رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبا دەڵێت، ئێستا لە هەرێمی کوردستان 5,200 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت، لە کاتێکدا خواست لەسەر کارەبا گەیشتووەتە 6,000 مێگاوات. دەشڵێت، داشکاندنی 20٪ بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، دوایین زانیارییەکانی تایبەت بە کەرتی کارەبا، تێچووی بەرهەمهێنان، قەرزەکان و پڕۆژەی رووناکی ئاشکرا کرد.
وەزیری کارەبا باس لەوە دەکات: "لە 5 سەرچاوەی جیاواز و لە رێگەی 15 وێستگەی بەرهەمهێنانەوە کارەبا دابین دەکەین، کە 84٪ی بەرهەمهێنانەکە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت."
کەمال محەممەد جەختی لە بڕیاری داشکاندنی 20٪ی قەرزی کارەبا کردەوە و رایگەیاند: "داشکاندنەکە لە 10ـی شوبات تاوەکو 10ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت." بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم داشکاندنە تەنیا بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی دەبێت و پارەدانی بە شێوەی کاش ناگرێتەوە.
وەزیری کارەبا لەبارەی بەنزینەوە دەڵێت: "رۆژانە 4.5 ملیۆن بەنزینمان پێویستە، 3 ملیۆن لیتری نۆرماڵ خۆمان بەرهەمدەهێنین، 1.5 ملیۆنیش لە دەرەوە هاوردە دەکرێت."
سەبارەت بە لایەنی دارایی، کەمال محەممەد ئاشکرای کرد کە مانگانە 150 ملیۆن دۆلار تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبایە. لەبارەی قەرزەکانیش گوتی: "بڕی 7 تریلیۆن و 20 ملیار دینار قەرزی کارەبا لای بەشداربووانە بەگشتی." جەختیشی کردەوە کە نرخی هەر کیلۆواتێکی کارەبا لەسەر بنەمای تێچووی بەرهەمهێنان دیاریکراوە و لە 18ـی ئایاری 2025ـەوە نرخەکان پەسند کراون و دەستکاری نەکراون.
وەزیری کارەبا دووپاتی کردەوە کە تاوەکو هاوینی داهاتوو، هەموو هەرێمی کوردستان دەبێتە پڕۆژەی رووناکی، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا 75٪ی بەشداربووان لەنێو پڕۆژەکەدان. هەروەها باسی لەوە کرد کە بەمنزیکانە کێشەی گەیشتنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان نامێنێت.
لەبارەی بەفیڕۆچوونی کارەبا، وەزیری کارەبا روونی کردەوە کە بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان دەبێت 12٪ی کارەبا وندببێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 18٪ی کارەبا لە سەرووی ستانداردە تەکنیکییەکانەوە وندەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ