شەهریبان: کاتێک گۆرانی دەڵێم لەناویدا دەژیم

13-05-2025
 هەڤپەیڤینی دلبخوین دارا لەگەڵ هونەرمەند شەهریبانا کوردی
هەڤپەیڤینی دلبخوین دارا لەگەڵ هونەرمەند شەهریبانا کوردی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەهریبانا کوردی، خانمە هونەرمەندی نێوداری کورد لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، نهێنیی مانەوەی دەنگی بە خۆشی و نەگۆڕی بۆ پەیوەستبوونی بە "گۆرانی، زمانی کوردی، ئێش و ئازاری گەلی بندەست" گەڕاندەوە. 
 
شەهریبان جەختی کردەوە کە جلوبەرگی کوردی و سەرپۆشەکەی "دۆز و ناسنامەی ئەون" و وەک ئەرکێک دەیانبینێت. شەهریبان، کە ماوەی 30 ساڵە لە ئەورووپا دەژی و کچە گەورەکەی لە قامشلۆ لەدایکبووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە تاوەکو ئازادیی تەواوەتی کوردستان لە خەباتی هونەریی خۆی بەردەوام دەبێت و بە دەنگی خۆی شەڕ دەکات.
 
دەقی هەڤپەیڤینی دلبخوین دارا لەگەڵ شەهریبان کوردی:

 

رووداو: بیرم دێت ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر، ناڵێم چەند ساڵ، بۆ ئەوەی تەمەنمان دەرنەکەوێت، چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ شەهریبانی کوردیدا کردبوو، دواتر نزیکەی 17-18 ساڵ بوو یەکدیمان نەدیبوو، بەڵام ئەمجارەش لە زاخۆ یەکدی دەبینین. شەهریبان بەخێربێیت، من دڵخۆشم.
 
شەهریبان: هەر ساخ و سەلامەت بیت، سوپاس.
 
رووداو: تۆ هەر وەک خۆتی.
 
شەهریبان: سوپاس برا، تۆ زۆر باشیت. من سوپاسی تۆ دەکەم، بەخێرهاتنت دەکەم، رووداو تیڤی، هەروەها کارمەندەکانی، ئێوە زۆر بەڕێزن و بەخێرهاتن سەر چاومان.
 
رووداو: تۆش بەخێربێیت سەرچاومان. شەهریبان نزیکەی 17 ساڵە؟
 
شەهریبان: بەڵێ، نزیکەی 17 ساڵ دەبێت.
 
رووداو: 17 ساڵ پێش ئێستا بوو، لە ئەڵمانیا یەکدیمان بینی.
 
شەهریبان: ئێمە لە ئەڵمانیا یەکدیمان بینی و دواجاریش کە هاتمە هەولێر، لەوێش جارێک یەکدیمان بینییەوە، دوای ئەوە من نەهاتمەوە کوردستان.
 
رووداو: ئەو رۆژە ڤیدیۆیەکمان بڵاوبووەوە، بینیم لەگەڵ چەند گرووپێکی هونەرمەندان بووین و گۆرانی "ئەز خەلەفم"مان دەگوت.
 
شەهریبان: بەڵێ.
 
رووداو: شەهریبانیشی تێدا بوو، هەرچەندە من وەک رۆژنامەڤانێکی سیاسی دەناسن، بەڵام من دۆستی هونەرمەندانم.
 
شەهریبان: راستە، راستە.
 
رووداو: من زۆر حەزم لە هونەرمەندانە، دەزانیت هەموو کەس حەزیان لە چ شتێکی شەهریبانە؟ دەڵێن دەنگی هەرگیز تێکناچێت. دەنگی هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەر خۆشە، نهێنی ئەم دەنگخۆشی و تێکنەچوونی چییە؟
 
شەهریبان: برا، چۆن باسی بکەم؟ کاک دلبخوین، من پەیوەستم بە گۆرانییەکانمەوە، گۆرانییەکانیشم پەیوەستن بە زمانی کوردییەوە، بەتایبەتیش ئەو گۆرانییانەی لەسەر ئێش و ئازاری گەلی بندەستن، ئێمە گۆرانی بۆ ئەوان دەڵێین، من زۆربەی کات پەیوەستی بەو شتەوە دەبینم، چونکە کاتێک من ئەو گۆرانییانە دەڵێم، من لەناویاندا دەژیم، کاتێک مرۆڤ لەناویدا بژی، باوەڕ ناکەم دەنگی تێکبچێت، بە گشتی ئەوەیە، من لەو باوەڕەدام، هیوادارم وابێت.
 
رووداو: دەنگت بۆماوەییە و لە بنەماڵەکەتەوە وەرگرتووە؟
 
شەهریبان: لە خێزانەکەم، دەنگی پوورم (خوشکی دایکم) زۆر خۆش بوو، بەڵام گۆرانی نەدەگوت. براکەم ئێستا کاری هونەری دەکات، ئەویش لە ئیزمیرە، خوشکەکانم هەموویان دەنگیان خۆشە، بەڵام کاری هونەری ناکەن، تەنها براکەم کاری هونەری دەکات، ئەویش گرووپێکی هەیە، دەچێت بۆ ئاهەنگ و زەماوەند، جگە لەوە، دەتوانم بڵێم دەنگی هەموو خێزانەکەمان خۆشە، لە منداڵەوە تا گەورە.
 
رووداو: پێویستە ئەوەش بڵێم، بەڕاستی، هەرگیز لەبیرم ناچێت، ساڵی 1995-1996 سەمفۆنیستی زۆر بەڕێز دڵشاد سەعید گوتی دلبخوین، دەتوانیت پەیوەندی بە شەهریبانی کوردییەوە بکەیت؟ منیش گوتم، بۆچی؟ گوتی زۆر حەزم لە دەنگیەتی و دەمەوێت گۆرانییەکی بۆ دروست بکەم. پێموایە دواتر دڵشاد ئەنجامی دا.
 
شەهریبان: بەڕاستی بابەتەکە ئاوا بوو، با بە کورتی باسی بکەم. ئێمە لە تەلەڤیزیۆنێک بووین، تەلەڤیزیۆنێکی کوردی بوو، پێویست ناکات ناوی بهێنم، لەوێ خزمەتمان بە میللەتەکەمان دەکرد. مامۆستا دڵشاد منی بینی. لەگەڵ کاکشار ئۆره‌مار، تۆ دەیناسیت. لە رێگەی ئێوەوە، سڵاوی خۆمان بۆ مامۆستای هێژا دڵشاد سەعید، هەروەها خێزانەکەی و بۆ کاکشار ئۆره‌مار کە ئەویش برایەکی ئازیزە، دەنێرین. من زۆر ئەوانم خۆشدەوێت. ئەویش پێی گوتم، مامۆستا دڵشاد هاتووە، با بچین یەکدی ببینین، چووین و یەکدیمان بینی، مامۆستا دڵشاد زۆر دڵخۆش بوو و ویستی کارێک پێکەوە بکەین، گوتی دەنگت دەنگێکی رەسەنە، بەڕاستی منیش زۆر دڵخۆش بووم، بێگومان مامۆستایەکی هێژایە. بۆ ئەوەی گۆرانییەکانمان بچنە ناو مێژووەوە، بچنە ناو مێژووی گەلی کوردەوە، کارێکمان پێکەوە کرد، بەڕاستیش کارەکەمان سەرکەوتوو بوو. ئێمەش سوپاسی تۆ دەکەین.
 
رووداو: شەهریبان خەڵک حەزی لە شتێکی دیکەیە، ئەویش جلوبەرگەکەتە، هەمیشە جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەیت و سەریشت پێچراوە، دەزانن شتێکی شاراوە نییە. تۆ خۆت حەزت کرد، هەمیشە بەم شێوەیە دەربکەویت؟
 
شەهریبان: کاک دلبخوین، بۆ من جلوبەرگ دۆزی منە، بۆ من پێویستییەکی سەرەکییە و کاتێک هونەرمەندێک گۆرانییەکانی پێشکەشی میللەتی خۆی دەکات، پێویستی بە جلوبەرگی کوردییە، پێویستی بە زمانی کوردییە. ئەمە بۆ من سەرەکییە، بۆیە هەمیشە من زۆر حەزم لە جلوبەرگی کوردی کردووە. سەبارەت بەوەش کە سەرپۆش لەسەر دەکەم، من کەسێکی دیندارم، من ئایینەکەم خۆشدەوێت و دەمەوێت بە دەنگی خۆم خزمەتی میللەتەکەم بکەم، بە جلوبەرگەکەم خزمەت بکەم، نەک وەک ئەوەی ئەمە ئەو شەهریبانەیە کە خۆی دەڕازێنێتەوە، هەرچەندە من رێز لەو کەسانە دەگرم کە خۆیان دەڕازێننەوە، بەڵام من بە هەڵوێستی خۆم و بە گۆرانییەکانم. دەمەوێت بە گۆرانییەکانم روو لە میللەتەکەم بکەم و خزمەتی میللەتەکەم بکەم.
 
رووداو: تۆ هەر بەم شێوەیەش خۆشەویستیت. بەڕاستی، بەو شێوەیەی کە تۆ پێی رازیت، بەو شێوەیەش خەڵک قبووڵت دەکات.
 
شەهریبان: ئێمە میللەتێکی رەسەنین، تۆش خۆت باش دەزانیت، میللەتی کورد میللەتێکی دێرینە و ئەم جلوبەرگەش لە دنیادا دەمانناسێنێت. واتە میللەتێک بە زمانی خۆی و بە جلوبەرگی خۆی لە دنیادا دەناسرێتەوە، لەبەر ئەوەش من سەیری دایک و داپیرم دەکەم و سەیری پووری خۆم دەکەم و ئەوانەی زۆر کۆنن هەموویان جلوبەرگی کوردییان لەبەر دەکرد. من جارێک پرسیاری بەستنی دەستماڵم لە داپیرم کرد. من خەڵکی کۆسەرم لە ماردین، ئێمە رەش دەبەستین، من گوتم، دایە ئەمە لە کوێوە هاتووە، ئێوە بۆچی دەیبەستن، ئایا بۆ جوانییە، یان بۆچی ئاوا دەیبەستن؟ پێی گوتم، پێشتر زۆر تووشی ئازاری سەر دەبووین، چونکە زۆر ماندوو دەبووین، کاتێک تووشی ئازاری سەر دەبووین سەرمان دەبەست و تووندمان دەکرد و دواتر لەناو خەڵکدا وەک جوانییەک بڵاوبووەوە، پاشان خەڵک دەیانڕازاندەوە، زۆر شتی وا دەرکەوتن.
 
رووداو: ئەم شێوازە هی کوێیە شەهریبان؟
 
شەهریبان: ئەمە بەتایبەتی، ئەم جلانەی لەبەرم کردوون، بادینییە. واتە لە هەرێمی جزیرەی بۆتانی باکوورەوە بگرە تاوەکو دەگاتە دهۆک، زاخۆ و ناوچەکانیان، ئەمەش ئاوریشمە، ئەمە بە دەست دروستکراوە، زۆر بەنرخە.
 
رووداو: جوانە، بەڕاستی لێت هاتووە. زۆر جوان لە شەهریبان هاتووە، شەهریبان بەم شێوەیە شیرینە و خۆشەویستە.  پرسیارێکی دیکە، چەند ساڵە لە ئەورووپایت؟
 
شەهریبان: 30 ساڵە، تەمەنێکی درێژە لە ئەورووپام.
 
رووداو: ژیانی ئەورووپا رێگەی لێ نەگرتی کە واز لە کاری هونەری خۆت بهێنیت، تۆ هەر بەردەوام بوویت.
 
شەهریبان: ئەوێ وەک کوردستان نییە، بەڵێ دەرفەتەکان لە ئەوروپا زیاترن، بەڵام لە کوردستان هەستی هونەرمەندان بەهێزترە. بەڕاستی هونەرمەند دەتوانێت گۆرانی دابهێنێت، دەتوانێت شتی باشتر دروست بکات، موزیسیانی کورد لێرە زیاترن، دەرفەت لە ڕووی میوزیکەوە لێرە زۆرە. لە ئەورووپاش ئەم شتانە زیاد بوون، بەڵام رووحێکی کوردی لە ئەوروپا کەمتر بووەتەوە، یان کەمە. کاتێک دەچیتە سەر ستەیج و گۆرانییەک دەڵێیت، ئەو هەستەی لەگەڵتە کەمە. ئەمڕۆ ئێمە لە فێستیڤاڵی شاڵ و شەپکدا بەشدار دەبین، ئێوە دەبینن بە چ جۆش و خرۆشێکی گەورە بەڕێوەدەچێت، چونکە ئەو خۆشی و ئەو گەشبینییە گەل دەیدات بە هونەرمەند، پێگە دەدات بە هونەرمەند تاوەکو هونەرمەند بتوانێت گۆرانییەکانی پێشکەش بکات. بە هێزێکەوە، بە جۆشێکەوە و بە دڵخۆشییەکەوە گۆرانییەکانی بۆ میللەتەکەی دەڵێت. لەبەر ئەوە من لە ئەوروپا بەردەوام بووم لە کارەکەم، بەڵام کەم بوو، هەندێ جار هەبوو و هەندێ جاریش نەبوو و لەئێستا بەدواوە هیوادارم ئێمە چالاکتر بین.
 
رووداو: هەست دەکەیت ماوەیەک تاڕادەیەک بێدەنگ بوویت، من هەستم پێکرد. گوتم ئایا شەهریبان چی بەسەر هاتووە، لە کوێیە؟
 
شەهریبان: هەندێ کەس دەیانپرسی گوایە بووەتە سۆفی و لە ماڵی خۆیەتی.
 
رووداو: خەڵک وا سەیرت دەکات کە شەهریبان دیندارە، چونکە سەرپۆش لەسەر دەکەیت، رەنگە تۆبەی کردبێت و ئیدی گۆرانی نەڵێت. هەرگیز گۆرانیگوتن پەیوەندیی بە سەرپۆشەوە نییە، دوو بابەتی جیاوازن.
 
شەهریبان: بەڕاستی من وا بیر دەکەمەوە، من دەردی وڵاتەکەم دەردەبڕم و کاتێک من باسی شتەکانی وڵاتەکەم دەکەم ئاسوودە دەبم، من ئەم شتە بۆ خۆم وەک تێکۆشانێک دەبینم، وەک شەڕێک دەیبینم، واتە ئەم سەرپۆش و گۆرانیگوتنە، من پرسیارم لە زۆر شێخ و مەلاش کردووە، لێم پرسیون کە دەڵێن، دەنگی ژنان لە ئیسلامدا گوناهە. ئەوانیش زۆر شتیان پێ گوتم، ئەگەر بەم شێوەیە بیڵێیت گوناهە، ئەگەر ئەم وشانە بخەیتە ناو گۆرانییەکانت گوناهە، بەڵام جگە لەوە من تێکۆشان دەکەم، من بە دەنگی خۆم شەڕ دەکەم، من وڵاتی خۆمم دەوێت. 
ئەم بەشە ئێستا ئازادە، هەزار رەحمەت لە گۆڕی ئەو شەهیدانە بێت، ئەمڕۆ هەر بستێکی خاکی ئێمە بە خوێنی شەهیدان ئاو دراوە، بەڵام سێ پارچەکەی دیکە، هێشتا بندەستن. ئێمە ناچارین، من وەک دایکێک، وەک هونەرمەندێکی کورد، وەک شەهریبانی کوردی، ناچارم بەردەوام هەوڵ بدەم، من شەڕی خۆم بە دەنگی خۆم دەکەم، بە هەڵوێستی خۆم و بە گۆرانییەکانم شەڕ دەکەم، بابەتەکە ئەمەیە.
 
رووداو: تۆ هەم دایک بیت، هەم هونەرمەند بیت، هەم لە غەریبی بیت، شەهریبان چۆن دەتوانێت هەموو ئەم شتانە پێکەوە بەڕێوە ببات و تێیاندا سەرکەوتوو بێت؟ بۆ نموونە تۆ هونەرمەندێکی سەرکەوتوویت، دایکێکی سەرکەوتووش بوویت.
 
شەهریبان: هەڵبەت کاک دلبخوین، لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، سیستەمی پیاوسالاری زاڵە، واتە کاریگەریی پیاو زۆرە لەسەر ژنان. بەڵام بۆ من، باوەڕ بکە، هاوسەرەکەم، هاوڕێم شێرکۆ، تۆش خۆت دەیناسیت، هاوڕێیەکی بەڕێزە، من لەڕێگەی ئێوەوە سوپاسی ئەویش دەکەم. ئەو زۆر پشتیوانیم دەکات، دەتوانم بڵێم، لە من زیاتر ماندوو دەبێت، چونکە ئەو پشتگیریم دەکات من دەتوانم زیاتر هەنگاو بنێم. لەبەر ئەوەش من دەتوانم بڵێم کە ئەگەر ناوی من شەهریبانی کوردیش بێت، من قەرزداری ئەوم. سوپاسی دەکەم.
 
رووداو: من شایەتی ئەوەم. شەهریبان کاتێک تۆ تازە دەستت بە هونەر کرد، لەو سەردەمەدا زۆر کچ و ژنی وەک تۆ دەرکەوتن، وەک هونەرمەند دەرکەوتن، بەڵام ئەوان نەمانەوە، من نامەوێت ناویان بێنم، بەردەوام نەبوون و نەمان، چی وای کرد تۆ بەردەوام بیت، لەسەر پێی خۆت بمێنیتەوە؟
 
شەهریبان: بەڵێ، شۆڕشی ئەم میللەتە، خەباتی ئەم گەلە وای کرد من بەردەوام بم. کاتێک تۆ لەگەڵ گەلەکەتدا راستگۆ بیت، خەباتێک لە دڵ و گیانەوە بکەیت، بۆ ئەم میللەتە و بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆت نەکەیتەوە، تەنها خزمەتی گەلەکەت بکەیت، باوەڕ بکە هەمیشە لەسەر پێی خۆت دەمێنیتەوە. ئەمە تەنیا بۆ هونەرمەند نییە، بۆ هەموو کەسێک راستە. من لەو باوەڕەدام.
 
رووداو: هونەر چی پێدایت؟
 
شەهریبان: هونەر گەنجێتی پێدام، من هێشتا گەنجم، بەلای منەوە دڵم زۆر گەنجە، خۆشی پێدام، لە وڵاتی خۆم دەگەڕێم و گۆرانییەکانم پێشکەشی میللەتەکەم دەکەم، لەناو گەلەکەمدا، لەناو خاکی ئازادی خۆمدام، بێگومان قورسێتیشی هەبوو، هەڵبەت گوتەیەک هەیە، دەڵێت، "کەسێک حەزی لە گوڵ بێت، دەبێت دڕکەکەشی قبووڵ بکات". هەڵبەت ئێمە زۆر قورسێتیمان بینیوە. بەڵام ئەمڕۆ من هیوادارم سێ بەشەکەی دیکەیش وەک ئەم بەشەی کوردستان ئازاد ببن و بە ئاسوودەیی بچینە ئەو ناوچانەش و فێستیڤاڵەکانمان و ئاهەنگەکانمان و زەماوەندەکانمان و نەورۆزەکانمان لەو ناوچانەش بەئازادی پێشکەشی میللەتەکەمان بکەین. هەڵبەت خۆشی و ناخۆشی هەمیشە دەبن، بەڵام ئێستا خۆشی زیاتر کاریگەری لەسەرم هەیە، چونکە من لە کوردستانم و کوردستانێکی ئازادە.
 
رووداو: شەهریبان، کورد لە رۆژئاوای کوردستان زۆر خۆشیان دەوێی، چ ئەوانەی لە رۆژئاوا دەمێننەوە و چ ئەوانەی لە ئەوروپا و لە دەرەوەی کوردستان دەمێننەوە زۆر حەزیان لە دەنگتە. باوەڕ بکە، تۆ بچیتە هەر ماڵێکی رۆژئاوای کوردستان، یەکێک لەو ماڵەدا هەیە کە گوێی لە گۆرانییەکانت گرتووە و تۆ دەناسێت. رەنگە حەز بکەن بڵێن، ئایا دەتوانین رۆژێک شەهریبان لەلای خۆمان ببینین؟ 
 
شەهریبان: هەڵبەت، چۆن نایبینن، رۆژئاواش وڵاتی منە، هیوادارم، ئێستا ئێمە لە هەوڵداین، من نەمدەویست ئەو شتانە بڵێم، بەڵام زۆر دڵمان خۆشە، وەک هونەرمەندێکی کورد، وەک دایکێکی کورد، من دەزانم هاونیشتمانییان تووشی زۆر قورسی و زەحمەتی بوون و خوێنی زۆر کچ و کوڕمان رژاوە و لەئێستا بەدواوەش وەک دایکێکی کورد، هەم وەک هونەرمەندێکی ژن، هەم وەک دایکێک نامەوێت ئیدی خوێن بڕژێت و ئازادی و ئارامی بێتە وڵاتەکەشمان و سێ پارچەکەی دیکە، بەتایبەتیش ئێستا لە رۆژئاوا، ئازادی زیاتر دیارە و لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ئازادی دروست دەبێت. هیوادارم. 
 
رووداو: چ گۆرانییەک بە دەنگی شەهریبانەوە خۆشن، کام گۆرانی؟
 
شەهریبان: بەڕاستی ئەوە پەیوەستە بە ئێوەوە. من تاوەکو لە توانامدا بێت دەمەوێت هەموو گۆرانییەکانم باش پێشکەش بکەم و کاتێک گوێشی لێ دەگرم، دەڵێم بەڵێ شەهریبان تۆ ئەم گۆرانییەت باش گوتووە، بەڵام دەبێت ئێوە خۆتان بڕیار بدەن.
 
رووداو: تۆ حەزت لە کام گۆرانی خۆتە؟
 
شەهریبان: من زۆر حەزم لە "وەڵاتێ مە کوردستان"ە، حەزم لە "وارێ مە وارێ مە"یە، من زۆر حەزم لە گۆرانییەکانی محەممەد شێخۆیە. من لە ساڵانی 1989 تاوەکو 1992 لە هەموو ئەلبوومەکانمدا گۆرانی ئەوم گوتووەتەوە، زۆرم گوتوون، لە باکوور کەم کەس ئەویان دەناسی، لەبەر ئەو سنوورەی لە نێوانماندایە زۆر کەم ئەویان دەناسی. کۆسەر و نسێبین لە یەکەوە نزیکن و قامشلۆش نزیکیانە، لەوێوە کاسێت بۆ ئێمە دەهات و ئێمەش گوێمان لێ دەگرتن، دەمانپرسی، ئەمانە کێن؟ بەڕاستی دەتوانم بڵێم نەمر محەممەد شێخۆ بۆ من قوتابخانەیە، ئەو قوتابخانەی من بوو، چونکە من بە گۆرانییەکانی ئەو فێری زمانی کوردی بووم، سەرەتا زمانی کوردیم بەباشی نەدەزانی، کاتێک گوێم لێ دەگرت، "ئای لێ گوڵێ گوڵا منێ، جارکێ من ژ خۆ ڕە دیت گەورەک"، "گوڵیزار"، "شێرینێ"، کاتێک گوێم لێیان دەگرت، دەچوومە دنیایەکی دیکەوە، من دەمگوت بەڕاستی ئەمە چ دەنگێکە، بەڕاستی دەنگێکی رەسەنە، دەنگێکی نامۆیە، بەڕاستی من گۆرانییەکانی ئەویشم زۆر دەگوتەوە و هیوادارم بە دڵی گەلەکەمان بن.
 
رووداو: زۆر لەو گۆرانییانە، گۆرانیی محەممەد عەلی شاکر بوون؟
 
شەهریبان: راستە، خوالێخۆشبوو محەممەد عەلی شاکر.
 
رووداو: ئێستا براکەی مەحموود عەزیز، لە هەولێرە.
 
شەهریبان: من لە رێگەی ئێوەوە سڵاوی خۆم بۆ ئەویش دەنێرم، مامۆستای زۆر ئازیز و زۆر گەورەن. لە سەرێکانیش من گۆرانیم لەگەڵ ئەوان گوتووە، ساڵی 1994 من لە رۆژئاوا بووم.  نزیکەی حەوت-هەشت مانگ لەوێ مامەوە، کچە گەورەکەم لە قامشلۆ لەدایکبوو.
 
رووداو: بەڕاستی نەمدەزانی، شوێنی لەدایکبوونی کچەکەت لە قامشلۆیە؟
 
شەهریبان: بەڵێ، کچەکەم دەڵێت، من خەڵکی قامشلۆم، دەڵێت من باکووری نیم، ئەو لە تربەسپیی سەر بە قامشلۆ لەدایکبووە. من رۆژئاوا باش دەناسم. ئەو لە قامشلۆ لەدایکبوو، ئێمە لە تربەسپی لە ماڵی خزمانمان بووین و ئەو کاتە چوومە نەخۆشخانەی قامشلۆ. دۆست و هاوڕێکانی شێرکۆ هەمووی لەوێ بوون. 
 
رووداو: تۆ هەموو شوێنێک دەناسیت. تۆ لە رۆژئاواوە پەڕیتەوە بۆ ئەوروپا؟
 
شەهریبان: بەڵێ، من لە شامەوە پەڕیمەوە.
 
رووداو: تۆ لە رۆژئاوا چووی بۆ شام و لە شامەوە چووی بۆ ئەوروپا؟
 
شەهریبان: بەڵێ، من چوومەتە عەفرینیش، بەداخەوە، تەنیا نەچوومەتە کۆبانێ.
 
رووداو: شاری منە، تۆ نەچوویتە کۆبانێ. بەڵام دەبێت بچیتە کۆبانێش، خەڵک گوێمان لێ دەگرن و تەماشا دەکەن، کە شەهریبان دێتە کۆبانێش. بەڵام تۆ خەڵکی کۆبانێ زۆر باش دەناسیت، من یەکێک لەوانم.
 
شەهریبان: هەزار سڵاو بۆ هەموویان.
 
رووداو: شەهریبان منداڵەکانت، یان کچەکەشت، دەنگی خۆشە؟
 
شەهریبان: بەڵێ، دەنگی پیرۆز زۆر خۆشە.
 
رووداو: پیرۆز گۆرانی باش دەڵێت؟
 
شەهریبان: بەڕاستی، وەک هونەر و هونەرمەند نایڵێت، بەڵام تەنیا لە ماڵەوە بۆ خۆی دەیڵێت، دەنگی زۆر خۆشە.
 
رووداو: هەندێک کەس هەن نایانەوێت منداڵەکانیان، ئەو کارەی ئەوان کردوویانە، یان ئەو کارەی ئەوان دەیکەن، بیکەن.
 
شەهریبان: ڕاستە، منیش نامەوێت. من نەمدەویست کەسێک لە منداڵەکانم ببێتە هونەرمەند.  ئەگەر لەبارەی هۆکارەکەیشی بپرسیت. من حەزم لە کاری خۆمە، کارێکی پیرۆزە، بەڵام بەو مانایە نایەت کە منداڵەکانی منیش بەردەوام بن لەم کارە.  من دەمویست ئەوان زیاتر بخوێنن، با بخوێنن و کارێکی دیکە بکەن، ئەوان دەتوانن شتی دیکە بکەن. واتە لە ماڵێکدا یەک هونەرمەند بەسە.
 
رووداو: هەموو خێزانەکە هونەرمەند بن زەحمەتە، چونکە کارەکە قورسێتی هەیە، وانییە؟
 
شەهریبان: زۆر قورسێتی هەیە. تۆش خۆت کەمێک لەو بوارەدا شارەزایت.
 
رووداو: من لەناو هونەرمەنداندا ماومەتەوە، هەرچەندە من هونەرمەند نیم، بەڵام هاوڕێیەتیم لەگەڵیاندا زۆرە.
 
شەهریبان: راستە، زەحمەتییەکانی خۆی هەیە و خۆشییەکانی خۆیشی هەیە، بەڵام زەحمەتییەکانی زیاترن. زەحمەتییەکانی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەت ژنێکی کورد دەربکەوێت و گۆرانی بڵێت، ئەمە یەکەم، لەناو رێکخراوەکانی کوردیدا، بەداخەوە، تۆ ناچاری لایەنگری هەندێک لایەن بیت، ئەمەش زەحمەتە، لەبەر ئەوە ئێمە زۆر رووبەڕووی زەحمەتی دەبینەوە. بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە کورد و کوردستان قبووڵ دەکەین.
 
رووداو: تۆ هەرگیز بیرت لەوە کردووەتەوە، کە واز لە هونەر بهێنیت؟ بۆ نموونە جارێک کەوتبیتە تەنگانەیەکەوە، تووڕە بووبیت و گوتبێتت، ئەمە چ حاڵێکە، واز لە هونەر دەهێنم؟
 
شەهریبان: نا، من بیرم کردەوە، تا ئازادی کوردستان بەدیدێت، ئەگەر تەمەنمیش هەبێت، من خەبات بۆ میللەتەکەم دەکەم. چونکە ئەوە ژیانە، ژیان هەمیشە قورسێتی هەیە. هەر کە کەوتیتە قورسێتییەوە و پەشیمان بیتەوە، ئەوا ناتوانیت هیچ شتێک بەدەست بهێنیت. لەبەر ئەوە زۆر جار پەشیمانی دروست دەبێت، بەڵام من گوتم، کاری باشتر دەکەم. واتە ئەو پەشیمانییە لام دروست بووە و لەبەر ئەوە من ویستم هەنگاوی گەورەتر بنێم و هیوادارم ئاوا بەردەوام بم.
 
رووداو: تۆ چۆن هەستت بە خۆشی دەنگت کرد، تۆ چۆن بوویتە هونەرمەند؟ بەڕاستی ئەمە بۆ من جێی پرسیارە.
 
شەهریبان: کاک دلبخوین، ئەوە چیرۆکێکی زۆر درێژە، بەڵام من بە کورتی بەشێكی باس دەکەم. پێشبڕکێیەک لە بەردەم ماڵی ئێمە کرا. من خۆم لە ئیزمیر لەدایکبووم، نزیکەی 60 ساڵ لەمەوبەر کاتێک باوکم لە مێردینەوە کۆچی کرد بۆ ئیزمیر، هەم لەبەر هۆکاری سیاسی هەم لەبەر کار، لەو سەردەمەدا هەژاری زۆر هەبوو، ئێمە هەموومان لەوێ لەدایکبووین و لەوێ دەچووینە قوتابخانە. من تەنیا قۆناخی سەرەتاییم خوێندووە، زۆرم نەخوێندووە. لەوێ پێشبڕکێیەک لە کافتریایەکدا کرا و خەڵکی لەوێ دەچوون چاییان دەخواردەوە. من و پوورەکەم کە دەنگی خۆش بوو، پێی گوتم، من نەبوومە هیچ، بەڵام تۆ دەکەمە شتێک، ماڵی ئاوا بێت. ئەو منی ئامادە کرد و چووینە ئەوێ، باوکم و کەس لە خێزانەکە نەیاندەزانی، هەرچەندە دایکم پێی دەگوت لەگەڵ خۆت مەیبە، باوکی پێی دەزانێت، ئەمە نابێت، ئەویش گوتی، با بەختی خۆمان تاقی بکەینەوە. بوو، بوو، ئەگەریش نەبوو، نەبوو. چووین و ناوی خۆمانمان لە پێشبڕکێکەدا نووسی و چاوەڕێی رۆژی پێشبڕکێکە بووین. ئەو رۆژە هات و چووین و بەشداریی پێشبڕکێکەمان کرد. لەناو 32 کەسدا پلەی یەکەمم بەدەستهێنا. بەڵام بەداخەوە بە گۆرانییەکی تورکی.
 
رووداو: یەکەم گۆرانیت بە تورکی گوت؟
 
شەهریبان: بەڵێ، بەڕاستی من بە کوردی نەمدەزانی. راستییەکەی بڵێم من 12 ساڵان بووم. پێشبڕکێیەکی بچووک بوو و 32 کەس بەشدار بوون. لەوێ من یەکەم بووم و خەڵاتێکی بچووکیان پێدام و هاتمەوە ماڵەوە، دواتر چەند کەسێک لەوێ منیان بینی، گوتیان دەنگی ئەمە خۆشە و هاتن یارمەتیان دام. خولێکی راهێنانی دەنگم تەواو کرد. دواتر باوکم پێی زانی و یارمەتیدام.
 
رووداو: باوکت یارمەتیدایت، لێت تووڕە نەبوو؟
 
شەهریبان: نا، ئەو زۆر حەزی لە کارەکەم بوو، گوتی، ئەگەر دەنگی کچەکەم باش بێت، من پشتگیریی دەکەم. یارمەتیدام. تەنانەت ئەو کاتەی من گۆرانیم دەنووسی و دەگوت، ئەو خۆی کوردییەکەی راست دەکردەوە. پێی دەگوتم کچم، تۆ لێرەدا بەهەڵە دەیڵێیت، لێرەدا ئەم وشەیە نابێت و ئەم وشەیە دەبێت. ئەو یارمەتی دەدام. هەزار رەحمەت لە گۆڕی بێت و لە مردووەکانی تۆش بێت.  ماوەی ساڵێکە کۆچی دوایی کردووە. ئەو زۆر پشتگیریی منی کرد. بەڕاستیش هیچ کات نەیگوت، بۆچی ئەم کچە ئەم کارە هونەرییەی هەڵبژارد، بۆچی بووە هونەرمەند، ئەو شتەی نەکرد. هەمیشە یارمەتیدەرم بوو و لە پشتم بوو.
 
رووداو: دوای ئەوەی ناوبانگت دەرکرد، دەیگوت من باوکی شەهریبانم و شانازی پێوە دەکردیت.
 
شەهریبان: بەڵێ، وای دەگوت، منیش زۆر شانازیم پێوە دەکرد.
 
رووداو: هەر مرۆڤێک بە شێوەیەک دەکەوێتە ناو کارێکەوە. شەهریبان، منیش دەمگوت رۆژێک بێت، یەکێک لێم بپرسێت، بڵێت دلبخوین تۆ چ کارێک دەکەیت؟ تۆ دەزانیت خەڵکی ئێمە دەڵێن، من دکتۆرم، من ئەندازیارم، من پارێزەرم، من دەرمانخانە بەڕێوە دەبەم. من دەمگوت یەکێک لێم بپرسێت تۆ چ کارێک دەکەیت؟ من پێی بڵێم رۆژنامەڤانم، پێم خۆشبوو، رۆژێک یەکێک لێم بپرسێت تۆ چ کارێک دەکەیت؟ من پێی بڵێم من رۆژنامەنووسم. تۆش بەڕاستی هونەرمەندێکی زۆر گەورەیت، تۆ لە شتێکی بچووکەوە دەستت پێکرد، بەڵێ گۆرانییەکە تورکی بوو بەڵام لە ئەنجامدا تۆ ئێستا بە کوردی دەیڵێیت و بوویتە هونەرمەندی کوردان، تۆ بە گۆرانییەکی تورکی بوویتە سوپەر ستاری کوردان.
شەهریبان:  هیوادارم شایستەی میللەتەکەم بم.
 
رووداو: تۆ هەر وەک خۆتی، شەهریبان، من زۆر دڵخۆش بووم و تۆ لە زاخۆ دەبینم. باوەڕ بکە، من دڵت خۆش ناکەم، تۆ هەر وەک خۆتی. 
مرۆڤ چۆن دەتوانێت وەک خۆی بمێنێتەوە؟ ئاوا گەنج بمێنیتەوە، واتە نەک تەنیا دەنگ، ئاوا گەنجێتی خۆشت پاراستووە؟
 
شەهریبان: سەلامەت بیت، وەک گوتم، هەموو شتێک پێکەوە پەیوەستن. واتە وزەی منیش بە وڵاتی خۆمەوە دەیبەستمەوە. هیوادارین هەر ئەمە بەردەوام بێت، هەڵبەت تەمەنیش تێدەپەڕێت و ئێمە پیر دەبین، ئەوە خەم نییە. بەڵام هیوادارین ئێمە خەباتێکی گەورەتر بخەینە خزمەتی میللەتەکەمانەوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس، دڵخۆش بووم، تۆ هەر هەبیت.
 
شەهریبان: لەشساخ بیت. لە کۆتاییدا دەمەوێت، لەڕێگەی ئێوەوە، سڵاوی خۆم بگەیەنم بە چەند کەسێک. دوو کچمان هەن، لە ئەڵمانیان، خەڵکی دهۆکن، جلوبەرگی کوردی دروست دەکەن، هەردووکیان تازە دەستیان پێکردووە. ناوی یەکێکیان یاسەمینە، ئەوەی دیکەش هەڤرینە یان هه‌مرینە، با بمبوورێت ئەگەر ناوی ئەوم بە هەڵە گوتبێت، ئەوان جلوبەرگ دروست دەکەن و داوایان لێکردم ناویان بهێنم، پێم گوتن بەسەر هەردوو چاو دەیڵێم. گوتم با نەوەی نوێ و، ئەم گەنجە نوێیانە دەربکەون.
 
رووداو: ئەوان ئەم جلوبەرگانەی تۆیان دووریوە؟
 
شەهریبان: نەخێر، ئەمە لە زاخۆ دووراوە، خەڵکی ورمێ هاتوونەتە ئێرە، ئەوانیش لە زاخۆ بەشدارن. سوپاسی سیمبول خانمیش دەکەین. ناوی سیمبولە، خەڵکی ورمێیە. من سوپاسی هەموویان دەکەم، بە تایبەتی داوا لە ژنانی کورد دەکەم، با جلوبەرگی کوردی بپارێزن. 
ئەگەرنا جلوبەرگی کوردی لەنێودەچن. جارێکی دیکە سوپاست دەکەم، هەر ساخ و سەلامەت بیت، بەخێربێیت، سوپاس بۆ هەموو کارمەندەکانتان.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات