رووداو دیجیتاڵ
دیپلۆماتێکی پێشووی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرەڕای هێرشە چڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران هێشتا توانایەکی گەورەی مووشەکی و درۆنی هەیە و دەتوانێت تەنگەی هورمز بە داخراوی بهێڵێتەوە، هۆشداریش دەدات کە ئەگەر بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا ژێرخانی سڤیلی ئێران وێران بکرێ، دەکرێ ئەوە بچێتە خانەی "تاوانی جەنگ"ـەوە.
ئالان ئێر، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا و تایبەتمەند لە بواری کاروباری ئێران، رۆژی هەینی لە واشنتنەوە لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆیی لە بووڵتەنی هەواڵی کاژێر 17:00ی رووداودا بەشداربوو کە هێڤیدار زانا پێشكێشی کرد.
دیپلۆماتەکە تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و سەبارەت بە توانای مووشەکیی ئێران گوتی: "ئەمریکا و ئیسرائیل ژێرخانی مووشەکی و پیشەسازیی بەرگریی ئێرانیان زۆر لاواز کردووە. بەڵام لە رووی پراکتیکییەوە، بۆ بەداخراوی هێشتنەوەی تەنگەی هورمز، پێویست بە مووشەک و درۆنێکی زۆر ناکات و ئێران هێندەی هەیە کە هەڕەشە لە تەنگەکە بکات."
لە بارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا کە گوتبووی کردنەوەی تەنگەی هورمز "نزیک و ئاسانە"، ئالان ئێر رەتیکردەوە و گوتی: "کردنەوەی تەنگەی هورمز لە رووی سەربازییەوە لە ماوەیەکی گونجاودا ئەستەمە. هەرکە ئەمریکا هەوڵی کردنەوەی بدات، ئێران بە هێرشکردنە سەر سەربازان و کەشتییەکانی ئەمریکا و ژێرخانە هەستیارەکانی کەنداو وەڵام دەداتەوە."
ئەو دیپلۆماتە دەڵێ، تاکە رێگە بۆ کردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکە "دیپلۆماسییە" و دەبێت وڵاتان دانوستاندن لەگەڵ ئێران بکەن بۆ راگرتنی هەڕەشەکانی.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ وێرانکردنی ژێرخانی ئێران، ئالان ئێر کە ساڵی 2011 لە ئیدارەی باراک ئۆبامادا بووە یەکەمین گوتەبێژی فارسیزانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە رووداوی گوت: "سەرەڕای ئەوەی وێرانکردنی ژێرخانی سڤیل، وێستگەکانی کارەبا و پردەکان دەکرێت بە تاوانی جەنگ هەژمار بکرێن، بەداخەوە پێدەچێت سەرۆک ترەمپ ئامادە بێت ئەو کارە بکات."
ئالان ئێر باسی لە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "حکومەتی عێراق هەمیشە کۆنترۆڵی ناتەواوی بەسەر میلیشیاکانی ناوخۆی عێراقدا هەبووە، بۆیە ئەم هێرشانەی بریکارەکانی ئێران شتێکی چاوەڕوانکراو بوو."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: توانای ئێران لەم کاتەدا لە بواری مووشەک لە چ ئاستێکدا ماوەتەوە؟ لەبەر ئەوەی ئێستا لە هێرشەکانیدا مووشەک زیاتر بەکاردەهێنێت.
ئالان ئێر: بەڵێ، پێموایە ئێران هێشتا ژمارەیەکی بەرچاو مووشەک و لەوەش گرنگتردرۆنی هەیە. ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵیان داوە لەنێویان ببەن و سەکۆکانی هەڵدانیان وێران بکەن، بەڵام لە رووی پراکتیکییەوە، پێموایە ئێران هێشتا ژمارەیەکی زۆر درۆنی هەیە کە دەتوانێت بۆ زیانگەیاندن بەکاریان بهێنێت.
رووداو: ئەمریکا تا چەند توانیویەتی توانا مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران لەنێوببات؟ ئایا هیچ ئامارێک هەیە؟
ئالان ئێر: ئەمریکا و ئیسرائیل نەک تەنیا ژێرخانی مووشەکیی ئێران، بەڵکو بنکەی پیشەسازیی بەرگریشیان بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە کە دەکرێت رێگە بە ئێران بدات هەرکاتێک جەنگ وەستا، دووبارە خۆی بونیاد بنێتەوە. کێشەکە ئەوەیە کە بۆ بەداخراوی هێشتنەوەی تەنگەی هورمز، پێویست بە مووشەک و درۆنێکی زۆر ناکات و ئێستاش لەو دۆخەداین. ئێران هێندە مووشەک و درۆنی هەیە - و پێدەچێت لە ئایندەی نزیکیشدا هەر هەیبێت - کە بتوانێت هەڕەشە لە تەنگەی هورمز بکات.
رووداو: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ گوتی کە کردنەوەی تەنگەی هورمز "نزیک و ئاسانە،" ئایا ئەوە راستە؟
ئالان ئێر: نەخێر، لە راستیدا پێموایە کردنەوەی تەنگەی هورمز لە رووی سەربازییەوە لە هەر ماوەیەکی کاتیی گونجاودا ئەستەمە. لە رووی تیۆرییەوە دەتوانیت بیکەیت، سوپای ئەمریکا دەتوانێت بیکات. کێشەکە ئەوەیە هەرکە ئەمریکا دەست بە هەوڵدان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بکات، ئێران دەتوانێت لەرێگەی زیادرکردنی هێرشەکانییەوە بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا، کەشتییەکانی ئەمریکا و هەروەها ژێرخانە هەستیارەکان لە ناوچەی کەنداوی فارس تۆڵە بکاتەوە.
رووداو: چاوەڕوان دەکەی وڵاتانی ئەورووپا و کەنداو لە کردنەوەی تەنگەی هورمزدا یارمەتیی ئەمریکا بدەن؟
ئالان ئێر: پێموایە تەنگەی هورمز تەنیا لە رووی دیپلۆماسییەوە بەشێوەیەکی کردەیی دەکرێتەوە. بەو مانایەی کە هیچ کەسێک ناتوانێت لە رووی سەربازییەوە بیکاتەوە بێ ئەوەی زیانی زیاتر و ناسەقامگیریی گەورەتر لە کەنداو دروست بکات. بۆیە لە کۆتاییدا، کەسێک، ئینجا ئەمریکا بێت، ئەورووپییەکان، یان وڵاتانی کەنداو، دەبێت دانوستاندن لەگەڵ ئێران بکەن بۆ ئەوەی ئێران کۆتایی بە هەڕەشەکانی بهێنێت لەسەر تەنگەی هورمز. هۆکاری راستبوونی ئەمەش ئەوەیە کە ئێران پێویستی بە هێزێکی زۆر نییە بۆ ئەوەی گەرووەکە لەژێر هەڕەشەدا بهێڵێتەوە.
رووداو: ترەمپ باس لە وێرانکردنی ژێرخانی ئێران دەکات، ئایا ئەو هەڕەشەیەی جێبەجێ دەکات؟
ئالان ئێر: سەرەڕای ئەوەی کە وێرانکردنی ژێرخانی سڤیل، وێستگەکانی کارەبا، پردەکان و وێستگەکانی سازگارکردنی ئاو دەکرێت بە تاوانی جەنگ هەژمار بکرێ، بەداخەوە پێدەچێت سەرۆک ترەمپ ئامادە بێت ئەو کارە بکات. ئەو کێشەیەی سەرۆک ترەمپ رووبەڕووی دەبێتەوە ئەوەیە کە هەرچەندە لە رووی سەربازییەوە هێرشەکانی زیاتر بکات، ئێران خۆی بەدەستەوە نادات، رازی نابێت بەو مەرجانەی ئەمریکا خستوونیەتییە سەر مێزەکە. بۆیە سەرۆک ترەمپ ئەو هەڵەیەی کرد کە وای بیردەکردەوە ئەگەر گوشاری تەواو بخاتە سەر ئێران، لە بنەڕەتدا ئێران خۆی بەدەستەوە دەدات. بەڵام ئێران شەڕی مان و نەمان دەکات. هەرچەندە گوشاری زیاتری بخرێتە سەر، هێرشەکانی بە راست و چەپدا لە سەرتاسەری ناوچەکەدا زیاتر دەکات. ئەمەش ناسەقامگیرییەکی زۆر گەورە دروست دەکات، نەک تەنیا بۆ ناوچەی کەنداوی فارس، بەڵکو بۆ ئابووریی جیهانیش.
رووداو: ئەم جەنگە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟ چەند هەفتەی دیکە دەخایەنێت؟
ئالان ئێر: سەرۆک ترەمپ زۆرجار دەستەواژەی 'دوو بۆ سێ هەفتە' بەکاردەهێنێت کاتێک شتێک نازانێت. بۆیە کاتێک دەڵێت لە دوو بۆ سێ هەفتەدا کۆتایی دێت، بەلای منەوە مانای وایە کە ئەو نازانێت کەی کۆتایی دێت. من دەڵێم: لێکەوتە ئابوورییەکانی داخستنی تەنگەی هورمز زۆر بە خێرایی زۆر خراپتر دەبن. پێشتر جۆرێک لە دواکەوتن هەبوو لەنێوان داخستنی تەنگەکە و کاریگەرییە ئابوورییەکانی. ئەوە ئێستا نامێنێت. بۆیە ئەگەر ئەم جەنگە زیاتر لە دوو بۆ سێ هەفتە بخایەنێت، پێشبینی دەکەم ئابووریی جیهان بکەوێتە دۆخێکی زۆر خراپترەوە لەوەی ئێستا هەیە.
رووداو: گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراق بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، بە بڕوای ئێوە بۆچی حکومەتی عێراق نەیتوانیوە رێگرییان لێ بکات؟
ئالان ئێر: حکومەتی عێراق هەمیشە کۆنتڕۆڵی ناتەواوی هەبووە بەسەر میلیشیاکانی ناوخۆی عێراق و هەروەها بەسەر ئەو هێرشانەی ئێران لە عێراق دەیکات. بۆیە تۆ راست دەکەیت، بەشێک لە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە بریتین لە هێرشی گرووپە پاشکۆکان، پاشکۆکانی ئێران لە لوبنان، لە عێراق و لە یەمەن. حکومەتی عێراقیش کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هێزە سەربازییەکانی نێو سنوورەکانی عێراقدا نییە. بۆیە ئەمە شتێکی چاوەڕوانکراوە.
رووداو: چاوەڕێ دەکەی دوای جەنگی ئێران، ئەمریکا بێت شەڕ لە دژی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران لە عێراق بکات؟
ئالان ئێر: لە رووی کردەییەوە، پێموانییە ئەمریکا بتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەو شتەی لە نێوخۆی سنوورەکانی عێراقدا روودەدات. هەموومان دەزانین کە حکومەتی ئەمریکا حەزی بە جۆرێکی دیاریکراو لە حکومەت و جۆرێکی دیاریکراو لە سەرۆکوەزیران هەیە لە عێراق، بەڵام لە رووی پراکتیکییەوە، پێموانییە بتوانێت بە هیچ شێوەیەک ئاراستەی عێراق دیاری بکات. ئەوە دەکەوێتە سەر گەل و حکومەتی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ