شەونم بەرزنجی : چالاکی لێدانی پارێزگار بەهاوبەشیی پارتی و کۆمەڵە بوو

04-01-2020
رووداو @Rudawkurdish
شەونم بەرزنجی
شەونم بەرزنجی
نیشانەکردن پەنجەمۆر مستەفا بارزانی
A+ A-
رووداو-سلێمانی
 
شەونم بەرزنجی سەرۆکی پێشووی لقی سلێمانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ساڵی 1948 لە دایکبووە و پیشەی پەرستاریە. دەیان پێشمەرگەی لە مردن رزگار کردووە و چەندینجار لە نزیکەوە  مەلا مستەفا و کاک ئیدریس بارزانی بینیوە، بیرەوەری لە زۆربەی رووداوەکانی ئەو سەردەمەدا هەیە و تێیدا بەشداربووە.
 
پارتی و کۆمەڵە پێکەوە تەقەیان لە پارێزگاری سلێمانی کرد
 
 
لە تەقەکردن لە پارێزگاری سلێمانی لەساڵی 1976 برایەکی دەستگیر دەکرێت و لەسێدارە دەدرێت. چیرۆکی ئەو رووداوە بەشێوەی جۆراوجۆر باسکراوە. شەونم بەرزنجی لە هەڤپەیڤینەکەدا بەوردی باسی چۆنیەتی رووداوەکە دەکات و لەبەشێکیدا دەڵێت: "بە ئۆتۆمبێلی براکەی من (نەسرەدین نەجمەدین) تەقە لە پارێزگاری سلێمانی کرابوو. لەبارەی رووداوەکە دوای ئەوەی دەستگیرکراین، من قسەم لەگەڵ جوانەمەرگەی برام و ئیسماعیل قاسم کرد لێم پرسین ئەو پرسە چۆن بووە؟ گوتی ئەمە هەماهەنگییەک بوو لەنێوان ئێمە و کۆمەڵە ئەم هەماهەنگییە کرا کە بە هەردوولا ئێمە ئەو کارە بکەین. تەقەمان لە پارێزگار کردووە و بەشداربووین لە کوشتنی ساڵح عانێ کە دواتر لەسەر ئەو پرسە براکەم لەسێدارەدرا".
 
مەلا مستەفا بارزانی جیاوازی لەنێوان پێشمەرگە بریندار و دیلە عەرەبەکان نەدەکرد
 
 
لەبەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا شەونم بەرزنجی باسی بیرەوەرییەکی خۆی لەگەڵ مەلامستەفا بارزانی دەکات لە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دیلێکی سوپای عێراق.
 
شەونم بەرزنجی چیرۆکەکە بەوشێوەیە دەگێڕێتەوە: بە سوتفە لەو نەخۆشخانەیە کارم دەکرد (کەوەرتێ)، کاری پەرستاریم دەکرد و خزمەتی پێشمەرگەشم دەکرد لەڕووی دەرمانەوە. شەڕی کۆڕەک و کۆڕەس بوو، شەڕێکی بەهێزبوو، لەوکاتەدا جەنابی بارزانی هات، ئەوەی لەبیرم بێ سەنگەرێکی پێشمەرگە گیرابوو لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی بەغداوە کە سوپای سووریاشیان لەگەڵ بوو، کە ئەو سەنگەرە گیرابوو ترسێک نیشتبوو، ئێوارەیەکی درەنگی رەمەزان بوو، کە جەنابی بارزانی هاتە نەخۆشخانەی کەوەرتێ پێشمەرگەیەک هاتە دوام و گوتی خوشکە شەونم جەنابی سەرۆک بارزانی هاتووە. بەپەلە رۆشتمە خوارەوە سەیرمکرد جەنابی لەوێیە. بەخێرهاتنم کرد و ئەویش زۆری پێخۆشبوو گوتی کچم ناترسی؟ گوتم لەچی بترسم؟ من پێشمەرگەم هاتووم بۆ پێشمەرگایەتی بەهیچ شێوەیەک ترس لە دڵی مندا نییە. لەوکاتەدا ئەفسەرێکی عەرەب گیرابوو و برینداربوو. سەری لە هەموو پێشمەرگەکان دا و پێشمەرگەکان سوپاسی منیان کرد کە خزمەتمان دەکات و یارمەتیمان دەدات. ئەفسەرە عەرەبەکە سکاڵای لەمن کرد و گوتی ئەمە زۆر سوکایەتیم پێدەکات. 
 
جەنابی بارزانی سەیریکردم گوتی بۆ؟ گوتم ئەزبەنی بڕوابکە لە شێخی کوردەوە پێدا دێت تاوەکو دوایین کەسی کورد بە قسەی ناشیرین و تەشهیر بە گەلەکەمان. سەیرێکی دیکەی کردم و بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی کچم با شتێکی دیکەشت پێبڵێم تۆ خۆت بخەرە جێگای ئەو، نە دایک نە خوشک نە برا نە باوک نە خزم نە کەسوکار، کوردیش نازانێ زمانەکەی زمانی عەرەبە خۆ ئێمە دژی عەرەب نین، ئێمە دژی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانین. گوتم ئەزبەنی بڕوات بێت دوای چەندجار واملێهاتووە دەرزییەکی لێبەم بیکوژم، گوتی، پیاوکوژیشی؟ گوتم ئەوەندە سووکایەتیمان پێدەکات بەڕاستی بێزاربووم لێی. گوتی نا کچم تۆ دەبێت بەخشندەبیت و دڵت فراوان بێت ئەمە بریندارە و کەسی نییە و لەبەردەستی تۆدا کەوتووە و تۆدەبێت چەند جنێو بدات و چەند قسەش بڵێت نابێت بیگریتەدڵ.
 
منیش کە سەیری ئەو رەوشتە جوانە بەرزەمکرد کە دووژمنێک لەبەردەستدا بکەوێت ئاوا هەڵسوکەوتی بەرامبەر بکەی، بیرمکردەوە ئەگەر پێشمەرگە لەبەردەم بەرپرسێکی عەرەب بکەوێت ئاوا رەفتاری لەگەڵ دەکرێت؟ نەخێر. یەکی 50 دیناری دانا بۆ پێشمەرگەکان و 50 دیناریشی بۆ ئەو ئەفسەرە عەرەبە دانا. ئەوە شتێکی زۆر جوان و گەورە بوو کە لە جەنابی بارزانی بینیم. کە هاتیشە سەرەوە بۆلای ئێمە سێ پاسەوانی لەگەڵدابوو، نزیکی بانگ بوو ئێمە نیسکێنەمان لێنابوو ئیفتارەکەی لەگەڵ ئێمە کردەوە و پاسەوانەکەشی لەگەڵ خۆی ئیفتاری کردەوە. ئێستا شتی وا هەیە؟ ئەو گەورەییە هەیە لەنێو بەرپرسانی ئێمە؟ 
 
شەونم بەرزنجی باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ لەیلا قاسم دەکات

 

لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا شەونم بەرزنجی باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ لەیلا قاسم دەکات و باسی ئەو مەترسییە دەکات کە لەیلا قاسم هەیبووە لەسەر کەسێک وەکو سیخوڕ و دواتریش گومانەکەی راست دەردەچێت.

شەونم بەرزنجی دەڵێت، کاتێک باڵی مەکتەبی سیاسی جیابوونەوە، ئێمە 200 کەس دەبووین بە ئافرەت و پیاوەوە توانیمان برەو بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بدەین هەم لەژێر سانسۆری نێوخۆیی کوردی و هەم لەژێر سانسۆری حیزبی بەعس، بەڵام کە چووینە دەرەوە من و خوشکەکەم بەناوی شەبۆ نەجمەدین و سەبری مام مەحموود و خوشکەکەی لەسەر داوای جەنابی کاک ئیدریس چووینە سەرەوە، هەرچەند لقی 4 ئەوکاتە خوالێخۆشبوو قادر جەباری و عەبدولی سیروان زۆر هەوڵیاندا بگەڕێینەوە بۆ لقی 4 لە پێنجوێن، بەڵام ئێمە نەگەڕاینەوە، سەرکردایەتی رێگەی نەدا بگەڕێینەوە.

شەونم بەرزنجی دەشڵێت، بارەگای ئافرەتانمان لە قەیماسان بوو، یەکەمجار چووینە قەیماسان و دوایی چوینە قەسری سەلام، لەوێ هونەرمەندان، مامۆستایان، قوتابیان، لاوان و ئافرەتان هەمووی لە قەسری سەلام کۆببووینەوە، لەنێو ئەوانەی بەغداش خوالێخۆشبوو لەیلا قاسممان لەگەڵ بوو، تا ئەو کاتەشی لەیلا قاسم لەلایەن جەنابی کاک ئیدریس لەگەڵ هاوڕێکانی ناردنیەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی دەست بە رێکخستنەکان بکەنەوە، عەسرێکی درەنگ بوو لەیلا لەبەردەمی پەنجەرەکە وەستابوو، زۆر نیگەران دیاربوو لە کاتێکدا خۆی کەسێکی زۆر دەم بە پێکەنین و رووخۆش بوو، گوتم لەیلا بۆچی بێ تاقەت دیاری؟ گوتی نازانم شتێکت پێ بڵێم یان پێت نەڵێم؟ گوتم بڵێ جا شتی شاراوە لەنێوان من و تۆدا هەیە؟ گوتی کەسێکمان لەگەڵدایە دایکی عەرەبە دەترسم ئێمە بچینە بەغدا لەوێ تووشی بەزمێک ببین و بەگرتنمان بدات. منیش پێمگوت ئەو مەترسییەی خۆت لای جەنابی کاک ئیدریس باس بکات و بڵێ گومانم لە فڵانە کەس هەیە، من ناوەکەی ناڵێم کێ ناڵێ ئێستا بەرپرسێکی باڵا نییە. گوتی هەرچەند دەکەم بوێری ئەوە ناکەم بچم ئەوە بڵێم نەوەکو پێمان بڵێت دەترسن و ترسنۆکن لەبەر وشەی ترسنۆکەکە ناتوانم بۆیە هەرچییەک رووبدات دەڕۆم. ئیتر ئەوەبوو خوالێخۆشبوو چوو بۆ بەغدا دواتر قسەکەی راست دەرچوو، بەداخەوە ئەوە دەڵێم ئەوەی خیانەتی کرد و خەڵکی بەکوشتدا و ستەمی لەو میللەتەکرد دەبینم هەمووی شتی باشی بەدەستەوەیە و کاربەدەستە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە