هایدی سیکوێنز بۆ رووداو: دۆخی مرۆیی رۆژئاوا تاقەتپڕوکێنە و مەترسیی فەوتانی نەوەیەک هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
هایدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا
هایدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، ئێستا تەنیا لە قامیشلۆ 120 قوتابخانە داخراون و پڕکراون لە ئاوارە، ئەمەش وایکردووە منداڵان لە خوێندن داببڕێن و هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر دۆخەکە نەگۆڕێت، "نەوەیەکی فەوتاو" لەوێ دروست دەبێت.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسی، هایدی سیکوێنز داوا دەکات ئەورووپا کۆتایی بە دابینکردنی بودجەی رژێمی دیمەشق بهێنێت و لادانی سزاکان بە پرسی پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە ببەستێتەوە.
 
سیکوێنز رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە "ژیرانە" وەسف دەکات بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، بەڵام جەخت دەکاتەوە، کە پێویستە بەپەلە رێڕەوێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بکرێتەوە.
 
لە کۆتاییدا، هایدی سیکوێنز رایدەگەیێنێت کە وەک هەوڵێک بۆ پاڵپشتی خەڵکی رۆژئاوا، لە مانگەکانی شوبات و نیسانی ئەم ساڵدا، دوو چالاکیی گەورەی خێرخوازی و هونەری لە ڤییەنا ئەنجام دەدەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هایدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا:
 
رووداو: چۆن بڕیارت دا بچیت بۆ رۆژئاوا و سەردانی ئەوێ بکەیت؟ دۆخەکەت چۆن بینی و چەند جار چوویتە ئەوێ؟
 
هایدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا: لە راستی دا ئەمە دووەم گەشتم بوو بۆ رۆژئاوا. نیسانی رابردوو لەوێ بووم بۆ بینینی رێکخراوەکانی ژنان و هێندە سەرسام بووم بە پڕۆژەکە، کە دەستمان کرد بە ئەنجامدانی چالاکی لە نەمسا بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لەم پڕۆژە گەورەیە. پارەمان کۆکردەوە و هاوکارییەکانمان بۆ رێکخراوەکانی ژنان نارد. ئێستا کە دۆخەکە بەهۆی حەلەب و تەنانەت رۆژئاواشەوە زۆر خراپ بوو، بڕیارم دا بگەڕێمەوە و بە چاوی خۆم ببینم چی روودەدات.
 
رووداو: چەند رۆژ لەوێ بوویت؟
 
هایدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا: بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەوێ بووم.
 
رووداو: لە کاتی سەردانەکەت دا، تێبینیت چی بوو و بە بڕوای تۆ چی بکرێت بۆ پاڵپشتی خەڵکی ئەوێ لەم دۆخەدا؟
 
هایدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا: بێگومان نیگەرانی سەرەکیم دۆخی ئاوارە ناوخۆییەکان بوو. زۆربەیان بۆ پێنجەم یان شەشەم جار لە کەمپێکەوە رایانکردووە. ئێستا لە ناو قوتابخانەکان دان؛ 120 قوتابخانە لە قامیشلۆ هەن، کە هەموویان داخراون و پڕن لەم خەڵکەی کە هیچیان نییە جگە لەو جلانەی لەبەریانە. قسەم لەگەڵ زۆر خێزان کرد؛ منداڵەکانیان هەرگیز قوتابخانەیان نەبینیوە، چونکە تەنیا لە کەمپێکی ئاوارەوە بۆ یەکێکی دیکە گواستراونەتەوە. هەموو ئەوەی دەیڵێن ئەوەیە کە دەمانەوێت بگەڕێینەوە ماڵەوە. ژیانێکی بە شکۆمان دەوێت و نامانەوێت لە کەمپێکەوە بۆ کەمپێکی دیکە ئاوارە ببین.
 
رووداو: لەم بارودۆخەدا، بە بڕوای تۆ ئەورووپا دەتوانێت چی بکات بۆ پاراستنی مافی خەڵکی رۆژئاوا و پاڵپشتیکردنیان؟
 
هایدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا: پێش هەموو شتێک، پێموایە دەبێت کۆتایی بە دابینکردنی بودجەی رژێمەکەی دیمەشق بهێنن. دەزانیت ئەمریکا و تورکیا و هەندێک هێزی ئەورووپی جۆڵانییان خستە ئەو پێگەیەی تێیدایە، بۆیە ئەوان بەرپرسیارن لەوەی دەیکات. پێموایە لادانی سزاکان دەبێت گرێ بدرێت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە، کە لە مانگی ئازارەوە بە کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان دەستیپێکرد، پاشان درووزەکان و ئێستاش کوردەکان. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئەورووپا سزاکان لابدات، دەبێت ئەمە بەوەوە ببەسترێتەوە، کە مافەکانی مرۆڤ لە سووریا رێزیان لێ بگیرێت.
 
رووداو: دەزانین رێککەوتنێک لە نێوان هەسەدە و دیمەشق هەیە، ئەم رێککەوتنە چۆن دەبینیت و چ هەنگاوێک بنرێت بۆ پێشخستنی؟
 
هایدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا: پێش هەموو شتێک، زۆر دڵخۆشم کە رێککەوتن کراوە، چونکە ئەگەرنا خوێنڕشتنێکی گەورە رووی دەدا. ئێستا دۆخەکە جیاوازە لە 2014، چونکە رۆژئاوا بەتەواوی گەمارۆ دراوە. تەنیا رێگەی چوونە دەرەوە لە رێگەی سێمالکاوەیە. بۆیە ئەمە بڕیارێکی ژیرانە بوو، بەڵام پێویستە بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە؛ ئەگەر تەنیا سەر کاخەز بێت سوودی نییە. یەکەم شت دەبێت رێڕەوێکی مرۆیی بۆ خەڵکی کۆبانێ و ناوچەکانی دیکە هەبێت، چونکە ئەم دۆخە تاقەتپڕوکێنە.
 
رووداو: هەست دەکەم لە رووی دەروونییەوە زۆر ماندوو بیت بەهۆی ئەو دۆخەی لەوێ بینیوتە، وایە؟
 
هایدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا: لە راستیدا، کاتێک دوێنێ گەڕامەوە هەولێر، بەتەواوی لە رووی دەروونییەوە داڕووخام. تەنیا شتێک کە بیری لێ بکەمەوە منداڵەکانی ناو کەمپەکان بوو. ئەم منداڵانە هەرگیز ناو پۆلی قوتابخانەیان نەبینیوە تەنیا وەک ئاوارە نەبێت. ئەگەر شتەکان نەگۆڕێن، ئەمە نەوەیەکی فەوتاوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لێرە هاوکارییەکی زۆر پێشکێش دەکات، بەڵام ناتوانرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چونکە دەبێت قوتابخانەکان بۆ خەڵکی قامشلۆش بکرێنەوە. خەڵک دەیانەوێت بگەڕێینەوە ماڵەکانیان.
 
رووداو: کاتێک دەگەڕێیتەوە ماڵەوە بۆ نەمسا، هیچ پڕۆژەیەکت هەیە کاری لەسەر بکەیت؟
 
هایدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەنا: بەڵێ، یەکەم چالاکیم لە 20ی شوباتە لەگەڵ هونەرمەندانی کورد. چالاکییەکی خێرخوازی گەورە ئەنجام دەدەین و پارە کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ رۆژئاوا[ی کوردستان]. چالاکی دووەم لە مانگی نیسان دەبێت و هیوادارین هۆڵێکی شانۆی گەورە کە جێگەی 900 کەسی تێدا دەبێتەوە لە ڤیێنا پڕ بکەین. خاتوو دووزەن تەکاڵ، نازانم دەیناسیت یان نا، ئەو لە ئەڵمانیا دەژی و ئەویش دێت و هاوکاریمان دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە