رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق دەڵێت، قەبارەی بازرگانییان لەگەڵ عێراق ساڵانە 1.1 ملیار پاوەندە [1.39 ملیار دۆلار]. گوتیشی لە هەرێمی کوردستان، سەرنجیان لەسەر تەندروستی، کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیای سەوز و بەرگریی شارستانییە.
لارا هامشایەر، بەڕێوەبەری بەشی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق دەڵێت، لە سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لەندەن لە سەرەتای ئەم ساڵدا، "راگەیێندراوێکی مێژوویی و گرنگ هەبوو" کە بریتی بوو لە پاکێجێکی بازرگانی بە بەهای 12.3 ملیار پاوەند بۆ هەناردە لە کەرتەکانی ژێرخان، گەیاندن، بەرگری و ئاسایش و بوارەکانی دیکەدا.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی باڵیۆزخانەی بەریتانیا، ئەم پاکێجە "پەرۆشی و گڕوتینی راستەقینەی" لەلایەن کۆمپانیا بەریتانییەکانەوە دروستکردووە و باڵیۆزخانەکەیان ئامادەیە هاوکارییان بکات بۆ تێگەیشتن لە ژینگەی کارکردن لە عێراق و تێپەڕاندنی ئاڵۆزییە یاسایی و بیرۆکراتییەکان.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لارا هامشایەر جەختی کردەوە کە "زۆر گرنگن" و ئاشکرای کرد کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بەڵگەنامەیەکی ئامانجە لەپێشینەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە.
هامشایەر گوتی: "ئەو چوار کەرتە ستراتیژییەی کە دیاری کراون بریتین لە: تەندروستی، کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیای سەوز و بەرگریی شارستانی. ئامانج ئەوەیە پڕۆژەی ستراتیژی و ئاستبەرزیان بۆ دابین بکەین... کاتێک سەرکەوتن لەم کەرتانەدا بەدی دەکرێت، بزنسی زیاتر و زیاتر دەیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە کارەکانی کۆمپانیای 'بریتیش پێترۆلیەم' (BP) لە کەرکووک، بەڕێوەبەری بەشی بازرگانیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا سیاسەتی وڵاتەکەی روونکردەوە و گوتی: "سیاسەتی بەریتانیا لە مانگی ئاداری 2021ـەوە ئەوەیە کە ئێمە بەشداریی هیچ گفتوگۆیەکی بازرگانیی تایبەت بە وزەی نەریتی ناکەین... بۆیە ئەوە شتێک نییە کە ئێمە تێیدا بەشدار بین یان پشتیوانیمان لێ کردبێت."
لارا هامشایەر ئاماژەی بەوەش کرد کە وەک حکومەتی بەریتانیا فەرمان بەسەر کۆمپانیا تایبەتەکاندا ناکەن و گوتی: "تێدەگەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک نیگەرانیی هەبووە، بەڵام وەک گوتم، ئێمە رۆڵمان لەو گفتوگۆیانەدا نەبووە و هانی لایەنەکانمان داوە دڵنیابنەوە لەوەی لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان قسە دەکەن."
دەقی هەڤپەیڤینی لارا هامشایەر، بەڕێوەبەری بەشی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق لەگەڵ رووداو:
رووداو: پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان بەریتانیا و عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
لارا هامشایەر: زۆر سوپاس بۆ ئەو پرسیارە. ئێستا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان بەریتانیا و عێراقدا 1.1 ملیار پاوەندە. بەڵام دەبێت بڵێم کە دەرفەتی زۆر هەن بۆ ئەوەی ئەم ژمارەیە زیاتر گەشە بکات و من زۆر بە پەرۆشم بۆ ئەو خواست و ئامانجە بەرزانەی کە هەمانە بۆ ئەوەی ئەم ئاستە بەرزتر بکەینەوە.
رووداو: ئێستا دیارە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی چەندە بەڕێز لارا؟
لارا هامشایەر: وەک ئاماژەم پێدا، قەبارەی بازرگانییەکە ئێستا 1.1 ملیار پاوەندە، بەڵام لە سەرەتای ئەم ساڵدا راگەیێندراوێکی مێژوویی و گرنگمان هەبوو لەنێوان عێراق و بەریتانیا. بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە مانگی یەکی ئەم ساڵ سەردانی لەندەنی کرد و لەنێوان هەردوو حکومەتدا پاکێجێکی بازرگانی بە بەهای 12.3 ملیار پاوەند هەناردە لە چەندین کەرتی جیاوازدا راگەیێندرا. پێموایە ئەمە بەڕاستی ئەوە دەردەخات کە چەندین دەرفەتمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا ئەو ژمارەیە زیاتر بکەین. هەروەها پەرۆشی و حەماسەتێکی راستەقینە لەلایەن کۆمپانیا بەریتانییەکانەوە هەیە کە سەیری ئەم جۆرە راگەیێندراوانە دەکەن و دەبینن کە لە راستیدا دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی کاری زیاتر لێرە لە عێراق ئەنجام بدەن. بێگومان، باڵیۆزخانەکەشمان رۆڵی خۆی دەبینێت لە پشتیوانیکردنی ئەو کۆمپانیایانە کاتێک دەیانەوێت بزانن چۆن لێرە کار بکەن، چۆن لە ژینگەی کارکردن تێبگەن، جا ئیتر رێکخستنی یاسایی بێت، کە هەندێکجار دەکرێت ئاڵۆز بێت، یان تەنانەت تەنیا چۆنیەتیی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتەکانی ئێرە بێت. بۆیە، وەک گوتم، پێموایە ئەمە زۆر جێگەی دڵخۆشییە. پێموایە کاری زۆر زیاتر هەیە کە دەکرێت بکرێت و ئێمە باوەڕێکی زۆرمان بە پێشنیازەکانی بەریتانیا و ئەو شتانە هەیە کە کۆمپانیا بەریتانییەکان هەیانە، چ لە رووی کوالێتییەوە بێت یان لە رووی ئامانجە درێژخایەنەکانیانەوە لە بازاڕەکانی دەرەوەدا.
رووداو: دیارترین سێکتەر کامانەن کە پێکهێنەری ئەو پەیوەندییە بازرگانییەن؟
لارا هامشایەر: سەبارەت بەو پاکێجەی 12.3 ملیار پاوەندییەی کە باسم کرد، ئەمە کۆمەڵێک کەرتی زۆر فراوانی لەخۆگرتبوو، وەک کەرتی گەیاندن، پڕۆژە گەورەکانی ژێرخان، کەرتی بەرگری و ئاسایش و کۆمەڵێک بواری دیکە. بۆیە بوارێکی زۆر فراوان بۆ ئەم پڕۆژانە هەیە. پێموایە توانای گەشەسەندنێکی سەرنجڕاکێش لە هەموو ئەمانەدا هەیە، بەڵام بەتایبەتی لە پەرەپێدانی ژێرخانی بەردەوامدا ئەو توانایە دەیبینین، بۆ نموونە لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبای عێراقدا. هەموومان لە هاویندا دەبینین کە ئەمە ئاڵنگارییە. بۆیە پێمانوایە بەریتانیا شتێکی هەیە پێشکێشی بکات کاتێک دێتە سەر باسی بەرهەمهێنانی کارەبا و تۆڕی گواستنەوە و بەهێزکردنی. هەروەها لە بەهێزکردنی دەستڕاگەیشتن بە توانا و کوالێتییە بەرزەکانی بەرگری و ئاسایش، دەستڕاگەیشتن بە چارەسەرە تەندروستییەکان و دەرمانی کوالێتی بەرز. پێموایە ئەمانە هەمووی ئەو کەرتانەن کە دەرفەتێکی راستەقینەیان تێدایە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان زیاتر بەهێز ببێت. کۆمپانیا بەریتانییەکانیش تایبەتمەندیی ناوازە و شارەزایی راستەقینە و چارەسەری داهێنەرانەیان هەیە، کە دەتوانن پێشکێشی بکەن. بۆیە ئەمانە ئەو بوارانەن، کە ئێمە زۆر بە پەرۆشین بۆیان.
رووداو: لەو کەرتانەی کە باست کرد، ئەگەر باسی داهاتوو بکەین، ئەو کەرتانە کامانەن کە دەکرێت وەبەرهێنانی زیاتریان تێدا بکرێت و برەوی زیاتریان پێبدرێت؟
لارا هامشایەر: ئەو پاکێجەی لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵدا راگەیێندرا، بەتایبەتی لە ئەنجامی گفتوگۆیەک بوو لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کە تێیدا ئەوان ئامانجە لەپێشینەکانی خۆیان دیاری کرد، جا ئیتر وەک باسم کرد، لە بواری ژێرخان یان گەیاندن یان وزە بێت. ئەمە گفتوگۆیەکی دوولایەنەیە کە تێیدا ئێمە دەڵێین شارەزایی بەریتانیمان لەم بوارانەدا هەیە و حکومەتی عێراقیش پێمان دەڵێت ئەمانە پڕۆژەی لەپێشینەن بۆ ئێمە. ئەمە سوودی زۆری دەبێت، ئەگەر بتوانم بەراوردی بکەم بە هاوئاهەنگی هەردوولا؛ ئێمە پێداویستییەکان بە داهێنانی بەریتانی و چارەسەری بەریتانی پڕدەکەینەوە. ئەمەش تەنیا بە یەک کەرتی دیاریکراوەوە سنووردار نییە. بۆیە پێموایە ئەو دەرفەتانە لە ئارادان. ئەو پشتیوانییەی کە حکومەتی بەریتانیا پێشکەشی دەکات، کە پێموایە یارمەتیدەرێکی گەورەیە لە بازاڕێکی وەک عێراقدا، لە رێگەی "دامەزراوەی دارایی هەناردەی بەریتانیا"وەیە کە ئاژانسی سەرەکیی قەرزی هەناردەکردنی ئێمەیە. ئەم دامەزراوەیە دەستەبەری، قەرز و بیمە دابین دەکات بۆ پشتیوانیی دارایی ئەم پڕۆژانە، کە متمانە دەداتە کۆمپانیاکان کاتێک دێنە ناو بازاڕێکی نوێوە. بۆیە پێموایە ئەم وەبەرهێنانانە بە پشتیوانیی دامەزراوەی دارایی هەناردەی بەریتانیا، توانایەکی گەورەیان هەیە.
رووداو: پێتوایە گەورەترین دەرفەتی وەبەرهێنان یان وەکو ئەو کەرتەی کە زۆرترین گەشە بکات لە داهاتوو لە عێراقدا کەرتی وزە دەبێت کە رۆڵی کۆمپانیا بەریتانییەکان تێیدا کارابێت؟
لارا هامشایەر: بەڵێ، پێموایە بەدڵنیاییەوە وایە و لە کۆتاییدا کاتێک وەبەرهێنان بە باشی و توانای خۆیەوە کار دەکات، بریتییە لە دابینکردنی پێداویستی و داواکارییەکانی دانیشتووان. پێموایە لەو قۆناخەی ئێستای ئابووریی عێراق و ئەو شتانەی کە حکومەت هەوڵدەدات بەدەستیان بهێنێت و جێبەجێیان بکات، پڕۆژە گەورەکانی ژێرخانن، جا ئیدی لە بواری پاڵاوتنی ئاودا بێت یان نوێکردنەوەی تۆڕی کارەبادا. ئەمانە شتانێکن کە بەڕاستی بۆ خەڵک گرنگن. ئەمانە ئەو بوارانەن کە پێمانوایە بەریتانیا دەتوانێت کۆمپانیای کەرتی تایبەت بهێنێت بۆ پێشکێشکردنی چارەسەر و کاڵا و خزمەتگوزاری بۆ دابینکردنی ئەم پێداویستییانە. بۆیە، وەک ئاماژەت پێدا، دەرفەتی وەبەرهێنانەکە بە دڵنیاییەوە لە ئارادایە.
رووداو: حکومەتی بەریتانیا چۆن کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی دەکات کە دەیانەوێت بێنە عێراق و وەبەرهێنان و بازرگانی بکەن. ئێوە چییان بۆ دەکەن؟
لارا هامشایەر: ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە. حکومەتی بەریتانیا هەمیشە بەدوای رێگەچارەدا دەگەڕێت بۆ یارمەتیدانی فراوانکردنی هەناردەی بەریتانیا و دەرفەتە بازرگانییەکان لە دەرەوەی وڵات. لە عێراقیشدا، ئەمە هەم عێراقی فیدراڵ و هەم هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. وەک ئاماژەم پێدا، ئەرکی ئێمەیە کە کوالێتیی پێشنیازەکانی بەریتانیا لە کەرتە جیاوازەکاندا بخەینەڕوو. بۆیە سەرنجی ئێمە لەسەر کارکردنە لەگەڵ کۆمپانیاکان و تێگەیشتنە لەوەی کە لە کوێدا ئاڵۆزی و ئاڵنگاری هەن بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین لە تێپەڕاندنیان، ئەوەش لە رووی ئاسانکاریی کارکردنەوە، جا ئیتر رێکخستنی یاسایی بێت یان پرۆسە بیرۆکراتییەکان، کە راستییەکەی هەندێکجار دەکرێت ئەو ئاڵۆزییانە کەمێک شڵەژان دروست بکەن، بەتایبەتی بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانی بەریتانیا کە سەرچاوەی زۆریان نییە بۆ ئەوەی هەوڵی شیکردنەوەی هەندێک لەم ئاڵنگارییانە بدەن لە بازاڕێکی نوێدا. حکومەتی بەریتانیا لێرەیە بۆ پشتیوانیکردنیان و یارمەتیدانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانە. بەڵام ئەمە دوولایەنەشە. واتە، کاتێک تێدەگەین کە بەربەست هەیە بۆ هاتنە ناو بازاڕێکەوە، ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیدا کار دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا رێگەیەک هەیە کە بتوانین پێکەوە کار بکەین بۆ لابردنی ئەو بەربەستانە یان ئەو پرۆسانەی کە هاتنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ بازاڕەکە و گەشەکردنیان لێرە قورستر دەکەن. لە کۆتاییدا، لە بەرژەوەندیی ئابووریی هەردوو وڵاتە کە کارکردن ئاسان بێت. بۆیە هەر شتێک وەک حکومەت بتوانین بیکەین بۆ پشتیوانیکردنی ئەو پرۆسەیە، جا لەلایەنی بزنسەوە بێت یان لەلایەنی لۆبیکردنەوە بێت بۆ حکومەت، رۆڵێکی سەرەکی هەیە. یەک شتی دیکە کە دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەمەوە، کە پێشتریش باسم کرد، "دامەزراوەی دارایی هەناردەی بەریتانیا"یە، کە ئاژانسی قەرزی هەناردەکردنی بەریتانیایە. ئەمە دڵنیاییەکی زۆر دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێت بێنە ناو بازاڕی ئێرەوە، چونکە دەزانن وەبەرهێنان و سەرمایەکانیان پارێزراون. بۆیە ئەمە ئاسانکارییەکی دیکەیە کە پشتیوانی بۆ ئەو کۆمپانیا بەریتانییانە دابین دەکات کە دەیانەوێت لێرە کار بکەن. ئەمەش شتێک نییە کە تەنیا لێرە لە عێراق بەردەست بێت، بەڵکو لە هەموو جیهاندا بەردەستە و پێشنیازێکی نایابە بۆ کۆمپانیاکان.
رووداو: بەریتانیا ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتووی هەیە لە بواری خزمەتگوزاری دارایی و بانکی. چیتان کردووە بۆ ئەوەی هیچ نەبێت کەناڵێکی دارایی بدۆزنەوە بۆ کۆمپانیاکانی خۆتان لە کەرتی بانکیدا؟ هیچ نیازتان هەیە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بکەن لە عێراقدا؟
لارا هامشایەر: پرسیارێکی باشە و دەمەوێت بڵێم ئەمە هێشتا کەرتێکی تاڕادەیەک نوێیە، بۆیە هێشتا کاری زۆرمان لەپێشە بۆ تێگەیشتن لە کەرتی دارایی و بانکی لە عێراق، بۆ ئەوەی بزانین لەکوێدا دەتوانین هاوکاریی عێراق بکەین، هەروەها بۆ دروستکردنی ئارەزوو لەلایەن بانک و دامەزراوە بەریتانییەکانەوە. پێموایە ئەو پرۆسەیە هێشتا زۆر لە سەرەتادایە و لە پەیوەندیداین. بەم دواییانە باڵیۆز لەگەڵ سەرکردەکانی کەرتی خزمەتگوزاریی داراییدا کۆبووەوە بۆ ئەوەی گوێبیستی ئەوە بێت کە ئاڵنگاری و دەرفەتەکان چین و لە کوێدا دەکرێت بتوانین هانی دەرفەتەکانی داهاتوو بدەین. بۆیە پێموایە هێشتا لە سەرەتای پرۆسەکەین. پێموایە ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەستە بە دڵنیابوونەوە لەوەی کە ستانداردەکانی رێکخستنی ئەو کەرتانە بەشی ئەوە دەکەن کە کۆمپانیا و دامەزراوە رۆژئاواییەکان رابکێشن، بەتایبەتی لە کەرتی بانکیدا کە ستانداردی پابەندبوونی زۆر بەرز هەیە، بەتایبەتی لە بەریتانیا و توانای دڵنیابوونەوە لەوەی کە یەکگرتوویی لە هەموو بوارەکاندا هەیە. بۆیە ئەمە شتێکە کە ئێمە هەم لەگەڵ دامەزراوە تایبەتەکاندا کاری لەسەر دەکەین، هەم لەگەڵ دامەزراوەکانی وەک بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتەکان. ئەمەش بۆ ئەوەی بزانین لە کوێدا دەکرێت ئەو گۆڕانکارییانە بکرێن تاوەکو لە کۆتاییدا هاوکاریی زیاتر لەو کەرتەدا ئاسان بکرێت.
رووداو: لەسەر پەیوەندی بازرگانی وەبەرهێنانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئایا ئەم پەیوەندییە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ تاوەکو چەند پێتوایە پەیوەندیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان تەواوکەری ئەو پەیوەندییە گشتییەتانە کە لەگەڵ عێراق هەتانە؟
لارا هامشایەر: پێموایە پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە کاتێک دێتە سەر باسی بابەتی بازرگانی. لەبەر ئەوە کاتێکی زۆرمان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بزانین کەرتە سەرەکییەکانی هاوبەشی لە کوێدان. زۆر جێی دڵخۆشییە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بەڵگەنامەیەکی ئامانجە لەپێشینەکانی بازرگانیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد و تێیدا ئەو پیشەسازییە سەرەکییانە دیاریکران کە دەکرێت ببنە پڕۆژە. ئامانجی ئەم بەڵگەنامەیە بەڕاستی ئەوە بوو کە سەرنجمان چڕ بکەینەوە و بمانباتە سەر چەند کەرتێکی دیاریکراو. ئەو چوار کەرتە ستراتیژییەی کە دیاری کراون بریتین لە: تەندروستی، کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیای سەوز و بەرگریی شارستانی. ئامانج لەمەش ئەوەیە کە بتوانین پڕۆژەی زۆر ستراتیژی و ئاستبەرزیان بۆ دابین بکەین. کاتێک سەرکەوتن لەم کەرتانەدا بەدی دەکرێت، بزنسی زیاتر و زیاتر دەیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستان. بۆیە زۆر حەز دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک پڕۆژەی کوالێتی بەرز بهێنێتە سەر مێز بۆ ئەوەی ئێمە لێکۆڵینەوە بکەین و بزانین لە کوێدا دەتوانین کۆمپانیا بەریتانییەکان بهێنینە ناوەوە و چارەسەر لەو کەرتانەدا دابین بکەین. بۆیە پێموایە پەیوەندییەکە بەهێزە. بواری ئەوەی تێدایە بەهێزتر بێت. وەک چۆن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کار دەکەین کە ئارەزووی کارکردن لە عێراق دەکەن، پشتیوانییەکی زۆریش پێشکشش بەو کۆمپانیایانە دەکەین، کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و دەیانەوێت وەک بازاڕێک بێنە ناویەوە.
رووداو: ئێستا دەتوانین بزانین لە هەرێمی کوردستان، هیچ کەرتێکی دیاریکراو هەیە کە دەرفەتێکی بەهێز بێت بۆ کۆمپانیا بەریتانییەکان بۆ ئەوەی بێن وەبەرهێنانی تێدا بکەن؟ سەرنجی کۆمپانیا بەریتانییەکان رابکێشێت؟ هیچ چیرۆکێکی سەرکەوتوو هەیە لەم بواردا کە حەز بکەی سەرنج بخەیتە سەری؟
لارا هامشایەر: بەڵێ، مەبەستم ئەوەیە، جگە لەو چوار کەرتەی کە باسم کردن و لە بەڵگەنامەی ئامانجە لەپێشینەکانی بازرگانی لەسەری رێککەوتووین، یەکێک لەو کەرتانەی کە سەرکەوتنی تایبەتمان تێیدا هەبووە و کۆمپانیا بەریتانییەکان بەشدارییەکی زۆریان تێدا کردووە، بواری خوێندن و پەروەردەیە، کە تێیدا بەڕاستی کوالێتیی بەرزی پێشنیازەکانیان پیشان داوە. خواستێکی زۆریش هەیە بۆ ستانداردەکانی خوێندنی بەریتانی. بۆ نموونە، سەرکەوتنێکی گەورە لەم بوارەدا زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانییە، کە لەلایەن زانکۆی لەندەنەوە پشتیوانی دەکرێت، کە خوێندن بۆ زۆر لە دانیشتووانە گەنجەکەی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکان و نەوەی داهاتوو دابین دەکات. ئێمە پێمانوایە ئەمە زۆر جێگەی دڵخۆشییە. زۆر بە باشی بەڕێوەچووە. پێموایە بەهۆی سەرکەوتن لەم کەرتەدا، دامەزراوە پەروەردەییە بەریتانییەکانی زیاتر و زیاتر دەبینن کە ئەمە کارێکی گونجاوە و ئارەزوویان لەسەر دەبێت. بۆیە ئەمە یەکێکی دیکەیە لەو کەرتانەی کە پێموایە توانای هاوکاریی زیاتری تێدایە و لە ئێستاشدا زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت.
رووداو: ئێستا کۆمپانیای BP یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بەریتانیا کە زۆر بەکارایی هاتووەتەوە ناو عێراق و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری دەکات بە کەرکووکیشەوە. دەمەوێت راو سەرنجی حکومەتی ئەمریکا بەریتانیا بزانم لەسەر ئەم بابەتە چۆن پشتیوانی دەکەن بۆ بەشدارییەکی گشتگیر و بەهێز لە بواری وزە و سەرمایەگوزاری لە وزەی پاک بەتایبەت؟
لارا هامشایەر: وەک باست کرد، کۆمپانیای بی پی کۆمپانیایەکی زۆر سەرکەوتووە لە عێراق و ماوەیەکی زۆرە لێرەیە. بەڵام ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە سیاسەتی بەریتانیا لە مانگی ئاداری 2021ەوە ئەوەیە کە ئێمە بەشداریی هیچ گفتوگۆیەکی بازرگانیی تایبەت بە وزەی نەریتی ناکەین. بۆیە سیاسەتێکمان هەیە کە رێنماییمان دەکات کە ناتوانین بەشداری لەم جۆرە دانوستاندنانە بکەین. بۆیە کاتێک باس دێتە سەر کارەکانی بی پی لێرە لە بواری وزەی نەریتی، ئەوە شتێک نییە کە ئێمە تێیدا بەشدار بین. ئێمە بەشداریی گفتوگۆ یان دانوستاندنەکان ناکەین و ئەوە شتێک نییە کە پشتیوانیمان لێ کردبێت. وەک حکومەتی بەریتانیا، ئێمە فەرمان بەسەر کۆمپانیا بەریتانییەکاندا ناکەین کە چۆن کار بکەن یان چ جۆرە پڕۆژەیەکی بازرگانی ئەنجام بدەن. بۆیە ئێمە بەشداری ئەو پرۆسەیە نەبووین. تێدەگەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک نیگەرانیی هەبووە لەم پرۆسەیەدا، بەڵام وەک گوتم، ئێمە رۆڵمان لەو گفتوگۆیانەدا نەبووە و هانی لایەنەکانمان داوە دڵنیابنەوە لەوەی لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان قسە دەکەن.
رووداو: ئێمە کۆمیتەیەکمان هەیە ئەنجوومەنێکمان هەیە بە ناوی ئەنجوومەنی کاری کوردستانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان. دەمەوێت باسی ئەوەم بۆ بکەیت. چ راوێژێکت بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا هەیە؟ تاوەکو چەند ژینگەی وەبەرهێنان و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ ئەوەی کۆمپانیا بەریتانییەکان بێن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی تێدا بکەن و برەو بەو کەرتە بازرگانیانە بدەن؟
لارا هامشایەر: پێموایە لە چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانکارییەکی زۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش روویانداوە، بەتایبەتی کاتێک باس دێتە سەر بوارەکانی وەک ئاسایش. کاتێک کۆمپانیا بیانییەکان دەیانەوێت لە بازاڕێکدا وەبەرهێنان بکەن، بە جیدی وەری دەگرن و بیری لێ دەکەنەوە. وەک دیارە، دۆخی ئەمنی ئێستا زۆر جیاوازە لە ساڵانی پێشوو. بۆیە ئەو نیگەرانییانەی کە کۆمپانیاکان پێشتر هەیانبوو، سروشتی ئەو نیگەرانییانە گۆڕاوە. پێموایە وەک باڵیۆزخانە دەتوانین دڵنیایی بدەین لەسەر ئەوەی دۆخی واقیعی چۆنە. دەتوانین زانیاری لەسەر ئەو دەرفەتانە دابین بکەین کە بەردەستن. دەتوانین هەندێک لەو گفتوگۆیانە ئاسان بکەین کە لەنێوان کۆمپانیا ئارەزوومەندەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، یان حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەن. پێموایە ئەو ئاسانکارییە، واتە رەخساندنی ئەو گفتوگۆیانە بۆ تێگەیشتن لەوەی پێداویستییەکان چین و قەبارەی پڕۆژەکان چۆن دەبێت و کۆمپانیا بەریتانییەکان دەتوانن چ کاڵا و خزمەتگوزارییەک دابین بکەن، ئەمە ئەوەیە کە لێرە دەیکەین و ئەنجامی سەرکەوتووی هەبووە. بۆیە ئەوەی دەمەوێت بە وەبەرهێنەرانی بڵێم کە ئارەزووی ئەم بازاڕە دەکەن ئەوەیە: وەرن و پەیوەندی دروست بکەن. پەیوەندییەکان زۆر گرنگن. وەرن و ببینن چی بەردەستە، وەرن و وەزارەتەکان ببینن، وەرن لە پێداویستییەکان تێبگەن و دەست بە گفتوگۆ بکەن. پێموایە لێرەدا زۆرترین سەرکەوتن دەبینین، ئەوەش کاتێک کۆمپانیاکان کاتیان بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندییانە تەرخان کردووە تاوەکو بە ئاسانترین شێوە بێنە ناو بازاڕەکەوە.
رووداو: خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر کەیفیان بە برەودان بە پەیوەندی بازرگانی دێت لەگەڵ بەریتانیا. بە گوێرەی داتاکانی لای ئێمە 50٪ـی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان لەسەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستان دێن و دەچن ئۆتۆمبێلە بەریتانییەکانن، وەکو لاندرۆڤەر و جاکوار و ئەمانە خواستێکی زۆر زۆری لەسەرە. حەز دەکەم ئەو سەرنجە بە هەند وەربگری کە بازاڕی کوردستان کەرتی دارایی کوردستان زۆر ژینگەیەکی لەباری هەیە بۆ ئەوەی سەرنجی کۆمپانیا بەریتانیاکان رابکێشێت حەز دەکەم تۆش ئەو ئەو حەز و خولیایەت هەبێت.
لارا هامشایەر: باشە، ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە هەمیشە حەز دەکەین براندە بەریتانییەکان بە سەرکەوتوویی ببینین. بۆیە زۆر دڵخۆشم کە دەبیستم ئۆتۆمبێلی بەریتانی زۆرە لەسەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستان. ئەوە زۆر باشە. حەز دەکەین ئەوە ببینین و هیوادارین زیاتریشی ببینین.
رووداو: زۆر سوپاس..
لارا هامشایەر: زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ