رووداو دیجیتاڵ
پاسکال کۆنفارڤرۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە پیشکێشکار بێستوون عوسمان لەگەڵی کرد، ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن و هاوتا ئێرانییەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پاریس پەیامێکی "تووند و راستەوخۆ"ی ئاراستەی تاران کردووە.
کۆنفارڤرۆ ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک ماکرۆن داوای لە ئێران کردووە دەستبەجێ بۆردوومانکردنی دراوسێکانی رابگرێت و رێگری لە فراوانبوونی ململانێ ناوچەییەکان بکات. گوتیشی: "بەرپرسیارێتیی سەرەکیی دۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەی بۆ سەر ئەورووپا و جیهان دروست بوون، لە ئەستۆی ئێراندایە." جەختیشی لە پرسی ئازادکردنی دەستبەسەرکراوە فەرەنسییەکان و نیگەرانییەکان لە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران کردەوە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی شەممەی رابردووی نێوان ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا "هاوبەشێکی باوەڕپێکراوی" هەولێر و بەغدایە. کۆنفارڤرۆ هەموو ئەو هێرشانەی سەرکۆنە کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: "سەقامگیریی کوردستان بۆ فەرەنسا ئەولەوییەتە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کۆنفارڤرۆ تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی ئێران و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە دەستیپێکرد. ئەو گوتی: "کورد بەشێکی سەرەکییە لە گەلی ئێران و دەبێت مافەکانیان لە ئێرانی داهاتوودا پارێزراو بێت." سەبارەت بە گۆڕینی رژێمیش، ئاماژەی بەوە کرد کە پاریس لەگەڵ گۆڕانکارییەک نییە لە دەرەوە بسەپێنرێت، بەڵکو ئەوە گەلی ئێرانە کە دەبێت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.
کۆنفارڤرۆ باسی لە ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەی لە دەریای نێوەڕاست کرد بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی فەرەنسی و دڵنیابوونەوە لە ئازادیی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا
رووداو: بەڕێز پاسکال کۆنفارڤرۆ، زۆر سوپاست دەکەم کە لەگەڵمانی.
پاسکال کۆنفارڤرۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا: زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم لەم ئێوارەیەدا. کاتێکی زۆر تێپەڕیوە لە بەهاری رابردووەوە، ساڵێک لەمەوبەر کە لە کۆڕبەندی سلێمانی بینیمیت.
رووداو: دوێنێ سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجامدا. تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو گفتوگۆیە چی بوون و ئەنجامەکەی بە چی گەیشت؟
پاسکال کۆنفارڤرۆ: بەڵێ، هەردوو سەرۆکەکە دوێنێ پەیوەندییان بە یەکترەوە کرد. یەکەم خاڵ، سەرۆک ماکرۆن داوای سەلامەتی و گەڕانەوەی سیسیل کۆلێر و ژاک پاریسی کرد؛ دوو هاووڵاتیی فەرەنسی کە لەو وڵاتەن و بۆ ماوەی زیاتر لە 3 ساڵە لە ئێران دەستبەسەر کراون. دووەم، داوا لە ئێران کرا کە بۆردوومانکردنی دراوسێکانی لە ناوچەکە رابگرێت و رێگری بکات لە مەترسیی فراوانبوونی ناوچەیی ململانێکان. خاڵی سێیەم، پەیوەست بوو بە گۆڕینی هەڵوێست لەسەر پرسی پڕچەککردنی ئەتۆمیی ئێران، بەرنامەی مووشەکی بالیستی و ئەو گرووپانەی کە ئێران لە ناوچەکەدا هەیەتی. ئەمە گفتوگۆیەکی تووند بوو، بەڵام بەسوود بوو بۆ گەیاندنی ئەم پەیامانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە ئێران؛ چونکە با هەڵە نەکەین، بەرپرسیارێتیی سەرەکیی دۆخی ئێستای ناوچەکە لە ئەستۆی ئێرانە و ئەو مەترسی و هەڕەشانەی بۆ سەر ناوچەکە و بە شێوەیەکی فراوانتر بۆ سەر ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستی دەکات.
رووداو: دەربارەی ئەنجامەکەی؟ ئەنجامەکانی چی بوون؟ دەتوانیت پێمان بڵێیت؟
پاسکال کۆنفارڤرۆ: ئەنجامەکە هەر ئەو خاڵانە بوون کە کەمێک پێش ئێستا باسم کردن، کە زۆر بە گرنگییەوە داوا لە ئێران کرا کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات. ئەم بارودۆخە دەکرێت بە راستی ببێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی زۆر بەهێزی وڵاتانی دیکە، بۆ نموونە وەک لوبنان، کە تێیدا حیزبوڵڵا رێگەی پەرەپێدانی گرژییەکانی هەڵبژارد و بڕیاری دا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەمەش دەکرێت لێکەوتەی زۆر سەختی بۆ لوبنان هەبێت. بۆیە هەرچەندە ئەم جەنگ و ململانێیە درێژە بکێشێت، مەترسیی زۆرتر بۆ سەر وڵاتانی دیکە دروست دەکات.
رووداو: سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن لەم دواییانەدا لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانیش پەیوەندی تەلەفۆنییان هەبوو. گرنگترین ئەو بابەتانە چی بوون کە باسیان کرد لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا؟ هەروەها فەرەنسا لەم بارودۆخەی ئێستای ناوچەکەدا دەتوانێت چی رۆڵێک ببینێت بۆ هەولێر؟
پاسکال کۆنفارڤرۆ: بەڵێ، شەممەی رابردوو 7ی ئادار قسەیان کرد. سەرۆک ماکرۆن پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرۆکی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی هەیە، کە چەندین جار چاوی پێی کەوتووە، هەروەها وەزیری دەرەوە ژان نوێل بارۆ، تەنیا چەند هەفتەیەک پێش ئێستا لە هەولێر بوو. ئەوان لە راستیدا رێککەوتن لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێیەکان بۆ ناوچەکە. بێگومان سەقامگیریی کوردستان بۆ فەرەنسا و ئاسایشی وڵاتەکەمان لە گرنگترین کارەکانە. ئەمە نیشاندانی هاوسۆزییە، چونکە فەرەنسا هاوبەشێکی باوەڕپێکراوە بۆ عێراق و لەناو عێراقیشدا بۆ کوردستانی ئۆتۆنۆمی.
رووداو: هەرێمی کوردستان لەم ململانێیەی کە ئێستا هەیە بێلایەنی خۆی راگەیاندووە، کەچی هێشتا لە لایەن بەشێک لە گرووپەکانی ناوخۆی عێراقەوە هێرشی دەکرێتە سەر. هەڵوێستی فەرەنسا بەرامبەر ئەم هێرشانە چییە؟
پاسکال کۆنفارڤرۆ: خاڵی لەپێشینەی ئێمە هێورکردنەوەی دۆخەکەیە. درێژەکێشانی بێ کۆتایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هەڕەشەیەکی گەورە دروست دەکات. بۆیە ئێمە هەموو ئەو هێرشە بێ پاساوانە سەرکۆنە دەکەین کە روودەدەن و هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەن.
رووداو: فەرەنسا چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات؟ ئایا پاریس گۆڕینی رژێم لە ئێران وەک یەکێک لە بژاردەکان دەبینێت؟
پاسکال کۆنفارڤرۆ: گۆڕینی رژێم کاتێک لە دەرەوە بێت، لە مێژووی نوێدا ئەنجامی زۆر خراپی نیشانداوە، پێویست ناکات ناوی هەندێک وڵات بهێنم، بەڵام هەمووان دەیزانن. بۆیە دەبێت گەلی ئێران خۆیان رێگەی خۆیان هەڵبژێرن. دەبێت ئێران بە شێوەیەکی دراماتیک هەڵوێستی خۆی و ئەو هەڕەشانەی بۆ سەر ناوچەکە دروستی دەکات، بگۆڕێت. ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان بڕیاریان دا هەندێک هێرش بکەن، کە لە دەرەوەی یاسای نێودەوڵەتی بوون، ئەمە شتێک نییە کە ئێمە پشتگیریی بکەین. بەڵام با ئەوەش لەبیر نەکەین کە خاڵی لەپێشینەی یەکەم لە رژێمی ئێران و ئەو هەڕەشە بێ پاساوانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بۆ تەواوی ناوچەکە دروستی کردووە. ئێستا ئەوەی دەمانەوێت بیکەین، پاراستنی هاووڵاتیانمانە لە ناوچەکە؛ ئێمە 400,000 هاووڵاتیی فەرەنسیمان لەو وڵاتانەدا هەیە کە تێوەگلاون لەم دۆخەدا. دووەم، دەمانەوێت ئەو هاوبەشە باوەڕپێکراوە بین کە بۆ هاوپەیمانەکانمان هەبووین. بۆیە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرمان بۆ رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست ناردووە، هەروەها کەشتییەکی تێکشکێنەریشمان بۆ کەناراوەکانی قوبرس ناردووە (کە ئەمڕۆ سەرۆک ماکرۆن لە قوبرس بوو و پاشان چوو بۆ سەر کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە). ئامانجێکی دیکەشمان پاراستنی ئازادیی کەشتیوانییە لە تەنگەی هورمز و ناوچەکە تاوەکو ئابوورییەکانمان بپارێزین کە ئەمە زۆر گرنگە.
رووداو: کورد بەشێکی گەورەی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنێت، بێگومان لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکە. لە روانگەی فەرەنساوە داهاتووی ئێران دەبێت چۆن بێت بۆ ئەوەی مافی هەموو گەل و هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی تێدا پارێزراو بێت؟
پاسکال کۆنفارڤرۆ: بێگومان مافی هەموو گرووپە جیاوازەکان دەبێت بە شێوەیەکی گشتگیر بپارێزرێت، کوردەکانیش لە نێویاندا. بەڵام ئەمە ئێرانییەکانن بڕیار دەدەن کە چۆن بێت و چۆن بیکەن. لەبیرمە دەستپێکردنی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی 2022دا دوای ژینا ئەمینی بوو، کە لە راستییدا کورد بوو. بۆیە گەلی کورد بەشێکی سەرەکییە لە گەلی ئێران و دەبێت مافەکانیان لە ئێرانی داهاتوودا بپارێزرێت و رێزی لێ بگیرێت. بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، بڕیارەکە لای ئێرانییەکانە.
رووداو: ئایا پێتان وایە پەیڕەوکردنی سیستمی فیدراڵی دەبێتە هۆی دابینکردنی ماف و نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران؟ ئایا فەرەنسا پێی وایە مۆدێلێکی بەو شێوەیە دەکرێت بەشێک بێت لە چارەسەری سیاسی بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە؟
پاسکال کۆنفارڤرۆ: ئەوە کاری ئێمە نییە بیڵێین. ئەوە گەلی ئێرانە کە رژێمەکەی هەڵدەبژێرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمدا روویدا کاتێک حکومەت ئەو تووندوتیژییە بێ پاساو و زۆر بەهێزە دژی گەلی خۆی کرد. بۆیە ئەوە ئێرانییەکان بڕیار دەدەن، بەڵام بێگومان دەبێت کوردەکان مافە سیاسییەکانیان پارێزراو بێت و رێزی لێ بگیرێت.
رووداو: زۆر زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز پاسکال کۆنفارڤرۆ، کە لە پاریسەوە لەگەڵمان بوویت.
پاسکال کۆنفارڤرۆ: سوپاس، سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم و هیوادارم بەم زووانە بتانبینمەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ