رێژین گەردی: خەڵکی ئێزدی نەگەنە دادگە، ناتوانرێت بگوترێت دادپەروەری گەیێندراوەتە شوێنی خۆی

11-10-2020
گۆڤەند مستەفا
 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێژین گەردی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێژین گەردی
نیشانەکردن کوردانی ئێزدی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێژین مەقسوود، ناسراو بە رێژین گەردی، خانمێکی کوردە و دانیشتووی نیوزیلاندە، ئەو پارێزەرە و بەشی یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی تەواوکردووە. ئێستا گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و رۆژانە دەچێتە کامپی ئاوارەکانی شنگال و دەیەوێت کار لەسەر ژیانی ژنان، منداڵ و کچانی رزگاربووی دەستی داعش بکات. 
 
رێژین لە ساڵی 1988 خێزانەکەی لە ئێرانەوە ئاوارەی پاکستان دەبن و رێژین لەوێ لە کامپێک لەدایکدەبێت. دواتر کە تەمەنی دەبێتە حەوت ساڵان، دەچنە نیوزیلاند و لەوێ دەست بە خوێندن دەکات. 
 
رێژین کە چالاکڤان و پارێزەرە بە رووداوی گوت، سەردانیکردنی ئەو کامپانە یادەوەریی زۆری لەبارەی منداڵیی خۆی لە کامپەکانی پاکستان بیردەهێنێتەوە. ئێستاش "دەمەوێت کار بۆ میلـلەتەکەی خۆم بکەم و خزمەت بکەم بەوەی کورد بناسێنم بە جیهان و ئەوەی چیمان بەسەر هاتووە بیگەیێنمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی". 
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێژین گەردی:
 
رووداو: بۆچی ژیانی خۆشی نیوزیلاندت وازلێهێنا و هاتیەوە بۆ کوردستان کار بۆ ئەوە بکەیت پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی بە نێودەوڵەتی بکرێت؟
 
رێژین گەردی: دەرفەتی زۆرمان هەبوو کە خزمەتی کوردستان و نەتەوەکەم بکەم، یەکەمجار کە سەردانی کوردستانم کرد دوای کەوتنی رژێمی سەددام حوسێن بوو لە ساڵی 2005 و ئەو کاتە تەمەنم 13 ساڵان بوو، ئەوکاتە لە کوردستان تێبینی کولتوور و زمانێکی جوانم کرد، خێزانەکەم و نەنک و باپیرم بۆ یەکەمجار بینی، ئەوەش بە رووی کولتوورێکی نوێیدا کردمەوە و شتێکی لە مندا گۆڕی کە دەمەویست شتێک بکەم بۆ خزمەتی نەتەوەکەم و خەڵکەکەم. کاتێکیش گەڕامەوە نیوزیلاند بیرم لەوە دەکردەوە کە چی بکەم بۆ بەرگری لە گەلی کوردستان و خزمەتکردنی. ئەوەی لە سەرەتا بیرم لێکردەوە، بەشداریکردنە لە دادگە و جوڵەیەکی ئازاد. من لێکۆڵینەوەی زۆرم کرد بینیم دادوەری هەروەها جینۆساید و ئەو پەراوێزخستنەی گەلی کورد، ئەمە وای لەمن کرد کارێک ئەنجام بدەم و بەشداربم لەو پرۆسەیەدا. بۆیە من تواناکانی خۆم وەکو پارێزەر بەکارهێنا، تاوەکو بتوانم لە رێگەی یاساوە ئەوکارە ئەنجام بدەم، بۆیە خۆم تەرخانکرد بۆ بەرگریکردن لە گەلی کورد، ئەمە بەشێکبوو لە پلانەکەی خۆم.
 
من سەرەتا ویستم تواناکانی خۆم زیاتر بکەم و ئەزموونی زیاتر وەربگرم تاوەکو بتوانم بە توانایەکی زۆرەوە بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، ئەو دەرفەتەم بۆ رەخسا تاوەکو بتوانم ئەو کارە بکەم، کاتەکەشم بە شیاو زانی بۆ ئەوەی ئەوکارە ئەنجام بدەم.
ئێستا دەمەوێت ئەوەی فێری بوویمە و ئەو دەرفەتانەی لەبەردەستمدان و ئەو ئیمتیازاتانەی لە نیوزلەندا وەرمگرتووە بەشداربم لە وڵاتەکەی خۆم و نیشتمانەکەی خۆم کە ئەویش کوردستانە.
 
رووداو: ئەو ژیانەی لە نیوزیلاند لەگەڵی راهاتووی لەگەڵ ئەوەی ئێستا لە کوردستان هەتە جیاوازییەکانی چییە؟
 
رێژین گەردی: جیاوازی ئەو دەرفەتە گەورەیەیە کە لە نیوزیلاند هەیە، بە دیاریکراوی سەبارەت بە پەروەردە. سیستەمی پەروەردە بە جۆرێک ستایل دیزاین کراوە تاوەکو هاوکاری قوتابیان بکات زیاتر سەرکەوتووبن. ئەوان بتوانن لە رووی داراییەوە ئەو بەرگریانەی لەبەردەمیاندان بتوانن تێیانپەڕێنن، هەرچی تۆ بتەوێت هەر تەمەنێکت هەبێت و لە هەر شوێنێکەوە هاتووی دەتەوێت چ شتێک بخوێنیت ئەوە بۆتۆ باشترینە. ئەمە جیاوازی گەورەیە.
 
من دەرفەتم هەبوو بۆ ئەوەی لە شوێنێکی وەکو نیوزیلاند بخوێنم و تواناکانم زیاتر بکەم. ئەو دەمەی من لە پاکستان بووم لەوێ دەمخوێند، ئەو دەمەی هەڵەیەکمان کردبا مامۆستاکان لە ئێمەیان دەدا، بەڵام نیوزیلاند جیاوازی هەیە، مامۆستایان هانی ئێمە دەدەن تاوەکو باشتر فێرببین. لە نیوزیلاند پرۆسەی فێرکردن و فێربوونمان بەبێ ترس تێپەڕکرد، هەر ئەمەشە کە وادەکات قوتابیان سەرکەوتووبن، لە هەموو بوارێک و شوێنەکاندا پشتگیریت دەکەن.
 
رووداو: ئەگەر باسی دایک و باوکت بکەی.. ئەوان چۆن باسی کوردستانیان دەکرد، ئەوەی بینیت ئەوەبوو کە دایک و باوکت باسیان دەکرد؟
 
رێژین گەردی: دایک و باوکی من لە کوردستان بە تایبەتی لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە لەبارەی پرسی کورد لە رووی سیاسییەوە کاریانکردووە. لە پاکستان و نیوزیلاندیش من بەردەوام ئەو چیرۆکانەم لە کەسوکار و دایک و باوکمەوە لەبارەی کوردستانەوە بیستووە، هەروەها لە رووی کولتوور و کەلەپووری کوردییەوە ئەوان شتی زۆریان بۆ باسکردووین، بەڕاستی وایانکرد کە سەربەرز بین، لەبارەی جینۆساید و لەبارەی ئەوەی چۆن نادادپەروەری بەرامبەر بە کورد کراوە هەموو ئەمانەم لەلایەن دایک و باوکمەوە بۆ باسکراوە. بەردەوامیش هانیان داوین بۆ ئەوەی زیاتر لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لە نیوزیلاند تێکەڵ ببین، ئەوان هەموو ژیانیان لەبارەی کوردستانەوەیە، لە نیوزیلاند بۆ پاکستان، ئەوان هەمیشە لەبەردەم تیڤی دادەنیشتن و دەیانویست بزانن لە کوردستان چی روودەدات، تەنانە لە نیوزیلاندەوە خۆپێشاندانیان دەکرد بۆ ئەوەی پرسی کورد بگەیێنن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بزانێت لە کوردستان چی روودەدات. بۆیە من پێموایە سەرچاوەکەی ئەمەیە کە دایک و باوکی من هەمیشە زۆر ئەکتیڤ بوونە لەبارەی پرسە کوردییەکان بۆیە وای لەمن کرد، وابم.
 
رووداو: بۆچی یاسات هەڵبژارد و چۆن گەیشتیە هارڤارد؟
 
رێژین گەردی: من لە کەمپێکی ئاوارەیی لەدایکبووم. من ئەوەم بینی کە نادادپەروەری هەیە، خۆم ئەزموونکرد کە هەندێک مرۆڤ مافیان نییە، پێش ئەوەی من بزانم ئەو کۆنسێپتانە چین لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە ئەو رەوشانەم بینی و ئەو کەشوهەوایەی تێیدا ژیام و گەورەبووم وایکرد زیاتر لەبارەی دادپەروەری و یەکسانییەوە گرنگی پێدانم هەبێت. ئەو شتانەی کەوا بۆ هەندێک خەڵک دادپەروەرانە نییە وەکو کورد، بۆیە ویستم زیاتر بزانم و زیاتر فێربم کە چۆن دەتوانم یاسا بەکاربهێنم بۆ ئەوەی بتوانی گۆڕانکاری پۆزەتیڤانە بکەی و چۆن بتوانی یاسا بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی هاوکاری خەڵک بکەی، ئەمە ئەو تێڕوانینەیە کە من لە رێیەوە هەوڵمدا یاسا بخوێنم، بۆ ئەوەی شەڕ بکەم بۆ ئەو خەڵکانەی کەوا دەنگیان نییە، بجەنگم بۆ ئەو خەڵکانەی کەوا لە نادادپەروەریدا ژیاون، بۆ ئەوەی منیش بە شێوەیەکی پۆزەتیڤانە بەشداریم هەبێت.
 
سەبارەت بە هارڤارد، زۆر ئەو پرسیارەم لێدەکرێت کە چۆن چوویتە هارڤارد، پێموایە ئەمە کارێکی زۆر ئەستەمە و کارێکی زۆر و خوێندنێکی باشی دەوێت.
 
رووداو: کۆلێژی یاسات تەواوکرد و ویستت دەنگی بێدەنگەکان بیت و کەیسی کوردانی ئێزدیت هەڵبژارد، ئەو کێشانە چین کە رێگرن لەبەردەم کەیسی بە جینۆساید ناساندانی کوردانی ئێزدی پێویستە چی بکرێت؟
 
رێژین گەردی: یەکێک لە پرسە زۆر گرنگەکان بەهۆی ئەو یاسایەیە کە هەیە. ئێستا هیچ رێگەیەک نییە بۆ ئەوەی کەیسی ئێزدییەکان بچێتە دادگایەکی نێودەوڵەتی، دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین ئەو کەیسانە لە رێگەی چەندین وڵاتەوە بگەیێنین. بۆ نموونە ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریکا و فەرەنسا، ئەو کەیسانە ببەینە پێشەوە لەبارەی جینۆساید لە رێگەی دادگاکانی ئەو وڵاتانە.
 
کێشەکە لە یاساکانی عێراقدایە، ئەو یاسایانەی لەبارەی جینۆسایدەوەیە وەکو تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەو یاسایە نییە. بەرزترین تاوان کە هەیە تیرۆرە، کە تێیدا باسی ئەوە ناکات ئەو شتانەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە.
 
ئێمە هەرگیز ناتوانین ئەوەی ئەوان لە دەستیانداوە بیهێنینەوە، بەڵام دەتوانین لانی کەم ئەو کەسانە دادگایی بکەین کە ئەم کارانەیان بەرامبەر بە خەڵکی ئێزدی کردووە، بۆیە پێموایە تاوەکو خەڵکی ئێزدی نەتوانن بگەن بە دادگا، ناتوانرێت بگوترێت دادپەروەری گەیێندراوەتە شوێنی خۆی.
 
رووداو: وەکو کورد خۆمان چۆن کارمان لەسەر کەیسەکە کردووە؟ کەموکوڕییەکان چین و دەبوو کورد چیدیکەی کردبا بۆ ئەوەی کەیسی ئێزدییەکان بە جینۆساید بناسرێت؟
 
رێژین گەردی: پێموایە حکومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی زۆر باش دەکات بۆ پاڵپشتیکردن لە کەیسی ئێزدییەکان، بە راشکاوی ئەمە پرسێکی نیشتمانییە، کەیسەکان دەبێت لە حکومەتی عێراق و دادگەکانی عێراق باس بکرێت. ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیتوانێت بیکات، ئێستا کارێکی زۆرباش دەکات، بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر بیکات ئێزدییەکان وەکو خۆیان دەڵێن ئەوان 74 فەرمانیان بەسەردا جێبەجێکراوە، ئەوان بەشێکن لە گەلی کورد بۆیە دەبێت هەموو کارێک بکەین بۆ ئەوەی دادپەروەری بەرقەرار بکەین و بیانبەین بۆ دادگە، دەبێت بەردەوامبین لە پاڵپشتیکردن لە لێکۆڵینەوەکان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کەیسانەوە، لە عێراقیش بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی بیانبەین بۆ دادگەکانی دیکەش.
 
رووداو: پەیامت بۆ گەنجانی ئێمە لە دیاسپۆرا چییە و پێویستە ئەوان لەوبارەیەوە چی بکەن؟
 
رێژین گەردی: پێموایە ئەوەی گرنگە بۆ گەنجانی دیاسپۆرا ئەوەیە کەوا لەبیریان نەچێت کەوا لە کوێوە هاتوون رەگ و ریشەی خۆیان بیرنەچێت. دەبێت بیر لەوە بکەینەوە ئێمە دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی بەشداریمان هەبێت لە کوردستاندا بۆ ئەوەی گەلەکەمان سەرکەوتووبێت، پێموایە هەمان پەیامیش هەیە بۆ گەنجانی کورد هەروەها لێرە لە کوردستان ئێمە دەبێت بیری لێبکەینەوە کە ئێمە چۆن دەتوانین پێکەوە کاربکەین و شتێک بکەین تاوەکو بەشداریمان هەبێت لە کوردستان و وابکەین کوردستان بەهێزتر و سەرکەوتوو و یەکگرتووتربێت، کەسوکاری ئێمە باب و باپیرانمان قوربانی زۆریانداوە، بۆیە دەبێت ئێمە بەردەوامبین لە شەڕکردن بۆ ئەوەی کوردستانێکی سەربەخۆ ببینین و مافەکانی تێدابێت، کە کورد بۆ ماوەیەکی زۆر شەڕی بۆیان کردووە. بۆیە ئەو خەڵکە لە هەرشوێنێکەوە بن پێویستە ئێمە بەردەوام پرسیار لە خۆمان بکەین چۆن بتوانین زیاتر خزمەتی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان بکەین.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیلی کارلایل، گوتەبێژی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و فوئاد رەحیم، پێشکێشکاری رووداو

گوتەبێژی UNHCR: بەهۆی بێ پارەییەوە هاوکاریی 5,500 خێزانی پەنابەرمان راگرتووە

گوتەبێژی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە عێراق، لیلی کارلایل، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماری نوێی پەنابەران و ئاوارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتییەوە، ناچاربوون هاوکارییە داراییەکانیان بۆ 5,500 خێزانی هەژاری پەنابەر رابگرن.