رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینیی خۆی، ئیلهام ئەحمەد و ئەسعەد شەیبانیی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بۆ رووداو باسکرد.
مەزڵووم عەبدی بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی راگەیاند، باسی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم کراوە، بەتایبەتی "مسۆگەرکردنی مافی کورد و پاراستنی تایبەتمەندییەکەی."
بە گوتەی عەبدی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردووەتەوە کە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە کارە لەپێشینەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەبێت.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لەوەش کرد، جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بەو جۆرە دەبێت کە "هەر ناوچەیەکی کوردی لیوای خۆی دەبێت؛ دێرک، قامشلۆ، کۆبانێ، حەسەکە. ئەوانە بە شێوەی لیوا بەشداربن و دامەزراوەکانی هەسەدەش، دامەزراوە سەربازییەکان، ئەوانیش دەبنە بەشێک لە دامەزراوەکانی سوپای سووریا."
مەزڵووم عەبدی سوپاسی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، "بە گشتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەیان هەبوو. لەم ماوەیەی دواییدا بەتایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان، هەم لەم شەڕەی دواییدا بۆ ئەوەی شەڕ رابگیرێت، لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیدا، لە زۆر بارودۆخدا رۆڵێکی زۆر ئەرێنی گێڕا. هەڵبەتە ئێمە سوپاسی هەوڵەکانی دەکەین."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سڵاوتان لێبێت. هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەم. زۆر خۆشحاڵم کە ئەو لە میونشنە، بەشدارە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی هەبوو. بەڕێز مەزڵووم عەبدی زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. گوتتان بەڕێزتان ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگتان هەبوو. لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە، باسی چیتان کرد و ئەو چی گوت سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان و هەسەدە؟
مەزڵووم عەبدی: راستە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، زۆر گرنگ بوو. ئێمە بە گشتی لەسەر بابەتەکانی شەڕی دژی تیرۆر و ئەو بابەتانەی پێشتر هەبوون، قسەمان کرد، ئەوانیش سوپاسیان کردین. هەروەها بۆ داهاتوو چۆن بەردەوام بین، لەسەر ئەوە قسەمان کرد. بۆ نموونە، جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم؛ چۆن جێبەجێ بکرێ، لەسەر ئەوانە قسەمان کرد. گرنگترینیان، چۆن مافی کورد بە شێوەی دەستووری مسۆگەر بکرێ و تایبەتمەندیی کوردی بپارێزرێ. هەروەها جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە چۆن گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی گەرەنتی ئەمریکای هەبێت، لەسەر ئەوانە ئێمە بۆچوونی خۆمان دەربڕی. بەرێز وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش گوتی کە ئەمە لە کارە لەپێشینەکانی سەرۆک ترەمپە و دۆزینەوەی چارەسەرە، کە چۆن لە سووریا سەقامگیری دروست ببێت، ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێ و یەکگرتن لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەوڵەتی سووریا بە شێوازێکی گونجاو دروست بێت، کە ئەوانیش ئاگاداری بن. بە گشتی دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەیەک بوو کە ئەنجامەکانی ئەرێنی بوون.
رووداو: رۆژئاوای کوردستان ئۆتۆنۆمی دەبێت یان لامەرکەزی دەبێت؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، بە گشتی، ئێمە جەخت لەسەر تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان دەکەینەوە. لە رێککەوتنی 29ی مانگی یەکدا ئەوە هەیە و باسکراوە. ناوچە کوردییەکان، لە رووی کارگێڕییەوە، لە رووی سەربازییەوە و تەنانەت لە رووی ئەمنییەوەش، دەبێت خۆیان خاوەن بەڕێوەبەرایەتی بن. هەڵبەتە مافی گەلی کورد، تایبەتمەندیی کوردی، کولتووری کوردی، ئەمانەش پێویستە لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێن. لەسەر ئەمە پێشکەوتن هەیە.
رووداو: دانوستاندنەکان لەگەڵ شام هاوبەش دەبن؟ بە شاندی هاوبەش دەبێت؟
مەزڵووم عەبدی: لە راستیدا ئەمڕۆ یەکەم جار شتێکی وەها کرا. واتە وەزیری دەرەوەی حکومەتی سووریاش ئامادە بوو و ئێمەش ئامادە بووین و لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریشەوە ئیلهام [ئەحمەد] ئامادە بوو. پێکەوە وەک شاندێکی گشتیی سووریا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووینەوە. من باوەڕم وایە ئەمەش شتێکی ئەرێنییە.
رووداو: هاتنی بەڕێزتان بۆ میونشن، هاوکارییەکانی نێچیرڤان بارزانی و بەشداریکردنتان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و کۆبوونەوەتان لەگەڵ بەرپرسانی جیهان چەندە گرنگ بوو؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاک نێچیرڤان هاوکارییەکی زۆری هەبوو، من سوپاسی دەکەم. هەروەها من باوەڕم وایە ئەم دیدارانەی کە لێرە ئەنجام دەدرێن، هاتنی ئێمە بۆ ئێرە، ئەمە دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
رووداو: من دەمەوێ بزانم ئایا هەسەدە چۆن دەبێتە بەشێک لە سوپای عەرەبی سووریا؟
مەزڵووم عەبدی: بە شێوەی چەند یەکینەیەک بەشداری دەکات، بە شێوەی لیوا بەشداری دەکات. واتە هەر ناوچەیەکی کوردی لیوای خۆی دەبێت؛ دێرک، قامشلۆ، کۆبانێ، حەسەکە. ئەوانە بە شێوەی لیوا بەشداربن و دامەزراوەکانی هەسەدەش، دامەزراوە سەربازییەکان، ئەوانیش دەبنە بەشێک لە دامەزراوەکانی سوپای سووریا.
رووداو: ئەمڕۆ ئەمریکا چی بەڵێنێکی بە ئێوە دا؟ هیچ گەرەنتییەکی بە ئێوە دا؟
مەزڵووم عەبدی: بە گشتی گوتیان ئێمە پابەندین بە بابەتی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنەوە، کە ئێمە داوای گەرەنتییمان لێکردن. گوتیان میکانیزمێکی گەرەنتی دەبێت بۆ ئەوەی ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێ، دەبێت چاودێری بکرێت. ئەوانیش گوتیان ئەمە یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی سەرۆک ترەمپ و ئێمەش چاوەڕێین سەرۆک ترەمپ بەڵێنەکەی خۆی جێبەجێ بکات.
رووداو: دوایین پرسیارم، رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە تەواوەتی بۆ دانوستاندنەکان، بۆ نێوەندگیری لەگەڵ حکومەتی سووریا چەندە گرنگ بوو؟ هاتنتان بۆ میونشن چەندە گرنگ بوو؟
مەزڵووم عەبدی: بە گشتی هەرێمی کوردستان، بە گشتی رۆڵێکی گەورەیان هەبوو. لەم ماوەیەی دواییدا بەتایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان، هەم لەم شەڕەی دواییدا بۆ ئەوەی شەڕ رابگیرێت، لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیدا، لە زۆر بارودۆخدا رۆڵێکی زۆر ئەرێنی گێڕا. هەڵبەتە ئێمە سوپاسی هەوڵەکانی دەکەین.
رووداو: چی کۆبوونەوەی دیکەتان هەیە؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ زۆر هەن، کۆبوونەوەی دیکەش هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ