رووداو دیجیتاڵ
هانس سادنی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، جەختی لە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ عێراق. ئاماژەی بەوەدا، "هۆڵەندا گرنگییەکی زۆر بە هەمەچەشنکردنی ئابووری عێراق دەدات و هەوڵدەدات پشتبەستن بە نەوت کەمبکاتەوە".
باڵیۆزی هۆڵەندا باسی لەوە کرد، بەرنامەکانی هۆڵەندا لە عێراق تەنیا لە بواری کشتوکاڵ و گۆڕانی کەشوهەوادا نین، بەڵکو پەیوەندییان بە ئاسایش و کۆچیشەوە هەیە. ئەو دەڵێت، ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم بەرنامەکان دەگەڕێنەوە بۆ زۆر پشت بەستنی عێراق بە داهاتی نەوت و هەروەها بیرۆکراتیەت و کەمیی شەفافیەت و لاوازیی کەرتی بانکی و لاوازیی ژێرخان.
لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە، هۆڵەندا پاڵپشتیی عێراق دەکات؛ هانس سادنی ئاماژە بەوە دەکات، لە رێگەی هاوکاریی کۆمپانیاکانەوە، بە تایبەتی لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لە کشتوکاڵدا لە رێگەی تەکنەلۆژیای دڵۆپاندنەوە، هاوکاریی عێراق دەکەن.
لە پرسی ئاسایشدا، بەگوێرەی قسەی باڵیۆزەکە، هۆڵەندا بەردەوامە لە چاودێریکردنی دۆخی سووریا و هاوکاریی عێراق لەبارەیەوە. وڵاتەکەی بەشدارە لە هاوپەیمانیی دژی داعش و پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هانس سادنی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق
رووداو: بەڕێز هانس، بەخێربێیت بۆ رووداو.
هانس: زۆر سوپاس.
رووداو: زۆر سوپاس. ئەو پرۆژانەی ئێستای هۆڵەندا لە عێراق، دەزانم کە زۆر جەخت لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و کشتوکاڵ دەکەنەوە و ئەمەش یەکێکە لەو کەرتانەی کە وڵاتەکەتان زۆر سەرنجی لەسەرە لە عێراق. ئێستا چی دەکەن؟
هانس: بەڵێ، راستە ئێمە لەنێو شتەکانی دیکەدا جەخت لەسەر ئەو بابەتانە دەکەینەوە، بەڵام هاوکاریمان لەوە فراوانترە. پەیوەندی بە ئاسایش، کۆچ و شتی دیکەوە هەیە. بەڵام کاتێک باسی بواری ئابووری دەکەین، سەرنجمان بە پلەی یەکەم لەسەر کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراقە بە نەوت، واتە جەخت لەسەر هەمەچەشنکردنی ئابووری دەکەینەوە. ئەمەش لەنێو شتەکانی دیکەدا لە رێگەی جەختکردنەوەیە سەر گەشەپێدانی کەرتی تایبەت دەکەین.
رووداو: گرنگترین بەربەست و ئاستەنگەکانتان لە بەردەم ئەم ئامانجەدا لە عێراق چین؟
هانس: ئاستەنگی عێراق بە گشتی، پێم وایە دادپەروەرانەیە بڵێین کە زۆر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. تۆ باشتر لە من دەزانیت، بەڵام زیاتر لە ٩٠٪ی بودجەی عێراق، بودجەی گشتی، پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. بۆیە عێراق، بۆ داهاتوو، بەڕاستی دەبێت ئابوورییەکەی هەمەچەشن بکات. هۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی هاوبیر لەمەدا یارمەتیی عێراق دەدەن . بەڵام بە راشکاوی دەیڵێم، راستە، هێشتا چەندین ئاستەنگ هەن دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. ئەمە ئاستەنگی خودی عێراقە، بەڵام کاریگەریی لەسەر وڵاتانی وەک هۆڵەندا هەیە. بۆ نموونە، هێشتا بیرۆکراتیەتی زۆر هەیە، شەفافیەتی پێویست نییە. کەرتی بانکی هێشتا زۆر لاوازە. هەروەها ژێرخانی گشتی لە ئاستێکدایە کە دەکرێت باشتر بکرێت. دەیڵێمەوە کە حکومەت هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە بەغدا زۆر هەوڵی پێشکەوتن دەدات. پێشکەوتنی زۆر هەیە و من خۆم شایەتی ئەوەم. بەڵام هێشتا دەکرێت زۆر زیاتر بکرێت. بۆ نموونە، هۆڵەندا دەتوانێت لە گەشەپێدانی ئابوورییدا یارمەتیی عێراق بدات کە پرۆسەی هەمەچەشنکردن بەردەوامتر و خێرا بکات.
رووداو: سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، عێراق یەکێکە لە پێنج وڵاتی هەرە کارتێکراو بە گۆڕانی کەشوهەوا. چۆن پشتیوانیی حکومەتی عێراق دەکەن لەم بوارەدا؟
هانس: ئەمە لە رێگەی هاوکاریی نێوان کۆمپانیاکانەوە دەکەین. بۆ نموونە، لە بواری کشتوکاڵدا، زۆر جەخت دەکەینە سەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و بەڕێوەبردنی ئاو. تەکنەلۆژیای تایبەتمان بۆ ئەمە هەیە، تەکنەلۆژیای دڵۆپاندن کە بەکارهێنانی ئاو بە رێژەی ٨٠٪ یان زیاتر کەم دەکاتەوە. لە بواری کشتوکاڵدا، هەروەها جەخت دەکەینە سەر بەرهەمهێنانی تۆو و بەروبوومی بەرگەگرتر بەرامبەر بە گۆڕانی کەشوهەوا. ئەمەش یارمەتییەکی زۆری دەدات.
هەروەها لەبارەی پرۆژە و بەرنامەکانمانەوە، بۆ نموونە، بەرنامەی شیراکەمان هەیە کە جەخت دەکاتە سەر گواستنەوەی زانیاری لە رێگەی زانکۆکانەوە و، هەروەها بەرنامەی راهێنانی تایبەت بە خوێندکاران و کارسازانی عێراقیمان هەیە.
بابەتێکی دیکە کە دەیکەین گەشەپێدانی کەرتی تایبەتە. ئەمەش لە رێگەی بەرنامەی گۆشەی پرتەقاڵییەوە دەکەین کە یارمەتیی کۆمپانیا نوێیەکان و گەشەسەندووەکانی عێراق دەدات. هەروەها بە تازەیی سندووقی داهێنانی گۆشەی پرتەقاڵیمان دروستکردووە کە پەیوەندی لەنێوان بۆشایی دارایی نێوان کۆمپانیا نوێیەکان و گەشەسەندووەکان دروستدەکات.
ئێمە لە بواری ئەکادیمیشدا کار دەکەین. هۆڵەندا بە کشتوکاڵ ناسراوە و ناوەندی ئەکادیمیی پێشکەوتوومان هەیە وەک ڤاخەنینگن، کە خوێندکاری زۆر رادەکێشێت و هاوکاری لەگەڵ عێراقدا هەیە. هەروەها پەیمانگای ئای ئێچ ئەی دێلفت، کە پەیمانگایەکی بەڕێوەبردنی ئاوە لە ئاستێکی بەرزدا و لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە، ئەویش هاوکاریی لەگەڵ عێراق هەیە. ئەمانە ئەو جۆرە شتانەن کە دەتوانین بیانکەین بۆ یارمەتیدانی عێراق، بێگومان بۆ یارمەتیدانی کوردستانیش، بۆ هەمەچەشنکردنی زیاتری ئابووری و وا لە ئەو ئابوورییە بکەین زیاتر بەرگەی کەشوهەوا بگرێت.
رووداو: لەبارەیبە ئاسایش و کۆچەوە، بەتایبەتی دەزانم کە کۆچ، ئەمە رێگەیەکی یەکێتیی ئەوروپایە لەگەڵ عێراقدا و ئاگادارم، بەڵام لەبارەی ئاسایشەوە، سووریا جێی نیگەرانی هەموو جیهانە. لەگەڵ حکومەتی عێراقدا چۆن لەو بارەیەوە کاردەکەن، یان ئایا ئەوە بە گشتی جێی نیگەرانیی هۆڵەندایە؟
هانس: ئەوەی ئێمە دەیکەین، بێگومان ئەوەیە کە لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا دەکەین. ئەوە بۆ هۆڵەنداش باشە کە لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ عێراق. عێراق دراوسێیەکی راستەوخۆی سووریایە. دەیڵێمەوە، لە بەرژەوەندی عێراق و هۆڵەندایە کە پەیوەنییان لەگەڵی هەبێت، بەڵام بێگومان هەروەها لە بەرژەوەندی عێراق و سوریایە، کە ناوچەکە سەقامگیر و گەشەسەندوو بمێنێتەوە و داهاتووی بەردەوام بێت.
بە تایبەتی لەبارەی عێراقەوە، بێگومان هێشتا ئەندامێکی چالاکین لە هاوپەیمانێتیی دژی داعشدا. بەڵام وەک لەوانەیە بزانی، هۆڵەندا لەم کاتەدا سەرکردایەتی دەکات. بە تەکنیکی، پێی دەڵێین کەشتی فەرماندەیی نێردراوی ناتۆ لە عێراق. کەواتە یارمەتیی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەدەین، ئەوەیش راستەوخۆ بە بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتیی دژی داعشدا.
هێشتا داعش ئاستەنگە بێگومان، بەڵام هەروەها لە رووی چاکسازیی کەرتی ئاسایشەوە پشتیوانی و یارمەتیی سوپای عێراقی دەدەین، نەک تەنیا سوپای عێراقی، بەڵکو پۆلیسی عێراقیش.
رووداو: بەڕێز هانس، زۆر سوپاس. دووبارە بەخێربێیتەوە بۆ رووداو.
هانس: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ