رووداو دیجیتاڵ
تۆبیاس هوخ، رۆژنامەنووس و نووسەری ئەڵمانی، لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە پێشکێشکار نالین حەسەن لەگەڵی کردووە، رەخنە لە سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەگرێت بەرامبەر کورد بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی.
هوخ کە زیاتر لە 30 جار سەردانی کوردستانی کردووە، تەنیا وەکو نووسەرێک دەرناکەوێت، بەڵکو لە رێگەی رێکخراوەکەیەوە خەریکی گەیاندنی هاوکاریی مرۆییە بۆ منداڵانی رۆژئاوای کوردستان. لەم گفتوگۆیەدا، باس لە "خیانەت"ی وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر بە کورد، مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و بارودۆخی ئاڵۆزی سووریا دەکات. هەروەها پەیامێکی گرنگ ئاراستەی سەرکردە سیاسییەکانی کورد دەکات و مەرجی سەرکەوتنیان لە یەکگرتوویدا دەبینێتەوە. دەشڵێت، ئەگەر کورد یەکبگرن کەس ناتوانێت شەڕیان بکات، "بۆیە پێموایە گرنگترین پەیام بۆ هەموو سەرکردەکانی کورد ئەوەیە کە یەک بگرن."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەخێر بێیت بەڕێز هوخ. رۆژباش.
تۆبیاس هوخ: رۆژباش.
رووداو: تۆ بە کوردی قسە دەکەیت؟
تۆبیاس هوخ: هەوڵ دەدەم. لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەوڵ دەدەم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە ئەڵمانیا زۆربەی کوردەکان بە کورمانجی قسە دەکەن، بە سۆرانییش هەیە. دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرم. رەنگە بەم زووانە بە کرمانجی دەست پێ بکەم.
رووداو: مەبەستم ئەوەیە تا چ رادەیەک فێری کرمانجی بوویت؟
تۆبیاس هوخ: دەتوانم بڵێم: رۆژباش، گەلەک باش، پێموایە ئەمانە گرنگترین وشەکانن.
رووداو: منیش خەڵکی رۆژئاڤای کوردستانم و بە کورمانجی قسە دەکەم. تۆ ئێستا هیچ لە من تێدەگەیت؟
تۆبیاس هوخ: نەک بەو شێوەیە، تەنیا هەندێک وشە. دەبێت راهێنان بکەم.
رووداو: کتێبەکەت بە ناوی "کوردستان"، بۆچی ئەم نەخشەیەت لەسەر داناوە، نەخشەی کوردستان؟
تۆبیاس هوخ: بەڵێ، ئەمە نەخشەی راستەقینەی کوردستانە. هۆکاری ئەوەی ئەمەم هەڵبژارد ئەوەیە، کە ئێمە چوار پارچەمان هەیە؛ باشوور، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا. وەک خاڵە قازیی شاعیریش دەڵێت، "دوو کۆ دوو دەکاتە یەک". هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بوو کە نەخشە راستەقینەکەی کوردستانم نیشان دا. هەندێک کەس بەوە دڵخۆش نەبوون، بەڵام من گوێیان پێنادەم.
رووداو: لە لایەن کێیەوە؟
تۆبیاس هوخ: زۆرترین رق و کینە لەلایەن ناسیۆنالیستە تورکەکانی وەک "گورگە بۆرەکان" و ئەو جۆرە کەسە گەمژانەوە بوو. پێموایە ئەوان هەرگیز لە قوتابخانەدا فێری مێژووی کوردستان و مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوونە. ئەگەر بچوونایە بۆ قوتابخانە، رەنگە بیانزانیایە کە لەسەر خاکی کورد دەژین.
رووداو: چەند جار سەردانی کوردستانت کردووە، ئامانجی ئەم سەردانەت بۆ ئەمجارە چییە؟
تۆبیاس هوخ: چەند جار؟ بیست یان سی جار! نازانم. لە ساڵی 2014وە زۆر جار هاتووم. لە رۆژئاوایش بووم و هیوادارم لە چەند رۆژی داهاتوودا دووبارە بچمەوە ئەوێ، بەڵام چوون بۆ باکوور و رۆژهەڵات بۆ من قەدەغەیە. لە تورکیا گەشتکردنم لێ قەدەغە کراوە و رژێمی تارانیش هەر چاویان بە من هەڵنایەت.
رووداو: ئایا چەند رۆژێکی دیکە سەردانی رۆژئاوای کوردستان دەکەیت؟
تۆبیاس هوخ: بەڵێ، ئێمە لە رێگەی رێکخراوەکەمانەوە، لەگەڵ هاوڕێ کوردەکانماندا هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی هاوکاریمان رێکخست؛ بۆ نموونە سوارە جاف، کە لێرە لە کوردستان هاوڕێیەکی زۆر نزیکمە و دەستی راستمە، هەروەها نەوەی قازی محەممەدە. کاوە عەلییش لە تیمەکەماندایە. پێموایە نزیکەی 9 بۆ 10 بارهەڵگر هاوکاری دەبەین. لە چەند رۆژی رابردوودا 4000 کارتۆن خواردن، دایبی و هەروەها تۆپی پێمان کڕیوە، پێموایە 1000 تۆپ بۆ منداڵان. لە هەمووشی گرنگتر، شیری منداڵمان بۆ منداڵانی تەمەن یەک و دوو ساڵ دابین کردووە. هیوادارم بتوانین بەم زووانە بیگەیەنینە رۆژاوا.
رووداو: رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا کرا، تۆ ئەو رێککەوتنە چۆن دەبینیت؟
تۆبیاس هوخ: ئەم رێککەوتنە قورسە، چونکە من متمانەم بە دیمەشق نییە. گرنگترین شتیش هەڵسوکەوتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی رۆژئاوایە، بە تایبەتی فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا. لە چەند هەفتەی رابردوودا بینیمان - کە من پێی دەڵێم خیانەتی ئەمریکا - هیوادارم سەرۆک ترەمپ قسەکانی خۆی لە بارەی کوردەوە بیربکەوێتەوە. پێویستە پشتیوانی لە گەلی کورد و رۆژئاڤا و بە تایبەتیش هەسەدە بکات، بۆ ئەوەی هەرێمێکی هاوشێوەی باشوور دروست بکەن.
رووداو: هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپی بەرامبەر بە کورد لە رۆژئاوای کوردستان، لە ئاستی پێویستدا بوو یان بەرژەوەندییەکانیان زاڵتر بوو؟
تۆبیاس هوخ: ئەمەشیان هەر قورسە. لە ماوەی زیاتر لە 11 ساڵی رابردوودا کورد بەهێزترین هاوبەش بووە لە شەڕی دژی تیرۆردا، بەتایبەت دژی داعش. ئێستاش هیچ هەڵوێستێک لە یەکێتیی ئەورووپاوە نابینم. دەبینم گرێبەست و رێککەوتنیان لەگەڵ دیمەشق هەیە. دەیانەوێت زیاتر لە 620 هەزار یۆرۆ بگوازنەوە بۆ گرووپێک کە ساڵی رابردوو بە گرووپێکی تیرۆریستیمان دادەنا، ئەویش هەتەشەیە، کە لە رابردوودا بەشێک بووە لە قاعیدە. قورسە بە وشەی نەرم باسی بکەم، چونکە بەڕاستی لێی تووڕەم. هیوادارم یەکێتیی ئەورووپا مێژووی خۆی و نرخی ئازادی و دیموکراسیی بیربکەوێتەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی لە گەلی کورد بکات. بارودۆخەکە زۆر خراپە. لە 11 ساڵی رابردوودا هیوام دەخواست کۆمەڵگەی رۆژئاوا وانە فێر ببووایە و بیبینیایە کە گەلی کورد هاوبەشێکی باش و جیدین، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا لە کەرکووک بینیمان چی روویدا. بینیمان ریفراندۆم کرا و کۆمەڵگەی رۆژئاوا دژی بوو. دواتر لەگەڵ بەریتانییەکان و حکومەتی ناوەندیی بەغدا رێککەوتنیان کرد. ئەوە یەکەم جار بوو کە کوردیان فرۆشت، تەنیا لەبەر ئەوەی نەوتیان دەویست.
رووداو: چەند جار سەردانی رۆژئاوای کوردستانت کردووە، چوویت بۆ کۆبانێش؟
تۆبیاس هوخ: نەخێر، نەخێر. دواین جار کە دەمویست بچمە کۆبانێ پێش ساڵی 2015 بوو، زۆر مەترسیدار بوو بۆ من، چونکە داعش ناوی منی خستبووە لیستی کوشتنەوە. لەگەڵ گرووپێک رۆژنامەنووس بووم و گوتیان رەنگە زۆر مەترسیدار بێت، مەیە. ئێستاش ناکرێت؛ من پرسیارم کرد، بەڵام گوتیان تەنیا رێگە بە پێویستیی پزیشکی دەدرێت نەک خواردن.
رووداو: ئایا هەوڵ دەدەن هاوکارییەکان بگەیەننە کۆبانێ؟
تۆبیاس هوخ: هەوڵ دەدەم. لەگەڵ بەرپرسانی قامیشلۆ قسە دەکەم و دەپرسم چەند دەتوانین هاوکاری ببەین بۆ کۆبانێ، چونکە خراپترین بارودۆخی هەیە. دەزانیت زیاتر لە شەش منداڵ لە سەرمادا رەق بوونەتەوە و مردوون، بەڵام جیهان سەیریان ناکات و ئەمە نابینن. کۆبانێ گەمارۆ دراوە و تیرۆریستان دەوریان داوە. پێویستە شارەکە بکەنەوە بۆ ئەوەی خواردن و پێویستیی بۆ ببرێت تا بارودۆخەکە باشتر ببێت.
رووداو: لە کتێبەکەدا باسی شەڕی پێشمەرگە و شەڕڤانانت دژی داعش کردووە، ئێستا ئەم رووداوانەی لە سووریا قەوماون، تا چەند مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش و گرووپە تووندڕەوەکان دروست دەکات؟
تۆبیاس هوخ: مەبەستت ئەوەیە کە پێموایە داعش دووبارە سەرهەڵدەداتەوە؟ بەڵێ، بەڵێ. ئەوە کێشەیەکی گەورەیە. کێشەکە ئەوەیە داعش هەرگیز لەناو نەچووە. ئەوە تەنیا هێزە سەربازییەکەی داعش بوو کە تێکشکا، بەڵام ئایدیۆلۆجیای داعش هەر ماوە. لە هەندێک ناوچەی عێراق و زۆر شوێنی سووریا دەیبینیت. ئێستاش کامپی "هۆل" کراوەیە. ئەمریکا زۆر لە تیرۆریستانی داعشی هێنایە عێراق، بەڵام سەدان یان هەزارانیان ئێستا ئازادن. ئەوان چالاکن و رەنگە دووبارە گەشە بکەنەوە، چونکە تەنیا کورد شەڕیان دەکات، بۆ ئەمەش شەڕڤانانی کورد و پێشمەرگە و یەپەگە پێویستیان بە پشتیوانی هەیە، کە من نایبینم. پێموایە ئەمە بڕیارێکی خراپە بۆ کۆمەڵگەی رۆژئاوا، چونکە زۆر لەم تیرۆریستانەی داعش خاوەنی رەگەزنامەی ئەورووپین؛ ئەڵمانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا. ئەوان دەگەڕێنەوە، نەک بۆ ئەوەی خێزانەکانیان ببینن و ژیانێکی خۆش بژین، نەخێر، دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بمانکوژن. پێموایە لە هاوین یان پاییزی داهاتوودا ئەورووپا زۆر خوێناوی دەبێت.
رووداو: هەر لەو کتێبەدا باسی ئەوە دەکەیت کە کوردستان دەبێتە مایەی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە. ناوچەکە بەرەو شەڕ دەچێت. هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، لەو کاتەدا بارودۆخی هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت؟
تۆبیاس هوخ: ئەگەر شەڕ دژی رژێمی مەلاکان لە ئێران دەست پێ بکات، دەبێت ئەوە روون بێت، کە ئێمە پێویستمان بە گۆڕینی رژێم و حکومەتێکی نوێیە لە ئێران، تا هەموو شتێک لەم رژێمەی تاران باشتر بێت. دەبینیت هەموو گرووپەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک حزبوڵڵا، حەماس و حەشدی شەعبی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، تەنانەت لە یەمەن و سوودانیش. ئەگەر ئەم رژێمە کۆتایی بێت، هیوادارم ئاشتیی زیاتر بێتە کایەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی دەبێتە هەلێک بۆ هەرێمی کوردستان تا پرۆژەی سەربەخۆیی دەست پێ بکات.
رووداو: لە کۆتاییدا بە کورتی، وەک نووسەرێک کە گرنگی بە دۆزی کورد دەدەیت، پەیامت بۆ سیاسییەکانی کوردستان چییە؟
تۆبیاس هوخ: پەیامم بۆ سیاسییەکانی کورد؛ بەهێز بن، پێموایە دەڵێن "سەربڵند بن". دەبێت متمانەتان بە مێژووی خۆتان هەبێت. لە مێژووی ئەڵمانیادا فەرماندەیەکی سەربازیمان هەبوو، دەیگوت: ئەگەر کورد یەک بگرن، کەس ناتوانێت شەڕیان بکات. پێموایە گرنگترین پەیام بۆ هەموو سەرکردەکانی کورد ئەوەیە کە یەک بگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ