پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا: ئەم هێرشە سەربازییانە نابنەهۆی باشتربوونی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێ، هاوسۆزی دەسەڵاتی ئێران نین، بەڵام "ئەم هێرشە سەربازییانە نابنەهۆی باشتربوونی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
 
راڵف شتێگنەر، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا، لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێرشکردن بۆ سەر وڵاتێک بۆ گۆڕینی رژێمەکەی، لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی ناگونجێت. رۆڵی ئەڵمانیا دەبێت هاوکاریی مرۆیی بێت لە هەر شوێنێک پێویست بێت".
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت هەوڵی وڵاتەکەی هەوڵدانی دیپلۆماسی بێت بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "ئەم شەڕە نەک تەنیا ناوچەکە، بەڵکو دەکرێت هەموو جیهان بگرێتەوە".
 
لەبارەی بەشداربوونی ئەڵمانیا لە جەنگەدا شتێگنەر گوتی: "بێگومان ئەڵمانیا بەشداریی ئەم هێرشە سەربازییانە ناکات".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئەڵمانیا دەیەوێ چ رۆڵێک بگێڕێ لە شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران؟ ئایا دەیەوێ رۆڵی دیپلۆماسی، مرۆیی، یان ئەمنی و سەربازی بگێڕێت؟
 
راڵف شتێگنەر: لەم ساڵانەی دواییدا ئەڵمانیا و ئەورووپا رۆڵێکی ئەوتۆیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەگێڕاوە و کەمتر بایەخیان بە دیپلۆماسی داوە. ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە هێرشی سەربازی. هەرچەندە هیچ سۆزێک بۆ رژێمی ئێران نییە کە رژێمێکی تیرۆریستییە و گەلی خۆی دەچەوسێنێتەوە و هاوکاریی رووسیا دەکات دژی ئۆکراینا، بەڵام ئەم هێرشە سەربازییانە نابنەهۆی باشتربوونی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. جگە لەوەش، هێرشکردن بۆ سەر وڵاتێک بۆ گۆڕینی رژێمەکەی، لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی ناگونجێت. رۆڵی ئەڵمانیا دەبێت هاوکاریی مرۆیی بێت لە هەر شوێنێک پێویست بێت، هەروەها هەوڵدانی دیپلۆماسی بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان، چونکە ئەم شەڕە نەک تەنیا ناوچەکە، بەڵکو دەکرێت هەموو جیهان بگرێتەوە. بێگومان ئەڵمانیا بەشداریی ئەم هێرشە سەربازییانە ناکات.
 
رووداو: پارتی کریستیان دیموکرات دەڵێ ئێستا کاتی ئەوە نییە گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین ئایا ئەم شەڕە دژی یاسای نێودەوڵەتی یان سەروەریی وڵاتانە. ئایا ئەمە ڕاستە؟
 
راڵف شتێگنەر: هەمیشە جێگرەوە بۆ شەڕ هەیە. ئەوەی بگوترێ ئێستا کاتی باسی یاسای نێودەوڵەتی نییە، هەڵەیە. یاسای نێودەوڵەتی دەبێت لە هەموو جیهان و بۆ هەموو کەس وەک یەک بێت. ناکرێت بڵێین تەنیا لە ئۆکراینا کاری پێ دەکرێ و لە شوێنەکانی دیکە نا. ئەگەر وای لێ هات، ئەوا یاسای بەهێزەکان حوکم دەکات نەک نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەگەر رێز لە یاسای نێودەوڵەتی نەگیرێت، شەڕ و کوشتار و مەینەتیی زیاتر دەبێت. بۆیە دەبێت ئەڵمانیا بە روونی بڵێت کە ئەم کارانە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتین، تەنانەت ئەگەر رژێمەکەش زۆر خراپ بێت.
 
رووداو: نزیکەی 10 ملیۆن کورد لە ئێران دەژین و لایەنە کوردییەکان داوای سیستمێکی فیدراڵی دەکەن. لە ئەڵمانیاش باس لە داهاتووی ئێران و "رۆژی دوای شەڕ" دەکرێت، ئایا ئەو سیسمە گونجاوە و ئێوە پشتگیریی دەکەن؟
 
راڵف شتێگنەر: پێموانییە ئەوە کاری ئێمە بێت پێشنیاز بۆ گەلی ئێران بکەین، دەبێت گەلی ئێران خۆی بڕیار بدات. تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم، رای جیاواز هەیە؛ هەندێک داوای سیستمی فیدراڵی دەکەن و هەندێکی دیکە دەوڵەتێکی ناوەندییان دەوێ. نابێت ئەمریکییەکان یان ئەڵمانییەکان بڕیار بدەن. هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆن بابەتێکی دیکەیە، بەڵام پێش هەموو شتێک دەبێت شەڕ بووەستێت و ئاسایش هەبێت تاوەکو خەڵک بتوانێت بجووڵێت. ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە دەرەوە و ناوەوە رای جیاوازیان هەیە، هەموویان لەسەر نەمانی رژێمی مەلاکان هاوڕان، بەڵام لەسەر چۆنیەتیی گەیشتن بەو ئامانجە و قۆناخی دوای ئەوە، جیاوازییان هەیە. ئەڵمانیا دەبێت تەنیا یارمەتیدەر بێت لە رووی دیپلۆماسی و مرۆیی و ئابوورییەوە.
 
رووداو: واتە هیچ پلانێکی دیاریکراوتان بۆ ئێران نییە؟
 
راڵف شتێگنەر: تەنیا پلان ئەوەیە کار بۆ وەستاندنی شەڕ بکرێ و هاوکاریی مرۆیی و ئابووری پێشکەش بکرێت، نەک ئەوەی بە "ماستەرپلانێک"ەوە بچین و بڵێین دەبێت وابێت.
 
رووداو: ئایا هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەنێوان ئەڵمانیا و ئێراندا ماوە؟
 
راڵف شتێگنەر: تەنیا لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەدا قسەوباس هەیە کە ئەویش پەیوەندییەکی زۆر ساردە. پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بەهێز بکرێت نەک لاواز، تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێک جار بە دڵی ئێمە نییە. من رەخنەم لەوە هەیە کە ئەڵمانیا هاوکارییە مرۆییەکانی کەم کردووەتەوە، چونکە دیموکراسی بە بۆمب و مووشەک دروست نابێت.
 
رووداو: هەموو کەس ئاواتی ئاشتی دەخوازێت، بەڵام لەگەڵ رژێمێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەورووپا بە چ زمانێک دەتوانێت قسە بکات تاوەکو بێ شەڕ ئاشتی بەرپا بێت؟
 
راڵف شتێگنەر: ئەگەر ئەوەم بزانیبایە، خەڵاتی نۆبڵم وەردەگرت. پێموایە هێزی سەربازی و بۆمب لە دەرەوە چارەسەر نییە. دەتوانرێت پشتگیریی ئۆپۆزیسیۆن بکرێت، گوشار و هەڵوێستی یەکگرتووی ئەورووپا هەبێت، گوشار بخرێتە سەر ئەو کەسانەی تاوانباری شەڕن، هەروەها دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەو کەسانەدا بگیرێت کە لەسەر حیسابی چەوساندنەوەی خەڵک دەوڵەمەند بوون. لە کۆتاییدا دەبێت گەلی ئێران کە 90 ملیۆن کەسن خۆیان بڕیار بدەن، ئەوان پێویستیان بە پشتگیرییە بەڵام ناکرێت کەسانی دیکە لە جیاتی ئەوان بڕیار بدەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە