رووداو دیجیتاڵ
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بە رووداوی راگەیاند، قۆناخێکی نوێ لە سووریا دەستی پێکردووە و لە کاتێکی زۆر نزیکدا لە دیمەشق کۆبوونەوەیەک لە بەرزترین ئاستدا بە ئامادەبوونی ئەمریکا وەک گەرەنتیکار دەکرێت.
عەبدولکەریم عومەر هەروەها "موژدەی جێبەجێکردنی هەندێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی 10ی ئازار"ی دایە گەلی سووریا.
عەبدولکەریم عومەر ئاشکرای کرد، سێ فیرقە و دوو لیوای تایبەتی (هەسەدە) (لە نێویاندا یەپەژە و دژە تیرۆر) دەچنە سەر وەزارەتی بەرگری، بەڵام ئەم هێزانە لە ناوچەکانی خۆیان، واتە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە و پارێزگاری لە ناوچەکە دەکەن و هیچ گرووپێکی دیکەی سوپای سووریا ناچێتە ناوچەکانی ئەوانەوە.
عەبدولکەریم عومەر هەروەها جەختی کردەوە، رادەستکردنی دامەزراوەکان لە ئارادا نییە، بەڵکو "پڕۆسەیەکی هاوبەش و هاوکاری" لە نێوان بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق دەست پێدەکات. عەبدولکەریم عومەر وردەکاری ئەو پێشنیازانەی کە دیمەشق بۆی ناردوون و وەڵامەکانی ئەوانیشی بۆ رووداو ئاشکرا کرد.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدولکەریم عومەر:
رووداو: لە رێککەوتنی 10ی ئادارەوە دەستپێدەکەم. ئێمە چووینەتە ناو ساڵی نوێوە، دەزانیت ئەم بابەتە لەسەر ئاستی سیاسی و لەسەر ئاستی شەقامی کوردی جێی بایەخە و لە سووریاش بە هەمان شێوەیە. ئایا دەتوانین بڵێین جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە نزیک بووەتەوە؟
عەبدولکەریم عومەر: جارێکی دیکە زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ میوانی ئێوەم. دەتوانین بڵێین لە راستیدا زۆر زەحمەتی و ئاستەنگ لە بەردەمیدا هەن. بەڵام بە گشتی دەتوانم بڵێم لە ساڵی نوێدا و دوای دواخستنی ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیار بوو لە 29ی ئەم مانگەدا بکرێت بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و بابەتە تەکنیکییەکان و بارینی بەفر، ئەو کۆبوونەوەیە دواخرا. بڕوام وایە لە کاتێکی زۆر نزیکدا کۆبوونەوەیەک لە ئاستێکی زۆر بەرزدا لە دیمەشق ساز دەکرێت، بە ئامادەبوونی لایەنی گەرەنتیکەری ئەمریکی. بڕوام وایە و جارێکی دیکە هیوادارم لەم کۆبوونەوە نوێیەدا، رەنگە هەندێک خاڵی سەرەکی رێککەوتنی 10ی ئازار جێبەجێ بکرێن. چونکە لە 7ی تشرینی یەکەم ئەو کۆبوونەوەیەی لە دیمەشق کرا بە ئامادەبوونی بەڕێز مەزڵووم عەبدی و سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و بە ئامادەبوونی براد کووپەر و تۆم باراک، رێککەوتنێک کرابوو بۆ چوونی هێزە سەربازییەکانمان و هێزە ناوخۆییەکانمان بۆ نێو وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆی سووریا. لەوێشدا هەندێک کۆبوونەوە کرابوون و ئێمە و دیمەشق هەندێک پێشنیازی خۆمان لە رێگەی ئەمریکییەکانەوە گۆڕیبووەوە، واتە ئەو پێشنیازانەی دابوومانە یەکتر بڕوام وایە بۆ ئامادەکاری ئەم کۆبوونەوە نوێیەیە کە ساز دەکرێت. چونکە دەتوانین لەم کۆبوونەوەیەدا هەندێک خاڵی جێبەجێ بکەین. بۆیە من هیوادارم پرسی سەربازی و تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە وەزارەتی بەرگریی سووریا و تێکەڵبوونی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنیمان لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا، و رەنگە بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە بەرهەمی نەوت وەک پەتڕۆڵ و گاز و دەروازە سنوورییەکان، هەندێک بابەتی دیکە هەن رەنگە گەنگەشەی جیدییان لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین جێبەجێیان بکەین.
چونکە بە ڕاستی لە 10ی ئازارەوە تائێستا هیچ دیالۆگێکی جیدی نەکراوە بۆ جێبەجێکردنی مافێک یان بڕگەیەک لە بڕگەکانی رێککەوتنی 10ی ئازار. بە راستی ئەوەی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت حکومەتی کاتییە بەهۆی زۆر هۆکارەوە. یەکێک لەوانە رەنگە دەستێوەردانی دەوڵەتی تورکیا بێت. چونکە هەر جارێک کۆبوونەوەیەک لە ئاستێکی بەرزدا دەکرا، هەر جارێک ئێمە پێشنیازمان ئاڵوگۆڕ دەکرد، شاندی باڵا لە ئەنقەرەوە دەهاتن بۆ سەردانی دیمەشق و هەندێک جار شاند لە دیمەشقەوە دەچوون بۆ ئەنقەرە و دیالۆگیان دەکرد و بابەتەکەش هەر رێککەوتنی 10ی ئازار بوو. بۆیە من وای دەبینم سەرەتای ئەم ساڵە ئەگەری هەیە موژدەیەک بدەینە میللەتی خۆمان، دەتوانین هەندێک لە بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکەین. چونکە بە راستی پێویستییەکی زۆری پێیەتی. چونکە ئەو قسە نەشیاوانە و ئەو گوتارە رقاوییانەی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی؛ بە راستی بووەتە جێی مەترسی، چونکە هەموو شەڕە نێوخۆییەکان لە جیهاندا بنەماکەی مەسەلەی میدیا و مەسەلەی گوتاری رق بووە. بۆ ئەوەش دەڵێین کە ئەم موژدەیە بدەینە میللەتی خۆمان وەک گەلی کورد و وەک تەواوی خەڵکی سووریا و، هەندێک ئاسوودەیی لای خەڵکی سووریا دروست دەبێت. چونکە بە راستی گەیشتووینەتە ئەو ئاستەی کە ئیتر بووەتە جێی مەترسی.
رووداو: تۆ ئەم موژدەیە دەدەیتە گەلی ئێمە، ئایا زۆر نزیکە؟ لە رۆژانی داهاتوودایە؟ گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوبەرایەتیی خۆسەریش گوتبووی لەم چەند رۆژەدایە، راستە؟
عەبدولکەریم عومەر: راستە، واتە لە کاتێکی نزیکدا، پێشتر ئاماژەم پێدا، دوای دواخستنی ئەو کۆبوونەوەیەی 29ی مانگ، گوتم لە کاتێکی نزیکدا دەکرێت، چونکە ئەو دواخستنە هۆکارەکانی سیاسی نەبوون، ئەو دواخستنەی کە روویدا لە هەمان کاتدا واتە بەڵێنێکی دیکە درابوو، نامەوێت ئێستا ئەو بەڵێنە رابگەیێنم چونکە نازانین چی بەسەر دێت. بەڵام لە کاتێکی زۆر نزیکدا کۆبوونەوەیەک لە بەرزترین ئاستدا دەکرێت و گرنگتر لەو کۆبوونەوەیە رەنگە لەو کۆبوونەوەیەدا هەندێک بڕیار وەربگیرێن، هەندێک بڕگەی رێککەوتنی 10ی ئازار جێبەجێ بکرێن. بە راستی جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە ئەوە موژدەیەکە لە پێناو تەواوی خەڵکی سووریادا. چونکە ئەو رۆژەی رێککەوتنەکە واژۆ کرا، 10ی ئازار، بینیمان تەواوی خەڵکی سووریا زۆر دڵخۆش بوون بەو رێککەوتنە، نەک تەنیا لە رۆژئاوای سووریا، بەڵکو لە تەواوی شارەکانی سووریا. چونکە بە راستی خەڵکی سووریا لە دۆخی شەڕ زۆر ماندوو بوون و پێویستی دروست بووە کە هەندێک ئاسوودەیی لای خەڵکی سووریا دروست بێت. ئێستاش تێڕوانینی میللەتی سووریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەبینن کلیلی گۆڕانکاری لە ناوخۆی سووریادایە و کلیلی ئەوەی ئەم هەنگاوە تاکڕەوانەی کە ئەم حکومەتە وەریاندەگرێت لە سەرەتای گۆڕانکارییەوە تائێستا، کە دەیەوێت بە تەنیا سووریا بەڕێوە ببات و دەیەوێت جارێکی دیکە بە شێوازێکی مەرکەزی سووریا بەڕێوە ببات و ئەوەی خەڵکی سووریا هەرگیز قبووڵی ناکەن. چونکە ئەو قەیرانەی سووریا 10 ساڵە پێیدا تێدەپەڕێت و شەڕی ناوخۆیی 14 ساڵە، بەهۆی ئەو سیستەمە داخراوە ناوەندییەوە بوو کە حیزبی بەعس و ئەسەد حوکمی سووریایان دەکرد، ئەوە بووە هۆی ئەم کێشانە. بۆیە مەحاڵە جارێکی دیکە ئەم مەسەلەیە دووبارە بکەینەوە. چونکە دووبارەکردنەوەی ناوەندیی بوون واتە دووبارەکردنەوەی رژێمێکی دیکتاتۆر، ستەمکار و ئەوەی بنەماکەی ئیسلامی رادیکاڵ بێت، ئەوەی خەڵکی سووریا هەرگیز قبووڵی ناکەن. بۆیە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی سووریاش دەبینن کلیلی گۆڕانکاری و ئەوەی ئەم تاکڕەوییە دەیانەوێت لە رێگەیەوە حوکمی سووریا بکەن دەیشکێنن و ئەو مەرکەزی بوونەی دەیانەوێت وەک شێوازی سیستەمی حوکمڕانی بیکەن، ئەویش دەشکێنن. هەندێک ئاسوودەیی بۆ خەڵکی سووریا دروست دەبێت. ئەم یەکڕەنگی و شێوازە مەرکەزییەی دەیانەوێت سووریای پێ حوکم بکەن بوونە هۆی کۆمەڵکوژییەکانی سووریا.
رووداو: باسی رووداوەکانی سوەیدات کرد و هەروەها ناوچەی کەناراوەکان، ناوچەی عەلەوییەکان. دوای ئەو رووداوانە ئایا دیمەشق و ئەمریکا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت سیستەمی حوکمڕانی لە سووریا فیدراڵی بێت یان ناوەندی بێت؟
عەبدولکەریم عومەر: ئێستا شتێک هەیە پێویستە بیڵێم. گرنگترین شت بۆ تەواوی خەڵکی سووریا، رووخانی رژێمی بەعس و رژێمی ئەسەد بوو. واتە هیچ هیوا و بڕوا و ئارامییەک نەبوو کە هیچ گۆڕانکارییەک لەو رژێمەدا دروست بێت. ئەوە لە دوای خۆمان جێما. ئێستا ئێمە وەک خەڵکی سووریا لە قۆناخی راگوزەرداین، زۆر ئاستەنگ و ناخۆشیی تێدایە و قۆناخی راگوزەر لە تەواوی جیهاندا بە زەحمەتی تێدەپەڕێندرێت. بۆیە دەمەوێت بڵێم دەرفەتێک، هەلێک هاتووە بۆ تەواوی خەڵکی سووریا کە بتوانن رێکبکەون. چونکە بەم شێوەیەی کە هەبوو مەحاڵە جارێکی دیکە حوکمی سووریا بکرێت. ئێستا دەوڵەتێکی وەک سووریا، دوای 60 ساڵ لە ستەمکاری، دوای 14 ساڵ شەڕی ناوخۆ، دوای ئەوەی گۆڕانکاری روویدا، دەبێت نەک بەم شێوەیەی کە پێشتر دەکرا، دەبێت ئەو هێزە سەرەکییانەی سەر زەوی، نوێنەری پێکهاتەکانی سووریا لەسەر مێزێک دابنیشن و دەبێت لەوێدا رێکبکەون لەسەر ناسنامەی دەوڵەت، لەسەر شێوەی حوکمڕانی ئایا ناوەندی بێت یان ناناوەندی بێت و بەپێی ئەم پرەنسیپە بنەڕەتییانە رێککەوتن بکرایە. دەبوو دوای ئەوە لیژنەیەکی پسپۆڕ هەڵبژێردرایە بۆ نووسینەوە و راگەیاندنی دەستوور و، ئەو رەشنووسەی دەبوو لە رێگەی کۆنگرەیەکی نەتەوەییەوە کە هەموو پێکهاتەکانی سووریا و نوێنەری پێکهاتەکان، نەک وەک ئەو کۆنگرەیەی ئەوان سازیان کردبوو، وەک ئەو کۆنگرەیەی لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد دا سازی دەکرد، دەبوو کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کە تەواوی خەڵکی سووریا تێیدا بەشدار بێت، لەوێدا دەبوو پەسەند بکرایە و پاشان حکومەتێکی کاتی راگوزەر دابمەزرایە لە هەموو پێکهاتەکانی سووریا. ئەو حکومەتە دەبوو ئەم پڕۆسەی گواستنەوە و کاتییە بەڕێوە ببات و ئامادەکاری هەڵبژاردن بکات و دەستوورێکی سووریا دابنرێت. بەڵام بەو شێوەیەی ئەوان کردیان، ئاسوودەیی لە سووریا دروست نابێت. ئێستا دەمەوێت شتێک بڵێم: ئەم گۆڕانکارییەی لە سووریا روویدا، لە سەرەتادا بینیمان تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت دوای سەردانی ترەمپ بۆ ریاز و دوای کۆبوونەوەی ئەو لەگەڵ بەڕێز شەرع روویدا، تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر پشتگیری ئەم حکومەتە کاتییەیان کرد. هۆکارەکەی چی بوو؟ هۆکارەکەی لەبەر ئەم پڕۆسەیەیە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت، دیزاینکردنێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست دەبێت دوای "تۆفانی ئەقسا". ئەم شتەی لە سووریا روویدا، گرنگترین شت بوو بۆ ئەو دیزاینکردنە نوێیە. چونکە سووریا وەک دەوڵەتێک لە پێگەیەکی جیۆسیاسی زۆر گرنگدایە، بۆ چەندین دەیەی بەشێک بوو لەو بلۆکە سۆسیالیستییەی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت، دوای پەیوەندی لەگەڵ رووسیا، لەگەڵ چین، لەگەڵ ئێران، پەیوەندی لەگەڵ حیزبوڵڵا و هەموو هەڵوێستەکانی دژی ئیمپریالیزم و ئیسرائیل. لە شەو و رۆژێکدا ئەو حکومەتە، ئەو دەوڵەتە کەوتە دۆخێکی نوێوە.
کەوتە دۆخێکەوە کە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ناتۆ، لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو، لە ئاستێکی زۆر بەرز لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت، تەنانەت چوونە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. هەروەها کەوتە ناو دیالۆگێک لەگەڵ ئیسرائیل. ئەم دۆخەی لە سووریا روویدا زۆر گرنگ بوو بۆ رۆژئاوا، بۆیە پشتگیرییان کرد. بەڵام لای ئەوان زۆر گرنگە ئەم دۆخەی دروست بووە سەقامگیر بێت. بەو شێوەیەی کە دەستەی تەحریری شام ئێستا دەیەوێت سووریا حوکم بکات، بەم شێوە ناوەندییە، سەقامگیری لە سووریا دروست نابێت. شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت. کۆمەڵکوژی لە کەناراوەکان روویدا، کۆمەڵکوژی لە سوەیدا روویدا، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت مەحاڵە شەڕێکی فراوان لە ناو گەلدا دروست نەبێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیشتە ئەو بڕیارەی بەم شێوەیە مەحاڵە بەردەوام بێت. بۆیەش دوای دۆخی کەناراوەکان و دۆخی سوەیدا، بینیمان بڕیارێک و راگەیێندراوێک لە ئاستێکی بەرز لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچوو. ترەمپ و تۆم باراک هەڵوێستی خۆیان گۆڕی، کۆمەڵەی عەرەبی هەڵوێستی خۆی گۆڕی. واتە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئێمەش لە دیمەشق هەموو کەس دەبینین، هەموو دەوڵەتان دەبینین، هەموو باڵیۆزەکان کە دێنە دیمەشق و شاندە دیپلۆماسییەکان دەیانبینین. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیشتە ئەو بڕیارەی مەحاڵە سەقامگیری لە سووریا دروست بێت بەم شێوەیە. لەسەر ئەو بنەمایەش پێشتر وتم، کلیلی ئەوە ئێستا دروست بووە کە رێککەوتنی 10ی ئازارە و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە هەموو ئەم کێشانە دەشکێنێت.
رووداو: دوای ئەو رووداوانەی لە کەناراوەکان روویاندا، هەروەها لە باشووری سووریا و کۆبوونەوەکانی ئێوەش لەگەڵ دەوڵەتان، دەبینن سووریا بەرەو چ حوکمڕانییەک دەچێت؟ بەرەو فیدراڵی دەچێت، یان ناوەندی؟
عەبدولکەریم عومەر: ئێمە وەک بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر و تەواوی خەڵکی سووریاش زیاتر باسی ناناوەندیبوون دەکەین. ناناوەندیبوونیش ئەو ناناوەندییەی کە ئێمە وەک خەڵکی سووریا دەتوانین تێیدا رێکبکەوین. ئێستا خەڵکی ئێمە لە سوەیدا و دوای ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەی بەرامبەر خەڵکی ئێمەی دروز روویدا، بەداخەوە هیچ رێگەیەکیان لە بەردەم نەما، دەستیان بۆ هەموو کەس درێژ کرد و داوای سەربەخۆییەکیان کرد. ئەوەتا خەڵکی ئێمەی عەلەویش ئێستا باسی فیدراڵییەکی سیاسی دەکەن. ئێمە باسی ناناوەندیبوون دەکەین. واتە ئەو ناناوەندییەی دەڵێین لە رێککەوتنی 10ی ئازاریشدا ئاماژەی پێدرابوو، بۆ نموونە مافی کورد، بۆ نموونە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە ناو ئەم قۆناخی راگوزەرەدا، بۆ نموونە ناناوەندیبوون. ئەو ناناوەندییەی دەڵێین دەبێت دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی هەموو سامانە نیشتمانییەکان و دەسەڵاتی نێوان ناوخۆ و دەرەوە لەخۆ بگرێت. دەبێت ئێمە لەسەر یەک رێکبکەوین. ئێستا نموونەی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دامەزراوە بە راستی نموونەیەکی زۆر باشە کە ببێتە نموونە بۆ تەواوی سووریا. بەڵام گرنگ ناوەکە نییە بەڵکو ناوەرۆکی ئەو ناناوەندیبوونەیە و ئەوە بنەمایە. لەم بابەتەدا ئێمە وەک خەڵکی سووریا لەسەر چی رێکبکەوین، کێشەمان نییە.
رووداو: ئایا دانوستاندن دەستیپێکردووە لە نێوان ئێوە و دیمەشق، شاندی دانوستاندنکار و دیمەشق لەسەر پرسی دەستوور و هەروەها سیستەمی بەڕێوەبردنی سووریا، دەستیان بە دانوستاندن کردووە؟
عەبدولکەریم عومەر: بابەتی هەرە سەرەکی کە گەنگەشەی لەسەر دەکەین ئەوەیە. خۆی ئەو کۆبوونەوانەی لە نێوانماندا کراون، ئەوەی لە نێوان جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی و شەرع کراوە، ئەو کۆبوونەوەیەی لە نێوان ئێمە و بەڕێز ئیلهام و وەزیری دەرەوە شەیبانی کراوە، ئێمە هەر ئەمەمان دەگوت، لای ئەوانیش بۆ نموونە راگەیاندنی دەستووری، ئەوە یەکەم شتە کە دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. ئەو شتەی لە رێککەوتنی 10ی ئازاردا لەسەری رێککەوتین، دوای سێ رۆژ ئەو راگەیاندنە دەستوورییە دەرکرا و ئەو شتانەی تێیدا لەسەری رێککەوتبووین پێداچوونەوەیان بۆ نەکرابوو، بۆیە دەبێت پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و گۆڕانکارییان تێدا بکرێت. ئەم بابەتە یەکێکە لە بابەتە جیدییەکانی گەنگەشە.
جگە لەوە ئەو پێشنیازانەی لە نێوانماندا دەهاتن و دەچوون. واتە پێشنیازەکەی وەزارەتی بەرگریی سووریا بۆ هەسەدەی ناردبوو بۆ تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ وەزارەتی بەرگری، جگە لە مەسەلەی پێکهاتەی ئەوان، بابەتی چوونە تێکەڵ بوونی دامەزراوەکانی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە ناو دامەزراوەی دەوڵەتدا و بابەتەکانی نەوت و گاز و رادەستکردنیان بە وەزارەتی وزەی سووریا. هەروەها گوتبوویان کە بەڕێز شەرع وەک سەرۆککۆمار، راگەیێندراوێک لەبارەی مافی کورد دەردەکات. واتە وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان، تێیدا ئاماژەمان پێدا. واتە یەکێکیان مەسەلەی دامەزراوەکانی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر و تێکەڵبوونیان لە ناو دامەزراوەکانی سووریادا، ئەوە لە مافی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەرە و، دەبێت دیالۆگێک لە نێوان بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق هەبێت بۆ ئەم بابەتانە.
خۆی ناکۆکییەک هەیە چونکە تێڕوانینی ئێمە و تێڕوانینی دیمەشق لەبارەی تێکەڵبوون وەک یەک نین. بۆ ئەو تێکەڵبوونە، ئێمە دەڵێین چ دامەزراوەکانی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر بن، چ دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان بن، تێکەڵبوون پڕۆسەیەکی هاوکارییە، پڕۆسەی هاوبەشییە، بەڵام بەداخەوە دیمەشق وەک پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوە و پڕۆسەی رادەستکردن سەیری دەکات و ئەوەش مەحاڵە.
جگە لەوە بۆ مافی کورد لەو پێشنیازەی کە وەڵاممان دایەوە، گوتمان مافی کورد نەک ئەوەی سەرۆککۆمار کۆبوونەوەیەک یان راگەیێندراوێک دەربکات، ئەوە مافێکی دەستوورییە و، نە کاری هێزەکانی سووریای دیموکراتە و نە کاری بەڕێوبەرایەتیی خۆسەریشە. تێیدا ئاماژەمان پێدا کە ئەمە کاری ئەو لیژنە هاوبەشەیە کە لە کۆنفرانسی 26ی نیساندا سازی کردبوو و رێککەوتن کرا لەسەر تێڕوانینی گەلی کورد بۆ داهاتووی سووریا و بۆ چارەسەرکردنی مافی کورد. لەو کۆنفرانسەدا لیژنەیەک هەڵبژێردرا، ئەو لیژنەیە ئەوەیە کە لەگەڵ دیمەشق دیالۆگ دەکات بۆ مافی کورد. واتە لەوەدا پێداگرین. ئێمە دەڵێین ناناوەندی، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەش دەڵێین مافی کورد، مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکە، مافی سیاسی و مافی کولتوری، مەسەلەی زمان، مەسەلەی پەروەردە. هەنگاوی گەورە نراون و هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە نانێین.
رووداو: باش! باسی ئەو کاخەزەت کرد کە دیمەشق بۆی ناردبوون و وەڵامی ئێوە، هەروەها باسی کۆبوونەوەی 7ی تشرینی یەکەمت کرد، بۆیە دەمەوێت ئەمە بپرسم، لەسەر ئەو تێگەیشتنانەی نێوان بەڕێز مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کە کراوە، دوای ئەوە دەتوانین بڵێین دیمەشق هەنگاوی بۆ دواوە نا؟
عەبدولکەریم عومەر: دوای ئەو رێککەوتنەی 7ی تشرینی یەکەم کرا، لە لایەنی تیۆری رێککەوتن کرابوو و پڕۆسەی جێبەجێکردنیان بۆ لیژنەکان جێهێشتبوو، دوای ئەوە لیژنەکان دانیشتن. لە دوو دانیشتندا وەزارەتی بەرگری ویستی هەندێک بابەتیان بۆ روون بکەنەوە وەک فەرماندەکانمان کە بچنە ناو وەزارەتی بەرگری و بچنە ناو سەرۆکایەتی ئەرکان و ئەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئەو سێ فیرقە و دوو لیوایە بکەن. هێزەکانی ئێمە لە هەسەدە وەڵامی دانەوە. دواتر ئەوان هەندێک پێشنیازیان نارد. ئەو پێشنیازانەی ناردوویانە بە راستی ویستیان ئەو رێککەوتنەی کرابوو هەندێک لە ئاستەکەی کەم بکەنەوە. واتە ئەو فیرقانەی دروست دەکرێن یەک بە یەک و بە تەنیا بە دیمەشقەوە ببەسترێنەوە و شتی وەها بوو، ئێمەش وەڵاممان دانەوە. واتە ئەوان دەیانەوێت هەر شتێک لەسەری رێکدەکەوین ئاستەکەی هەندێک دابەزێنن. بەڵام ئەو پێشنیازانەی دانوستاندنمان لەسەر کرد و بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان بڕوام وایە دەگاتە ئەو ئاستەی لە شوێنێکدا بتوانین رێکبکەوین. بۆیە ئەو هیوایەمان هەیە لەم کۆبوونەوە نوێیەدا هەندێک هەنگاو بنرێن.
رووداو: باشە، شێوازی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناو وەزارەتی بەرگری چۆن دەبێت؟ بە چ شێوەیەک دەبێت؟ بە ژن و پیاو واتە بە شەڕڤانی ژن و شەڕڤانی پیاویش؟
عەبدولکەریم عومەر: بە رەنجێکی زۆر گەورە، بە سایەی خوێنی هەزاران شەهید مەحاڵە دوای ئەم دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون هەنگاو بۆ دواوە بنێین. ئەوە مەحاڵە. واتە ئێمە سوورین و خۆمان بە سووری دەزانین و دەمانەوێت لەگەڵ تەواوی خەڵکی سووریا دوای ئەم گۆڕانکارییانەی روویانداوە بتوانین رێکبکەوین. پێکەوە سووریایەکی نوێ، دیموکرات، ناناوەندی بنیاد بنێین. دەوڵەتێک بنیاد بنێین کە دەوڵەتی هەموو خەڵکی سووریا بێت، لەوەدا هیچ هەنگاوێک بۆ دواوە نانرێت. ئەو ناناوەندییەی دەڵێین لە هەموو لایەنەکاندا دەیڵێین. واتە هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەو سێ فیرقەیەی کە دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە. ئەو دوو لیوایەی دەڵێین لیوای دژە تیرۆر و لیوایەکی پاراستنی ژن، ئەوانیش لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە. دەکرێ ئەو لیوایەی دژە تیرۆر هەندێک چالاکی هاوبەش لە نێوان ئەوان و سوپای سووریادا بکرێت بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە شەڕی تیرۆر لە هەر کوێیەک بێت لە سووریا بیکەن. بەڵام مەحاڵە هەنگاو بۆ دواوە بنێین. مەحاڵە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەم دەڤەرە دەربچن. بینیمان ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەی بەرامبەر خەڵکی ئێمەی سوەیدا کرا، بینیمان ئەو شتانەی لە کەناراوەکان روویاندا، مەحاڵە ئەوانە بکەین. بۆیە ئەمانە لای ئێمە هێڵی سوورن. مەسەلەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هێزە سەربازییەکانمان ئەمانە هێڵی سوورن. بابەتی شێوازی حوکمڕانی سووریا و ناناوەندیبوونی ئەوە هێڵی سوورە. ئەمە هەڕەشە نییە بۆ سەر یەکپارچەیی سووریا، بەڵکو یەکپارچەیی سووریا دەپارێزێت. ئەم شتانەی لە سووریا روویاندا چونکە رژێمی بەعس کەسی جگە لە خۆی قبووڵ نەدەکرد. بەهۆی ئەو سیستەمە ناوەندییە زۆر تەنگەوە سووریا گەیشتە ئەم دۆخە. مەحاڵە جارێکی دیکە رێگە بدەین ستەمکارییەکی نوێ وەک ئەوەی بەعس، لەوە زەحمەتتر و مەترسیدارتر، چونکە ئەوەی ئێستا بنەماکەی ئیسلامی رادیکاڵە. پاشانیش هیچ سوپایەکی نەتەوەیی سووریا بنیاد نەنراوە. تائێستا هەندێک گرووپی سەربازی کە زۆریان تائێستا لە ژێر سزای نێودەوڵەتیدان وەک هەمزات و عەمشات کە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدیان لە سەرێکانی و گرێ سپی و عەفرین کردووە و لە لازقیە و لە سوەیداش کردوویانە، جارێکی دیکەش بەریتانیا خستوونیەتە ژێر سزاوە و ئەوان تائێستا نەبوونەتە بەشێک لەو سوپایەی سووریا، تائێستاش ئەوان سەر بە تورکیان، بڕیارەکانیان لە تورکیا وەردەگرن، بودجەیان لە تورکیا وەردەگرن. ئەو سوپا نەتەوەییە بنیاد نەنراوە تاوەکو ئێمە ببینە بەشێک لێی. خۆی ئێمە دەبینین ئێمە نوێنەرایەتی ئەو سوپایەی سووریا دەکەین کە نەتەوەییە. بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکی دوور و درێژترە.
رووداو: پرسیارێکی دیکە خەڵک هەمیشە لێم دەکەن و دەڵێن: کاتێک بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەرت کردە میوان حەز دەکەین ئەمەمان بۆ روون بکەیتەوە. بۆیە دەرفەتەکە بەکار دەهێنم و ئەمەت لێ دەپرسم. دوای تێکەڵبوونەکە، گوتت کە سێ فیرقەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە، لیوای دژە تیرۆر لە کاتی پێویستدا لەسەر ئاستی سووریا چالاکی دەکەن. ئایا هیچ گرووپێکی دیکە لە ناو سوپای سووریا دێنە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا؟
عەبدولکەریم عومەر: نا نا، شتی وا نییە، نەک دوو لیوا لەسەر ئاستی سووریا تێکۆشان و خەبات بکەن. گوتم یەکینەی پاراستنی ژن خۆی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەمێنێتەوە و ناچێتە ناوەوەی سووریا. گوتم ئەو لیوایەی دژە تیرۆر رەنگە هەندێک ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ سوپای سووریا و بە هاوکاری هاوپەیمانی ئەنجام بدات. بەڵام هیچ کەس و هیچ هێزێکی دیکە ناچێتە خاکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە. ئێمە پێشنیاز دەکەین لیوایەکی سێیەمیش دروست ببێت. ئەو لیوایەی سنوور بپارێزێت. ئەویش لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، واتە ئەم دەڤەرەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەوەی پارێزگاری لێ دەکات، ئەوەی تێیدا دەمێنێتەوە هێزەکانی سووریای دیموکراتە. دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە.
رووداو: زۆر باشە. دوا پرسیاریشم ئەمەیە: رۆڵی ئەمریکا لەم بارەیەوە چییە؟ ئایا ئەمریکا ئێستا لە جاران زیاتر هەوڵ دەدات بۆ جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی رێککەوتنی 10ی ئازار؟
عەبدولکەریم عومەر: سەرەتای گۆڕانکارییەکە روویدا و دوای واژۆکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار بە هاوکاری ئەمریکا بوو. ئەمریکا لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا هەوڵی خۆی دەدا کە ئێمە و حکومەتی کاتی رێکبکەوین و ئەو رێککەوتنەی 10ی ئازار جێبەجێ بکرێت. ئەو هاوکارییە ئەمریکییە و ئەو ڕۆڵەی دەیبینێت لەم کۆبوونەوانەدا و رۆڵی هەرە گرنگ کە دەیبینێت رۆڵی گەرەنتیکارە. چونکە بە راستی متمانە لە نێوان ئێمە و ئەواندا نییە و زۆر پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵێکی تێدا ببینێت بە تایبەت هاوپەیمانی و ئەمریکا. بۆیە ئەو رۆڵە بەردەوامە.
دەمەوێت شتێک بڵێم چونکە گوتت دوا پرسیارمە. ئێمە لە سەرەتای ساڵی 2026داین، دەمەوێت لێرەدا شتێک بڵێم. واتە دەمەوێت بە میللەتی خۆمان بڵێم: لۆزان کۆتایی هات، لۆزان رۆیشت. ئێمە وەک کورد لە سەدەی 21ـەمدا لەم گۆڕانکارییانەی روودەدەن لە دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێدا کورد بێ بەش نابن. کورد ئێستا مۆری خۆی لە مێژوو دەدات. واتە من ئەوە دەڵێم لەبەر زۆر هۆکار، لەبەر زۆر شت. واتە ئێستا لە رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەنگاو بە هەنگاو بە سایەی خوێنی هەزاران شەهید بەو تێکۆشانەی ئێمە دژی تیرۆر بەو سیستەمە دیموکراتییەی کە بنیاد نراوە، ئێمە بووینەتە ئەکتەرێکی هەرە گرنگ و کەس ناتوانێت ئەم راستییەی سەر زەوی دروست بووە پشتگوێ بخات.
من ئەوە دەڵێم، چونکە زۆر گۆڕانکاری روویانداوە لەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە نوێیەدا. گۆڕانکارییەک کە روویداوە یەکێک لەوانە ئەو پڕۆسەی ئاشتییە کە دەستی پێکردووە لە نێوان رێبەر ئاپۆ و دەوڵەتی تورکیا دا. ئەوە زۆر شتی لەگەڵ خۆی هێنا. بەو پڕۆسەیە هەڵوێستی تورکیا تێیدا گۆڕا. ئەو هێرشانەی تورکیا بۆ سەر ئێمە رۆژانە وەستان. دیالۆگێک لەنێوان ئێمە و تورکیادا دروست بووە. ئێستا تورکیا دژ نییە کە رێککەوتنێک لە نێوان ئێمە و دیمەشق دروست ببێت. ئەوە بۆ ئێمە وەک رۆژئاوا شتێکی زۆر گرنگە. چونکە تورکیا بۆ ئێمە شتێکی زۆر هەستیارە و دەزانیت هەموو شتێک پەیوەستە بە مەسەلەی کوردییەوە بەبێ تورکیا مەحاڵە.
ئێستا تورکیا هەندێک ئاستەنگ دروست دەکات، نایەوێت ئەو پڕۆسەیەی نێوان ئێمە و دیمەشق هەنگاو بنێت پێش ئەوەی پڕۆسەی ئەو و رێبەر ئاپۆ هەنگاو بنێت. دەیانەوێت هەردووکیان پێکەوە بڕۆن. رەنگە بیانەوێت ئەو مافەی ئێمە بەدەستی دەهێنین لەو رێککەوتنەی 10ی ئازارەدا وەک کوردی رۆژئاوا نەبێتە زیاتر لەو مافەی دەیەوێت بیدات لە تورکیا. رەنگە شتی وەها هەبێت هەندێک ئاستەنگ دروست بکات. بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە ناڕازی نییە رێککەوتنێک بکرێت.
دووەم؛ مەسەلەی کوردی-کوردییە. ئەمە بە راستی شتێکی زۆر نوێیە. واتە ئەو کەشەی لە نێوان کورددا دروست بووە، ئەو کەشە زۆر ئەرێنییەی لە نێوان ئێمە و ئەنەکەسەدا دروست بووە و ئەو کۆنفرانسەی 26ی نیسان ساز کرا. ئەو پەیوەندییە ئەرێنییانەی لە نێوان ئێمە و هەولێردا هەنگاو بە هەنگاو هەنگاویان بۆ دەنرێت. دەمەوێت جەخت بکەمەوە واتە ئەو هەنگاوانە باشتر گەشە دەکەن، ئەو پەیوەندییانەی نێوانمان دەگاتە ئاستێکی زۆر بەرزتر. ئەو پەیوەندییانەی نێوان هەولێر و قەندیل، هیوادارین لە نزیکترین کاتدا بتوانن پارتی و یەکێتی رێکبکەون بۆ پێکهێنانی حکومەتێک لە باشووری کوردستان. ئەم هەموو پەیوەندییە کوردی-کوردییانەی کە دروست بوون، دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم وەک نموونە: واتە ئێستا من وەک کەسایەتی خۆم کاتێک بەڕێز مەسرور بارزانی چوو بۆ قاهیرە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆککۆماری میسر کرد من زۆر دڵخۆش بووم. چونکە دەستکەوتێک کە دەکرێت دەستکەوتی کوردە، دەستکەوتی سەد ساڵەیە. بۆیە ئەو کەشەی دروست بووە، ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەی ئێمە، ئەو ئاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێستا خۆی دەبینێت قەرزاری کوردە، چ کوردی رۆژئاوا، چ کوردی باشوور. بەهۆی ئەم رۆڵەی بینییان دژی تیرۆر. ئەمە هەمووی دەریدەخات کە لە سەدەی 21ـەمدا ئەم گۆڕانکارییانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا روودەدەن کورد بێبەش نابن. دەمەوێت ئەم ئاسوودەییە بدەمە میللەتی خۆمان.
دەمەوێت بڵێم کە زۆر دڵخۆشم، چونکە ئێستا وەک کوردێکی رۆژئاوا تەمەنم 65 ساڵە هەرگیز لە خەیاڵمدا نەبوو کە رۆژێک بێت من بە ئازادی بژیم. ئێستا ئێمە ئازاد دەژین، ئێمە رۆڵێکی تێدا دەبینین. بۆیەش ئێمە وەک کورد 45-50 ملیۆن ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تائێستا بێبەش بووین. سەدەی 21ـەم دەبێتە سەدەی کورد. کاتێک دەڵێین سەدەی کورد، کاتێک کورد رۆڵێک ببینێت ئەوە دەبێتە جێی ئاسوودەیی لای تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ