رووداو دیجیتاڵ
ستێڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیای رووداو بەپێویستیی دەزانێت، ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و دەڵێت، بڕوامان وایە دەبێت رێککەوتنێکی دارایی دادپەروەرانە و شەفاف و سەرکەوتوو لەنێوان بەغدا و هەولێر دروستبێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: یەکێتی ئەوروپا دەڵێت ئەو چوار ساڵەی رابردوو لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ زۆر قورس و پڕ نەهامەتی بووە بۆ ئەوان، ئێوەش هەر لە ئەوروپان، پێتانوایە ئیدارەی جۆ بایدن نێوانی بەریتانیا و ئەمریکا باشتر دەکات؟ ئێوە چاوەڕێی چی دەکەن؟
ستێڤن هیکی: بەڵی، من گەشبینم لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و ئیدارەی جۆ بایدن. ئێمە زۆر ئەولەویەتی هاوبەشمان هەیە، بەتایبەتیش بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها نوێکردنەوەی سیستەمی پێکەوەکارکردنی فرەلایەن لە جیهان. تۆ باسی یەکێتی ئەوروپات کرد، بێگومان بەریتانیا یەکێتی ئەوروپای جێهێشتووە بەڵام هێشتا بەشێکە لە ئەوروپا. بەڵام من گەشبینم لەبارەی کارکردنمان لەگەڵ ئەم ئیدارە نوێیەی ئەمریکا. هەروەها من لەبارەی کاریگەری ئیدارە نوێیەکەی ئەمریکا لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق گەشبینم.
رووداو: بە هاتنی ئیدارەی بایدن، دەگوترێت رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران زیندوودەکرێتەوە، پێتوایە ئەوە رووبدات؟
ستێڤن هیکی: پێش هەموو شتێک [دەمەوێت بڵێم] بەریتانیا رۆڵێکی گرنگی بینی لە گفتوگۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران وەکو یەکێک لە ئەندامانی سێ وڵاتە ئەوروپیەکە. ئێمە بڕوامان وایە کە زۆر گرنگە پێگیری بەو رێککەوتنەوە بکرێت، بەتایبەتیش ئێران پێویستە رێز لەو ئەرکانەی بگرێت کەدەبێت بە گوێرەی رێککەوتنەکە جێبەجێیان بکات، بە دیاریکراویش سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم. ئێمە هیوامان وایە لەگەڵ ئیدارەی بایدن دەست بە گفتوگۆ بکەین لەبارەی ئەوەی کە چۆن بگەین بە رێککەوتنێکی ئەتۆمیی نوێ. من خۆم گەشبینم لەبارەی گەییشتن بە رێککەوتن. بەڵام ئەوە تەنیا پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران نییە کە بووەتە مایەی نیگەرانیی بەریتانیا و وڵاتە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، بەڵکو هەرەوەها پڕۆگرامی مووشەکە بالیستیەکانی ئێران و رۆلی ئێرانیشە لە ناوچەکە، بە تایبەتیش لە عێراق.
رووداو: گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی، ناسەقامگیری لە عێراق کەمدەکاتەوە؟ ئایا هێرشی گروپە شێعەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەوەستێنێت؟
ستێڤن هیکی: زۆر هیوا دەخوازم ئێستا کە ئیدارەیەکی نوێ دەستبەکاربووە، گرژییەکان لە ناوچەکەدا کەمببنەوە لەنێوان ئێران- ئەمریکا. هەروەها هیوادارین کە گفتوگۆی نێوان سێ وڵاتە ئەوروپییەکە و ئێران لە مانگ و ساڵانی داهاتوودا دەستپێبکاتەوە. هیواداریشم کۆتایی بەم هێرشە نایاساییانە بهێنرێت کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان ئەنجامدەدرێن. لە بەرژەوەندی هیچ کەسدا نییە، کە ناکۆکی لێرە لە عێراق هەبێت. بێ گومان ئەو مووشەک و بۆمبانە کاریگەری دەکەنە سەر عێراقییەکان و ئەوان دەکووژن. بۆیە ئەو رۆڵەی کە ئەم میلیشیایانە هەیانبووە، کارەسات بووە بۆ عێراق. هیوادارم ئەو هێرشانەی ئەم میلشیایانە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانان و عێراقییەکانیش ئەنجامیاندەدەن، بووەستێندرێن. بەڵام من گەشبینم کە هەبوونی کەشێکی باشتر لە نێوان واشنتن و تاران، کاریگەریی باش بکاتە سەر عێراق.
رووداو: عێراق لە قەیرانێکی ئابووری خراپدایە و هەرێمی کوردستانیش لە قەیرانێکی خراپتر، بەریتانیا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی بەشداریی لە دروستکردنی کۆماری عێراقدا کردووە، چۆن دەتوانێت لەم بارەیەوە هاوکاریی بکات؟
ستێڤن هیکی: بێگومان ئێوە باشتر لە من دەزانن کە ئەمریکا و بەریتانیا مێژوویێکی کۆنیان هەیە لە هاوڕێیەتی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی عێراق لێرە لە بەغدا. تۆ باست لەو دۆخە سەختەی ئابووریی و دارایی عێراق کرد؛ ئەمە بووەتە ئاستەنگێکی راستەقینە. ئێمە وەکو بەریتانیا لێرە لە بەغدا لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەت کاردەکەین و بۆ پشتیوانیکردن لە چاکسازیی ئابووری لەگەڵ بانکی جیهانی و سندووقی نەختی نێودەوڵەتی کاردەکەین. حکومەت[ی عێراق] ئێستا بودجەیەکی نوێی دیاریکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەشێک لەو ئاستەنگە ئابوورییانە. هیوادارین ئەم بودجەیە لەم نزیکانە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندبکرێت و دواتر جێبەجێکردنی بودجەکە و جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکانی دیکە ببینین کە دەتوانێت هاوکار بێت لە بەرەنگاربوونەوەی بەشێک لەم کێشە ئابووریانە.
رووداو: هیچ پلانێکی روونتان هەیە بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە؟
ستێڤن هیکی: هاوکاریێکی زۆر لە پشت پەردەوە پێشکێشکراوە، کاری سیاسی زۆر کراوە، راوێژێکی زۆر پێشکێشکراوە، هەروەها بۆ چاکسازییە ئابوورییەکان، بەریتانیا بڕە پارەیەکی هاوبەشی لەگەڵ بانکی جیهانی بۆ ئەوەی یارمەتیی تەکنیکی پێشکێش بە حکومەتی عێراق بکات لە دیاریکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان. هەروەها ئێمە گرووپی پەیوەندیی ئابووری عێراقمان دروستکرد. ئێمە پێویستمان بەوەیە بانکی جیهانی، سندووقی نەختی نێودەوڵەتی و وڵاتانی G7 هاوکاری پێشكێشبکەن. بەڵام هیچ هاوکاریێکی دارایی راستەوخۆ پێشکێش ناکرێت نە لەلایەن بەریتانیا و نە لەلایەن وڵاتانی G7ـەوەش. بەڵام پێموایە هەندێ قەرز پێشکێش [بە عێراق] دەکرێن لەلایەن سندووقی نەختی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانییەوە.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، پێشتر گوتبووتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوکاریی عێراق دەکەن، هاوکارییەکە چییە؟ ڤاکسین دەنێرن بۆ عێراق؟
ستێڤن هیکی: باشە، سوپاس. بەریتانیا بڕی 16 ملیۆن پاوەند هاوکاریی بە عێراق داوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ئەوەش بە بەشداریی بانکی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها دوێنێ [سێشەممە، ١٩ی کانوونی دووەم]، حکومەتی عێراقی بەکارهێنانی ڤاکسینی ئۆکسفۆرد-ئەسترازێنیکای پەسندکرد کە لە بەریتانیا دروستکراوە. من زۆر دڵخۆشم و شانازیی بەوەوە دەکەم کە ئەو ڤاکسینەی لە بەریتانیا دروستکراوە دەگاتە عێراق. پێموایە [ڤاکسینەکە] زۆر گونجاوە بۆ عێراق؛ نرخی ڤاکسینەکە کەمترە لەوانی دیکە، هەروەها دەکرێت ئەم ڤاکسینە لە ساردکەرەوەیەکی ئاساییدا هەڵبگیرێت لە بری ئەوەی لە پلەیەکی گەرمی لە رادەبەدەر نزم هەڵبگیرێت، ئەمەش وادەکات کە لە عێراقدا ئاسانتر دابەشبکرێت. ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە لەوەی کە ئەم ڤاکسینە بە زووترین دەم دەگاتە عێراق چونکە ئێمە تێدەگەین کە ڤاکسینەکە چەند گرنگ دەبێت لە وەستاندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
رووداو: لەو هاوکارییەی کە بە عێراق دەدەن، تا چەند رەچاوی هەرێمی کوردستان دەکەن؟
ستێڤن هیکی: ئەوە کاری حکومەتی عێراق دەبێت کە ڤاکسینەکان وەربگرێت و دابەشیان بکات. بێگومان پێموایە گرنگ دەبێت ئەگەر ڤاکسینەکە بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە لەنێو عێراقدا دابەشبکرێت هەروەکو چۆن گرنگە لە بەریتانیاش ڤاکسین شەفافانە و دادپەروەرانە دابەشبکرێت. بەڵام بەڕاستی ئەوە کارێکە کە پەیوەندی بە نێوانی حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەولێرەوە هەیە. من دڵنیام کە لەو بارەیەوە دانوستاندن لە نێوان ئەو دوو شارەدا دەکرێت.
ئێمە بڕوامان وایە کە گرنگە چارەسەرێک هەبێت و رێککەوتنێکی دارایی دادپەروەرانە و شەفاف و سەرکەوتوو لە نێوان بەغدا و هەولێر دروستبێت. ئەم ناکۆکییە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە و پێویستی بە چارەسەرێک هەیە. ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە بەغدا و هەولێر کاردەکەین بۆ ئەوەی هاوکاربین لە گەییشتن بەو جۆرە رێککەوتنە. پێموایە نیازپاکییەکی زۆر لەلایەن بەغداوە هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە. هەروەها نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی کاریان لەسەر ئەمە کردووە. هەفتەی رابردوو لەگەڵ شاندێک کۆبوومەوە و چەندین کۆبوونەوەی دیکەم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندا هەبووە. پێموایە کە دەبێت بەردەوام بین. پێویستە لە هەوڵدان بەردەوامبین. من گەشبینم کە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە دروستبێت. پێویستە لە گفتوگۆکردن بەردەوام بین و دەبێت ئەو لێکتێنەگەییشتنەی کە لەبارەی ئەم بابەتەوە هەیە نەهێڵین. دەزانم کە پەرلەمانی عێراق لەم کاتەدا لە رەشنووسی بودجە نوێیەکە دەکۆڵێتەوە کە حکومەتی بەغدا ئامادەیکردووە، بۆیە گرنگ دەبێت کە ئەندامانی پەرلەمان و سەرکردەی هاوپەیمانە سیاسییەکان لەم گفتوگۆیانەدا بەشداربن.
رووداو: حکومەتی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە پابەندی رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا بێت، بەڵام هێشتا کێشەکان چارەسەر نەکراون، رۆلی لەندەن چی دەبێت لەم ناکۆکییە کە چەندین ساڵە بەردەوامە؟
ستێڤن هیکی: ئێمە پێمانوایە زۆر گرنگە کە دادپەروەریی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەهێز بێت بۆ چەسپاندنی یاسا، چونکە یاسا بناخەی هەر وڵاتێکی دیموکراسیی بەهێز و سەرکەوتووە، ئەوە نەک تەنیا بۆ عێراق، بەڵکوو لە سەرانسەری جیهان، ئێمە ئەزموون و مێژوویەکی درێژمان هەیە لەگەڵ سیستەمی دادپەروەریی خۆمان و دەمانەوێت کە ئەو ئەزموونە هاوبەش بکەین و پەیوەندی لە نێوان سیستەمی دادگەری لە هەرێمی کوردستان و سیستەمی دادگەریی بەریتانیا دروستبکەین. بۆیە هیوادارین کە پێکەوەکارکردن و راهێنانەکانمان ببنە هۆی بەهێزکردنی سیستەمی دادگەریی و سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەرپابوونی سەقامگیری و ئاساییش و بەو هیوایەی کە وەبەرهێنانی [بەریتانیی] زیاتر لە هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا بێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ