ئەندامێکی لیژنەی داڕشتنی رەشنووسی دەستوور لە سووریا: فیدرالی و ناناوەندێتیی سیاسی قبوڵ ناکەین

09-03-2025
نالین حەسەن
نالین حەسەن
ئیسماعیل خەلفان، ئەندامی لیژنەی داڕشتنی رەشنووسی دەستووری سووریا.
ئیسماعیل خەلفان، ئەندامی لیژنەی داڕشتنی رەشنووسی دەستووری سووریا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیسماعیل خەلفان، ئەندامی لیژنەی داڕشتنی رەشنووسی دەستووری سووریا بە (رووداو)ـی راگەیاند، لەنێو ئەو رەشنووسەی پێداگری لەسەر "سیستمێکی سیاسیی ناوەندی" دەکات، ناناوەندێتیی کارگێڕی خراوەتە بەرباس، بەڵام فیدرالی و ناناوەندێتیی سیاسی قبوڵ ناکەن. 
 
خەلفان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی هەینی (7ـی ئاداری 2025) بڵاوکرایەوە، گوتی هەزاران کورد لەوانەی رژێمی پێشوو وڵاتینامەی لێوەرگرتبوونەوە، "مافیان بۆ دەگەڕێتەوە".
 
سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵ، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ئێستای سووریا، لیژنەیەکی بۆ داڕشتنی راگەیێندراوی دەستوور راسپارد کە لە 7 ئەندام پێکدێت، لەوانە دوو ئافرەت هەن. بەهیە ماردینی، ئەندامی لیژنەکەیە و دەڵێت "من کوردم"، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی زۆر لاوازە.  
 
لیژنەکە پێکهاتووە لە عەبدولحەمید عەواک، یاسر حوێش، ئیسماعیل خەلفان، ریعان کحێلان، محەممەد رەزا جەلکی، ئەحمەد قوربی و بەهییە ماردینی.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیسماعیل خەلفان:
 
رووداو: بەخێربێی بۆ تەلەڤزیۆنی رووداو، پرسیارەکەم ئەوەیە ئایا کارەکانی لیژنەی ئامادەکردنی رەشنووسی راگەیاندنی دەستووری گەیشتووەتە کوێ؟
 
ئیسماعیل خەلفان: لیژنەکە هێشتا لە قۆناخی گفتوگۆکردندایە لەسەر بڕگەکانی ئەو راگەیاندنە دەستوورییە، هەنگاوی باشی بڕیوە، لە یەکەم رۆژی دامەزراندنییەوە گفتوگۆی چڕ لە نێوان ئەندامانی لیژنەکە هەبووە. ئێستا هەنگاوێکی باشی لەو گفتوگۆیانە بڕیوە و بەردەوامە لە کارەکەی. گفتوگۆکان بێگومان لە نێوان ئەندامانی لیژنەن، بەڵام گوێ لە راوێژی کەسانی دیکە و پسپۆڕان و شارەزایانی بوارەکانی یاسایی و دەستووری دەگرن.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا لەسەر چەند ماددە گفتوگۆتان کردووە؟
 
ئیسماعیل خەلفان: لەسەر چەندین ماددە گفتوگۆمان کردووە. ناتوانین ژمارەیان ئاشکرا بکەین، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاوی ماددەکانە.
 
رووداو: بنەماکانی کاری ئەم لیژنەیە چین؟
 
ئیسماعیل خەلفان: ئەم لیژنەیە رەوایی خۆی لە بڕیارەکەی سەرۆکی وڵات وەردەگرێت و پشت بە تاوتوێکردنی دەستووری کۆنتر دەبەستێت، چونکە هەموو ئەندامەکانی پسپۆڕن و دکتۆرایان لە یاسادا هەیە. سەیری دەستوورەکانی پێشتر کراوە کە لە سووریا جێبەجێکراون، ئەوە سەرباری ئەزموونەکانی راگەیاندنی رەشنووسی دەستووری کە لە وڵاتانی دیکە روویانداوە، سەیری هەموو ئەو ئەزموونە دەستوورییانە دەکات بۆ ئەوەی هەوڵبدات بگاتە باشترین شێوازی گونجاو بۆ راگەیاندنی دەستووری کە لەگەڵ ئاواتەکانی گەلی سووریادا بگونجێت.
 
رووداو: کەواتە ئەرکی ئەم لیژنەیە بە دیاریکراوی چییە؟
 
ئیسماعیل خەلفان: ئەرکی لیژنەکە داڕشتنی راگەیاندنی دەستوورییە بۆ قۆناخی گواستنەوە. کاتێک ئەم لیژنەیە کارەکەی تەواو دەکات، ئەم رەشنووسە بەرزدەکاتەوە بۆ سەرۆککۆمار بۆ ئەوەی ئەم راگەیاندنە دەستوورییە دەربکات. لیژنەکە گەرەنتی هەیە کە دەسەڵاتی ئەندامەکانی دەسەڵاتی رەهان و دەست لە کارەکانیان وەرنادرێت. ئەوان لە نێوان خۆیاندا گفتوگۆ دەکەن، راوێژ دەکەن، جیاوازییان هەیە، دواتر رێکدەکەون لەسەر باشترین داڕشتنی مومکین بۆ ماددەکان. کاتێک لیژنەکە کارەکەی تەواو دەکات، بەرزی دەکاتەوە بۆ سەرۆک و ئەویش رەشنووسەکە دەردەکات.
 
رووداو: واتە ئەم رەشنووسە لەلایەن سەرۆکەوە پەسەند دەکرێت؟
 
ئیسماعیل خەلفان: بەڵێ دروستە.
 
رووداو: کەی ئەم رەشنووسە رادەگەیێندرێت؟
 
ئیسماعیل خەلفان: لەڕاستیدا ناتوانین کاتێکی دیاریکراو بدەین، بەڵام پێموانییە ئەم کارە درێژە بکێشێ، چونکە ئەندامانی لیژنەکە لە یەکەم رۆژەوە کەوتوونەتە گفتوگۆ و کاتێکی زۆریان لە گفتوگۆکردن لە نێوان خۆیاندا لەسەر ماددەکانی ئەم رەشنووسە بەسەربردووە. وەکو پێشتر گوتم، ئەوان هەنگاوێکی گەورەیان بڕیوە. وای بۆ دەچم چەند رۆژێکی دیکەیە و لەوانەیە کارەکەیان بە شێوەیەکی سەرەتایی تەواو بکەن، دواتر دەگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەری خاڵ بە خاڵ، ئەوەش بەهۆی هەستیاریی ئەم بابەتە و گرنگییەکەی لە قۆناخی نوێی سووریادا. دواتر بۆ سەرۆککۆماری بەرزدەکەنەوە بۆ پەسندکردن و دەرکردنی. پێموانییە کارەکە درێژە بکێشێت، پێشتر لە هەڤپەیڤینێکی دیکەدا گوتم هەفتەیەک، بەڵام پێدەچێت کارەکە زیاتری پێویست بێت، ناتوانم وادەیەکی دیاریکراو بدەم، لەوانەیە هەفتەیەک، نزیکەی 10 رۆژ لە ئێستاوە.
 
رووداو: ئەم راگەیاندنە دەستوورییە چۆن دەبێت، ئایا وەک دەستوورێکی کاتی دەبێت؟
 
ئیسماعیل خەلفان: بەڵێ، ئەم راگەیاندنە دەستوورییە وەک دەستوورێکی کاتییە بۆ سووریا لە ماوەی قۆناخی گواستنەوەدا.
 
رووداو: ئایا لەم رەشنووسەدا ماوەی قۆناخی گواستنەوە دیاری دەکەن؟
 
ئیسماعیل خەلفان: بەڵێ ماوەی قۆناخی گواستنەوە لەم رەشنووسەدا دیاری دەکرێت، چونکە گونجاو نییە بەبێ دیاریکردن بهێڵدرێتەوە.
 
رووداو: ماوەکە چەند دەبێت، گفتوگۆکان لە دەوری چی دەسووڕێنەوە؟

ئیسماعیل خەلفان: بە راشکاوی، گفتوگۆکان لە نێوان سێ بۆ پێنج ساڵ دەسووڕێنەوە، بەڵام پێمان باشە ماوەکە دیاری بکەین بۆ ئەوەی قۆناخی گواستنەوە بەبێ دیاریکردن نەمێنێتەوە.
 
رووداو: هەموو ئەندامانی لیژنەکە لە پێکهاتەی عەرەبین؟
 
ئیسماعیل خەلفان: ئەندامێکی لیژنە لە پێکهاتەی کوردە و ئەویش خاتوو د.بەهیە ماردینییە، بەگوێرەی زانیارییەکانم.
 
رووداو: چۆن سیستمی دەوڵەت لەم راگەیاندنەدا دیاری دەکەن؟
 
ئیسماعیل خەلفان: سیستمی دەوڵەت لەم راگەیاندنەدا لەوەی پێشوو دەرناچێت، دەوڵەتی سووریا دەوڵەتێکی یەکگرتووی سەربەخۆیە و سەروەریی تەواوی لەسەر خاکی خۆی هەیە.
 
رووداو: ئایا فیدراڵی وەک سیستمێک بۆ دەوڵەت لای ئێوە خراوەتە بەرباس؟
 
ئیسماعیل خەلفان: بەڕاشکاوی بڵێم، تاوەکو ئێستا نەخێر، نەخراوەتە بەرباس.
 
رووداو: ئێوە وەکو لیژنەکە لایەنگری پاراستنی سیستمێکی ناوەندین بۆ سووریا؟
 
ئیسماعیل خەلفان: سیستمێکی ناوەندی وەکو فۆرمی دەوڵەت بەڵێ. تاوەکو ئێستا لایەنگری پاراستنی سیستمێکی ناوەندین و دەمانەوێت سووریا بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە.
 
رووداو: ئایا هەموو ئەندامانی لیژنەکە لە نێوان خۆیاندا لەسەر سیستمی ناوەندی هاوڕان؟
 
ئیسماعیل خەلفان: بەڵێ، لەسەر ئەو خاڵە کۆدەنگی هەیە لە نێوان ئەندامانی لیژنەکەدا.
 
رووداو: وەکو دەزانیت کورد دووەم گەورەترین نەتەوەن لە سووریا و سەدان ساڵە لەسەر خاکی خۆیان دەژین. چۆن مامەڵە لەگەڵ مافە نەتەوەیی و کارگێڕییەکانی کورد دەکەن؟
 
ئیسماعیل خەلفان: ئێمە کار بۆ گەرەنتیکردنی مافەکان بۆ هەموو خەڵکی سووریا دەکەین، کورد هەروەک ئاماژەتان بۆ کرد پێکهاتەیەکی بنەڕەتین لە پێکهاتەکانی گەلی سووریا. کار بۆ ئەوە دەکەین لەم راگەیاندنە دەستوورییەدا نەک تەنیا بە تیۆری وەکو ئەوەی رژێمی رووخاو دەیکرد، بەڵکو بە تیۆری و بە کردەوە لەسەر گەرەنتیکردنی یەکسانی لەنێوان هەموو سوورییەکان لە مافەکانیان و لە ئەرکەکانیاندا بەبێ جیاوازی لە نێوان عەرەب و کورد یان لە نێوان موسڵمان و ناموسڵمان. یەکسانیی تەواو لە نێوان سوورییەکاندا هەبێت بەبێ هیچ جیاوازییەک، نە لەسەر بنەمای رەگەز و نە لەسەر بنەمای تایفە و نە لەسەر بنەمای ئایین، ئەمە خەم و بایەخی ئێمەیە و پشت بەخوا بەڵێن بە سوورییەکان دەدەین.
 
رووداو: بەڵام چۆن؟
 
ئیسماعیل خەلفان: ئێمە ئەم دەقە دادەنێین و دواتر میکانیزمێک بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی دادەنرێت. لەلایەن سەرۆکایەتی وڵاتیشەوە گەرەنتی هەیە کە هەرچی لەم راگەیاندنە دەستوورییەدا دەنووسرێت جێبەجێ دەکرێت و هەمیشەش بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت.
 
رووداو: چۆن مامەڵە لەگەڵ درووز، عەلەوی، کریستیان و کوردە ئێزدییەکانی سووریا لە راگەیاندنی دەستووری دا دەکەن؟
 
ئیسماعیل خەلفان: وەک دەزانن، سووریا لە راستی دا وڵاتێکی فرەڕەنگە، وڵاتێکی فرەچەشنە کە تایفەی جیاواز و ئایینیی جیاوازی تێدایە. وەکو پێمگوتن، یەک مادە کاتێک جێبەجێدەکرێت مافی هەموو سووریاکان گەرەنتی دەکات، ئەویش بریتییە لەوەی دەستەواژەی "هاونیشتیمانی" بەکاربێنین، هەموو هاووڵاتییان یەکسانن لە مافەکان دا بەبێ هیچ جیاوازییەک. کاتێک ئەم دەقە جێبەجێ دەکەین، رێگە بە جیاکاری نادەین نە لەسەر بنەمای نەژادی و نە لەسەر بنەمای ئایینی و نە لەسەر بنەمای تایفی. ئەوەش بە باش نازانین بە ناوی خۆیانەوە ئاماژەیان بۆ بکەین.
 
رووداو: بۆچی؟
 
ئیسماعیل خەلفان: چونکە پێموایە ئاماژەکردن بۆیان و بەناوی خۆیانەوە جۆرێک لە جیاکاری لەخۆدەگرێت. من دەڵێم "سوورییەکان" یان "هاووڵاتیانی سووریا" بەبێ هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا، بۆئەوەی هەمووان یەکسان بن لە مافەکان دا.
 
رووداو: بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەورووپاش بەردەوام داوا لە دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکەن مافە نەتەوەیی و کارگێڕییەکانی گەلی کورد بپارێزرێن. ئایا ئەم خاڵە ئەوە ناخوازێت کە لیژنەکەتان گرنگی پێبدات بۆ ئەوەی کارەکەتان پشتگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی هەبێت؟
 
ئیسماعیل خەلفان: لە راستی دا، ئێمە دەستوور بۆ هەموو سوورییەکان دادەنێین. کورد بە پێکهاتەیەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەکانی گەلی سووری دادەنێین. لەوانەیە نەتەوە یەکگرتووەکان پاساوی خۆی هەبێت کاتێک داوای ئەمە دەکات، بەڵام ئێمە هۆکارێک نابینین بۆ جەختکردنەوە لەسەر دەقێکی تایبەت بە پێکهاتەی کورد، بەڵکو ئێمە جەخت دەکەینەوە کە کورد هاووڵاتیی سووریان و وەکو عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا هەمان ماف و ئەرکیان دەبێت.
 
رووداو: ئەی لەبارەی مافە نەتەوەیی و کارگێڕی و کولتوورییەکانیان چی، زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە، کولتووری تایبەت بە خۆیان هەیە.
 
ئیسماعیل خەلفان: راستییەکەی ئەم بابەتە هێشتا گفتوگۆی لەسەرە، بەڵام کار بۆ پاراستنی پێکهاتە کولتوورییەکانی گەلی سووریا بە هەموو رەنگەکانییەوە دەکەین.
 
رووداو: وەکو دەزانیت بابەتی "پشتێنەی عەرەبی" لە ناوچەی جەزیرە هەیە، ئایا زیانەکانی و کاریگەرییەکانی پشتێنەی عەرەبی و پرۆسەی بەعەرەبکردنی کوردستانی سووریا لەڕێی رەشنووسە دەستوورییەکەتان یان راگەیاندنی دەستوورییەوە چارەسەر دەکرێت؟
 
ئیسماعیل خەلفان: ئەو بابەتە تاوەکو ئێستا بەهیچ شێوەیەک باس نەکراوە.
 
رووداو: ئەی لەبارەی وڵاتینامەوە چی، ئایا میکانیزمێکی روون هەیە لە رەشنووسی راگەیاندنی دەستووری دا بۆ گەرەنتیکردنی گەڕاندنەوەی وڵاتینامە بۆ ئەو کوردانەی لە سەردەمی رژێمی رووخاودا وڵاتینامەیان لێسەندرابووەوە؟
 
ئیسماعیل خەلفان: لە راستی دا رژێمی رووخاو کاتێک وڵاتینامەی لە کورد سەندەوە، بە پشتبەستن بە یاسا ئەوەی کرد. ئەم بابەتە ئەرکی دەستوور نییە. دەستوور گەرەنتی دەکات کە هەموو هاووڵاتیانی سووری وڵاتینامەی سووری وەرگرن و ئەم بابەتە لە یاساکاندا بە وردی دەکرێت و لە سەرووی کارە لەپێشینەکانە لە داهاتوودا، چونکە دەزانین کە – لە ژمارەکەی دڵنیا نیم - نزیکەی 300 هەزار کورد لە ناوچەی جەزیرە وڵاتینامەیان لێسەندراوەتەوە. ئەم کەسانە مافی خۆیان وەردەگرنەوە، بەڵام بە گوێرەی یاساکانی داهاتوو کە پشت بە راگەیاندنی دەستووری دەبەستن.
 
رووداو: لە یەکێک لە لێدوانەکانتاندا ئاماژەتان بۆ ئەوە کرد کە سەرنج دەدەنە هەندێک ئەزموونی ئەو وڵاتانەی رووبەڕووی دۆخی هاوشێوە بوونەتەوە، لەوانەش عێراق. چیتان لە ئەزموونی عێراق وەرگرتووە؟
 
ئیسماعیل خەلفان:  راستییەکەی، ناتوانین لەم بەشەدا جیاکاری بکەین. ئێمە سەرنجمان لە ئەزموونی عێراق، میسر و توونس داوە، واتە جۆراوجۆری ئەو وڵاتانەی کە لە ئەنجامی شۆڕش یان گۆڕانکارییەکان، شێوەی سیستمی سیاسیان گۆڕاوە. ئێمە ئەوەمان لێوەرگرتووە کە لەگەڵ دۆخی سووریا و جۆراوجۆرییەکانی گەلی سووریادا دەگونجێت، بەڵام ناتوانین بڵێین کە بڕگەکان وەک خۆی وەردەگرین، بەڵکو بێگومان ئەزموونی دەستووریی عێراق سوودی پێگەیاندووین، هەروەها ئەزموونی توونس و میسریش.
 
رووداو: ئایا لەڕووی دەستوورییەوە نموونەی هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد لە سووریا وەردەگرن؟
 
ئیسماعیل خەلفان:  ئەم بابەتە ئێستا لە ئارادا نییە، چونکە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە عێراق بەرەو ناناوەندێتی لە دەوڵەت دا دەچێت، بەڵام لە سووریا، تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی ناوەندێتی سیاسیداین. لەوانەیە ناناوەندێتی کارگێڕی هەبێت، بەڵام دەوڵەت هەر بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و ناوەندێتی سیاسی هەردەبێت.
 
رووداو: واتە بژاردەی ناناوەندێتی کارگێڕی لە ئارادایە؟
 
ئیسماعیل خەلفان:  بەڵێ، ناناوەندێتی کارگێڕی، بەڵام ناناوەندێتی سیاسی لە ئارادا نییە.
 
رووداو: چۆن مامەڵە لەگەڵ مافەکانی ژن لە رەشنووسی راگەیاندنی دەستووری دا دەکەن؟
 
ئیسماعیل خەلفان:  بێگومان راگەیاندنی دەستووری کار لەسەر پاراستنی مافەکانی ژن دەکات، بڕگەی تایبەت بۆ گەرەنتیکردنی مافەکانی ژن و رۆڵگێڕانیان وەک پێویست و پێگەی کۆمەڵایەتییان لەنێو کۆمەڵگەی سووریا دەبێت. بە گرنگییەوە سەرنج  دەدەینە ئەم بابەتە.
 
رووداو: مافی خوێندن و کارکردن چی؟
 
ئیسماعیل خەلفان: هەموو ئەم مافە بنەڕەتییانە پارێزراو دەبن. بەشێکی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان دەبێت و سەرجەم ئەم مافانە باس دەکرێن.
 
رووداو: مافی نوێنەرایەتی سیاسی و حکومی چی؟
 
ئیسماعیل خەلفان: لەبارەی مافی نوێنەرایەتی سیاسی و حکومی، باسێکی گشتی لەسەر هەڵبژاردن دەبێت، چونکە ئەوە یاسای هەڵبژاردن دەبێت کە دواتر دەردەچێت و جیاواز دەبێت لە یاسای پێشوو. وەک دەزانن، راگەیاندنی دەستووری بە شێوەیەکی گشتی ئاماژە بە ماف و ئازادییەکان دەکات و یاساکان وردەکارییەکانی رووندەکەنەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە