوی سێیەم نەهێشتووەتەوە. چاوی سێیەم، خودی کۆمیسیۆنەکەیە، واتە خودی گەلە.
 
پرسیار: ئایا داواکاری لەبارەی مافە گشتگیرەکان هەیە؟ ئایا ئەمانە لەلایەن دەم پارتییەوە دەکرێنە جێگەی گفتوگۆ؟ واتە داواکارییەکە تەنیا بابەتی هەبوونی پێگەیەکی دیاریکراو نییە، وایە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: هەر پارتێک راپۆرتی خۆی خستەڕوو. ئەمە ئەو سوودەی هەبوو؛ گوتیان راستیی بۆچوونی ئێمە لەم بابەتەدا ئەمەیە. بۆیە ئەمە راگەیێندراوێکی هەڵوێستی سیاسی بوو، چونکە هەر پارتێک بنکەیەکی جەماوەریی خۆی هەیە و دەبێت دەنگدەرانی رازی بکات. راگەیاندنی راپۆرتەکانیان فاکتەرێک بوو کە کارەکەمانی ئاسان کرد. هەروەها دەمەوێ بە سوپاسەوە بڵێم کە هەموو پارتەکان، نەک تەنیا خەیاڵی نێو بیرکردنەوەیان، بەڵکو سەیری ئەو بیرکردنەوە هاوبەشەیان کرد کە دەکرێت لەسەری سازان بکرێ و گەیشتنە ئەم خاڵە. بە دڵسۆزی و فیداکارییەوە بەشدارییان کرد. پێموایە ئەم نزیکبوونەوەیە زۆر بەنرخە. قۆناخێکی باشی گفتوگۆ بوو، بەڵام ئاسانیش نەبوو. لە هەندێک بابەتدا بیرۆکەی زۆر جیاواز هەبوون. تەنانەت کاتێک لەگەڵ پێنج پەرلەمانتارە هاوئاهەنگیکارەکە بۆ یەکەمجار دانیشتین، خاڵی زۆر جیاواز هەبوون، بەڵام سوپاس بۆ خودا بە گفتوگۆ و راوێژ راپۆرتەکەمان گەیاندە خاڵێکی دیاریکراو.
 
پرسیار: باس لەوە دەکرێ ئەم هەموارە یاساییە بۆ دوای جەژن بێت. بەڵام هەندێک هەموار هەن کە دوای ئەوەی رێکخراوەکە بە تەواوی چەک دادەنێت، جێبەجێ دەکرێن. ئەو راپۆرتەی تاوەکو ئێستا هاتووە چی دەڵێت؟ پرسیاری دووەمم ئەوەیە؛ گوتتان پشتیوانیی کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام کاتێک سەیری لێکۆڵینەوە و راپرسییەکان دەکەین، لە راستیدا ئەو پشتیوانییە زۆرە بە 70% و 80% نابینرێت. لە راپرسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ئەوانەی نزیک لە دەسەڵاتیش بەم شێوەیەیە. ئایا دۆخێک هەیە کە نەتوانرێ کۆمەڵگە رازی بکرێت؟ سێیەمیش ئەوەیە؛ کاتێک ناوی ئۆجەلان دەهێنرێ و لە خەڵک پرسیار دەکرێ، ئیدی پشتیوانییەکە زۆر دادەبەزێت. بەڵام دواجار فەرمانی چەکدانانی رێکخراوەکە و بابەتە هاوشێوەکان لە لایەن ئۆجەلانەوە بەڕێوەدەبرێ. ئایا ئێوە لەم بارەیەوە هیچ راپرسییەکتان کردووە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: هیچ کام لەو هەموارانەی دەکرێن ، بۆ کەسێکی دیاریکراو نابێت. ئەمانە هەموارێک دەبن بۆ کۆتاییهێنان بە گەورەترین کێشەی مێژووی کۆماری وڵاتەکەمان و هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی رێکخراوەکە. بابەتی ئەوەی کە ئایا چەک دادەنێن یان نا، دەزگا ئەمنییەکان لە نزیکەوە چاودێری دەکەن. ئەوان هەمیشە بۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو و ئەو بابەتە ئەوان ئەنجامی دەدەن.
 
وەک پەرلەمان لەم بارەیەوە راپرسیمان نەکردووە، بەڵام ئاگاداری راپرسییەکانین. من دەڵێم کۆمەڵگە پشتیوانییەکی گەورە دەکات، ئەمە تەنیا بۆ باشووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ناڵێم، بەڵکو لە هەموو شوێنێکی تورکیا ئەم پشتیوانییە هەیە. لە مێژووی نزیکماندا قۆناخی کار و هەوڵی زۆرمان لەبیرە. زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک نایەوێ جارێکی دیکە شەڕ و ململانێ دەست پێبکاتەوە.
 
لە یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنەکەدا، رەنگە ئەوە دروشم بووبێت، لە کۆبوونەوەیەکدا کە دایکی شەهیدان و دایکی ئەندامانی رێکخراوەکە و دایکانی ئاشتی تێیدا بوون، شتی جیاواز باسکران، بەڵام رستە هاوبەشەکەیان ئەوە بوو: "ئێمە دەمانەوێت چەکەکان بنێژین، نەک رۆڵەکانمان." هەردوو لایەنەکە ئەمەیان گوت، کە ئەوان بەهۆی رۆڵەکانیانەوە ئازاریان چەشتووە. ئەگەر سەرکەوتوو بین، ئەوە دەبێتە دەستکەوتێکی زۆر گەورە بۆ تورکیا.
 
پرسیار: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ئەم قۆناخەی دەستپێکرد. ئێوە واتان فەرموو "عەقڵی دەوڵەت". چی بەدیکرا کە ئەمە دەستیپێکرد؟ هەمووان دەپرسن ئەمە لە کوێوە هات؟
 
نوعمان کورتوڵموش: دەزانین هیچ شتێک لەم ناوچەیەی تێیدا دەژین رێکەوت نییە. رەنگە بۆ زیاتر لە سەتەیەک، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، سایکس-پیکۆی یەکەم... سنوورەکانیان کێشا، مرۆڤەکانیان لە یەکدی جیاکردەوە. بەرامبەر نسێبین، قامیشلۆ هەیە... تەنیا تورکیان لە کورد و عەرەبیان لە کورد جیا نەکردەوە، بەڵکو یەک هۆزیان لە یەکدی جیاکردەوە، بەڵام نەیانتوانی مرۆڤەکان بکەنە دوژمنی یەکدی. بەتایبەتی ئەگەر زۆر روون قسە بکەین، لەگەڵ داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، قۆناخی دابەشکردنی ناوچەکە لە رووی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە خرایە واری جێبەجێکردنەوە. لە زۆر وڵاتدا ئەنجامی ئەمە بە شێوەیەکی زۆر خراپ دەرکەوت. ئێستا دەبێت ئێمە ئەمە پێچەوانە بکەینەوە. بە پێچەوانەی دابەشبوونی نەتەوەیی و مەزهەبی، دەبێت یەکگرتنی گەلانی ناوچەکە لەسەر بنەمای رابردوویەکی هاوبەش و لەوەش گرنگتر داهاتوویەکی هاوبەش دابین بکەین و کێشەکانی نێوانیان نەهێڵین. لێرەدا کاتێک سەیری تورکیا دەکەین، ئەو بابەتەی کە قورسترین قوربانیمان بۆی داوە، بابەتی تیرۆرە. عەقڵ وا دەخوازێ ئەم کێشەیە بنبڕ بکرێ. بۆ ئەمەش چی پێویست بێت دەبێت بە خێرایی بکرێ. جگە لەوەش، دوور لە دیدگەی ئیمپریالیزم، زایۆنیزم کە هەندێک جار ئیمپریالیزم دەخاتە ژێر باڵی خۆی و هەندێک جار خۆی دەچێتە ژێر باڵی ئیمپریالیزم، زۆر بە روونی دەستی کردووە بە یاریکردن بە دوایین کارتەکانی. سیاسەتکردن لەم ناوچەیەدا بەبێ بینینی ئەمە، ساویلکەییانەیە. ماوەیەکی زۆرە کۆتا هەنگاو بووەتە جێی باس. جەنگی ناوخۆی لوبنان ئەمە بوو، جەنگی ناوخۆی سووریا ئەمە بوو. هەروەها گۆڕینی رژێم لە زۆر وڵاتدا بە خێرایی، بەشێک بوو لە ئامانجەکانیان. لە کۆتاییدا لە رێگەی غەززەوە ویستیان بچنە قۆناخی کۆتایی. لە پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورەدا، ئەو هێزە سەرەکییەی کە دەبێت قوت بدرێت، تورکیایە. ئەگەر ئەمە دەبینین و دەزانین، ئەوا "بەرەی ناوخۆمان" بەهێز دەکەین.
 
پرسیار: لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024، لەو گوتارەی سەرۆک ئەردۆغان لە پەرلەمان پێشکەشی کرد، دوو بابەت هەبوون. یەکێکیان هەڕەشەی ئیسرائیل و دووەمیان بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ بوو. هەر لەو رۆژەدا بەڕێز باخچەلی تەوقەی لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتی کرد. لە 22ی تشرینی یەکەمیشدا بانگەوازە ناسراوەکەی کرد. ئەگەر هاوتەریب لەگەڵ عەقڵی دەوڵەت بپرسین، ئایا بەهۆی ئەوەی پێشبینی دەکرا پێشهاتەکانی ناوچەکە روودەدەن، ئەم قۆناخەی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەستیپێکرد؟
 
نوعمان کورتوڵموش: بێگومان، هەر وایە. هەنگاو بە هەنگاو دەهات.
 
پرسیار: چی دەهات؟
 
نوعمان کورتوڵموش: دابەشبوون، پارچەپارچەبوون و ململانێ لە ناوچەکەماندا...
 
پرسیار: گوتتان هەندێک شت رێکەوت نییە. بەڕێز باخچەلیش رۆژی 1ی تشرینی یەکەم هەستا و گوتی تەوقە دەکەم، رۆژی 22ی تشرینی یەکەمیش ئەو بانگەوازەی کرد... بەڕێز سەرۆککۆمار لە مانگی ئابدا باسی بەرەی ناوخۆی کرد و باسی مەترسیی ئیسرائیلی کرد. کەواتە هەندێک کار هەبوون کە پێشتر دەستیان پێکردبوو. ئەو کاتە ئەم راپۆرتانە بۆ ئێوەش هات، وایە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: ئەوە دیارە، پێویستی بە هیچ راپۆرتێک نییە. داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە وەک خاڵێکی وەرچەرخان دەبینم.
 
دوای ئەوەش پێشهاتی زۆر جیاواز روویاندا. شۆڕشی سووریا روویدا. لەگەڵ هاتنی ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات، هێزەکانی لە پشیتیوانیکردنی یەپەگە کێشایەوە. راگەیاندنی پڕۆژەکە پێش ئەمە بوو، رەنگە ئەگەر دوای ئەوە بووایە، بەهۆی ئەوەی رێکخراوەکە دەکەوتە دۆخێکی زۆر قورسەوە، دۆخێکی دیکە دروست دەبوو. ئێمە ویستی خۆمان بۆ بەهێزکردنی قەڵای نێوخۆ بەهێزەوە نیشاندا. هەروەها لە قۆناخێکدا ئەمەمان کرد کە سەقامگیریی سیاسیی تورکیا زۆر بەهێزبوو، واتە لە کاتێکدا کردمان کە دەستمان کراوە بوو. بۆیە ئەمە بەدیکرا؛ تورکیا وڵاتێکە درکی بەوە کردووە کێشەکە چییە و چی پێویست بێت بۆ ئەوەی دەیکات.
 
پرسیار: ناوەڕۆکی ئەو کارەی دوای جەژن لە پەرلەمان دەکرێت چی دەبێت؟ واتە ئێوە واتان فەرموو کە راپۆرتێک لە دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکانەوە دێت. واتە ئێوە دوای جەژن لە پەرلەمان دەست بە ئامادەکارییەک دەکەن کە پەیوەندی بەو رێکخستنە یاساییانەوە دەبێت. ئایا ناوەڕۆکی ئەمە دیاریکراوە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: هەربۆیە دەڵێم دەبێت پارتەکان کارەکانی خۆیان بکەن و دواتر لە سەر مێزێک کۆببنەوە و لە رێگەی ئەو کارانەوە ئەگەر پێویست بوو گفتوگۆیەک بەردەوام بێت.
 
پرسیار: ئایا هیچ کاتێکتان دیاریکردووە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: نەخێر.
 
پرسیار: پێدەچێت هێشتا چوارچێوەیەکەش دیار نەبێت.
 
نوعمان کورتوڵموش: یاسایەکی سەربەخۆ و کاتییە. ئەوەی کۆمیسیۆن و هەموو پارتەکان پەسندیان کردووە، ئەمەیە. بۆ ئەوەی رێکخراوەکانی دیکە بگرێتەوە، دەبێت ئەوانیش بڵێن چەک دادەنێین. لەبەر ئەوەی هیچ کەسێک ئەوەی نەگوتووە، کەواتە کەس ناگرێتەوە...
 
پرسیار: بەڵام تەنیا بابەتەکە ئەمە نییە. مەبەستم لێبوردن یان هەر ناوێکی دیکەیە کە لێی دەنرێ. ئایا چوارچێوەیەکی وەها دانراوە؟ لێرەدا گفتوگۆ لەسەر مافە بەکۆمەڵەکان دەکرێ یان ناکرێت؟ ئایا شتێکی وەها لە کۆمیسیۆن دەرچووە؟ مەبەستم لە ناوەڕۆک ئەوەیە.
 
نوعمان کورتوڵموش: کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە لە نێو قۆناخەکە لەگەڵ رێکخستنە یاساییەکاندا، دۆخی یاسایی ئەندامانی رێکخراوەکە دیاری بکرێ. لە لایەکی دیکە، لە گەشەپێدانی ئابوورییەوە بگرە تاوەکو ئەو هەنگاوانەی کە پێویستن بۆ بەرزکردنەوەی ستانداردە دیموکراسییەکانی تورکیا بنرێن و لە مادەی حەوتەمدا هاتوون، دەبێت هەموو ئەمانە وەک یەک پاکێج ببینرێن. گرنگتر لە هەمووشیان نزیکبوونەوەی کۆمەڵایەتییە. پێموایە ئەو دیالۆگەی لە نێوان پارتەکاندا دەستیپێکردووە، کار دەکاتە سەر پێگەی پارتەکانیش.
 
پرسیار: سەبارەت بەو ئەندامانەی پەکەکە کە دەستیان نەچووەتە خوێن و چاوەڕوانی خۆڕادەستکردنەوەیان لێ دەکرێت، ئایا رێکخستنی کەمکردنەوەی ماوەی سزادان و ئەوەی ئێمە بە "مافی هیوا" ناوی دەبەین (بۆ ئەو زیندانییانەی سزای تاهەتاییان هەیە و دوای 25 ساڵ دۆخیان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ)، ئایا راستەوخۆ دوای جەژن دێتە پەرلەمان؟
 
نوعمان کورتوڵموش: بۆ مافی هیوا بە شێوەیەکی کۆنکرێتی دەڵێم، لە سیستمی یاسایی ئێمەدا شتێک نییە بەناوی مافی هیوا. لە راپۆرتەکەشدا ناونیشانێک نییە بەناوی مافی هیوا. لێرەدا دەکرێت هەندێک رێککاری لەبارەی جێبەجێکردنی سزا بکرێت. بەڵام من لێرەدا بۆچوونی کەسیی خۆم هەیە، نامەوێت لە ئێستاوە بڵێم چی دەکرێت. چونکە لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە پارتەکان بێنە نێو بابەتەکەوە و کاربکەن بۆ هەبوونی ئەنجام و هەوڵێکی هاوبەش. 
 
پرسیار: دەم پارتی بابەتی گوندپارێزەکان زۆر دەخاتە رۆژەڤەوە. هەروەها داواکاریشی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی رابردووش هەیە. ئایا لە یاسایەکی نوێدا بابەتی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی گوندپارێزی یان شتی دیکە دێنە بەرباس؟
 
نوعمان کورتوڵموش: ئێستا نەخشەڕێگەمان ئەو راپۆرتەیە کە لەبەردەستماندایە. لەم راپۆرتەدا شتێکی وەها نییە.
 
پرسیار: لە مادەی 7ی راپۆرتەکەدا، چەمکی "هەڵاوێردکردن" بۆ قەییومەکان هەیە، واتە دەستەواژەیەکی روون هەیە کە دەڵێت کارکردنی قەییووم بکرێتە دۆخێکی هەڵاوێرد. کاتێک لەگەڵ بەڕێز فەتی یڵدزیش قسەمان کرد، جەختی لەوە کردەوە کە بۆ رێکخستنە دیموکراسییەکانی لەم شێوەیە، پێویست ناکات چاوەڕێی چەکدانانی پەکەکە بکرێت. بەڕێز باخچەلیش داوای گەڕانەوەی "ئەحمەدەکان"ی بۆ سەر کارەکانیان کرد. کەواتە ئایا مانگی داهاتوو، دوای جەژن، رێکخستنێک لەبارەی قەییومەکانەوە دێت؟ یانیش پێتانوایە پێویستە بێت؟
 
نوعمان کورتوڵموش: لە راپۆرتەکەدا بابەتی قەییووم هەیە. پێشنیازێک هەیە کە پارتەکان لەسەری سازاون، ئەویش ئەوەیە ئەگەر دۆخێک هاتە پێش کە قەییووم دابنرێت یان بەرپرسێک لە کار لادرا، ئەوا بەرپرسێکی نوێ لە نێو ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی شارەوانی هەڵببژێردرێت. ئەگەر پارتەکان کۆببنەوە و بڵێن تەواو، ئەوا لەمبارەیەوە هەنگاو دەنرێت.
 
پرسیار: ئایا ئەو رێکخستنە یاساییانەی باستان کرد تەنیا پەیوەندییان بە چەکدانانی پەکەکەوە هەیە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: کێشە سەرەکییەکەمان ئەوەیە.
 
پرسیار: کاتێک بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز باخچەلی رێگەیان بۆ "تورکیایەکی بێ تیرۆر" کردەوە، هێشتا لە سووریا گۆڕانی دەسەڵات رووی نەدابوو، بابەتی ئێرانیش لە ئارادا نەبوو. ئێستا بابەتی ئێرانمان لەبەردەمدایە. کاتێک قۆناخی تورکیای بێ تیرۆر دەستیپێکرد، تورکیا کێشەی رۆژئاوا(ی کوردستان)ی هەبوو، ئەوە چارەسەر بوو. ئێستا کێشەی رۆژھەڵات(ی کوردستان) هەیە. ئایا ئەم بابەتی رۆژهەڵاتە کاریگەریی دەبێت لەسەر درێژبوونەوەی قۆناخی تورکیای بێ تیرۆر و دواکەوتنی چەکدانانی پەکەکە؟ ئایا هیچ زانیارییەکتان لەم بارەیەوە هەیە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: پێموایە کاریگەریی نابێت، چونکە چاودێریی پێشهاتەکانی ئەوێش دەکرێت و هەموو رێکارێک دەگیرێتە بەر بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نەرێنی رەنگدانەوەی بۆ سەر تورکیا نەبێت. هەرچەندە ئەم رۆژانە باسی ئەم جۆرە شتانە دەکرێ، بەڵام بڕوا ناکەم ئەمریکییەکانیش بتوانن لە رێگەی ئاڵۆزیی ناوخۆییەوە رژێمی ئێران بگۆڕن، پێم وایە مێژوویەکی زۆرە درکیان بەوە کردووە.
 
پرسیار: ئێران رووبەڕووی وڵاتانی عەرەبی بووەتەوە و بێ متمانەیی لە ناوچەکەدا دروست بووە. ئیسرائیل خەریکی فراوانبوونی هەژموونیەتی و ئەمریکا هێرش دەکات. با بڵێین، ئەگەر جەنگیش کۆتایی بێت، پێویستیمان بە بنەمایەکی نوێی ئاسایش هەیە. ئایا ئێمە وەک تورکیا هیچ پێشنیازێکمان هەیە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی ناوچەکە ئەوەیە کە جۆری رژێمی وڵاتانی ناوچەکە هەرچییەک بێت، دەبێت هەوڵ بدرێت جیاوازییەکان کەم بکرێنەوە و هاوکاریی هەرێمی زیاد بکرێت. هەمیشە دەڵێم؛ گەورەترین هێزی ئیسرائیل نە هێزە سەربازییەکەیەتی، نە پشتگیریی ئەمریکایە، نە سیستمی دارایی نێودەوڵەتییە و نە کۆنترۆڵکردنی میدیای جیهانییە... گەورەترین هێزی ئیسرائیل، پارچەپارچەبوونی وڵاتانی ناوچەکەیە. دەبێت کار بکرێت بۆ نەهێشتنی ئەو هێزە گەورەیەی. تورکیاش ئەگەر تێبینی بکەن، لە هەموو ئەم پێشهاتانەدا، چ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئێران، چ بەرامبەر ئەو سیناریۆیانەی هەندێک کەس دەیانەوێ ئێران و تورکیا رووبەڕووی یەک بکەنەوە، هەمیشە وریایە و هاوسەنگی دەپارێزێ و نایەوێ ببێتە لایەنێکی ململانێ و جیابوونەوەی نوێ لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا. ئەمەش رێگە راستەکەیە.
 
ئێستا ناوناهێنم، بەڵام قۆناخی وەها هەبووە کە گرژیی زۆرمان لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا هەبووە کە دیدگەی سیاسیی جیاوازمان هەبووە. بەڵام دەزانین کە گرژییەکانمان لەگەڵ هیچ کام لەم وڵاتانە، بۆ ئێمە هەمیشەیی نین و نابێت ئەو شتانە بن کە هەرگیز لەبیریان نەکەین. بە هەمان شێوە بۆ ئەوانیش بەم شێوەیەیە... بۆیە دەبێت ئەم پەنجەرەیە بکرێتەوە، بەتایبەتی دەبێت نەبینە لایەنگیری هەندێک گرژیی سیاسی کە لە رێگەی گفتوگۆی مەزهەبی و نەتەوەییەوە دەخرێنەڕوو، دەبێت ناوچەکە ئارام بکەینەوە. تواناکانی تورکیا بۆ ئەمە گونجاوە. بێگومان هەندێک لایەن هاندەری خراپە دەبن، بەڵام هەمووان دەبینن کە سەقامگیرترین و بەهێزترین وڵاتی ناوچەکە تورکیایە. پشتیوان بە خودا، ئەوەی پێویست بێت ئەنجام دەدرێت.
 
پرسیار: ئەم قۆناخە، ئەو پێشهاتانەی لە ئێران روودەدەن، لێدانی وڵاتانی کەنداو لەلایەن ئێرانەوە، بێ بەرگریکردنیان لەلایەن ئەمریکاوە یان هەستکردنیان بەمە. بەڵێ، جیهان بەهۆی نرخی نەوتەوە دەچێتە قۆناخی هەڵاوسانەوە، بەڵام دواجار کرۆکی بابەتەکە ئەوەیە کە ئایا ئەگەر وڵاتانی کەنداو روو لە تورکیا بکەن، دەکرێت ئەمە هاوکاریی پیشەسازیی بەرگری، بازرگانی و دیپلۆماسی بەدوای خۆیدا بهێنێت؟ ئایا دوای ئەم قۆناخە، ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ تورکیا ؟
 
نوعمان کورتوڵموش: لە بنەڕەتدا نزیکبوونەوەیەکی وەها لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە هەبوو، نەک تەنیا لەم جەنگەی دواییدا. لەگەڵ لێدانی شاندی حەماس لە قەتەر، لە راستییدا ئیسرائیلییەکان پەیامێکی زۆر روونیان دایە وڵاتانی کەنداو: "هەرچی پارە بدەن، چەند لە ئەمریکا نزیک ببنەوە، ئەمریکا ناتوانێت لەم ناوچەیەدا بتانپارێزێ." ئێمە هەمیشە ئەمەمان دەگوت، رەنگە زۆر تێنەگەیشتبان، بەڵام ئێستا بە کردەیی بینییان. ئیسرائیل بە هەموویان دەڵێت ئێوە دوژمنی ئێرانن؛ عومان، بەحرێن، ئیمارات، سعودیە، ئێوە دوژمنی ئێرانن. ئیسرائیل ویستی لە رێگەی هاندانی دووژمنایەتیی نێوان وڵاتانەوە زەمینە بۆ خۆی خۆش بکات. ئێستا ئەم وڵاتانە ناچارن بیر لە بەرگریی خۆیان بکەنەوە. لێرەشدا گرنگترین وڵات کە هاوکاریی لەگەڵ بکەن، تورکیایە.
 
پرسیار: بەڕێز سەرۆک، کەمێک پێش ئێستا واتان فەرموو یاساکە کاتی دەبێت. ئایا لێرەدا یاسایەکی خێرا و قۆناخێکی جێبەجێکردنی خێرا دەبێت یان وەک یاسایەکی یەک ساڵە دەبێت؟ ئایا لە کۆمیسیۆن باسی هیچ ماوەیەک کراوە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: وردەکاری باس نەکراوە، بەڵام کاتێک ئامادەکاریی یاساکە کرا، ماوەکەشی دیاری دەکرێت.
 
پرسیار: کەواتە چاوەڕێ ناکەین زۆر بخایەنێت؟
 
نوعمان کورتوڵموش: لە لۆژیکی ئەم جۆرە قۆناخانەدا، تۆ دەرگاکە دەکەیتەوە و دەڵێیت ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا بێن ئەم دەرگایە کراوەیە، بەڵام هێشتنەوەی دەرگاکە بە کراوەیی بۆ هەمیشە، بە واتای هاندانی رێکخراوەکە دێت بۆ ئەوەی چەک دانەنێت. نازانم یاسادانەر چەند کات دیاری دەکات.
 
پرسیار: کەمێک پێش ئێستا باسی هاوکارییەکانتان کرد، بۆ نموونە هاوکاریی پاکستان-ئازەربایجان-تورکیا هەیە. لە لایەکی دیکەوە پاکستان-تورکیا- سعودیە باس دەکرێت. ئایا ئێستا دۆخێکی وەها هەیە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: دەکرێ هەبێت. ئێمە 30 ساڵە دەیڵێین؛ کێشە سەرەکییەکە لە جیهاندا، نەبوونی سیستمێکی دادپەروەرانەیە لەسەر ئاستی جیهان. کاتێک ئێمە ئەمەمان دەگوت، رەنگە بۆ هەندێک وڵات وەک قسەی ئاسایی بهاتایەتە بەرچاو. سەرۆککۆمارمان لە گوتارێکی ئەم دواییەیدا دووپاتی کردەوە کە 13 ساڵ لەمەوبەر گوتوویەتی "جیهان لە پێنج گەورەترە". ئەو کاتە هەمووان سەیریان دەکرد و دەیانگوت "ئەمانە چی دەڵێن؟" بەڵام ئێستا دەرکەوت کە لە جیهاندا بە نزیکەیی هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، کارناکەن. لە راستیدا لەگەڵ پەتای کۆرۆنا رووخانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیمان بینی. نەتەوە یەکگرتووەکان چی دیکە جیاوازییەکی لەگەڵ کافتریایەکی نیویۆرک نەماوە، بووەتە دامەزراوەیەکی زۆر بێ کاریگەر. ئەوەمان تێپەڕاند؛ لە قۆناخی دووەمدا یاساکان نەمان. ئەمڕۆ هیچ رستەیەک نییە کە بتوانین وەک "یاساکانی سیستمی نێودەوڵەتی" ناوی بەرین؛ ئەوانەی لە دەقەکاندا هەبوون، جێبەجێ نەکران. ئەوەشمان تێپەڕاند؛ ئێستا قۆناخی سێیەمە و ئەو پێناسانەی کە لەلایەن هەمووانەوە لە فەرهەنگی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پەسندکرابوون، نەمان، وەک بابەتی هاوسەنگی لە هێرش یان جەنگی پێشوەختە... ئێستا ئێمە لەسەر جەنگە کۆنکرێتییەکان قسە دەکەین، بەڵام کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە هەموو وڵاتانی جیهان دەیبینن: "بەڵێ، ئەم جیهانە بەم شێوەیە ناڕوات، دەبێت سەرەتا شتێک بکەین بۆ رزگارکردنی خۆمان." ئێستا شتێکی زۆر کۆنکرێتی هەیە و گەیشتووەتە بەردەرگای هەموو وڵاتێک. لەم لایەوە لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا هێرش دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە دەبینی باس لە سۆمالیلاند دەکەن؛ لە شوێنێکی بێ پەیوەندی و لە قۆچی ئەفریقا دەبنە هۆی ناسەقامگیرییەکی نوێ. کەس ناتوانێت پێشبینی بکات ئەم بۆشاییەی سیستمەکە چ زیانێکی گەورە دروست دەکات. وەک جەنابت دەڵێیت، ئەگەر بۆ دوو مانگ نەوت لە کەنداوەوە دەرنەچێت، ئەمریکا چۆن رووبەڕووی هەڵاوسانی گەورە دەبێتەوە؟ ئێستا ئەوانەی تەپڵی جەنگ لێدەدەن، دەڵێن "ئەی، هاوار، ئێمە بۆچی ئەم کارەمان کرد؟" من پێم وایە لە کۆتاییدا ئینشاڵڵا دەکرێت قۆناخێکی زۆر پڕ لە خێر دەستپێبکات. چۆن دەتوانین سیستمێکی نوێ دابمەزرێنین؟ سیستمێکی نێودەوڵەتی کە بە راستی کاربکات، دادپەروەر بێت، یەکسانیی سەروەریی وڵاتان قبووڵ بکات و هەمووان تێیدا خاوەن بڕیار بن..
 
پرسیار: سێیەم مووشەکی ئێران بە ئاسمانی ئێمەدا تێپەڕ بوو. ئێران هەمیشە بەیانیان رەتیدەکاتەوە و ئێواران مووشەک دەهاوێت. دۆخی دروست لەم بارەیەوە چییە؟ هەواڵێک بڵاوبووەوە کە دەڵێن ئێمە پێشنیازی لێکۆڵینەوەی هاوبەش بۆ تورکیا دەکەین، بەڵام وەک لێدوانێکی فەرمی نەبوو. پاتریۆتەکانمان لە مەڵەتی داناون و دەڵێین هۆشداریمان داوە، بەڵام ئایا گەرەنتییەک هەیە کە مووشەکی چوارەم نەیەت؟
 
نوعمان کورتوڵموش: بێگومان گەرەنتی نییە، بەڵام وەک وات فەرموو، ئێرانییەکان دەڵێن "ئێمە نەمانکردووە".
 
پرسیار: ئەمڕۆ باڵیۆزی ئێران گوتی "زۆر سەرسام بووین". ئایا دەکرێ بە مووشەکی سێیەم سەرسام بیت؟ ناتوانن وەڵامێکی روون بدەنەوە. ئایا ئەمە مووشەکێکی وێڵ یان ماندوو بوو کە هات؟
 
نوعمان کورتوڵموش: دەبێت لەسەر شتێکی روون بڕۆین. ئەگەر ئێران مووشەک بگرێتە تورکیا، هیچ بەرژەوەندییەکی نیشتمانیی ئێرانی تێدا نییە. دەبێت یان لە هەڵەیەکی زۆر گەورەدا بن، یان دەبێت دنەدانی ئەو هێزانە بێت کە دەیانەوێت تورکیا و ئێران بخەنە نێو ململانێیەکەوە. لە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی ئێراندا هەرچی جیاوازییەک هەبێت، ئەم دۆخە یەک میلیمیش لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە.
 
پرسیار: راست دەکەیت، بەڵام موجتەبا خامنەیی لە یەکەم لێدوانیدا رووی دەمی کردە وڵاتانی ناوچەکە و گوتی "یان بنکە ئەمریکییەکان دابخەن یان ئێمە دایاندەخەین". ئێستا دەکرێ بە ئاسانی ئەم دەستەواژەیە و ئەو مووشەکەی بە ئاسمانی ئێمەدا تێپەڕ بووە، بەیەکەوە ببەستینەوە.
 
نوعمان کورتوڵموش: دەتوانن ئەوانە بڵێن، بەڵام ئێران لە هەموومان باشتر دەزانێت کە نابێت بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا تێکبدات.
 
پرسیار: ئایا هۆشداریی پێویست دراوە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: بێگومان.
 
پرسیار: ئایا لە کارنامەدا "لووتکەی سەرکردەکان" هەیە؟ بەڕێز سەرۆک(ی پەرلەمان)، سەبارەت بەم قۆناخە ئایا بەڕێز سەرۆککۆمار سەرکردەکان کۆدەکاتەوە؟ ئایا تۆ جارێکی دیکە دەست بە سەردانی سەرکردەی پارتە سیاسییەکان دەکەیتەوە؟ هەروەها لە کاتی کارکردن لەسەر یاساکان، ئایا جارێکی دیکە لەگەڵ ئیی پارتی کۆدەبنەوە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: تەنانەت دوای ئەوەی ئیی پارتی گوتی بەشداریی کۆمیسیۆنەکە ناکات، من پەیوەندیی پێویستم لەگەڵ هاوڕێکان هەبوو و جەختم لەوە کردەوە کە دەبێت لە کۆمیسیۆنەکەدا بن. تەنانەت گوتم رێز لە بیرۆکەکانتان دەگرین، وەرن لەوێ رەخنە بگرن. لە سیاسەتدا، بیرۆکەیان هەرچییەک بێت و لە هەر خاڵێک بن، نابێت بگوترێت "من لەگەڵ فڵانە پارت قسە ناکەم".
 
پرسیار: ئایا جارێکی دیکە دەست بە سەردانیان دەکەیتەوە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: لەم قۆناخەدا نا. من بۆ دواجار سوپاسی سەرۆکی ئەو پارتانەم کرد کە بەشداربوون و پشتیوانییان کرد. لە کاتی پێویستدا بێگومان دیسان قسەیان لەگەڵدا دەکەم.
 
پرسیار: ئایا کاتێک رەشنووسی یاساکە گەیشتە قۆناخی کۆتایی، دەکرێت لووتکەیەکی سەرکردەکان ببینین؟
 
نوعمان کورتوڵموش: نازانم بەرنامەیەکی وەها هەیە یان نا.
 
پرسیار: کاتێک ئەم کارە دەستیپێکرد، پرسیارێکی زۆر هەستیار هەبوو و باس لەوە دەکرا کە هەموو ئەمانە تەنیا بۆ ئەوەیە سەرۆککۆمار جارێکی دیکە هەڵبژێردرێتەوە. یەکێک لە جێگرانی سەرۆکی ئیی پارتیش هەمان رستەی بەکارهێنا و گوتی هەموو ئەمانە تەنیا بۆ داهاتووی سیاسیی ئەردۆغان دەکرێ. ئایا لە کۆتایی ئەم قۆناخەدا بابەتی دەستووری نوێ دێتە رۆژەڤ؟
 
نوعمان کورتوڵموش: لە کۆمیسیۆنەکەدا بە دەیان کاژێر ماندووبوون و هەوڵی قووڵ هەبوون. لە هیچ شوێنێکی ئەو کارەدا ئەم بابەتە نەهاتە رۆژەڤ و باسی لێوە نەکرا، تەنانەت لە سەرەتاوە بڕیارێکی هاوبەشمان هەبوو کە بە تەواوی لە گفتوگۆی دەستووری نوێ دوور بکەوینەوە و لەسەر ئەو رێڕەوەش رۆیشتین. ئەم بابەتە هەرگیز باس نەکرا.
 
پرسیار: ئێوە ساڵانێکی زۆرە بزووتنەوە ئیسلامییەکان دەناسن و لە نێو بزووتنەوە سیاسییەکاندا بوون. ئێستا هەندێک لە رێبەرانی تەریقەت و جەماعەت و هەندێک کەسایەتیی سیاسیی سەربەخۆ، ئەم بابەتی مەزهەبە دەخەنە پێش شوناسی ئاینی و بە هۆکاری ئاینی داوای بێلایەنی دەکەن لەنێوان ئیسرائیل و ئێران. تەنانەت هەندێکیان دەیانەوێت ئێران بخەنە نێو ئەم یارییەوە. ئایا چاودێریی ئەم قسانە دەکەن؟ چۆن بیری لێ دەکەنەوە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: چاودێریی دەکەم و پێی دڵگرانم، واتە لە کاتێکدا کە نارەزایەتییەکی هاوبەش لە نێوان کۆمەڵگە موسڵمانەکاندا پێویستییەکی تەواوە، هەر قسەیەک ببێتە هۆی جیابوونەوە لەنێوان موسڵمانان، بە قسەیەکی هەڵەی دەبینم. جیهانی ئیسلامی مێژوویەکی چەندین سەتەی لە گفتوگۆی فیکری، مەزهەبی و سیاسی هەیە. بەڵام جیهانی ئیسلامی تەنیا لەسەر یەک رستە رێککەوتووە: "لا اله الا الله محمد رسول الله". لەبەر ئەوەی لەسەر یەکبوونی خودا و پێغەمبەر رێککەوتن هەیە، ئەمڕۆ باس لە دانیشتووانێکی 2 ملیار کەسی دەکەین بەناوی ئوممەتی ئیسلام. ئەگەر بچیتە سەر رستەی دووەم، ئەم کۆمەڵگە گەورەیە خۆبەخۆ دابەش دەبێت. بۆیە هەر قسەیەک بە ئاراستەی دابەشکردن بێت، بە هەڵەی دەبینم. هەر قسەیەکیش بۆ یەکخستن و نەهێشتنی جیاوازییەکان بێت، بە سوودبەخش و لەجێی خۆی دەبینم.
 
پرسیار: بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان، هەموو شاندەکان چوون و هاتن و راپۆرتەکان گەیشتنە دەستت. ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ ئۆجەلان کران، تەنیا هەندێک جار بەشێکی کەممان پێدەگەیشت. تۆ هەموو راپۆرتەکانت خوێندوونەتەوە. ئۆجەلان چی دەڵێت؟ تۆ چ جۆرە ئۆجەلانێکت بینی؟ چ شتێک لەبارەی ئۆجەلان سەرسامی کردیت؟
 
نوعمان کورتوڵموش: ئیمراڵی راگەیێندراوەکانی هەیە کە بۆ رای گشتی کراوەن. یەکەمجار لە 27ی شوبات راگەیێندراوی خستەڕوو، دواتریش لە دوایین لێدوانیدا و لەوێ چەند پرسێکی سەرەکی هەن. یەکێکیان ئەوەیە کە ئەو چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەی بووە هۆی دروستبوون و گەشەکردنی رێکخراوەکە، ئێستا بەسەرچووە، چونکە سیاسەتەکانی رەتکردنەوە، نکۆڵیکردن و تواندنەوەی تورکیای رابردوو تێپەڕێنراون. ئێستا خەباتی چەکداری بێمانا و ناپێویستە، ئەمە بۆچوونی خودی ئەوە. هەروەها ئەو بە روونی دەڵێت کە سیناریۆکانی دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکەدا نین. کەواتە لێرەدا وا دیارە ئەویش گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ئەم دابەشبوونە سوودی بۆ کوردیش نابێت. لە کۆتاییدا بینینی ئەوەی هەموو ئەمانە چۆن بەرەو پێش دەچن، بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنەوە. ئەمەش بە خێرایی لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و بە گوتەی ئیمراڵی "دانانی چەکەکان لە نێو مێشکەکاندا" دێتە دی.
 
پرسیار: ئێمە هاتین و دوایین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەمان بینی. ئۆپۆزیسیۆنیش سوپاسی تۆی کرد و دەسەڵاتیش هەروا. کاتێک سەیری ئەم کارە دەکەین، ئەم کۆدەنگییە چۆن دروست بوو؟ ئایا پێشتر ئامادەکاریت کردبوو؟ ئایا بیرت لەوە کردبووەوە چۆن ئێرە بەڕێوەببەیت؟ هەروەها خاڵە وەرچەرخانەکان لەم کۆمیسیۆنەدا لای تۆ چی بوون؟
 
نوعمان کورتوڵموش: پشتیوان بە خودا، لە کاتێکی گونجاوتردا ئەمانە دەنووسمەوە. خاوەنی زۆر بیرەوەرین، بە راستی کارێکی زۆر گرنگ بوو. سەرەتا ئەوەی کە کارەکە مەدەنی، شەفاف و کراوە بوو، خاڵێک بوو کە لە سەرەتاوە بیرمان لێ کردەوە. پێم وایە دوو کۆبوونەوە بەهۆی پێویستیی کارەکەوە بە داخراوی کران. بۆ ئەوەی هەموو ئەو پارتانەی لە دەوری مێزەکەن بەردەوام بن، بەتایبەتی بەشداری و هاوکاریی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی، جەهەپەمان لە کارەکانی کۆمیسیۆن بە بابەتێکی گرنگ بینی، سوپاسیان دەکەم بە راستی بە جیدی بەشدارییان کرد. سەرەڕای ئەوەی هەندێک جار رۆژی ناخۆشیان لەگەڵ پارتەکەیان هەبوو، بەڵام پشتیوانیی جیدییان لە کۆبوونەوەکان کرد. بابەتێکی دیکە ئەوە بوو، لە مێشکمدا ئەوەم دیاریکرد کە نابێت داواکاریی لاوەکی پارتەکان بێتە رۆژەڤ. دەبینم کە لەمەشدا سەرکەوتوو بووین.
 
هەروەها، بەڵێ گوێ لە مرۆڤەکان دەگرین، بەڵام ئەگەر باسەکە بگەڕایەتەوە سەر پرسی رابردوو، ئەوا داهاتوومان لەدەست دەدا. رێگەمان نەدا باس لە رابردوو بکرێت. لە کۆتاییدا هاوڕێکان ئەوەیان بینی؛ تەنانەت ئەوانەشی نیگەرانییان هەبوو ئەم کۆمیسیۆنە بەردەوام دەبێت یان نا، بینییان لێرە هەموو شتێک بە راستی بە کراوەیی قسەی لەسەر دەکرێت، کەس بە کەس ناڵێت چی. زۆر کەم دۆخێک هەبوو کە گرژی هەبێت یان خەڵک بە دەنگی بەرز قسە لەگەڵ یەکدی بکەن. دوای ئەوەی ئەمانەمان چەسپاند، هەروەها لەو پرەنسیپانەی لە یەکەم کۆبوونەوەدا قبووڵمان کردن، بەتایبەتی بەستنەوەی بڕیاردان لە بابەتە ستراتیژییەکاندا بە "زۆرینەی رەها"ە زۆر گرنگ بوو. رەنگە لە سەرەتاوە هاوڕێکانی ئۆپۆزیسیۆن بیریان لەوە کردبێتەوە کە "ئاکپارتی و مەهەپە کۆدەبنەوە و شتێک لێرە دەردەکەن". تەنانەت پەرلەمانتارێک قسەکانی بە "لێرە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن..." دەستپێکرد، لەبیرمە پێم گوت: "لێرە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن نییە. ئەگەر باسی دەرکردنی یاسا دەکەیت، ئاکپارتی و مەهەپە دەتوانن لە دە خولەکدا لە پەرلەمان یاسایەک دەربکەن. لێرە هەوڵ دەدەین شتێکی دیکە بکەین. لێرە 51 پەرلەمانتار هەن و تۆش وەک یەکێک لە پەرلەمانتارە بەتواناکان هەوڵ بدە تاوەکو کۆمیسیۆنەکە باشترین ئەنجام بەدەست بهێنێت." بە راستی پەرلەمانتارەکانمان لەم رووەوە پشتیوانیی جیدییان کرد. قورس بوو، قۆناخێکی ئاسان نەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا، کارێکمان ئەنجامدا کە بێ هەڵاوێردە هەموو پارتەکان پشتیوانییان لێ کرد.
 
پرسیار: ئایا هیچ کاتێک بێهیوا بوویت؟ بۆ نموونە سەبارەت بە شاندەکانی ئیمراڵی هەموومان نیگەران بووین. ئایا بیرت لەوە کردەوە کە رەنگە هەموو شتێک تێکبچێت؟
 
نوعمان کورتوڵموش: ئەم کارە لە کاره‌کانی ساڵانی 2009 و 2013 یان هەوڵەکانی پێشوو ناچێت. ئەگەر ئەم کارە شکستی هێنا و دیوارەکە رووخا، سیاسەتی مەدەنی لە ژێر ئەو دیوارەدا دەمێنێتەوە و خوا نەخواستە ئەگەر شکستمان هێنا، دەگەڕێینەوە بۆ ئەو رۆژانەی کە پەکەکە دەستی بە کردە تیرۆریستییەکان کرد.
 
پرسیار: بۆچی وا دەڵێیت؟
 
نوعمان کورتوڵموش: لە ژینگەیەکدا کە لە ناوچەکەدا ئەم هەموو ململانێیە هەیە، زۆر دەست هەن کە بەنزین بەم ئاگرەدا بکەن.
 
پرسیار: بەڵام پەکەکە بێهێز بووە و پەرتەوازە بووە. کەواتە چی هانی ئەمە دەدات؟ ئایا کوردەکان دەڕژێنە سەر شەقام؟
 
نوعمان کورتوڵموش: نەخێر، پەکەکە لە یەک رۆژدا دروست نەبووە. پەرتەوازە بوو، بە شەڕ خراوەتە ژێر گوشارەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئاشکرایە کە عەقڵێکی دیکە دەتوانێت پلانێک دابنێت کە زۆر بە ئاسانی شەقامەکان تێکبدات.
 
پرسیار: ئایا ئەمە ئەنجامێکی وەها دروست ناکات؟ ئێمە نامانەوێ ئەنجامی نەرێنی هەبێت، بەڵام تەنانەت ئەگەر رێکخراوەکە چەکیش دانەنێت، ئایا ئەم قۆناخە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە نەبووەتە هۆی بەهێزبوونی بەرەی ناوخۆ؟ واتە ئایا ئێمە ناگەیەنێتە ئەو قۆناخەی کە خەڵکی ناوچەکە تێبگەن ئەو بەهایانەی پەکەکە تاوەکو ئێستا بەرگریی لێ کردوون، شتێک نەبووە بۆ پاراستنی گەلی کورد، بەڵکو تەنیا وەک بەکرێگیراوی ئیسرائیل کاری کردووە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: لە ئێستاوە گەیشتووینەتە ئەو خاڵە. هۆکاری ئەوەی خەڵک بەم شێوەیە بە ئەرێنی سەیری دەکەن ئەوەیە: "بەڵێ، ئێمە کۆتایی بەم کارە دەهێنین، چی دیکە لەم وڵاتەدا چەکەکان قسە ناکەن." بەشێکی زۆری کۆمەڵگە ئەم هەست و راستییەیان وەرگرتووە. تاوەکو وەک بابەتێکی سیاسی یان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ سەیری ئەم کارە نەکرێت، پێموایە ئەنجامەکە زۆر ئەرێنی دەبێت.
 
پرسیار: ئایا توانیمان بەرەی ناوخۆ بەهێز بکەین؟ گوتتان جەهەپە لە دۆخێکی قورسدا چووە نێو ئەم کارانەوە. بۆ نموونە نوعمان کورتوڵموش ئێستا چۆن سەیری دادگاکانی سلیڤری دەکات؟
 
نوعمان کورتوڵموش: لەو بارەیەوە لە راپۆرتەکەدا شتی هاوبەشمان گوتووە. ئێمە ناتوانین بڕیار بدەین دادگاکان چۆن بەردەوام دەبن، بەڵام دواجار راپۆرتە هاوبەشەکە کلیلێکی گرنگە لەبەردەستماندا بۆ بەرزکردنەوەی ستانداردە دیموکراسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان. کاتێکیش ئەمە دەڵێین، ئامانجمان نیشاندانی تورکیایەکە کە تێیدا ستانداردە دیموکراسییەکان بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە و هەموو لایەنەکان و هەموو کەسێک بەرز بێت.
 
پرسیار: کۆمیسیۆنی پەرلەمانت بە شێوەیەکی زۆر جوان و سەرکەوتوو بەڕێوەبرد و ئێستا بەرهەمەکەیمان لە مەیدانەکەدا بینی. ئەگەر ئەم یەکگرتووییە لە پەرلەماندا دروست نەبووایە، لە مەیدانیشدا بەهێزبوونی بەرەی ناوخۆ و تورکیایەکی بێ تیرۆر مەحاڵ دەبوو. ئایا لە کۆتاییدا دەکرێت ئەمە بگۆڕێت بۆ کارکردن لەسەر دەستوور لە رێگەی کۆمیسیۆنێکی هاوشێوەوە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: هەندێک پارتی سیاسی لەبەر ئەوەی نەیاندەویست لە سەرەتاوە باس لە بابەتی دەستوور بکرێت، نەیانویست لە راپۆرتەکەدا بابەتی وەک دەستوور، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، یاسای پارتە سیاسییەکان و یاسای هەڵبژاردن هەبێ. من لە بەشی پێشەکیی راپۆرتەکەدا، لەبەر ئەوەی بابەتی دەستووری نوێ و پەیڕەوی ناوخۆی نوێم بە گرنگ دەبینی، لەگەڵ یاساکانی دیکەدا پێشنیازەکەی خۆمم خستەڕوو. ئێستا جیا لە ناوەڕۆکی ئەم راپۆرتە، لایەنێکی وەها هەیە؛ رەخنە هەبوو کە دەیانگوت "ئیدی پەرلەمان بۆ هیچ ناشێت، پەرلەمان لەم سیستمە نوێیەدا هیچ سوودێکی نییە". نەخێر، پەرلەمان کار دەکات و ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی قورسترین کێشە نیشان دەدات. کارێکی پەرلەمانی هەیە کە ئەمەی نیشانداوە. ئێمە هێزی پەرلەمانمان نیشاندا.
 
پێم وایە چارەسەرکردنی بابەتی دەستوور ئاسانترە. ئەو پارتانەی لێرەدا سازانیان کردووە، دەتوانن گفتوگۆکانی دەستووریش بە پێگەیشتووییەکی دیموکراسییانە ئەنجام بدەن و لە کۆتاییدا دەستوورێکی مەدەنی، دیموکراسی، بەشدارپێکەر و گشتگیر کە تورکیا پێویستییەتی، ئامادە بکرێ. لە کۆتاییدا ئەوەی بڕیار دەدات گەلە. واتە ئەگەر پارتەکان بڵێن "بەڵێ" و زۆرینەی پێویست لە پەرلەمان بەدەست بهێنن، من بڕوام وایە ئەم کارەش بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێت.
 
پرسیار: لە ئەنقەرە باس لەوە دەکرێت کە کارکردن لەسەر دەستوور نەماوە و بۆ دوای هەڵبژاردن جێهێڵدراوە. ئایا تۆ شتی وەهات بیستووە؟
 
نوعمان کورتولمووش: من مەبەست و بۆچوونی خۆم دەڵێم. هێشتا کاتێکی زۆر بۆ هەڵبژاردن ماوە.
 
پرسیار: داواکارییەک هەیە کە دانیشتنەکانی دادگای سلیڤری بە زیندوویی لە کەناڵی تەرەتەوە پەخش بکرێن. بەڕێز باخچەلیش هەفتەی رابردوو گوتی دەرکەوتووە کە ئەم داواکارییانە چەند رەوان. لە وەزیری دادیش پرسیار کرا، ئەویش گوتی "ئەوە ئەرکی پەرلەمانە". لە هەر کەسێک بپرسیت دەڵێت ئەرکی پەرلەمانە. بە بڕوای تۆ، دەبێت بە راستەوخۆ پەخش بکرێن؟
 
نوعمان کورتوڵموش: ئەگەر پەرلەمان و پارتەکان لێرە بڵێن "بەڵێ"...
 
پرسیار: بەڵام نەیانگوت، وایە؟ نە ئاکپارتی و نە مەهەپە نەیانگوت. پەرلەمان دەڵێت بۆ پارتەکان جێهێڵدراوە.
 
نوعمان کورتوڵموش: ئەوەی پێی دەڵێیت پەرلەمان هەر ئەوەیە. مەبەست لە پەرلەمان پارتەکانە. ئەگەر پارتەکان لابدەیت، پەرلەمان دەمێنێت؟
 
پرسیار: ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە؟
 
نوعمان کورتوڵموش: هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە